۱۳۹۹ اردیبهشت ۱۷, چهارشنبه

سیمینی بێهبەهانی لە نامەکەیەک دا بۆ پیاوان دەنووسێ: من ئەگەر پیاو بوومایە دەستی ژنێکم دەگرت و لەنێو هەموو وەرزەکاندا پیاسەم لەگەڵ دەکرد، ژنان لە هەموو شتێک دەترسن.... من بە پێچەوانەی سیمینی شاعیرە دەڵێم: ژنان لە هیچ ناترسن، نە لە پیربوون، چونکە دەزان چۆن تاڵە سپییەکانی سەریان بهۆننەوە و چرچەکانی زگیان بلاوێننەوە، نە لە تەنیایی و دڵتەنگی، چونکە دەزانن بیانکەنە هاوڕێی ئازارەکانیان، نە لە کەوتن، چونکە دەزان چۆن هەستنەوە، نە لە خۆشنەویستن، چونکە دەزانن چۆن دڵە بەردینەکان بکەنە ئاو.
تۆی پیاو ناتوانی وەک ژن بەسەر ژانەکاندا زاڵ بێ. کەوایە دەست لە تیرو توانجی ژەهراوی هەڵکرە، بەڵکوو تۆش جارێک دوو گیان بی ئەوجار دەزانی چێژی ژنبوون.


یەکەمجار بوو بەڕێی قاچاخ دا رۆیشتم
درێژەی بیرەوەری هاتنی من و خەیاڵ بۆ پێشمەرگایەتی
کەمێک دڵمان ئاسوودە بوو کە لە مەترسی ڕزگارمان بووە و بەسڵامەت گەیشتینە لای ئەو تیمە لە پێشمەرگەکان. دوای پشوویەک و نان و چا خواردن کە بەڕاستی بە زەحمەت چەند تیکەیەکمان بۆ خورا. کاک محەممەد بانگی کردینە لاوە کە تێمان بگەیەنێ چ بکەین بۆ کوێ بڕۆین.
کۆی قسەکانی ئەوە بوو کە ئەوان مەئمووریەتیان هەیە و دەبێ ئەمشەو بڕۆن بۆ ناوچەیەکی دیکە کە ناتوانن ئێمە لەگەڵ خۆمان بەرن. بۆیە گوتی دەبێ بەڕێتان کەین بۆلای هێزەکەمان لە شوێنێکی دیکە. ڕەنگە یەک دوو شەوتان پێ‌دەچێ تاکوو دەگەنە لایان. ئەمڕۆ دەنێرم بەدوای ئەندامێکی خۆماندا ماشێنی هەیە و دەتانبات بۆ تورجان و لەوێ دوو خوشکی دیکەشن کە ئەوانیش لە بۆکانەوە هاتوون بۆ پێشمەرگایەتی لە تورجان چاوەڕوانی ئێوە دەکەن لەوێ یەکتر دەگرنەوە و دۆستانی خۆمان دەتانگەیەنن بۆ لای هێزەکە . گوتی چارشێوتان پێیە؟ چارشێو بۆچی بۆ مەگەر بە کوێ‌دا دەڕۆین؟ چەندین گوندی ناو برد تا دەگاتە تورجان کە هەر هەموویان پایگای ڕێژیمی لێ بوو، بێجگە لەوەش جاشە خۆفرۆشەکانی گرووهی زەربەتی ڕێژیم بە هۆی شەڕەکەی باغلوجەوە و کوژرانی ژمارەیەک پاسدار و وێرانکردنی مۆڵگەکەیان لە گوندەکەی ئێمە وەک ورچی بریندار بە ناوچەکەدا بڵاو ببونەوە و بۆ پێوشوێنی پێشمەرگە دەگەڕان. دیسان ترسمان لێ‌نیشت نەکا بگیرێن. گوتی نیگەران مەبن ئەو کەسەی دێت بە دواتاندا جێی بڕوایە و دەتانگەیەنێ، بەس دەبێ زۆر ئاسایی خۆنیشاندەن. عەسر کابرا بە ماشێنە جیبەکەیەوە هات پاش وەرگرتنی ڕێوێنی و پەیام لە کاک محەمەد شەهرەوان، ئێمە ماڵاوایمان کرد و بەخۆمان و جانتاکەمانەوە لەگەڵ کابرا بەرەو گوندی تورجان وەڕێ کەوتین. لە ڕێگا چەندین جار تووشی پۆستی بازڕەسی جاش و پاسدارەکان بووین و کە پرسیاریان لێ دەکرد بۆ کوێ دەچی و ئەوانە کێن لەگەڵتن؟ کابرا ناوی گوندێکی پێشتری دەبرد و دیگوت ئەوانەش خوشکمن دەچین بۆ سەردانی ماڵە فڵانکەس.... ، تەواوی ئەو ماوە لە ماشێنەکەدا بەرەو تورجان دەچووین ترس سەرتاپای وجوودی داگرتبوون تەنیا بیرم لە گیران دەکردەوە و ئەگەر گیراین کێ بەهانامانەوە دێ، کاک محەممەد و هاوڕێکانی، برا و باوک و دایکی خۆمان؟ هەرگیز هەموو خۆیان لێمان بێبەری دەکەن. ناحەقمان نەبوو، گیراباین، نەجات بوون زەحمەت بوو چونکە تازە لەگوندەکەی ئێمە زەبەیەکی قورسیان خواردبوو. لەدڵ خۆما دۆعا و نزام دەکرد، جارجاریش لە لەگەڵ خەیاڵ چاوێکمان لە یەک دەکرد و بەبێ دەنگی دنیایەک قسەمان لە چاوی یەک‌دا دەخوێندەوە. چی بکەین؟ ڕێگای سەیداوا بەرە و تورجان نازانم بۆ هێندە دوور بوو یان ترس بوو ئەو هەستەی لەلا دروست کردبووم. بەهەر حاڵ ئەو ڕێیەشمان بڕی و گەیشتینە تورجان، شۆفیرەکە بێ ئەوەی لە کەس پرسیار بکا، یەکسەر بەرەو ئەو ماڵە چوو کە دوو ژنەکەی دیکە چاوەڕوانمان بوون. دەتگوت ئەوانیش لە بۆکانەوە ئەو بردوونیەتە ئەو ماڵە. لەوێش دابەزین تاکوو دوو هاوڕێکەمان خۆیان کۆدەکەنەوە ئاوێکمان خواردەوە و سوار بووینەوە بەرەو گوندی یاغیان، گوندێکی ناوچەی گەورکی مەهاباد بوو یەکەمجار بوو ناویشم دەبیست، بە قسەی کابرای شوفیر ئیتر لەوێ مەترسی نامێنێ و سبەی بەیانی لە شوێنی مەبەست دەبن. هەموو شتێ وەک چۆن دیاری کرابوو جارێ وەک خۆی دەچووە پێش. شەو لە یاغیان لە ماڵێکی پڕخێزان ماینەوە پێیان گوترابوو ئەو کچانە برایان پێشمەرگەیەو دەچنە دیداریان، دەبێ بە سڵامەت بیانگەیەنن. کابرای شوفیر مەئمووریتەکەی تا ئەوێ بوو و ئەو گەڕاوە. ئێمەش دەبوو تابەرەبەیان لەو ماڵە نەناسیاوە بین، ژنانی ماڵەکە بەلەهجەی شیرینیان دەوریان دابووین و حەزیان لە قسە بوو ئێمەش بە هیچ جۆر نەدەبوو ئاشکرای بکەین کە بۆ پێشمەرگایەتی دەچین. ئەو شەوە جار جار پێکەنینیشمان بە درۆکردنی خۆمان دەهات.
پیاوێکی ماڵەکە هاتە ژوور بە ژنەکانی گوت با ئەوانە بنوون لێیان گەڕێن. بەیانی پێش ئەوەی هەوا رووناک بێ، دەبێ لە گوندی بچینە دەر، دەبێ بە هەورازێکی نەفەسگیردا سەرکەوین خوشکەکانم!
نازانم چەندمان خەولێ‌کەوت بەڵام تاریک بوو کابرا دای لە درگا گوتی سازن دەی بابڕۆین. بە پەلە رووسەرییەکانمان دابەسەرماندا و چوست و چاڵاک لەگەڵ ساحەب ماڵ وەدەرکەوتین . کابراکە سواری ئێسترەکەی بوو و ئێمەش بەدوایدا دەڕۆیشتین. هەورازێکی بەڕاستی نەفەسگیر بوو یان ئێمە یەکەم جار بە شاخ و داخی ئاوادا سەردەکەوین. یەکێک لە ژنەکانی لەگەڵمان بوو، حاڵی باش نەبوو، وەزعێکی تایبەتی هەبوو، بۆیە کابرا لە ئێسترەکەی دابەزی و ئەو ژنەی سوار کرد، ئێمەش تا لە تروپکی هەورازەکە نزیکتر دەبووینەوە زیاتر بڕوامان بە خۆمان دەکرد کە ئیدی ئەوە هەنگاوی یەکەمە، دەبێ سەرکەوین و چاومان لەوەنەبێ بە سواری ئێستر بمانگەیەنن.
ئێمە گەیشتینە سەر هەورازەکەو هەتاویش لەکەل دەرکەوت و تیشکی زێڕینی بەسەر چیاودۆڵ و کوێستانەکاندا بڵاو کردەوە.
کابرا گوتی ئەوە براکانتان لە نێو ئەو دارانەدان. ڕاوەستابووین چاومان لە نێو دارەکان دەکرد، دیتمان پێشمەرگەیەک بەروڕوومان دێت. پێشمەرگەیەکی قسە خۆش و خوێنشیرین بوو بەناوی سەرهەنگ لەسەر کێوەکە دیدەبان (چاوەدێر) بوو، من زوو ناسیمەوە ڕۆژی گرتنی مۆڵگەکە لە باغلوجە منی دیبوو، بەخێر هاتنی کردین و بە پێکەنینەوە گوتی هەی لە کاکو کەوێ ئاخری هاتن؟
ڕێنوێنی کردین بەرەو ناو دارەکان. ئیتر لەو ڕۆژەوە وەرزێکی نوێ لە ژیانی من و خەیاڵ دەستی پێ کرد. ژیانێ پڕلە هەوراز و سەرکەوتن و داگەڕان....... کە ئەگەر ڕۆژێک بتوانم بینووسمەوە ناوی دەنێم ڕۆمانی من و خەیاڵ ئەگەرچی قەڵەمی ڕۆمان نووسینم نیە........
بەداخەوە سەرهەنگ هەرئەو ساڵە ۱۳ ڕەزبەی ۱۳٦٥ لەشەڕێکی سەخت و نابەرابەردا لە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی دیکەی چووە نێو کاروانی نەمرانەوە.
ئەوەش بەشی دووەکەی ئیتر جارێ تەواو......








ئێوارێیە و دایکم دەتگوت بە ژانی منداڵەوەیە، دەهات و دەچوو و هەرجارەی بیانوویەکی هەبوو بۆئەوەی هەر لەبەرچاوی بین. چونکە ئەو لەپەنجەرەکەوە دیتبووی کەسێک بەقەولی خۆی سرتوخورتی بووە لەگەڵمان.
چەند ڕۆژێک بووجانتامان پێچابووەوە. هێندێک کەلوپەلمان تێ‌خستبوو. بە دوو خوشک جانتایەک و ڕێگایەک. بڕیار لەدەست خۆمان دا بوو بەڵام دەرفەت نا. دەبوو بۆمان دیاری بکەن کەی و بۆ کوێ. ئێوارەی ئەو ڕۆژەی نامە بچووکەکەمان بۆ هات، ئەتوت ناوکم کەوتوە، چەند ڕۆژ پێشتریش دڵم جێگەی هیچی نەدەبۆوە. هەستم بەبێ‌هێزی دەکرد، بەڵام ئەو ڕێیە هێزو ئیرادەی دەویست. ئێوە نازانن ئەو کاتە ئەو بڕیارە چەند قورس بوو بۆمان. دەمزانی کاریگەرییەکەی لە سەر بنەماڵە و بەتایبەت دایکم زۆر قورس دەبێ، بەڵام بڕیارو هەنگاوی نوێ ئامادەیی ئەوەش دەبێ لە خۆت‌دا دورست بکەی چ دەبێ با ببێ. من و خەیاڵ ئەوەمان لە خۆماندا دروست کردبوو. ئیتر هیچ شتێک گرنگتر نەبوو لەو ئامانجەی بەدوایەوەی بوون.
....
سفرەی ئێوارەمان جیا کردەوە لێیان بۆ ئەوەی لانی کەم تا نان ئەخورێ هەست بە جێی خاڵیمان نەکەن و هێندێک لە ئاوایی دوورکەوینەوە، بەڵام دایک زوو هەستی پێکردو نەیهێشت کوڕەکەی شامی شەکەت تەواو کات.
....... " ماڵی وێرانم .....هەستە فریا کەوە تاکوو دوور نەکەوتوونەوە بیانگێڕەوە". نەیزانی ڕێگایەک کچەکانی هەڵیانبژاردوە زۆر لە هی کوڕەکەی جیاوازترە.
تاریکیمان بەسەردا هات و ترس و دڵەکوتە و نیگەرانی هەنگاوەکانمانی جار لەگەڵ جار توندتر دەکرد، هێند توند سەگەلی شوانیش بۆمان هاتن نەیتوانی بمانوەستێنن.
سەگ چیە هێرشت بۆ بێنێ لە چاو ئەو ڕەوە جاش و پاسدارەی وەک ورچی بریندار لەناوچەکە بڵاوببوونەوە. برینداری چەند ڕۆژ لەوە پێش بوون کە هەر لە گوندەکەی ئێمە مۆڵگەکەیان لەلایەن پێشمەرگەکانی دێمۆکراتەوە وێران کرابوو. تا لە گوند دوور دەکەوتینەوە زیاتر بەسەر ترسەکەماندا زاڵ دەبووین، بەڵام دڵەکوتەی ڕێ هەڵەکردن لە تاریکی‌دا لێمان جیا نەدەبوەوە. تا ئەو کاتەی شوانی مەڕەکان بە دەنگی سەگەکانیەوە هات و دڵسۆزانە وەریگرتین.
"پێم‌ناڵێن بەم شەوە ئێوە لێرە چ دەکەن و لە چ دەگەڕێن؟ زوو تێمان گەیاند و داوای هاوکاریمان لێ‌کرد. وتی جارێ وەرن قسەیەکی لێ‌دەکەین. سەگەکان وازیان لە ئێمە هێنابوو بەڵام بێدەنگ نەدەبوون هەستیان بە بوونی کەسانی غەریب دەکرد لە ناوچەکەیان. هەر واش بوو. وەدوای ئێمە کەوتبوون بمانگرنەوە تا نەکەوتۆتە بەیانی و خەڵک پێیان نەزانێ دوو کچیان ڕۆیشتوون بۆ نێو پێشمەرگە. بێجگە لەوان ئەو خەڵکانەی شەوانە لە کێو و مەزرا دەخەوتن هەستیان بە دەنگێکی نامۆ کردبوو. دەنگی ژن! کاکی شوان چۆن وڵامی پرسیارەکانیان بداتەوە کە گومان بڕەوێنێتەوە.
ئێمە دەبوو لە نێو مەڕەکانی‌دا خۆ حەشاردەین تاکوو وەزعەکە ئارام دەبێتەوە و هەرکەس دەچێتەوە شوێنی خۆی. تەنانەت ئەگەر مەڕەکان بپشمن و چڵماویشمان کەن نابێ لەجێی خۆمان جووڵە بکەین. ئەو شەوە و ئەو شوانە مێهرەبانە کە دەتگوت فریشتەیە و بەهانای ئێمەوە هاتوە تا ئیدامەی ڕێگاکەمان پێ‌نیشان‌دا، هەرگیز لەبیر نابەمەوە. شەوێک چلەی هاوینە، بەڵام چ تەزوویەکی سارد جەستەمانی سڕ کردوە و جارجار بەدەست خۆم نیە دەلەرزم. ماوەیەکی بەسەردا چوو سەگەکان بێدەنگ بوون. کاکی شوان کتریە ڕەشەکەی خستەسەر ئاور و بەدەم چاسازکردنەوە ویرەی گۆرانی دەهات، هیچ ئاگای لە دڵی ئێمە نەبوو، ڕەنگە ئاگاشی لێ‌بێ و بێەوێ ئێمە لەو نیگەرانیە بێنێتەدەر. چای ساز کرد، نازانم خەیاڵ، بەڵام من دەمم لێ‌نەدا.
سەعات بوو بە چواری بەیانی هێشتا تاریک و لێڵ بوو، کاکی شوان مەڕەکانی بە شوانە هاوڕێکەی سپارد و گوتی زوو دەگەڕێمەوە، ئەگەر کەس هاتو هەواڵی منیان پرسی، بڵێ چۆتەوە ناو دێ بۆ نان و چا هێنان. بەناو بۆنی گژوگیای کێوی وەستا مستەفادا ڕێکەوتین و ماوەیەکی پێچوو ئێمەی گەیاندە بەرزاییەک کە دەیڕوانییە گوندی سەیداوا و جەمیان گوتی: "ئیدی لێرەڕا من دەگەڕێمەوە،کەسیش لێتان نەبیسێ کێ تا ئێرەی هێناون...." ماڵاوایی لێ‌کردین و بەڕێی خۆی‌دا گەڕاوە، ئێمەش سەرەوخوار بووینەوە بەرەوە باغەکانی گوندی سەیداوا کە قەراری نێو نامە بچووکەکە بوو. دەبوو سەعات ۱۰ ی شەو گەیشتباین بەڵام سەعات ٨ و ۹ی بەیانی گەیشتینە لای کۆمەڵێک وەرزێری گوندەکە کە خەریکی کار بوون. چووینە پێشێ و گوتمان هاتووین بۆ لای پێشمەرگەکان لێرە ماون؟ کابرا تۆزێک بە تووڕەییەوە گوتی خوشکی من پێشمەرگە لێرە چ دەکا نەخێر! ئێمە پێشمەرگەمان نەدیوە. دڵم داکەوت لەدڵ خۆما وتم ڕۆیشتوون.... بۆ ئەوەی باوەڕمان پێ بکەن وتمان برامان پێشمەرگەیە و هاتووین بۆ دیتنی. کابرا گوتی دایکەکەم ئێوە لە چ دەگەڕێن خوشکی پێشمەرگە بۆ بەو بەیانییە زووە بەو شاخ و داخەدا دێت پێم ناڵێن چتان دەوێ؟ ناچار نامە چووکەکەمان نیشان ‌داو هەرکە چاوی بە ئیمزاکەی کەوت گرژی نێوچاوانی لادا و گوتی دەی لە ئەوەڵەوە ئەوەتان گوتبا.
کابرا لەوانی دیکە کە چوار پێنج کەس بوون و هەموو گیانیان ببوو بەچاو و بڕیبوویانە سەر ئەو دوو خوشکە هەڵوەدایە، جیا بووەوە گوتی وەرن لەگەڵم. بەرەو نێو پۆلە دارێک کەبەقەدی کێوێکەوە بوو وەڕێ کەوتین. نزیکبووینەوە، چاومان بە پۆلێک پێشمەرگە کەوت دانیشتبوون چەند کەسێکیشیان خەریکی کوکردنەوەی کیسەخەوەکانیان بوون. یەک دوویەکیان دانیشبوون سیگاریان دەکێشا یەک دوانێکیان پیاسەیان دەکرد، یەکێک لەوان کاک محەممەدی شەهرەوان چاوی پێمان کەوت بە پێکەنینەوە هاتە پێشتر گوتی بۆ وا درەنگ هاتن قەرار نەبوو سەعات دە لێرە بن؟
کاک محەممەدیش نەیدەزانی ئێمە وەک کوڕەکان نین ناتوانین ئاسان لەگەڵ ماڵەوە باسی بکەین و باوکیشمان ئەو پارەی لە گیرفانی کەواکەی دایە بیدا پێمان و پێمان بڵێ ڕۆڵە مادام هەر بڕیارتان داوە خۆشم دەتانگەیەنم..
ئێوەش نازانن ۳۰ - ۳٥ ساڵ لەمەوبەر کچەکان بە چ ڕێیەکی سەخت و دژواردا خۆیان دەگەیاندە ڕیزی پێشمەرگەکان. کە دەشگەیشتن لەگەڵ چ گیڕوگرفتێک بەرەوروو دەبوونەوە. کە ئەگەر ڕۆژێک دەست بە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانیان بکەن دەبێ چ ڕۆمان بێ لەنێو کتێبخانەی شۆرش‌دا.
لە سەر ئیزنی خەیاڵی خوشکم ئەم بیرەوەرییە پێشکەش بە هەموو ئەو کچانە دەکەم کە لە هەلومەرجی سەختی خەبات دا بوونە پێشمەرگەو هیچ کامێرایەک ژیانی ئەوانی تۆمار نەکر.