به‌شدارانی به‌ڕێزی دووهه‌م کۆنفرانسی ژنانی رۆژهه‌ڵاتی کو‌ردستان!
خۆشحاڵم که له کۆڕی ئیوه‌ی به‌ڕێز دا له ستۆکهۆڵم خۆم ده‌بینمه‌وه و ده‌توانم له نزیکه‌وه سوود له باس و بابه‌ته‌کانی ئه‌م کۆنفرانسه و ئه‌زموون و بۆچوونه‌کانی ئێوه وه‌ربگرم.
راستییه‌که‌ی بڕوام نه‌ده‌کرد فریا بکه‌وم له‌م کۆنفرانسه دا به‌شدار بم. هه‌ر بۆیه به دره‌نگه‌وه و به دوودڵی بۆ ئاماده‌کردنی بابه‌تێک بۆ ئه‌م کۆنفرانسه وه‌خۆ که‌وتم. به‌و حاڵه‌ش بابه‌تیکم پی پێشنیار کرا ئاماده‌ی بکه‌م که نه‌ک هه‌ر له‌و ماوه‌که‌مه‌دا که من به‌ده‌ستمه‌وه بوو، به‌ڵکوو ئه‌گه‌ر ماوه‌ی زۆریشم به ده‌سته‌وه بوایه، ئاماده کردنی هه‌ر به زه‌حمه‌ت بوو.
ئه‌وبابه‌ته‌ی من ده‌مه‌وی سووکه ئاوڕێکی لێ بده‌مه‌وه، ژنانی رۆژهه‌ڵاتی کو‌ردستان له میدیا دایه. پرژانه سه‌ر ئه‌م بابه‌ته زۆر زه‌حمه‌ته. چونکه ده‌سبه‌جێ کۆمه‌ڵێک پرسیار له به‌ر ده‌م هه‌ر که‌سێک دا قوت ده‌بنه‌وه که بیهه‌وێ له‌م باره‌وه بدوێ و بنووسێ یا لێکۆڵینه‌وه بکا. هه‌ر بۆ نموونه: مه‌به‌ستمان حوزووری ژنی رۆژهه‌لاتی کو‌ردستان له چ جۆره میدیایه‌ک دایه: میدیای حیزبی؟ میدیای کوردی؟ میدیای فارسی؟ میدیای بێگانه؟ یا مه‌به‌ستمان چ سه‌رده‌میکه؟ئێستا؟ رابردوو؟داهاتوو؟
هه‌ر وه‌ها ده‌کری ئه‌م پرسیاره بکه‌ین مه‌به‌ستمان ده‌نگدانه‌وه‌ی چالاکیی ژنانی رۆژهه‌ڵاتی کو‌ردستان له میدیا دایه یا کارکردنی ژنانی رۆژهه‌لات له میدیا دا؟ چۆن ده‌توانین قۆناغبه‌ندیی به‌شداریی ژنانی رۆژهه‌ڵاتی کو‌ردستان له میدیا دا بکه‌ین؟ له سه‌ر کام بناغه و کام پێوه‌ر؟ جگه له‌مه‌ش به‌ربه‌ست و گرفتی دیکه له سه‌ر رێی باس و لیکۆڵینه‌وه له‌و بواره‌دا هه‌ن. با دیسان کۆمه‌ڵیک پرسیاری دیکه بخه‌مه‌ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی بزانن کاره‌که چه‌ند به زه‌حمه‌ته؟ چۆن بزانین چ رێژه‌یه‌ک له کار و ئه‌رکی میدیای کوردی و فارسی له سه‌ر شانی ژنانی رۆژهه‌لاتی کوردستانه؟ چ سه‌رچاوه‌یه‌ک هه‌یه یارمه‌تیمان بدا تا بزانین ژنانی میدیاکاری رۆژهه‌لاتی کو‌ردستان، چ ده‌ور و رۆڵێکیان هه‌یه له به‌ڕیوه‌به‌ریی میدیاکان دا؟ پرسیاری له‌مانه‌ش سه‌ر‌نجراکێشتر ئه‌وه‌یه که میدیای ئه‌له‌کترۆنی و تۆڕه کۆمه‌لایه‌تییه‌کان (فه‌یسبووک و یوتوب و تویتێر وه‌ی دیکه)، له رۆژگاری ئه‌مڕۆ دا جێگای تایبه‌ت به خۆیان له دنیای راگه‌یاندن دا هه‌یه. ئایا ژنانی رۆژهه‌لاتی کو‌ردستان توانیویانه له میدیای ئه‌لێکترۆنی و تۆڕه کۆمه‌لایه‌تییه‌کانیش دا دیار بن؟ له‌و نیوه دا ئه‌و پرسیاره‌ش قوت ده‌بێته‌وه که ئایا مه‌به‌ستمان هه‌ر کار کردنێکی ژنان له میدیا دایه ؟ یا ئه‌و کار و چالاکییانه‌ی پێوه‌ندییان به ویست و داخوازه‌کانی ژنان وخه‌بات و تێکۆشانی ئه‌وانه‌وه هه‌یه، مه‌به‌ستمانه؟ به‌م پێشه‌کییه‌وه ده‌چمه نیو ئه‌م باسه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له ئیستاوه بۆ خۆم دانم به گرفت و که‌م و کوڕییه‌کانی باسه‌که‌مدا نابی.
ئه‌وه‌ی من له‌م باسه دا مه‌به‌ستمه!
راستییه‌که‌ی من پیم باشه هه‌م کار کردنی ژنانی رۆژهه‌لات له راگه‌یه‌نه‌کان دا بخه‌مه به‌ر سه‌رنج، هه‌م ره‌نگدانه‌وه و ده‌نگدانه‌وه‌ی ویسته‌کانی ژنان و خه‌بات و تێکۆشانی ئه‌وان له راگه‌یه‌نه‌کاندا . ناشتوانم له باری زه‌مانییه‌وه له کۆنه‌وه تا ئیستا باس بکه‌م. ده‌زانم نه ئه‌وه‌نده‌م کات پی ده‌درێ، نه ئه‌وه‌نده‌م به‌ڵگه و داتا به ده‌سته‌وه‌یه تا باسی هه‌موو سه‌رده‌م و قۆناغه‌کان بکه‌م. زیاتر ئه‌مڕۆم مه‌به‌سته تا رابردوو. به‌ڵام شتێک له باره‌ی رابردووه هه‌ر ده‌ڵێم. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که بواری راگه‌یاندنیش وه‌ک بواری سیاسه‌ت و حیزبایه‌تی و پێشمه‌رگایه‌تی، له سه‌ره‌تاوه پیاو سالار بووه و به ده‌گمه‌ن نه‌بێ ژنانی تێدا نه‌بینراوه. دیاره به به‌راوه‌رد له گه‌ڵ هێندێک بوار و مه‌یدان دا،(وه‌ک به‌ڕیوه‌بردنی حیزب و رێکخراوی سیاسی، یا شه‌ڕی چه‌کداری)له‌م بواره دا، ژنان دیارتر بوون.چونکه له‌باری جه‌سته‌ییه‌وه بۆ ژنان گونجاوتر بوون و وه‌ک کاری شه‌ڕ و خه‌باتی چه‌کداری قورس نه‌بوون. ئه‌وه‌نده‌ش که بیستوومه و خوێندوومه‌وه نه‌ک هه‌ر له راگه‌یه‌نه‌کانی شۆڕشدا، ته‌نانه‌ت له راگه‌یه‌نه حکوومه‌تییه‌کانیشدا،ژنان،که‌متر کاری به‌ڕیوه‌به‌ری وبه‌رنامه‌داڕشتنیان له راگه‌یه‌نه‌کان دا له ئه‌ستۆ بووه یا پێیان سپیردراوه، به‌ڵکوو زیاتر کاری بێژه‌ری(گویندگی)، کاری پیتچنین(تایپ)، وێنه‌گری (عکاسی و فیلمبه‌رداری ) و به‌ڕێوه‌بردنی ئارشیو و ئاماده کردنی هه‌واڵ و راپۆرت، کاروباری هونه‌ری و ته‌کنیکییان له ئه‌ستۆ بووه. له راستیدا به‌ره‌به‌ره ژنان روویان کردۆته کاری نووسین و وه‌رگێڕان و به‌رهه‌مهێنانی به‌رنامه(به‌رنامه‌سازی) له راگه‌یه‌نه حیزبییه‌کان و راگه‌یه‌نه ده‌وڵه‌تییه‌کاندا. به‌ڵام ئه‌و جۆره قه‌ڵه‌مانه یا زۆر ده‌گمه‌ن بوون یا زۆر گومناون. ئه‌و راستییه‌ش له‌مه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ که هه‌ر له جێ‌دا، ژماره‌ی ژنان له‌و دام و ده‌زگایانه دا که‌م بووه و له که‌میش، که‌م هه‌ڵ ده‌که‌وێ.
ئه‌گه‌ر رۆژێک که‌س یا که‌سانێک بیانهه‌وێ له‌م باره‌وه تۆژینه‌وه بکه‌ن، ده‌بێ سه‌ردانی ئه‌رشیڤی رادیۆکانی مه‌هاباد، ورمێ، سنه، مه‌ریوان، کرماشان و به‌شی کوردیی رادیۆی تاران، هه‌ر وه‌ها بنکه‌ی ته‌له‌ڤیزیۆنی ده‌وله‌تیی ئێران له شاره‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کو‌ردستان بکه‌ن. له لایه‌کی دیکه رادیۆ و چاپه‌مه‌نیی حیزب و رێکخراوه سیاسییه‌کانی رۆژهه‌لاتی کوردستانیش، شوێنێکی دیکه بوون که ژنانی رۆژهه‌ڵات کاریان تێدا کردوون. حاشا له‌وه‌ش ناکرێ که چاپه‌مه‌نیی ئێرانیش له نێو ژنانی رۆژهه‌ڵات دا، کارمه‌ند و هاوکاریان هه‌بووه، به‌ڵام چه‌ند و چۆنی کاری ژنان له هه‌موو ئه‌و بوار و ده‌زگایانه دا، به بێ لێکۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونی مه‌یدانی، ده‌رناخرێ.
کاری میدیایی ژنانی رۆژهه‌ڵات له دوو ده‌یه‌ی رابردوو دا
بۆ چی دوو ده‌یه‌ی رابردوو؟
دوای رووخانی ریژیمی پاشایه‌تی، له کو‌ردستان به بوونی هێز و ریکخراوی سیاسیی پێشکه‌وتنخوازه‌وه، ده‌رفه‌ت بۆ هاتنه مه‌یدانی ژنان له هێندیک بوار دا خولقا که دیاره ده‌توانم بواری سیاسی و فه‌رهه‌نگی و کاری حیزبی و پێشمه‌رگایه‌تی وکار له رێکخراوه‌کانی ژناندا به نموونه بێنمه‌وه. وه‌ک پێشتریش وتم به‌شێک له کچان و ژنان له راگه‌یاندنی حیزبه‌کان دا ده‌ست به کار بوون. به‌لام شه‌ڕ و له شکرکێشیی کۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر کو‌ردستان و زاڵبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتی دواکه‌وتووانه و دژه‌ژنی ئه‌و ریژیمه به سه‌ر کوردستاندا،مه‌جالی ده‌رکه‌وتنی ژنان له راگه‌یه‌نه‌کانی دا نه‌هێشت. به تایبه‌تییش که بێجگه له راگه‌یه‌نی ده‌وڵه‌تی و حکوومه‌تی راگه‌یه‌نێکی ئه‌وتۆ نه‌بوو. نه رێژیم ئاماده بوو، بیجگه له ده‌ست وپێوه‌ندی خۆی مه‌یدان به خه‌ڵکی دیکه بدا له‌راگه‌یه‌نه‌کانیدا دا کار بکه‌ن، نه خه‌ڵک ئاماده بوون خۆ له‌و جۆره راگه‌یه‌نانه نزیک بکه‌نه‌وه. دیاره بێگومان که‌سانی وا هه‌بوون که له رادیۆ و ته‌له‌ڤیزیۆن و چاپه‌مه‌نییه‌کانی سه‌ر به رێژیم دا کاریان ده‌کرد که ئینسانی باش بوون و له گه‌ڵ ریژیم دا نه‌بوون.
به‌لام له ده‌یه‌کانی دووهه‌م و سێهه‌می ده‌سه‌لاتداره‌تیی کۆماری ئیسلامی‌دا، ئیران و کو‌ردستان هێندێک ئالوگۆڕیان به خۆیانه‌وه دیت که زه‌مینه‌ساز بوون بۆده‌رکه‌وتنی زیاتری ژنانی رۆژهه‌لاتی کو‌ردستان له میدیاکان دا، یا به وتنێکی دیکه ژنان له جاران زیاتر روویان له کاری میدیایی کرد.بۆ وینه:
- ژماره‌ی ئه‌و کچه کوردانه‌ی چووبوونه زانستگه‌کانی ئێران، زیادیان کردبوو و ریژه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌یانتوانی به‌شدارییان له کاری میدیایی دا هه‌بێ چووه سه‌ر.
- گه‌شه‌کردنی هه‌ست و بیری نه‌ته‌وه‌یی هه‌م له ئاکامی به‌رده‌وامیی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئازادیخوازانه له رۆژهه‌لاتی کو‌ردستان، هه‌م له درێژه‌ی پێکهاتنی ئالوگۆر به قازانجی کورد له عێراقدا( پێکهاتنی هه‌رێمی کو‌ردستان و پارلمان و حکوومه‌تی کوردی وه‌ی دیکه)
- بزووتنه‌وه‌ی ریفۆرمخوازی له ده‌یه‌می دووهه‌می ده‌سه‌ڵاتداریی کۆماری ئیسلامی دا گه‌شه‌ی کرد و کۆمه‌ڵێک گۆڕانی لێکه‌وته‌وه، وه‌ک: گه‌شه‌کردنی چاپه‌مه‌نییه‌کان ، گه‌شه‌کردنی بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری و سه‌رهه‌ڵدانی بڵاوکراوه‌ی خوێندکاری و حه‌وتوونامه و مانگنامه‌ی سه‌ر به کورده‌کان له ئێران‌دا.
- دامه‌زرانی که‌ناڵه ئاسمانییه کوردییه کان و راکێشرانی سه‌رنجی خه‌ڵک و له‌و نیوه‌دا ژنان بۆ هاوکاری له گه‌ڵ ئه‌و ته‌له‌ڤیزیۆنانه له بواری جۆراوجۆر دا.
- گه‌یشتنی ئامرازه‌کانی ته‌کنه‌لۆژیای پێشکه‌وتوو و خێرای پیوه‌ندییه‌کان به کو‌ردستان وه‌ک موبایل، ئه‌نترنیت وسه‌رهه‌لدانی به‌ره‌به‌ره‌ی میدیای ئه‌له‌کترۆنی له نیو کورددا، سه‌ره‌ڕای هه‌موو به‌ربه‌ست و کۆسپه‌کانی سه‌ررێگایان به تایبه‌تی له نیوخۆی ئێران‌دا.
- په‌ره‌گرتنی خه‌باتی مه‌ده‌نی له نێوخۆی رۆژهه‌لاتی کو‌ردستان که ئه‌م شێوه خه‌باته‌ش بۆ ژیان و به‌رده‌وامیی خۆی پێویستیی به ده‌ستراگه‌یشتن به میدیا هه‌یه.
- من ناتوانم به ئامار و ئه‌رقام بیسه‌لمێنم که له‌م دوو ده‌یه‌ی دواییدا، کاری میدیایی له نیو ژناندا و بایه‌خدانی میدیاکان به ژنی کورد گه‌شه‌ی کردوه. چونکه وه‌ک وتم کاتێکی ئه‌وه‌نده‌م به ده‌سته‌وه نه‌بوو بۆ ئاماده‌کردنی ئه‌و باسه. به‌ڵام ده‌توانم به ئاماژه به نیشانه و دیارده‌کان داکۆکی له راستیی ئه‌و قسه‌یه‌م بکه‌م.
ئه‌و نیشانه و به‌لگانه‌ی ده‌توانم پشتیان پێببه‌ستم:
1- له دایکبوونی کۆمه‌ڵێک گۆڤار و بلاوکراوه‌ی کوردی، بۆ نموونه گۆڤاری"ژنان"ی یه‌کیه‌تیی ژنانی دیموکراتی کو‌ردستان (له ده‌ره‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کو‌ردستان) وله دایکبوونی بلاوکراوه‌ی "راسان" له نیوخۆی رۆژهه‌ڵاتی کو‌ردستان. ببوورن که له‌م ده‌م و ده‌سته دا نموونه‌ی زۆرم به ده‌سته‌وه نییه.
2- کاری نووسین و وه‌رگێرانی ژنانی رۆژهه‌ڵاتی کو‌ردستان له بڵاوکراوه خوێندکارییه‌کان و چاپه‌مه‌نیی کورده‌کان له نیوخۆی ئێران‌دا که دیاره به‌شداریی کچانی خویندکار و ژنان له‌و جۆره هه‌ولانه دا له هی کورانی خویندکار و پیاوان که‌متر بووه.
3- هێندێک له رادیۆ کوردییه‌کان،ته‌نانه‌ت رادیۆی هیزه خه‌باتکاره‌کانی رۆژهه‌لاتی کوردستانیش، له‌م دوو ده‌یه‌ی دواییدا، به‌رنامه‌ی تایبه‌ت به ژنانیان له به‌رنامه‌کانی خۆیان زیاد کرد و له‌م ریگایه‌وه کۆمه‌ڵێک ژن هاتنه نیو کاری راگه‌یاندن.
4- کوردی رۆژهه‌ڵاتیش له رێگای حیزبه سیاسییه‌کانییه‌وه بوو به خاوه‌نی کاناڵی ته‌له‌ڤیزیۆنی. هه‌م ئه‌و ته‌له‌ڤیزیۆنانه و هه‌م ته‌له‌ڤیزیۆنی کوردیی به‌شه‌کانی دیکه‌ی کو‌ردستان که‌م یا زۆر کات و به‌رنامه‌یان بۆ پرسی ژنان ته‌رخان کرد. ئه‌م خۆ ته‌رخانکردنه‌ش بۆ پرسی ژنان بوو به زه‌مینه که هێندیک له ژنانی رۆژهه‌لاتی کو‌ردستان - له نیوخۆ که‌متر و له ده‌ره‌وه‌ی رۆژهه‌لاتی کو‌ردستان زیاتر- روو له کاری میدیایی بکه‌ن. وه‌ک بێژه‌ر، په‌یامنێر، وتوویژکار،نووسه‌ر، وه‌رگێڕ، به‌رنامه‌ساز له میدیای کوردی دا ده‌ربکه‌ون.
5- دوو بزاڤ به تایبه‌ت له‌م 10 ساله‌ی دوایی دا سه‌ره‌ڕای هه‌موو دژایه‌تییکرانێک له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه، له نێوخۆی رۆژهه‌لاتی کو‌ردستان و له نیو چالاکانی کورد له ئێران له مه‌یدان دابووه. بزاڤی یه‌کسانیخوازیی ژنان، بزاڤی داکۆکی له مافی مرۆڤ.هه‌ر دووی ئه‌م بزاڤانه بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی خۆیان به خه‌ڵک و بۆ داکۆکی له خۆیان، پیویستییان به راگه‌یه‌نی خۆیان له لایه‌ک و له لایه‌کی دیکه‌وه حوزوور له نیو میدیا کوردی و ئێرانی و بیانییه‌کان دا هه‌بووه.ئه‌مه‌ش وه‌ڕێخستنی کۆمه‌ڵێک وێبسایت و وێبلاگ به به‌شداریی چالاکانه‌ی ژنان و پێوه‌ندی کردن به رادیۆ و ته‌له‌ڤیزیۆنه‌کانی ده‌ره‌وه‌یان لێکه‌وتۆته‌وه. (له خۆڕا نییه زۆربه‌ی ئه‌و ژنه چالاکانه‌ی کورد که ئێستا له به‌ندیخانه‌کانی کۆماری ئیسلامی‌دان، به ته‌بلیغ دژی کۆماری ئیسلامی تاوانبارن!).
ژماره‌ی ئه‌و وێبلاگانه‌ی که هی ژنانی رۆژهه‌لاتی کوردستانن، روو له زیاد بوونن.دیاره وێبلاگه‌کانی نێوخۆی وڵات، جگه له‌وه‌ی زوو زووده‌به‌سترێن (مه‌سدوود ده‌کرێن) ، بوون به ده‌رده‌سه‌رێکیش بۆ خاوه‌نه‌کانیان! چونکه له گرتووخانه و بێدادگاکانی کۆماری ئیسلامی‌دا وه‌ک به‌ڵگه‌ی جورم بۆ ئه‌و ژنانه به کار ده‌هێنرێن که کاری میدیایی و خه‌باتی مرۆڤدۆستانه و یه‌کسانیخوازانه ده‌که‌ن.به‌ڵام له هه‌ر حال دا رۆژ به رۆژ ژماره‌ی ژنانی وێبنووس و وێبلاگی ژنان زیاد ده‌بن.
6- به داخه‌وه هه‌تا دێ ژماره‌یه‌کی زیاتر له ژنانی چالاک و میدیاکار، له ژیر گوشار و هه‌ره‌شه‌ی کۆماری ئیسلامی‌دا،رۆژهه‌ڵاتی کو‌ردستان به جێ دێڵن که ئه‌وه له سه‌ردابه‌زینی چالاکیی ژنان له نیوخۆ کاریگه‌ریی به‌رچاوی هه‌یه.ئه‌وان یا له هه‌ریمی کو‌ردستان ده‌گیرسێنه‌وه یا روو ده‌که‌نه ولاتانی رۆژئاوا. به‌ڵام به خۆشییه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ده‌رفه‌ت و شانسێکی باشتر بۆ کاری میدیاییان بۆ پێک دێ. ده‌توانم بڵێم راگه‌یه‌نی حیزب و رێکخراوه‌کانی رۆژهه‌لاتی کو‌ردستان، راگه‌یه‌نه‌کانی هه‌رێمی کو‌ردستان و رادیۆ و ته‌له‌ڤیزیۆنه کوردی و فارسییه‌کان، تا راده‌یه‌ک سوودیان له توانا و ئه‌زموون وبه‌هره‌کانی ئه‌و ژنانه وه‌رگرتوه. ئه‌وانیش له‌م تریبوونانه بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی ژنانی رۆژهه‌لاتی کو‌ردستان و چالاکانی مه‌ده‌نیی نیوخۆی کو‌ردستان و ئیران، که‌لکیان وه‌ر گرتوه.هه‌ر ئیستا له هه‌ریمی کو‌ردستان چه‌ندین ژنی رۆژهه‌لاتی کو‌ردستان له میدیاکانی ئه‌و هه‌رێمه دا کاری جۆراوجۆر ده‌که‌ن که به‌شێکیان له پرسی ژن له‌رۆژهه‌لاتی کو‌ردستان غافڵ نین و له‌م باره‌وه نووسین و راپۆرت و بابه‌تیان هه‌یه.
7- له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیش دا حوزووری ژنانی رۆژهه‌ڵات له زیاد بوون دایه. له ریزی دۆستانی هه‌ر ژنێکی چالاک له فه‌یسبووکدا، ده‌توانین ناو و وێنه‌ی ده‌یان و ته‌نانه‌ت سه‌دان ژنی خه‌ڵکی رۆژهه‌لاتی کو‌ردستان ببینین. ژماره‌یه‌ک له‌وان له په‌یجه‌کانی خۆیاندا نووسین و بیر و بۆچوونی خۆیان له سه‌ر پرسی یه‌کسانیخوازی، بلاو ده‌که‌نه‌وه. بایه‌خ به چالاکییه‌کانی ژنان و داوا و کێشه‌کانی ژنان ده‌ده‌ن و بابه‌تی به سوود ده‌ورووژێنن.
له سه‌ر یه‌ک ئه‌م جۆره هه‌وڵانه به‌ڵگه و نیشانه‌ی دیاربوونی ژنانی رۆژهه‌لاتی کو‌ردستان له میدیا دان و ده‌توانم بڵێم ئه‌گه‌ر که‌متاکورتێک بایه‌خدانی میدیا حیزبی، کوردی و فارسییه‌کان به ژنان ده‌بینین، ده‌بێ به‌ر له هه‌موو شتیک مه‌منوونی ئه‌و ژنانه‌ی رۆژهه‌لاتی کو‌ردستان بین که له ده‌ره‌وه و ژووره‌وه‌ی ولات له کار و تیکۆشانی میدیایی دا پێشه‌نگ و رچه‌شکێن بوون.
جۆری پرس و بابه‌ته‌کان که له میدیاکاندا
به پێویستی ده‌زانم شتێکی دیکه له‌م باسه زیاد بکه‌م. ئه‌ویش جۆری ئه‌و پرس و بابه‌تانه‌یه که له پیوه‌ندی له گه‌ڵ ژنانی رۆژهه‌ڵاتدا یا به هۆی ژنانی چالاک یا ژنانی میدیاکاره‌وه له راگه‌یه‌نه‌کاندا باسیان لێکراوه.ئه‌و پرس و بابه‌ت و کێشانه‌ی پێوه‌ندییان به ژنانی رۆژهه‌ڵاته‌وه هه‌بووه وله میدیاکان داهاتوونه به‌ر باس ، دوو به‌شن. به‌شێکیان هه‌ر ئه‌وانه‌ن که کێشه و مه‌سه‌له‌ی ژنانی ئێران به گشتین. بۆ نموونه ئه‌و سته‌م و هه‌ڵاواردنانه‌ی که قانوون و دام و ده‌زگا فه‌رمییه‌کان ، به ره‌سمییان ناسیون. هه‌لاواردنی قانوونی به دژی ژنان له نیو بنه‌ماڵه، له کار و دامه‌زران له ئیداره‌ی ده‌وله‌تی و دام و ده‌زگاکاندا، له خوێندن و مافی سه‌فه‌ر و وه‌رگرتنی میرات و هی دیکه . به‌شێکیشیان ره‌نگ و بۆنی تایبه‌ت به ژنانی کورد یا ژنانی رۆژهه‌لاتی کوردستانیان هه‌بووه. وه‌ک نموونه ده‌توانم باس له زۆریی دیارده‌ی خۆسووتاندن له هێندێک له پاریزگه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کو‌ردستان بکه‌م. نموونه‌یه‌کی دیکه رۆڵی ژنان له کو‌ردستان له رووبه‌رووبوونه‌وه له گه‌ڵ سته‌م و هه‌لاواردنی نه‌ته‌وه‌یی و دیارده‌کانی وه‌ک په‌ره‌پێدانی به ئه‌نقه‌ستی ئیعتیاد به‌ماده سڕکه‌ره‌کان، له نێوبردنی ژینگه،کێشه و گرفتی ئه‌و ژنانه‌ی رۆڵه‌کانیان به تاوانی ئازادیخوازی که‌وتوونه به‌ندیخانه و له گه‌ڵ سزای قورس به‌ره‌وروو بوون. هه‌ر وه‌ها جێگه وپیگه‌ی ژنانی رۆژهه‌ڵاتی کو‌ردستان له بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و له حه‌ره‌که‌ته مه‌ده‌نییه‌کاندا. خودی چه‌ند و چۆنی بزووتنه‌وه‌ی ژنان له رۆژهه‌ڵاتی کو‌ردستان، یه‌کیکی دیکه له‌و بابه‌تانه بووه که له میدیاکان دا که‌م و زۆر هاتوونه به‌ر باس.
چه‌ند خاڵێک له ئاکامی ئه‌و باسه‌دا:
1- له نیوخۆی ئێران و رۆژهه‌لاتی کو‌ردستان، کۆسپ و به‌ربه‌ست و هه‌ر وه‌ها مه‌ترسیی زۆر له سه‌ر رێی کاری میدیایی ژنانی رۆژهه‌ڵاتی کو‌ردستان هه‌یه.
2- کاری میدیایی ژنانی رۆژهه‌لاتی کو‌ردستان، و دیار بوون و ده‌رکه‌وتنیان له راگه‌یه‌نی جۆراوجۆردا،روو له زیادبوونه و ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له سه‌ر بایه‌خدانی میدیاکان به تایبه‌تی میدیای کوردی و فارسیی ده‌ره‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کو‌ردستان و ئێران، کاریگه‌ریی هه‌بووه.
3- هه‌وڵه میدیاییه‌کانی ژنانی رۆژهه‌لاتی کو‌ردستان جیا جیا و پچر پچڕن. پیوه‌ندیی نیوان رێکخه‌ران وئه‌نجامده‌رانی ئه‌و هه‌وڵانه و ئاڵوگۆڕی ئه‌زموونه‌کانی نیوخۆ و ده‌ره‌وه لاوازن.
4- رێکخراو و کۆمه‌ڵه و ناوه‌نده‌کانی ژنان و ئه‌م جۆره کۆنفرانسانه، ده‌بێ هانده‌ری چه‌ند هه‌وڵێک له نیو ژنان دابن. بۆ نموونه:
- وه‌ڕێ خستنی په‌یج و ماڵپه‌ڕی ئه‌وتۆ که لینک و ئادره‌سی زۆربه‌ی په‌یج و ماڵپه‌ر و ویبلاگه‌کانی ژنانیان تیدا بێت،
- پێکهێنانی سمینار و وۆرک شاپ و ده‌وره‌ی فێرکردن بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی کاری میدیایی ژنان بۆ ئه‌وه‌ی ژنان سه‌رکه‌وتووانه تر له ئیستا که‌لک له میدیا وه‌ربگرن.
- دروست کردنی چه‌ترێک بۆ لێک کۆ کردنه‌وه‌ی ژنانی میدیاکاری رۆژهه‌لاتی کو‌ردستان، تا وێڕای ئالوگۆڕکردنی ئه‌زموونی خۆیان و پشتگریی کاری و پیشه‌یی یه‌کتر، ئه‌و پرس و بابه‌تانه‌ش که ده‌بێ ژنان، سه‌رنجی میدیاکانیان بۆ رابکێشن،به هاوفکری و هاوکاریی یه‌کتر، ده‌ستنیشان بکه‌ن.
سوپاستان ده‌که‌م که گوێتان له باسه‌که‌م راگرت
هیوادارم به تێبینی و پێشنیار و ره‌خنه و سه‌ره‌نجه‌کانی خۆتان ئه‌م باسه ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌ن.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر