۱۳۹۲ فروردین ۲۶, دوشنبه

پێشێلكردنی مافەكانی منداڵان لە ئێراندا

 
نوشته شده در یکشنبه شانزدهم خرداد 1389 ساعت 23:5 شماره پست: 140
یەكی مانگی ژوئەنی هەموو ساڵـێك رۆژی جیهانیی منداڵان ناودێر كراوە. ساڵی 1949 بە پێشنیاری كۆمەڵەی جیهانیی فیدراسیۆنی ژنانی دیموكرات ئەو رۆژە بە ناوی رۆژی جیهانی منداڵان ناودێر كرا. رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش جگە لە پشتگری لەو پێشنیارە، پشگری لە ماف، ژیان و سڵامەتیی منداڵانی كردە یەكێك لە ئەولەویەتەكانی تێكۆشانی خۆی.
 


یەكی مانگی ژوئەنی هەموو ساڵـێك رۆژی جیهانیی منداڵان ناودێر كراوە. ساڵی 1949 بە پێشنیاری كۆمەڵەی جیهانیی فیدراسیۆنی ژنانی دیموكرات ئەو رۆژە بە ناوی رۆژی جیهانی منداڵان ناودێر كرا. رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش جگە لە پشتگری لەو پێشنیارە، پشگری لە ماف، ژیان و سڵامەتیی منداڵانی كردە یەكێك لە ئەولەویەتەكانی تێكۆشانی خۆی.شك لەوەدا نیە لە دوای ساڵی 1949وە ئاڵۆگۆڕ و پێشكەوتنی زۆر لە بوارە جۆراوجۆرەكانی كۆمەڵایەتی لە ئاستی جیهاندا روویان داوەو له بیستی نوامبری 1989 کۆڕی گشتی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ئه‌ساسنامه‌ی مافی منداڵانی په‌سه‌ند کرد که به پێی ئه‌و ئه‌ساسنامه‌یه منداڵانی هه‌موو جیهان مافه‌کانیان ده‌بێ  پارێزراو بێ. بەڵام بە داخەوە سەرەڕای هەموو پێشكەوتنەكان و هەوڵ و تێكۆشانی كۆمەڵگەی جیهانی بۆ دەستەبەر بوونی مافی مرۆڤەكان، منداڵان یەكێكن لە بێبەشترین و بێمافترین توێژی كۆمەڵگەكان. هەلومەرجی نالەبار و مامەڵە كردنی خراپ لەگەڵ منداڵاندا دیاردەیەكی جیهانییە و لە زۆر لە كۆمەڵگەكاندا دەبینرێ. لە ئاكامی هەژاری، شەڕ، پیسبوونی ژینگە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە جۆراوجۆرە واگیرەكاندا ساڵانە بە میلیۆنان منداڵ لە جیهاندا گیانیان دەكەوێتە مەترسییەوە، یان گیانیان لەدەست دەدەن.
یەكێك لەو وڵاتانەی كە لەوێدا ژیانی بەشێكی زۆر لە منداڵان لەوپەڕی خراپی دایە وڵاتی ئێرانە. بە پێی ئامارەكان 80 لەسەدی منداڵانی سەرشەقام، ئەو منداڵانەن كە كار دەكەن و بە هۆی هەژاری ونەداریی بنەماڵەكانیان ناچار بوون بۆ كار روو لە شەقامەكان بكەن و بۆ تێر كردنی سكی برسیی ئەندامانی بنەماڵەكانیان لەنێو تەپو تۆز و رەنگ و رۆن و دووكەڵ، لە گەرمای هاوین و سەرمای زستاندا، ژیان بەسەر بەرن . ئەوان رۆژانە دەكەونە بەر ئازار و ئەزیەت و دەستدرێژیی گەورەكان. زۆرترینی منداڵانی كار هی پارێزگاكانی خوراسان، تاران، لوڕستان و كوردستانن. ئەوان بە دەست هەژاری و بێدەرەتانی و جیاوازیدانانەكانەوە ئازار دەچێژن و بە دوور لە دنیای منداڵی، شەو و رۆژ دەكەنەوە. بە هەزاران منداڵ و مێرمنداڵ بە ئارەزووی ئەوەوەن لە قوتابخانە فێری خوێندن و نووسین بن، بەڵام قوتابخانە بۆ ئەوان تەنیا ئارەزوویەكی منداڵانەیەەو بەس..
كاتیك باس لە منداڵ دەكرێ، دەبێ وەك ئینسانێك چاوی لێ بكرێ، ئینسانێك كە پێویستی بە پێڕاگەیشتنی زۆرتر و چاوەدێریی زیاتر هەیە. بەڵام لەوڵاتێكی وەك ئیران دا كێشەكە لەوە دایە منداڵ وەك ئینسانێك نابینرێ. عورف و عادەتی كۆمەڵایەتیی بەردەوام رێژیەك لە توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵانی قبووڵ كردوە. منداڵ بەهۆی ئەوەی لە باری جەستەیی و دەرك و شعوورەوە هێشتا كامڵ نەبووە، ناتوانێ دیفاع لە خۆی بكا. هەر بۆیە زۆرجار لەلایەن باوك، دایك، گەورەكانی بنەماڵە، مامۆستا و.. دەكەوێتە بەر ئازار و توندوتیژی. قانوونێكی ئەوتۆش نیە كە پشتگری لە مافی منداڵ بكا.
 ئاوڕدانەوە و پشتیوانی و رێز گرتن لە مافی منداڵان، یەكێكە لە ئەسڵەكانی پارستنی مافی مرۆڤ. ئەوە ئەرك و بەرپرسایەتییەكی گرنگە لە سەر شانی دەوڵەتەكان، نیهادە قانووندانەرەكان و بەرێوەبەرییەكان كە سەرنج بدەنە مافەكانی منداڵان و نەهێڵن داهاتوو و چارەنووسیان بخرێتە ژێر كاریگەریی دابونەریت و عورفی كۆمەڵایەتیی دواكەوتووانە. سەرنجنەدان و پشتگویخستنی ئەم توێژە حەساس و گەورەی كۆمەڵگە دەتوانێ زیان و زەرەرێكی قەرەبوو نەكراو بە كۆمەڵگە و بە داهاتووی وڵات بگەیەنێ.
كۆماری ئیسلامی و پەیوەست بوونی بە كونوانسیۆنی جیهانیی مافی منداڵانەوە
كۆماری ئیسلامیی ئێران لە رێكەوتی 14ی خەزەڵوەری 1370، پەیماننامەی جیهانیی مافی منداڵانی ئیمزا كرد و بە كونوانسیۆنی مافی منداڵ پەیوەست بووە. بەڵام پەیوەست بوونی ئێران بەو كونوانسیۆنە بەو مەرجەیە كە لە هەر كات و مەوریدێكدا ماددەیەكی ئەو پەیماننامەیە لەگەڵ رێوشوێنە ئیسلامییەكاندا نەهاتەوە، كۆماری ئیسلامی پێیانەوە پابەند نەبێ. هەر لەم پێوەندییەشدا شوورای نیگابان لە نامەیەكدا كە لە رێكەوتی 14/11/1372 هێندێك لە ماددەكانی ئەو كۆنوانسیۆنەی بە خیلافی شەرع زانی و خستیە بەردەمی مەجلیسی شوورای ئیسلامی.
ئەو مەورید و مادانە بریتی بوون لە: بەندی ی1 لە ماددەی 12، بەندی 1 و 2 لە ماددەی 13، بەندی ی1 و 3 لە ماددەی 14، بەندی 2 لە ماددەی 15ی كۆنوانسیۆنی مافەكانی منداڵان.
پەیوەست بوونی ئێران بە كونوانسیۆنی مافی منداڵانەوە هەنگاوێگی گرنگ بوو بۆ دەستەبەركردن و پاراستنی مافەكانی منداڵان، بەڵام مەرجداركردنی بەشێك لە ماددە و بەندەكانی ئەو كونوانسیۆنە لە لایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە بیانووی پاراستنی ریوشوینی ئیسلامییەوە و پێوە لكاندنی هێندێك تەبسەرەو تێبینیی دیكە لە پێوەندی لە گەڵ پێناسەی منداڵ، نەبوونی فەرق و جیاوازی لەنێوان منداڵان، پاراستنی قازانجەكانی منداڵ، مافی وەدەستهێنانی ناسنامە، مافی ژیان لەگەڵ بنەماڵە (دایك وباب)، مافی هاتن یان چوونەدەر لە وڵات بە مەبەستی چوونەلای دایك و باب، رەفتار و هەڵسوكەوتی توند و تیژ لەگەڵ منداڵان، یارمەتی بە منداڵانی كەم ئەندام، مافی منداڵانی پەنابەر، حەقی ژیانێكی باش و ستاندارد، حەقی خوێندن و فێركردن، و... بەكردەوە بەرێوەبردنی كۆنوانسیۆنی مافی منداڵی لە ئێراندا لەگەڵ گیرو گرفت بەرەو روو كرد و بووە بە هۆی پێشێلكرانی بەردەوامی مافی منداڵان و هێنانەوەی پاساو بۆ كەموكوورییە قانوونییەكان لە بارەی مافەكانی منداڵانەوە. هەرچەند پێشێلكردنی مافی منداڵان لە ئێراندا زۆر بەربڵاو و لەوە زیاترە كە تەنیا بڵێین لەوبەندە قانوونیانەدا خۆیان دەبیننەوە. بەڵام نەبوون و بەڕێوەنەچوونی قانوونێك كە پشتگری لە مافی منداڵان بكا، رێخۆشكەرە بۆ پەرەسەندنی پێشێل كردنی مافی منداڵان لە زۆر لایەنەوە. هەر بۆیە كار كردن لە پێناوی پابەند كردنی كۆماری ئیسلامی بە نێوەرۆكی پەیماننامەی جیهانیی مافەكانی مندالان و گۆڕینی روانین و فەرهەنگی دەسەڵات و كۆمەڵ لە بارەی منداڵان و مافەكانیانەوە، لەو ئەركە پێویستانەیە كە چالاكانی بواری مافی مرۆڤ و لایەنە بەرپرس و پێوەندیدارەكان، دەبێ شێلگیرانە كاری بۆ بكەن.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر