توندوتیژیی کۆمه‌ڵایه‌تی له زۆربه‌ی کۆمه‌ڵگه‌کانی جیهاندا که‌م و زۆر هه‌یه. دیاره له زۆربه‌ی کۆمه‌ڵگه‌کاندا به‌تایبه‌تی کۆمه‌ڵگه پێشکه‌وتوو و دێموکراته‌کاندا جگه له حکوومه‌ت، هێندێک نیهاد و رێکخراوی مه‌ده‌نییش بۆ که‌مکردنه‌وه و سڕینه‌وه‌ی توندوتیژی و فێرکردنی سه‌بر و ئارامی و یه‌کتر ته‌حه‌ممولکردن هه‌ن . به‌ڵام له وڵاتێکی وه‌ک ئێران جگه له نه‌بوونی ئه‌و نیهاد و رێکخراوانه، ده‌سه‌ڵاتیش له په‌ره‌پێدانی توندوتیژی له نێو کۆمه‌ڵگه‌دا نه‌خشی سه‌ره‌کیی هه‌یه.
«چاو له به‌رامبه‌ر چاو»دا، تۆڵه سه‌ندنه‌وه! ئا له‌م وڵاته‌دایه هیچ مرۆڤێک، نه‌منداڵ، نه ژن و نه پیاو ئه‌منییه‌تیان نیه. ئه‌گه‌ر چاوێکی خێرا به سه‌ر هێندێک له‌و هه‌واڵانه‌ی له راگه‌یه‌نه‌کانی نێوخۆی ئێران‌دا بڵاو ده‌بنه‌وه بخشێنین، راستیی ئه‌و ئیدیعایه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێ.
کوژرانی روحوڵلا داداشی، به چه‌قۆ و ئێعدامی قاتڵه 17 ساڵه‌که‌ی له‌به‌ر چاوی زیاتر له 15 هه‌زار که‌س.
به‌ره‌به‌یانی شه‌ممه 30 ره‌زبه‌ری 1390 منداڵێکی 15 ساڵه به هۆی نه‌خۆشیی باوکیه‌وه ناچار بوو بچێ کار بکا، له‌لایه‌ن 11 کرێکاری دیکه‌وه رفێندرا، ده‌ستدرێژی کرایه‌سه‌ر و دواتر کوشتیان.
17ی ره‌زبه‌ری 1390 ژنێکی خوێندکار له سه‌ر کلاسی ده‌رس و له‌لایه‌ن هاوسه‌ری پێشوویه‌وه به‌به‌ر چاوی مامۆستاکه‌یه‌وه، به چه‌قۆ هێرشی کرایه‌سه‌ر و چه‌ندین چه‌قۆی لێدرا و به‌م هۆیه‌وه تووشی بێهوشی و قه‌تعی نوخاع بوو.
سێ لاوی بێکار، به‌چه‌که‌وه چه‌ندین جار دزیی له زێڕفرۆشییه‌کانی شاری مه‌شهه‌د ده‌که‌ن و دواتر زێرفرۆشێکیشیان کوشت. منداڵی 12 ساڵه‌ی زێر فرۆشه‌که له جه‌له‌سه‌ی دادگادا به گریان و به ده‌نگی به‌رز داوای له قازییه‌که ده‌کرد قاتڵی باوکی له‌به‌ر ده‌رکی دووکانه‌که‌یان ئێعدام بکه‌ن و گولله‌که‌ش له‌سه‌ری بده‌ن، چونکه قاتڵه‌که گولله‌که‌ی له‌سه‌ری باوکی داوه.
ئاژن ئاژن کردنی جه‌سته‌ی کچێکی خوێندکار به چه‌قۆ له‌سه‌ر پردی مودیریه‌تی تاران به‌به‌رچاوی هاوڕێ و هاوکلاسیه‌کیه‌وه له‌لایه‌ن ئه‌و کوڕه‌ی خوازبێنیی لێ کردبوو و وڵامی «نا»ی له‌و کچه بیستبوو و ئێعدامی قاتڵه‌که هه‌ر له‌هه‌مان شوێن به‌به‌رچاوی خه‌ڵکه‌وه.
ده‌ستدرێژیی به‌کۆمه‌ڵ بۆ سه‌ر کۆمه‌ڵێک ژن له مه‌جلیسێکی میوانی‌دا.
ده‌ستدرێژیی به‌کۆمه‌ڵ به ژنێکی لادێیی ده‌وروبه‌ی کاشمه‌ر.
دیسان ده‌ستدرێژی به‌کۆمه‌ڵ به دوکتۆرێکی ژنان له دێیه‌کی دیکه و....
به‌ڕاستی ئه‌م هه‌موو توندوتیژی و جینایه‌ته سه‌رچاوه‌که‌یان له‌کوێوه‌یه؟
توندوتیژیی ده‌وڵه‌تی سه‌ره‌کیترین هۆکاری په‌ره‌سه‌ندنی توندوتیژییه له کۆمه‌ڵگه‌دا . ئه‌رکی ده‌سه‌ڵاتی وڵات پێشگیریی له هه‌رچه‌شنه ره‌فتارێکی توندوتیژ و تاوانکارانه‌یه. بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێ به شێوه‌ی جۆراوجۆر واته له‌رێی قانوون و په‌روه‌رده‌وه پێشی توندوتیژی له هه‌ر ئاستێک‌دا بگرێ. له ئێستا دا باشتر کردنی هه‌لومه‌رجی ئابووریی خه‌ڵکی هه‌ژار، پاشان سڕینه‌وه‌ی ئه‌و قانوونانه‌ی ده‌بنه ئولگوو له‌سه‌ر تاکه‌کان، ده‌توانن کاریگه‌رییه‌کی باشیان له‌سه‌ر که‌مکردنه‌وه‌ی تاوان و توندوتیژی هه‌بێ.
کوشتنی مرۆڤه‌کان له ژێر ناوی به‌ڕێوه‌بردنی قانوون و به‌به‌رچاوی خه‌ڵکه‌وه، ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که منداڵی ته‌مه‌ن خوار 15 ساڵه‌یان تێدا ده‌بینرێ، نه‌ک رێ له که‌مکردنه‌وه‌ی توندوتیژی و تاوان نا‌گرێ، به‌ڵکوو ئه‌وپه‌ڕی ئاڵۆزی ونائه‌منی له کۆمه‌ڵگه‌دا دروست ده‌کا. کوشتنی هه‌ر مرۆڤێک ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر تاوانباریش بێت، بۆخۆی جۆرێک په‌ره‌پێدانی توند و تیژییه، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له ئێران به به‌رچاوی سه‌دان و هه‌زاران که‌س، به‌ڕێوه ده‌چێ (ئێعدام و سه‌نگسار) تاوانێکه که ده‌رحه‌ق کۆمه‌ڵگه ده‌کرێ. جگه له‌وه‌ی مافی ژیان له مرۆڤێک ده‌ستێندرێته‌وه، تاوانێکیش ده‌رحه‌ق ئه‌و سه‌دان و هه‌زاران که‌سه‌ده‌کری که هان ده‌درێن بۆ دیتنی ئه‌و دیمه‌نه ترسناکه بێن. راسته به رواڵه‌ت که‌سێکی تاوانبار له کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌سڕدرێته‌وه، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ی که بۆ دیتنی ئه‌و دیمه‌نه ده‌چن ده‌بنه تاوانبارێکی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگه له داهاتوو‌دا. چونکه ئه‌وانه هه‌ر ئه‌وه له بیر‌و زه‌ینیاندا ده‌مێنێته‌وه که ده‌یبینن و دواتر به شێوه‌یه‌کی دیکه به‌رهه‌می دێننه‌وه.
کۆماری ئیسلامیی ئێران به به‌ڕێوه‌بردنی سزا نامرۆڤانه‌کانی وه‌ک قامچی لێدان، بێ‌حورمه‌تی و تێهه‌ڵدان و سووکایه‌تیی کردن به ناڕازییان و ئێعدام به‌به‌رچاوی خه‌ڵکه‌وه، راسته‌وخۆ فه‌رهه‌نگی توندوتیژی و زیادبوونی رق و کینه له نێو کۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانی‌دا په‌ره پێداوه.
شۆرشێک که ده‌رئه‌نجامه‌که‌ی هاتنه سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی بوو، به هه‌ڕه‌شه، کوشت و کوشتار و به دروشمی «اعدام باید گردد»! سه‌رکه‌وتنی خۆی راگه‌یاند. دواتر به‌رهه‌مه‌که‌شی(کۆماری ئیسلامی) به یاسا‌و رێسا و کرده‌وه‌کانی له ماوه‌ی زیاتر له سێ‌ده‌یه ده‌سه‌ڵاتداره‌تی‌دا که‌لتوور‌ی توندوتیژیی له نێو کۆمه‌ڵگه‌دا نه‌هادینه کردوه. هه‌ر بۆیه‌شه کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران، ئێعدام و سڕینه‌وه‌ی فیزیکیی وه‌ک سزا بۆ ئه‌و مرۆڤانه‌ی به تاوانباریان ده‌زانن قبووڵ کردوه. ئه‌مه ئه‌و که‌لتووره‌یه که کۆماری ئیسلامیی ئێران هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ته‌مه‌نیه‌وه له کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌وڵی جێگیر کردنی داوه و به‌داخه‌وه تێشی دا سه‌رکه‌وتوه.
پێوه‌ندیی هه‌ژاری و بێ‌کاری له‌سه‌ر په‌ره‌سه‌ندنی توندوتیژی
به بڕوای خه‌سارناسانی بواری کۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌ژاری به‌ردی بناغه‌ی هه‌موو ئه‌و توندوتیژییه کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌یه که ئه‌مڕۆ له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران‌دا هه‌ن. ئه‌گه‌ر چاوێک به رۆژنامه‌کانی نێوخۆی ئێران‌دا بخشێنین، بۆمان ده‌رده‌که‌وێ ئه‌م ده‌ساڵه‌ی دوایی رێژه‌ی تاوان و توندوتیژی له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران‌دا یه‌کجار زۆر په‌ره‌ی سه‌ندوه.
ئه‌و توندوتیژییه ترسناکانه‌ی ئه‌مڕۆ له نێو بنه‌ماڵه و کۆمه‌ڵگه له ئێران‌دا روو ده‌ده‌ن وه‌ک کوژرانی مێرد به‌ده‌ستی ژن، ژن به ده‌ستی مێرد، منداڵ به ده‌ستی دایک، باوک و قه‌تڵ و تاوانی جۆراوجۆر، ئه‌و نموونانه‌ن که رۆژانه له راگه‌یه‌نه‌کانی نێوخۆی ئێران دا بڵاو ده‌بنه‌وه، هۆکاری جۆراوجۆریان هه‌ن. دوکتور ئه‌مانوڵڵا قه‌رایی کۆمه‌ڵناس له وتووێژێکدا ده‌ڵێ: «هه‌ژاری و بێ‌کاری و زۆربوونی توندوتیژی له کۆمه‌ڵگه‌دا سه‌دله‌سه‌د پێوه‌ندیی راسته‌وخۆیان پێکه‌وه هه‌یه«.
ئه‌و توندوتیژییه ترسناکانه‌ی ئه‌مڕۆ له نێو بنه‌ماڵه و کۆمه‌ڵگه له ئێران‌دا روو ده‌ده‌ن وه‌ک کوژرانی مێرد به‌ده‌ستی ژن، ژن به ده‌ستی مێرد، منداڵ به ده‌ستی دایک، باوک و قه‌تڵ و تاوانی جۆراوجۆر، ئه‌و نموونانه‌ن که رۆژانه له راگه‌یه‌نه‌کانی نێوخۆی ئێران دا بڵاو ده‌بنه‌وه، هۆکاری جۆراوجۆریان هه‌ن. دوکتور ئه‌مانوڵڵا قه‌رایی کۆمه‌ڵناس له وتووێژێکدا ده‌ڵێ: «هه‌ژاری و بێ‌کاری و زۆربوونی توندوتیژی له کۆمه‌ڵگه‌دا سه‌دله‌سه‌د پێوه‌ندیی راسته‌وخۆیان پێکه‌وه هه‌یه«.
کاتێک خه‌ڵک له ژێر باری گرانی و خه‌رج و تێچووی ژیان دا حاڵیان په‌رێشان بێ و ده‌روونێکی ئاڵۆزیان هه‌بێ، هه‌مووکات شاهیدی ره‌فتار و هه‌ڵسوکه‌وتی توندوتیژ له نێو ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه و له شه‌قام و کووچه‌و کۆڵان له گه‌ڵ یه‌کتر ده‌بین. بنه‌ماڵه یه‌کێکه له‌و شوێنانه‌ی که توندوتیژی به‌رهه‌م دێنێ. ئه‌و منداڵانه‌ی له نێو بنه‌ماڵه‌یه‌کی هه‌ژاردا گه‌وره ده‌بن و له نێو بنه‌ماڵه‌دا سه‌رنج نادرێته خواسته‌کانیان، به دڵنیاییه‌وه زۆرتر ئه‌وانه‌ن تووڕه‌بوونه‌کانی خۆیان له نێو بنه‌ماڵه‌وه ده‌به‌نه نێو کۆمه‌ڵگه. هه‌ژاری و بێ‌کاری یه‌کێکه له فاکته‌ره گیروگرفتخوڵقێنه‌ره‌کان له هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک‌دا. بێ‌کاری و هه‌ژاری ئێستا له ئێران‌دا هه‌ر ته‌نیا کێشه‌یه‌کی ئابووری بۆ وڵات نیه، به‌ڵکوو بۆته قه‌یرانێکی قووڵی کۆمه‌ڵایه‌تییش. زۆربه‌ی خه‌ساره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی وه‌ک: ئێعتیاد، قه‌تڵ، خۆکوژی، خه‌مۆکی و نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌کان، له‌شفرۆشی و قاچاغی ژنان، لێکهه‌ڵوه‌شانی شیرازه‌ی بنه‌ماڵه و هتد، به‌شی زۆریان له هه‌ژاری و بێکارییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن. جه‌وانێکی خوێنده‌وار که له‌ژیاندا بێ کار و سه‌رگه‌ردانه ، هه‌ست به پووچی و بێ‌که‌ڵک بوون ده‌کا. بۆیه زۆرجار ناتوانێ به‌سه‌ر خۆیدا زاڵ بێ. کاتێک که‌سێک که هه‌ست به پووچی و بێ‌که‌ڵک بوون له نێو بنه‌ماڵه و کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌کا، ته‌نانه‌ت بۆی گرنگ نیه ئه‌گه‌ر تاوانیش ئه‌نجام بدا. له‌هه‌مووی ئه‌م حاله‌تانه دا به‌داخه‌وه ژنان زۆر زیاتر بوونه‌ته قوربانیی خه‌ساره‌کانی نێو کۆمه‌ڵگه. ئه‌مه‌ش به هۆی ئه‌و نابه‌رابه‌رییه حوقووقیانه‌وه‌یه که به‌رانبه‌ر به ژنان له ئێران‌دا هه‌یه. یانی قانوونه‌کانی کۆماری ئیسلامی زۆر به ئاشکراو و روونی له نێوان مرۆڤه‌کاندا نایه‌کسانییان دروست کردوه.
توندوتیژی له کۆمه‌لگه‌ی ئێران‌دا به ڕاده‌یه‌ک په‌ره‌ی سه‌ندوه که کۆمه‌ڵناسان ئێستا وه‌ک قه‌یرانێک چاوی لێ‌ده‌که‌ن. ئه‌و قه‌یرانه ئه‌گه‌ر هه‌مووی سه‌رچاوه‌که‌ی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه نه‌بێ دیسانیش هه‌ر ده‌سه‌ڵاته ده‌بێ چاره‌ی ئه‌و قه‌یرانه بکا. ئه‌و ده‌رده پێویستی به چاره‌سه‌رێکی ریشه‌یی هه‌یه. ئه‌م چاره‌سه‌ره‌ش به هه‌موو داموده‌زگا په‌روه‌رده‌یی و یاساییه‌کانی ده‌سه‌ڵات جێبه‌جێ ده‌کرێن و پێویستی به زه‌مینه‌و هه‌لومه‌رجی له‌بار هه‌یه که به‌داخه‌وه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستا نه‌ک ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ی لێ ناکرێ هه‌نگاوێکی موسبه‌ت له‌م پێناوه‌دا هه‌ڵێنێته‌وه، به‌ڵکوو بۆخۆی سه‌رچاوه‌ی ئه‌و به‌ڵاو به‌دبه‌ختییانه‌یه که به‌سه‌ر خه‌ڵکی ئێران هاتوون.
به‌ڵام ناکرێ ده‌ست له سه‌ر ده‌ست دابنرێ تا ئه‌و رێژیمه ده‌ڕووخێ و سیبه‌ری شوومی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی له سه‌ر خه‌ڵک لاده‌چێ . پێویسته توێژه‌ران، ده‌رونناسان، چالاکانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ی کاری فه‌رهه‌نگی و زانستی ده‌که‌ن و وشیارکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵ به ئه‌رکی خۆیان ده‌زانن، لانی که‌م وه‌ستانه‌وه به دژی په‌ره‌پیدانی ئاگایانه‌ی توندوتیژی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه بوه‌ستنه‌وه و و هیچ کات له وشیار کردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه به‌رانبه‌ر به کاریگه‌رییه‌کانی کرده‌وه و سیاسه‌ته پڕ له توندوتیژییه‌کانی رێژیم، غافڵ نه‌بن.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر