۱۳۹۴ اردیبهشت ۳۰, چهارشنبه

«نامووس» غەدرێک لە ژن



زۆر جار مرۆڤی وڵاتی ئێمە لە ژێر ناوی چەمکی «نامووس»‌دا ژیانی لێسەندراوەتەوە یان بە ترس و خۆفەوە دڕێژەی بە ژیان داوە. «نامووس» تەنیا وشەیەکی رووت و بەتاڵ نیە، بەڵکوو چەمکێکە لە نێوی‌دا دیوارێک لە ستەم هەڵچنراوە. لە نێو ئەم چەمکەدا مرۆڤ لە مرۆڤ بوون بەتاڵ کراوەتەوە. کاتێک ئینسان ئازادییەکانی لێدەسەندرێتەوە، هەموو جووڵەیەکی لەژێر تارمایی ترس ‌دایە، مرۆڤێکی دارووخاو و بێ ئیرادە دەبێ.
لە کۆمەڵگەی «نامووس»تەوەردا کە ئێمەش بەشێکین لەو کۆمەڵگایانە، ترس سەرتاپای ژیانی مرۆڤەکان بە پیاو و ژنەوە دادەگرێ. ترس لە دەستدرێژی، ترس لە لەدەستدانی «پاکیزەیی و پیرۆزایەتی»، ترس لە سووکایەتی و بەلاڕێداچوون، ترس لە تۆڵەکردنەوە، کە ئەمانە هەموویان دەچنەوە نێو قالبی چەمکی «نامووس»ەوە.
***
فەرینازی دووجار قوربانی
پیاوانە دەستی پێکرد و پیاوانە کۆتایی پێ‌هات! تەنیا مردنەکەی بە مانای راستەقینە ژنانە بوو! هەڵبەت ئەمنیش ژنانە خۆشبین بووم، پێم وانەبوو هەموو کێشەکان دەکەونەسەرەوەی کێشەکەی فەریناز و دواتر کێشەکەی ئەو وەک تارای سووری بەر هەتاو کاڵ دەبێتەوە.
… «بۆ دیفاع لە فەریناز رێگا زۆرن و خەڵک وا زوو ناکشێنەوە، چونکە غەدری «نامووس» لە کۆمەڵگەی ئێمەدا غەدرێک نیە بۆ لێخۆشبوون ببێ»!
پێشبینییەکان وەک بیرکردنەوەکانم نەبوون، هەر لە ناشتنەکەی‌ڕا دەرکەوت فەریناز هەر زوو کەوتە پەراوێزەوە. هەژارانە تەرمەکەی بەبێدەنگی و بە شاراوەیی بەرەوگۆڕستان برا، تەنانەت ژنانیش (بەرادەی پێویست)خۆیان نەکرد بە خاوەنی کێشەکەی، هەر بۆیە زەحمەتیان بەخۆیان نەداو نەچوونە ژێر دارەمەیتەکەی!
بەشێک لە چالاکانی مەدەنی و تەنانەت بەشێکیش لە حیزب و راگەیەنەکانیش کە هەمووکات ئیدیعای پیشڕەوایەتیان کردوە، چەمکی «نامووس» وەک بەهایەک لە وتەو لێدوانەکانیا‌دا دووبارە دەبۆوەو وەک پیرۆزییەک چاویان لە مردنی فەریناز دەکرد.
لە حاڵێکدا ئینسانێک گوماناوی گیانی لەدەست دابوو ئایا کوشتیان یان خۆی کوشت؟ لەهەر حاڵ‌دا بووە قوربانی ناپاکی و هەستی گڵاوی کەس یان کەسانێک کە وەک زۆر ژن و کچی دیکەی ئەم نیشتمانە بووە هۆی گیان لەدەست دانی. بەڵام ئەگەر ئەو پێناسەیەی ئێستا بۆ «نامووس» هەیە نەبوایە، رەنگە فەریناز لە ئێستادا لە ژیان‌دا ماباو بەشێوەیەکی دیکە دیفاعی لە مافی خۆی کردبایە. بەڵام ئەو باش دەیزانی ژیان لە نێو ترس و گومان‌دا چەندە دژوار دەبێ!
لەو رووداوەدا کەس بەدوای ئەم پرسیارەدا نەگەڕا ئەگەر فەریناز خۆی فڕێ نەدایەو گیانی لەدەست نەدایە، دوای ئەم رووداوە – هەوڵی دەستدرێژی کرانەسەری- چۆن لەو کۆمەڵگەدا ژیانی بەسەر دەبرد؟ ئایا ئەو خەڵکەی دوای مەرگی بۆی وەدەنگ هاتن ئەوکاتیش پشتیوانی دەبوون؟ چۆنیان مامەڵە لەگەڵ کەسێک دەکرد کە دەستدرێژی کراوەتەسەر؟ یا هەوڵی دەستدرێژی کردنەسەری دراوە؟ ئایا ئەگەر ئەو کەسەی ویستوویەتی دەستدرێژی بکاتەسەر فەریناز، مۆرەیەکی سەربە رێژیمی کۆماری ئیسلامی نەبوایە، ئەو پشتیوانیە لە فەریناز دەکرا؟ وڵامەکان روونن و ئەگەر وەک زۆر بابەتی دیکە خۆی لێ لانەدەین لەلای هەموومان ئاشکرایە.
فەریناز وەک هەر مرۆڤێک خاوەنی مافی سروشتی خۆی بوو، واتە ژیان بەبێ ترس، بەڵام ترس گیانی لێسەند. خۆی کردە قوربانیی پارێزگاری لە»نامووس». خۆ ئەگەر ماباش دیسان هەر دەبوەوە قوربانی «نامووس». ئەگەر مەرگی هەڵنەبژاردایە و توانای دیفاعیشی لەخۆی نەبوایە و دەستدرێژی کرابا سەر، دیسان ئەو بەجۆرێکی دیکە دەمرد، چونکە ئەو کۆمەڵگەی ئەوی تێدا دەژیا بەچاوێک لێیان دەڕوانی کە مەرگ هەزارجار باشتر دەبوو لە ژیانەکەی. ئەو بەتاڵ دەبۆوە لە مرۆڤ بوونی، چونکە نێوەرۆکی ژن «نامووس»ە. ئەو مۆتەکەیەی زۆری لەسەر کوژراون و زۆری لەسەر «بێ‌ئابڕوو» کراون! هەر بۆیە پێش ئەوەی گیانی لێبستێنن خۆی گیانی لەخۆی سەندوە.
رووداوەکە کۆتایی پێ هات یان کۆتایی پێ‌دێ، بەڵام ئایا لاپەڕێکی نوێ لە وەزعی ژن و مەسەلەی «نامووس» لە کوردستان هەڵدەرێتەوە؟ ئایا «نامووس» بەوزووانە لە جەستە یان سێکسووالیتەی ژن دێتەدەر یان هەر بەشێک دەبێ لە هۆوییەتی ژن.

«نامووس» بەبێ ژن و ژن بەبێ «نامووس» چ بێواتان!

«نامووس» برینێکی کۆنە و بەهەر لێککەوتنێک قەتماغەی ئەو برینە هەڵدەکەندرێ‌و خوێن لەوبرینە دێ. دەڵێن لە رابردوودا شەڕی «نامووس»بە خوێن نەبێ ئاشتبوونەوەی نەبوو! زۆربەمان نموونە و چیرۆکی زۆرمان لەلایە. پیاوان بۆ لێدان و تۆڵەکردنەوە و سووکایەتی بە یەکتر هەر جەستەی ژنیان داوەتە بەر چەقۆ و زەهری «نامووس». راستییەکەی ئەوەیە کۆمەڵگەی کورد ئێستاش رێگەیەکی دوور و درێژی لەپێشە کە «نامووس» پێناسەبکاتەوە و لە جەستەی ژنی دەربێنێ.
زۆربەمان سەرەڕای ئیددیعاکانمان، کە هەر کات باسی چەمکی «نامووس» دەکرێ، ئێستاش نەمانتوانیوە یان نەمانوێراوە «نامووس»بە ژنەوە پێناسە نەکەین. کەم ژن هەیە بە ئاشکراو لە تریبوونێکەوە روو بەخەڵک بلێ «من نامووسی هیچ پیاوێک نیم، بەڵکوو مرۆڤم و خاوەنی هەموو ئەو مافانەم کە مرۆڤ دەبێ لێی بەهرەمەند بێ». زۆر جار لەم دەستەواژەیە کە ژن بەکاری دێنێ واتە (من نامووسی پیاو نیم) کەڵکی خراپ وەردەگیرێ. بە باوەڕی من ئەوە بەو مانایەیە مرۆڤ روح و جەستە و بیر و هۆشی هی خۆیەتی و کەسیش مافی ئەوەی نیە بۆمەبەستێکی تایبەتیی و بەرژەوەندیخوازی لە جەستەو بیرو هۆشی کەسی دیکە کەڵک وەربگرێ. بۆیە دەبێ رووناکبیران و چالاکانی مافەکانی مرۆڤ ئەو شەهامەتەیان هەبێ «نامووس» پێناسە بکەنەوە و رێگە نەدەرێ چی دیکە کەڵکی ئامرازی لەو جەستەیە وەربگیرێ.

ئەم وتارە لە ژمارە ٦٥٦ی رۆژنامەی کوردستاندا بڵاوبۆتەوە

۱۳۹۴ اردیبهشت ۱۶, چهارشنبه

چ دەبێ لەوانەوە فێربین!

کوێستان فتووحی
فەرخوندە کچێکی تەمەن ٢٧ ساڵە کە دژی دوعانووسی و خورافات بوو، لە ١٩ی مارسی ٢٠١٥ لە لایەن کۆمەڵێک مرۆڤی بێبەری لە هەستی ئینسانی بە تۆمەتی سووتاندنی قورئان لە ئەفغانستان کوشتیان و دواتر بەوەش نەوەستان تەرمەکەیان ئاگر تێبەرداو بەمەش هێندەی دیکە کێمو رقی ناو ناخیان هەڵڕشت.
رۆژێک دوای ئەم رووداوە ترسناکە، سەرکۆماری ئەفغانستان کومیتەیەکی تایبەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە مەرگی ئەم کچە گەنجە پێک هێنا. ژنانی ئەفغانستان بە نارەزایەتی لەم کردەوە ترسناکەی ئەو پیاوانەی گیانیان لە فەرخوندە سەند، نەیانهێشت تاقە یەک پیاویش بچێتە ژێر دارەمەیتەکەی و بۆخۆیان نایانەسەر شانی خۆیان و بۆ ناشتنی بەرەو گۆرستان بردیان.
چەند رۆژ دواتر بە هەزاران کەس لە خەڵکی ئەفغانستان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات خۆپیشاندانیان کرد و خوازیاری دادپەروەری بوون لە پەروەندەی لێکۆڵینەوە لە کوشتنی ئەم کچە لاوە‌دا.
چەند رۆژ دواتر پەروەندەکەی رەوانەی دادگا کرا. رێژەی تاوانبارنی ئەو قەتڵە و دەستبەسەرکرانیان رۆژ لەگەڵ رۆژ زیادی دەکرد و گەیشتە ٥٠ کەس. ٤٠ رۆژ دوای کوژرانی فەرخوندە، لە رێورەسمی چلەی دا بە هەزاران کەس بە وێنەی فەرخوندەوە بەشدار بوون و کۆمەڵێک کەس سەحنەی کوژرانی فەرخوندەیان بە (شانۆ) دروست کردەوە. بەڵام بەپێچەوانەی رۆژی کوژرانەکەی، کە هەموو ئەوانەی سەیری رووداوەکەیان دەکرد یان دەسخۆشیان بە قاتڵەکان دەگوت یان بێهەڵوێست بوون، ئەمجارەیان ئەوەی لەوێ بوون و سەیری ئەم رووداوە (شانۆییە)یان دەکرد، فرمێسکیان لەچاو دەهاتەخوار و نفرەتیان دەنارد بۆ ئەو جینایەتکارانەی ئەم رووداوەیان خوڵقاند.
٤٤ رۆژ دوای رووداوەکە، دادگای ئەفغانستان دادگایی کردنی ٥٠ کەسی بە شێوەی ئاشکارا بەڕێوەبرد و دەوڵەت لە تلەویزیونە نێوخۆییەکانی ئەفغانستانەوە ئەم دادگایی کردنەی بڵاو دەکردوە.
دوای ئەوەش دەوڵەت لە رێگای جۆراوجۆرەوە کەوتەخۆ بۆ شناسایی تاوانبارانی دیکەی ئەم رووداوە‌و خەڵاتی دیاری کرد بۆ ئەو کەسانەی کە تاوانبارەکانی دیکە بە دەوڵەت دەناسێنن.
هەر لەو پێوەندییەدا سێ کاربەدەستی دەوڵەتی کە لە فەیسبووک‌دا بە موافقەت لەگەڵ قەتڵەکە قسەیان کردبوو، لە سەر کارەکەیان دەرکران. مەلایەکی ناسراو کە رۆژەکانی پێشوو تەئیدی قەتڵی فەرخوندە کردبوو، بە رەسمی داوای لێبوردنی کرد. دەوڵەت کەوتە خۆ بۆ داخستنی شوێنی دۆعانووسان و ئەو کارە خورافییەی قەدەغە راگەیاند. لەوەش گرنگتر دەرگای ئەو مزگەوتەی لە شوێنی کوشتنەکەی فەرخوندە هەڵکەوتبوو، داخست. ناوی ئەو ئەفسەر و سەرباز و پۆلیسانەی کە شاهیدی رووداوەکە بوون و هیچ هەڵوێستێکیان نەگرت بۆ پێشگیری لە کوشتنی ئەو ئینسانە، دران بە دادستانی وڵات.
لەو ماوەدا چەند بنەماڵەیەک کە منداڵیان بووە و منداڵەکەیان کچ بووە، ناوی کچەکەیانناوە فەرخوندە!
هەموو ئەم مەسەلانە لە وڵاتێکی وەک ئەفغانستان کە هەمیشە وێنایەکی ناخۆشی لە هەموو بارێکەوە بە لای زۆربەمانەوە هەبووە، زۆر سەیر و لەلایەکی دیکەشەوە جێی دڵخۆشی بوون.
رووداوی کوشتنی فەرخوندە گۆڕانێکی لە بیر و زەینی زۆرانماندا بە نیسبەت کۆمەڵگەی ئەفغانستانەوە دروست کرد. ئەوەی بە نیسبەتی کوژرانی کچێک لە ئەفغانستان کرا، تا ئێستا هەرگیز لە مێژووی ئێراندا کە هەمیشە پێمان وابووە سەد قات لە هەموو بارێکەوە خەڵکەکەی پێشکەوتووتر لە خەڵکی ئەفغانستانن، بۆ ئەو جۆرە رووداو و کارەساتانە رووی نەداوە!
لە حاڵێک دا کوشتن لەسەر بیرورای جیاواز لە سیستمی کۆماری ئیسلامی دا هەر بووە و ئەوەی لە ئەفغانستان کۆمەڵە خەڵکێکی نەفام و نەزان لە دژی کچێکی جیابیر کردیان کردیان، لە ئێران رێژیمەکەی ٣٦ ساڵە ئەم کارە لەگەڵ خەڵکی جیابیر دەکا.
جگە لەوەش زۆر چیرۆکی تاڵمان لە نێو کۆمەڵگەی خۆمان بیستوە و دیتوە، تازەترین رووداو (خۆکوژیی کچێکی مهابادی لەترسی دەستدێژی پیاوێک)! کە گۆیا ئەو پیاوە هۆتێلدار بووە لە مەهاباد و ئەو کچەش لەو هوتێلە کاری کردوە، بەڵام کۆمەڵگەی کوردستان بەم رووداوانە داناچڵێ، هەڵوێست ناگرێ. ژنان ئەوندەی خەریکی عەملی جوانکاری و مۆد و مۆدیلاتن، نیو ئەوندە بیر لەو کارەساتانە ناکەنەوە کە چ بەسەر هاورەگەزەکانیان دێ! هەرچەند جارێ زووە بۆ بڕیار دان لەسەر بێهەڵوێستی خەڵک، بەڵام خۆزگە ئەم رووداوەی مەهاباد کۆتایی هەموو بێهەڵوێستییەکانی خەڵک بێ لە ئاست ئەو بەڵایانەی بەسەر مرۆڤەکانی ئەم وڵاتەمان دێ.
هەم لەلایەن رێژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەر بیروڕای جیاواز رۆژانە خەڵک ئێعدام دەکرێ، هەم لەلایەن زۆر پیاوەوە بۆ دامرکاندنەوەی هەستە گڵاوەکانیان لە هیچ کردەوەیەکی نائینسانی خۆنابوێرن. رۆژێ هەر ژنە دەبێتە قوربانی توندوتیژی بەڵام خەڵک نەک هەڵوێست ناگرن بەڵکوو پاساویش بۆ موسەببەینی ئەو رووداوانە دێنننەوە.
وێڕای بەداخبوونم لەم رووداوە نوێیە، هیوادارم خەڵکی کوردستان بۆ ئەو جۆرە رووداوانە، هەڵوێست لە خەڵکی ئەفغانستانەوە فێر بن بە تایبەتی لە ژنانی ئەفغانستانەوە. بەسە بەرێژەی هەموو دنیامان چالاکی مەدەنی و سیاسی و فێمێنیستی هەیە!



رۆژێک بۆ ڕیزگرتن لە تێکۆشەرانی سەنگەری ئازادیی راگەیاندن‌

بوونی کاناڵە سەربەخۆکانی راگەیاندن و چاپەمەنیی ئازاد، یەکێکە لە فاکتەرەکانی دیموکراسی و خەڵکسالاری لە هەر وڵاتێک دا. ئەگەر لە وڵاتێک دا سێ روکنی سەرەکی (حکوومەت، پارلمان و دەزگای قەزایی) ئەرکەکانیان بە دروستی و بێ کەموکوڕییش بەڕێوە بەرن، بەبێ بوونی راگەیاندنی ئازاد و سەربەخۆ ناتوانین بڵێین ئەو وڵاتە دەسەڵاتێکی خەڵکسالاری هەیە. ئێستا بێنینە بەرچاو لە وڵاتێک کە بە هۆی لەسەرکار بوونی حکوومەتێکی نادیموکرات و پشتبەستوو بە ویلایەتی فەقیه، حاکمییەتی قانوون و دەوڵەت و یاسا هەموو لە ژێر فەرمانی ئەودا بێ، دەبێ هەلومەرجی دەزگاکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووس و راگەیەندکار چۆن بێ؟! لە راستیدا لە وڵاتێک دا کە هەموو شتێ لە ژێر فەرمانی یەک کەس بە ناوی وەلیی فەقیه یا ڕێبەر دا بێ، نەک هەر ئازادیی راگەیاندن، لە هیچ بوارێک‌دا، ئازادی نابێ.
دەزگای راگەیاندن بەو مەرجەی ئازادیی هەبێ دەتوانێ دەور و نەخشی کاریگەری لە هەموو پرۆسەیەکدا هەبێ. یەکێکە لەو فاکتەرانە کە دەتوانێ لە پرۆسەی گەشەسەندنی کۆمەڵ‌دا، کاریگەریی دیار و بەرچاوی هەبێ. ئاراستە بەخشین و پێشکەوتنی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، ئابووریی هەر وڵاتێک لەگرەوی چەند فاکتەر دایە کە یەکیان بواری راگەیاندنی ئەو وڵاتەیە.
هەر وا کە سیستمی پەروەردەی وڵات دەتوانێ دەوری کاریگەری لە سڕینەوەی کولتووری دواکەوتوانە و دروست کردنی کەلتووری پێشکەوتوانە و پێگەیاندنی نەوەیەکی چاوکراوە و پێگەیشتوو دا هەبێ، ڕاگەیاندنیش دەتوانێ ڕۆڵی گەورە لە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی رۆشنبیر، وشیار و چالاک و دروستکردنی رای گشتی و ئاراستەکردنی کۆمەڵگە بەرەو پێشەوە هەبێ. بە مەرجێک دەزگاکانی سەرکوت و سانسۆر دەسەڵاتییان بە سەر بواری راگەیاندن دا نەبێ.
ئازادیی راگەیاندن
رۆژی ٣ی مانگی مەی (١٣ی بانەمەڕ)ی هەموو سالێک لە لایەن رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە رۆژی جیهانیی ئازادیی چاپەمەنی (مطبوعات) دیاری کراوە.
راگەیاندن لە وڵاتە ئازاد و پێشکەوتووەکان‌دا گرنگییەکی زۆری پێ دەدرێ و گرنگتر لەوەش ئازادیی راگەیاندن یەکێکە لە فاکتەرەکانی دیموکراسی و ئازادی لە وڵات‌دا.
بە پێی ناوەرۆکی پەسندکراوە جیهانی و نێودەوڵەتییەکان هەموو تاکەکان مافی بە ئازادی دەربڕینی بیروبۆچوون و گوتن و نووسینیان هەیە.
رێژەی دەزگاکانی راگەیاندن، بوونی راگەیاندنی غەیرەدەوڵەتی و سەربەخۆ، جۆری قانوونەکانی راگەیاندن و ڕادەی سەرکوت، سانسۆر، زیندان و کوشتنی رۆژنامەنووسان و راگەیەندنکاران، لەو تایبەتمەندییانەن کە بۆ هەڵسەنگاندنی ئازادیی راگەیاندن لە وڵاتان‌دا لە لایەن رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە سەرنجیان دەدرێتێ. بەپێی هەڵسەنگاندنی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئێران لەو بارەیەوە یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ناوی لێ‌نراوە ٥ زیندانە گەورەکەی دنیا بۆ رۆژنامەنووسان و راگەیاندنکاران. هەر ئێستا لە ئێران نزیک بە ٥٠ رۆژنامەنووس و وبلاگنووس لە زیندان دان. جگە لەوانە بە دەیان و سەدان رۆژنامەنووس لەدەست سانسۆر و سەرکوت وڵاتیان بەجێ هێشتوە، یان دەستیان لە کاری نووسین هەڵگرتوە.
بۆ نموونە بە پێی قانوون لە ئێران دامەزرادندنی رادیۆ و تەلەویزیۆنی تایبەتی (خصوصی) قەدەغەیە کە ئەمە بۆخۆی یەکێکە لە هۆیەکانی ئەوەی کە لە ئێران ئازادیی راگەیاندن نیە.
بەپێی لێکۆڵینەوەی راپۆرتنێرانی بێسنوور ئێران لە نێو ١٨٠ وڵات دا، لە پێوەندی لەگەڵ ئازادیی راگەیاندن‌دا پلەی ١٧٣ی هەیە، واتە ١٧٣ وڵات هەن کە لە ئێران باشترن و تەنیا ٧ وڵات هەن کە لە خراپی دا لە پێشەوەی ئێرانن! ئەوە نیشان دەدا سەرەڕای ئیدیعاکانی روحانی، سەرۆککۆماری ئێران کە دەڵێ لە وڵاتی ئێمە هیچ کەس لە سەر رای جیاواز زیندانی ناکرێ، هەلومەرجی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان نەک بەرەو باشی نەچووە، بەڵکوو بەرەو خراپتر چووە و لە ژێر پەردەی ئەمنییەت و ئاسایشی نەتەوەیی‌دا سانسۆر و سەرکوتی رۆژنامەنووسان زۆر بە توندی درێژەی هەیە.
جیی خۆیەتی لە رۆژی “جیهانیی ئازادیی چاپەمەنیی”دا یادێک بکەینەوە لە هەموو ئەو رۆژنامەنووسانەی لە ئێران و کوردستان بە هەستکردن بەبەرپرسیاریەتیی ئەو کارە گرنگەیان (رۆژنامەنووسی) چرای ئازادییان هەر بە رووناکی هێشتۆتەوە و خۆیان کردۆتە فیدای ئازادی و ئازاد ژیان، بە تایبەتی رۆژنامەنووسانی کورد وەک محەممەد سەدیقی کەبوودوەند، عەدنان حەسەن‌پوور، جەعفەر و خوسرەو کوردپوور و…کە زۆرترین نرخیان بۆ ئەو ئامانجە واتە ئازادیی راگەیاندن و راستگۆیی لەو بوارەدا داوە و ماوەی چەند ساڵێکە ژیان لە نێو زیندان‌دا تێپەڕ دەکەن. سڵاو لە هەموو ئەو مرۆڤانەی لە سەنگەری راگەیاندن دا، بۆ ئازادی و بەختیاریی مرۆڤەکان تێ دەکۆشن.



لە ژماره‌ ٦٥٥ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌