۱۳۹۲ اردیبهشت ۵, پنجشنبه

پیویسته‌ ئه‌م هاوپێوه‌ندی و یه‌کده‌نگییه‌مان بپارێزین و بیکه‌ین به‌ ده‌سمایه‌ بۆ حه‌ره‌که‌ته‌کانی داهاتوومان

 
ئەو رووداوەی لە مەریوان روویدا، هیچ حاشای لێناکرێ سووکایەتییەکی ئاشکرای دەسەڵات و سیستمی قەزایی کۆماری ئیسلامی بوو بە ژن.  لەبیرمان بێ ئەو حوکمەی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی لە مەریوان درا و بەڕێوە برا. لە رووی بیر‌و باوەڕەوە بوو. لە باوەڕی کاربه‌ده‌ستان و بڕیارده‌رانی  ئەو سیستمەدا ژن مرۆڤێکی سووکە بۆیە دێن لیباسی ژن دەکەنە به‌ر پیاویکی تاوانبار بۆ تەمبێ کردنی!
 
 به‌ دوای ئه‌م سووکایه‌تییه‌ دا، حەرەکەتێکی ناره‌زایه‌تیده‌ربڕین  له‌ شاری مه‌ریوان وەڕێ خرا که‌ پێشه‌نگه‌که‌ی ، ژنان بوون. پاشانیش کەمپه‌ینێک له‌ ژێر ناوی " ژنبوون کەرەسەیەک نیە بۆ سووکایەتی و سزادانی هیچ‌کەسێک"به‌ڕێوه‌ چوو، ده‌توانم بڵێم پیاوانی یه‌کسانیخواز و دیموکرات و بوێر له‌م که‌مپه‌ینه‌ دا رۆڵی سه‌ره‌کیان هه‌بوو.  
پێش هەموو شتێک
ئەو حەرەکەتە دەبێ وه‌ک چالاکییه‌کی مەدەنی شوێندانه‌ر چاوی لێ‌بکەین، چالاکییەک کە هه‌م له‌ کورتخایه‌ن دا، ده‌سکه‌وتی هه‌بوو،  هه‌م کاریگەری دەبێ لە سەر حەرەکەتەکانی داهاتووی ژنان لە کوردستان. راسته‌ چەخماخەی ئەم حەرەکەتە ژنانی مەریوان لێیان دا، به‌ڵام به‌ پشتیوانیی ژنان و پیاوانی بوێر و رچه‌شکێن له‌  کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، توانی بگاته‌ ئه‌و جێگایه‌.
با هه‌ڵوێسته‌یه‌ک له‌ سه‌ر چه‌ند لایه‌نێکی ئه‌م حه‌ره‌که‌ته‌ بکه‌ین. له‌ پێشدا با له‌ سه‌ر پاڵنه‌ر و زه‌مینه‌کانی وه‌ڕێکه‌وتنی  ئەو کەمپەینە بوه‌ستین کە دوای حەرەکەتی وشیارانەی ژنانی مەریوان دەستی پێکرد.
کاتێک دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە شاری مەریوان دێن لەبەرکردنی جلوبەرگی ژنانی وه‌ک سزایه‌ک بۆ پێاویکی تاوانبار  دیاری دەکەن و بەناو شار‌دا دەیگێڕن، دەبوو نەک هەر لە مەریوان بەڵکوو لە هه‌مووکوردستان و ئێران بەم حوکمە ئێعتراز بکەن، بەڵام بەداخەوە ئەوە نەدیترا.
ئەوەنده‌ی پێوەندیی بە پیاوانەوە هەیە: سووکایەتی کردن بە ژن، سووکایەتی کردنە بە مرۆڤایەتی، هه‌ر پیاوێک‌  باوەڕی به‌ مرۆڤبوونی ژن و یه‌کسانیی ژنو پیاوه‌وه‌ هه‌بێ، ناتوانی له‌ ئاست سووکایه‌تیی به‌ ژن، بیده‌نگ و بێهه‌ڵوێست بێ.
ئەوەی کە کۆمەڵێک پیاو بە نیشانەی پشتیوانی لە ناڕەزایەتی چالاکانی ژن لە مەریوان و ئێعتراز بەم حوکمە پڕلەسووکایەتییە هاتن جلوبەرگی ژنانیان لەبەر کرد بۆ ئه‌وه‌ بوو بە کۆماری ئیسلامی بڵێن:
ئەگەر تۆ ژنبوون ته‌حقیر ده‌که‌ی و ده‌ته‌وێ به‌ له‌به‌رکردنی جلوبەرگی ژنانه‌ سووکایەتی بە که‌سیک له‌ ره‌گه‌زی نێرینه‌ بکه‌ی، ئێمەی پیاو، دژی ئه‌م روانینه‌ دواکه‌وتووانه‌یه‌ت ده‌وه‌ستنیه‌وه‌ و بۆ  نیشاندان و سه‌لماندنی   باوه‌ڕمان به‌  شه‌ئن و ئینسانبوونی ژن، ئاماده‌ین جلوبەرگی ئه‌وان له‌ به‌ر بکه‌ین! هەربۆیە ئەم حەرەکەتەی پیاوان بەرپەرچدانەوەی ئەو جۆره‌ روانین و بیرکردنەوە پر شووره‌ییه‌ی ی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بوو. 
ئەم هەنگاوە لەگەڵ ئەوەی حەرەکەتێکی سەمبولیک بوو لەهەمان کاتیش‌دا بوو بە هۆی ئەوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی ئینترنێت و سایت و کاناڵەکانی راگەیەندان‌دا، دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبێ، و ببیته‌ هۆی وه‌ڕیکه‌وتنی پشتیوانییەکی باش بۆ ناڕەزایەتیی ژنانی چالاک لە مەریوان.
 بەڵام با کەموکووڕییەکانیش نەشارینەوە، 
له‌ مه‌ریوان کاتێک ئه‌م سووکایه‌تیکردنه‌ رووی دا، خەڵک زۆر ئاسایی چاویان لە قەتاری ماشێنی هێزە ئینتیزامییەکان دەکرد! بەبێ ئەوەی داچڵەکینێک روو بدا. رۆژی دواتر که‌ دژی ئه‌م سووکایه‌تییه‌ ده‌نگی ناره‌زایه‌تیی به‌رز کرایه‌وه‌ و‌ هاتنه‌ سه‌رشه‌قام ئەو حەرەکەتەیان وەڕێ خست، ژمارەیەکی کەم لە چالاکانی مەدەنی بوون. فیلم و وێنەکان ئەوەمان پێ نیشان دەدەن....
   بەڵام گەورە بوونەوەکەی: چەند چالاکێکی ژن له‌ فه‌یسبووک دا روویان له‌ پیاوان کرد و پییان وتن "ئەگەر دەتانەوێ پشتیوانی ئەم حەرەکەتە بن بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بە نیسبەت  به‌ سووک سه‌یرکردنی ژنان، لیباسی ژنان لەبەر بکەن". بە خۆشییەوە ئەو کارە لە لایەن کۆمەڵێک لە پیاوانەوە دەستی پێکرد و لە لاپەڕەی فیسبووک و راگەیەنه‌کان‌دا دەنگدانەوە و رەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو. رەنگە ئەگەر پیاوان ئەو حەرەکەتەیان نەکردایە، بەو جۆرەی ئێستا ئەو دەنگدانەوەیەی نەبوایە.
بەڵام با ئەوەش نەشارینەوە لە نێو بەشێک لەو پیاوانەدا خه‌ریکه‌ ئەسڵی مەسەلەکە  که‌ سووکایه‌تییه‌ به‌ ژنان، ده‌خریته‌ پەراوێزەوە. چونکه‌ ئه‌وه‌ی به‌ لایا‌نه‌وه‌ گرنگه‌، کوردی بوونی جلوبه‌رگیکه‌ که‌ له‌به‌ر پیاوه‌ تاوانباره‌که‌ کراوه‌ نه‌ک ژنانه‌بوونی جلوبه‌رگه‌که‌!! هه‌ر بۆیه‌ له‌ جیاتی  سه‌یرکردنی کرده‌وه‌که‌ وه‌ک سووکایه‌تی به‌ ژن، وه‌ک تەوهین بە کورد و کوردایەتیی باسی ده‌که‌ن.
هاوڕێیان! حاشا لەوە ناکرێ کە دوژمنانی نەتەوەی کورد لەمێژە بە شێوەهای جۆراوجۆر سووکایەتی بەم نەتەوەیە دەکەن. بەڵام لەوەی مەریوان‌دا کێشەکە شتێکی دیکە بوو. سووکایەتیی راستەوخۆبوو بە مرۆڤی ژن. بەبڕوای من لەو مەسەلەیەش‌دا خەریکە کێشە ئەسڵییەکە دەخرێتە پەراوێز.
جێی خۆیەتی لێرەدا ئەوش بڵێین، لەنێو هەربزووتنەوەیەکی کوردا، پرسی یەکسانیخوازی و کێشەکانی ژنان، کەوتۆتە پەراوێز! به‌ڵام ئه‌وحەرەکەتەی پیاوان به‌ دوای ئه‌م سووکایه‌تییه‌ دا، دستیان پێکردوه‌ گوتار و په‌یامی ئینسانی و یه‌کسانیخوازانه‌ی هه‌یه‌. با  نه‌هێڵین ئه‌م لایه‌نه‌ دره‌وشاوه‌ی حه‌ره‌که‌ته‌که‌ به‌ ناوی  داکۆکی له‌ کوردایه‌تی و نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ری، که‌مره‌نگ بکرێته‌وه‌.

***
رێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆچی لە کوردستان ئەو کارە دەکا؟
خۆمان باش دەناسین، ئایا کۆماری ئیسلامی لە دابونەریتی کوردستان ڕادەبینێ بۆیە دەوێرێ کارێکی لەم شێوە بکا؟ دابونەریتی کوردستان تا ئەمڕۆش بیرکردنەوەی بەسووک چاولەژن کردنی بەسەردا زاڵە. کێتان ئەم وشانە بە گوێتان ئاشنا نیە: پیاو نەبم کە تۆڵە نەستێنم! دەرپێی ژنانم لەبەر بێ کە فڵان کارەی نەکەم!
بەڵام لەهەرحاڵ‌دا ئەوحەرەکەتە پاشەکشەیەکی بە کۆماری ئیسلامی کرد.
رێژیم ترسی لێ نیشت کە مەسەلەکە گەورە بێتەوە و شارەکانی دیکەی کوردستانیش بگرێتەوە، لەبەر ئەوەی نەیدەتوانی دیفاع لەوکارە شەرماوییەی ده‌مڕاست و کاربه‌ده‌ستانی خۆی بکا، چونکە نە لە قانوون دا هەیە و نە لە ئایینی ئیسلام دا  رێگه‌ دراوه‌ بەم شێوەیە ئینسانێکی خەتاکار سزا بدری.
 
 ناوەندی کاروباری ژنان و بنەماڵە کە ناوەندێکی سەر بە دەزگای سەرکۆماریی رژێمی ئیسلامیی ئێرانە، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند کە گێڕانی پیاوێک بە لیباسی ژنانەوە لە مەریوان، کارێکی ناشایستە و ئەوان مـەحکوومی دەکەن و داوایان لە پۆلیس کردوە بەهۆی ئەو کارەیان روونکردنەوە بدەن.
 ئەم کارەی پۆلیسی مەریوان هەروەها لە لایەن ١٧ نوێنەری مەجلیسی شوڕای ئیسلامییەوە مەحکووم کرا.
ئەو ناوەندە لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێ: ئەو کارەی هێزی ئینتیزامی مەریوان نیشانەیەکی روونە لە تێگەیشتنی هەڵە لە جینسی ژن و نەناسینی ژنان. لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: ویژدانە نەنووستووەکان دەزانن کە ئەو جۆرە کردارە گەوجانەیە، بەرهەمی روانگە و سەلیقەی تاقە کەسییە و لە روانگەی '' نیزامی کۆماری ئیسلامیی'' دوورە.
 ئه‌و جۆره لێدوان و روونکردنه‌وانه‌، چ بۆ هێورکردنه‌وه‌ی وه‌زعه‌که‌ بن و چ بۆ پێشگیری له‌ دووپاتبوونه‌وه‌ی کرده‌وه‌ی له‌م چه‌شنه‌، یه‌ک راستی ده‌گه‌یه‌نن که‌ حه‌ره‌که‌تی ئه‌م دوایانه‌، کاریگه‌ریی خۆی هه‌بووه‌.
قسەی کۆتایی:
لەگەڵ ئەوەی کۆماری ئیسلامی پاشەکشەیەکی کردوە، بەڵام ئێمە  هیچ چاوڕوانییەکمان لەو دەسەڵات و سیستمە لە ئێران‌دا نیە، ڕوانینی بەرانبەر بە ژن بگۆڕێ.
بەڵام ئایا لەبەر کردنی جلوبەرگی ژنان لە لایەن پیاوانەوە دەکرێ ئاڵوگۆڕێکی فکری لە ڕوانینی خەڵکی کوردستان بە نیسبەت ژنانەوە پێک بێنێ؟ بەدڵنیاییەوە کۆمەڵگەی کوردستان لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارە و پیاوسالاری لەنێو هەست و نەستی هەرتاکی ئەو کۆمەلگەیەدا بە ژن و پیاوەوە هەیە، بەڵام دیسانیش ئەو جۆرە حەرەکەتانە نیشانەی ئەوەیە ئاڵوگۆڕێک لە ڕوانینەکان‌دا پێک هاتوە و نیشانەی ئەوەیە ریشەکانی پیاوسالاری خەریکە کەم‌کەم جێگەی خۆی دەدا به‌ یەکسانیخوازی و مرۆڤ‌تەوەری.
با لێره‌وه‌ داوا له‌ هه‌موو ژنان و پیاوانی یه‌کسانیخواز له‌ کوردستان بکه‌ین که‌  پیویسته‌ ئه‌م هاوپێوه‌ندی و یه‌کده‌نگییه‌مان بپارێزین و بیکه‌ین به‌ ده‌سمایه‌ بۆ حه‌ره‌که‌ته‌کانی داهاتوومان.
 
کویستان فتووحی
 

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر