نوشته شده در دوشنبه هفدهم
خرداد 1389 ساعت 20:53 شماره پست: 142
بەیانیی
ئەم یەكشەممەیەتان باش!
ببوورن،
یەكێك لە مامۆستای چیرۆكە شیرینەكان، ئەم بەیانییە ناتوانێ بێتەوە پۆل.. ئەو بۆ
هەمیشە رۆیشت بۆ سەفەرێكی دوور... دەزانم دڵتان بۆی تەنگ دەبێ! نا نیگەران مەبن،
ئەو بۆ سەفەرێك رۆیشت تا هەمیشە ناوی لە دڵتاندا بمێنێتەوە....
نا نا
نیگەران مەبن. ئەو لە نەققاشییەكانتان، لە نێو تنۆکی باران، لە شێعری شاعیران، لە
گۆرانییە خۆشەكان، لە رووحی عەشق، لە پاكی و جوانیی ئەم نیشتمانەدایە. ئەو رۆیی،
بوو بە میوانی ئاسمان و باران و مانگ و ئەستێرەو هەتاو .....
لەبیرتان
نەچێ فێری كردن هەمیشە بە رووی ژیاندا پێبكەنن، تاكوو ژیان بەرووتانا پێبكەنێ.
ئەو
راهێنانێكیشی لە دەفتەرەكانتاندا نووسیوەتەوە، راهێنانێك كە تا ئەو رۆژەی خۆێن لە
دەمارەكانتاندا بێ لە یادی ناكەن و ئەینووسنەوە.... نیگەران مەبن ئەو بە سەری
بەرزەوە رۆیی.. سەری بەرز.
دەزانن چی
لەگەڵ خۆیدا برد؟ مەشق و تەكلیفەكانتان و .. ئا ئا بیرم هاتەوە ئەو دیارییەی لە
رۆژی مامۆستادا پێشكەشتان كرد (بزەی سەر لێو) ی ئێوەی لەگەڵ خۆیدا برد، ئاخر ئەو
ئێوەی زۆر خۆش دەویست. بۆیەش بوو بە مامۆستا بۆ ئەوەی لە دنیاكەی ئێوە جیا
نەبێتەوە. شتێكی دیكەش! ئەو ملوانكە میخەكەكەی دایەشی لەگەڵ خۆی برد بۆ ئەوەی بە
یادی هەموو دایكە ئازار چێشتووەكانی نیشتمانەكەی، هەموو بەیانییەك بۆنی پێوەكات.
ئەو هەموو دایكێكی خۆش دەویست، چونكە هەموو منداڵێك یەكەم وانەی خۆشەویستی لە
دایكییەوە گوێ لێ دەبێ.
ئێوەشی بە
هەتاو و ئاسمان و باران سپاردوە. دەی ئێوەش بڵێن ماڵاوا مامۆستا گیان، سەفەرت خۆش!
سەفەر خۆش ....
منداڵە
ئازیزەكان! دەزانم ئێستا دەزانن كام مامۆستاتان دەڵێم، بەڵـێ مامۆستا فەرزاد
كەمانگەر ئەوەی كە 13 ساڵ بوو مامۆستاتان بوو. مامۆستا فەرزاد 4 ساڵ بوو لە
زیندانەكانی كۆماری ئیسلامیدا لە ژێر ئازار و شكەنجەدا دەژیا. لەوێشەوە هەر نامەی
بۆ ئێوە دەنارد و لە خەمی ئێوە دابوو. بەداخەوە رۆژی یەكشەممە 19ی گوڵانی 1389
بەرامبەر بە 9/5/2010 رێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ 4 هاورێی دیكەی لە
سێدارەی دا. دەزانن لەسەرچی لە سێدارە درا؟ چونكە ئەو كوردستانی خۆش دەویست. چونكە
دەیویست بە زمانی كوردی دەرس بە منداڵەكانی كوردستان بڵێتەوە، چونكە شێعر و
گۆرانیی كوردیی فێری منداڵانی ئەم نیشتمانە دەکرد. چونكە دهیگوت كچ و كوڕ
جیاوازییان نیە، ریزەكانمان نابێ لێك جیابكەینەوە، با هەموومان پێكەوە گۆرانی
بڵێین، پێكەوە هەڵپەڕین. ئەو زۆر شتی جوانی دەكوت كە هەمووتان بەدڵتان بوو، تەنیا
ئەوانەی دڵیان رەش بوو و حەزیان لە تاریكی و ترس و خۆف بوو، حەزیان لە قسەكانی
مامۆستا فەرزاد نەبوو. با لەوە زیاتر سەرتان نەیەشێنم، كە گەورتر بوون باشتر ئەم
مامۆستایەتان دەناسن و باشتر ئەو رێژیمەی ئەوی لەسێدارەداوە دەناسن. ئەو ئێوەی پڕ
دەكرد لە هۆمێد و خەونی جوان.......
کوێستان
20/2/1389
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر