ئازادی، یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری خواستی هه‌ر ئینسانێکی مافخوازه.
له‌به‌ره‌به‌ری 8ی مارس رۆژی جیهانیی ژن داین. 8ی مارس وه‌ک نمادی ئازادیخوازی و یه‌کسانیخوازی بیرهێنه‌ره‌وه‌ی یه‌که‌مین هه‌نگاوه پێشکه‌وتووه‌کانی ساڵانێکی زۆر دووره. 8ی مارس بیرهێنه‌ره‌وه‌ی خه‌باتی لێبڕاوانه‌ی ژنانی جیهانه بۆ گۆڕینی هه‌لومه‌رجی نادادپه‌روه‌رانه‌ی ئابووری، سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی. رۆژێکه که ژنان جارێکی دیکه وه‌بیر ده‌سه‌ڵات و سیستمی سیاسیی وڵاته‌کانیان و کۆمه‌ڵگه‌که‌یان دێننه‌وه که پێوانه‌ی ئازادیی و دیموکراسی کۆمه‌ڵگه، رزگاریی ژنانه. له 8ی مارس دا جارێکی دیکه به سیستمی پیاوسالاری کۆمه‌ڵگه‌ی خۆیانی راده‌گه‌یه‌نن هه‌تا گه‌یشتن به ئامانجه‌کانیان که دابین بوونی ئازادییه ئینسانی و قانوونی و یه‌کسانیی راسته‌قینه‌یه، ده‌ست له خه‌بات و تێکۆشان هه‌ڵناگرن.
بزووتنه‌وه‌ی ژنان بۆ یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری له جیهان‌دا نزیک دوو سه‌ده‌یه وه‌ک رێکخستنێکی کۆمه‌ڵایه‌تی پێی ناوه‌ته مه‌یدانی خه‌باته‌وه و زیاتر له یه‌ک سه‌ده‌شه 8ی مارس وه‌ک رۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی ژن دیاری کراوه. به هۆی خه‌باتی لێبڕاوانه‌و یه‌کسانیخوازانه، ژنان له‌هێندێک له وڵاتانی جیهان به کۆمه‌ڵێک له ئامانجه‌کانی 8ی مارس گه‌یشتوون و ده‌سکه‌وتی به‌نرخیان وه‌ده‌ست هێناوه و به‌به‌شێک له مافه‌کانیان گه‌یشتوون. به‌ڵام ئێستاش رێگه‌یه‌کی زۆر ماوه که ژنان به هه‌موو ئه‌و ماف‌و ئازادییانه‌ی که له په‌یماننامه نیونه‌ته‌وه‌ییه‌کان‌دا هه‌ن، بگه‌ن. ئێستاش له زۆربه‌ی وڵاتان‌دا ژنان له‌ژێر باری سته‌م و چه‌وسانه‌وه دا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، ته‌نانه‌ت له هێندێک وڵات‌دا ئێستاش سه‌ره‌تایی‌ترین مافه ئینسانییه‌کانیشیان له لایه‌ن حاکمانی ده‌سه‌ڵاتدار و کۆمه‌ڵی پیاوسالاره‌وه پێشێل ده‌کرێ. ئێستاش توندوتیژی و ده‌ستدرێژی بۆته به‌شێک له ئازاره‌کانی رۆژانه‌ی ژنان. وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست‌و به‌تایبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌جۆرێک ئایین تێکه‌ڵاوی ده‌سه‌ڵات و ژیانی ئینسانه‌کانه، به‌شێک له‌و وڵاتانه‌ن که ژنان به ده‌ست ئازاره‌کانی هه‌ڵاواردن‌و توندوتیژی و ده‌سترێژی‌و بێحورمه‌تی، کڕین و فروشتنی جه‌سته‌یانه‌وه ده‌ناڵێنن.
یه‌کێک له‌و وڵاتانه‌ی که ژنان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی مێژوویه‌کی دروور و درێژیان له خه‌باتی مافخوازی‌دا هه‌یه، ئێستاش له هه‌لومه‌رجێکی دژوار و نادادپه‌روه‌رانه‌دا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن‌و هه‌ڵاواردنی ناڕه‌وا به‌دژیان به‌شێوه‌یه‌کی به‌رین به‌رده‌وامه، وڵاتی ئێرانه. حاکمانی ئێران 36 ساڵه مه‌زهه‌بیان کردۆته که‌ره‌سه‌یه‌ک بۆ له دواکه‌وتوویی‌دا هێشتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه و بۆ پاراستنی نیزامه‌که‌یان. هیچ ئایین و مه‌زهه‌بێکیش له خۆی‌دا ناتوانێ مرۆڤه‌کان یه‌کسان ببینێ‌و مافی وه‌کیه‌کیان بۆ له‌به‌رچاو بگرێ. بۆیه له نێو ده‌سه‌ڵاتێکی ئیدئۆلۆژی ئایینی‌دا یه‌که‌م تویژ ژنانن ده‌که‌ونه به‌ر سه‌رکوت‌و زه‌وتکردنی مافه‌کانیان. رێبه‌رانی مه‌زهه‌بیی ئێران که ده‌سه‌ڵاتی بێسنوور‌و ره‌هایان داوه به‌خۆیان، ئایینیان کردۆته بیانوویه‌ک بۆ هێرش کردنه‌وه سه‌ر مافی دیموکراتیکی نیوه‌ی کۆمه‌ڵگه و دژایه‌تییه‌کی ئامانجدارانه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و نیوه‌یه له کۆمه‌ڵگه هه‌یه، چونکه ئه‌وان باش ده‌زانن ئه‌گه‌ر ژنان له به‌ند و ئه‌سیری‌دا بمێنه‌وه، نیوه‌که‌ی دیکه‌ش به‌بێ کێشه بۆ ئه‌وان له ئه‌ساره‌ت و دیلی ئه‌وان‌دا ده‌بێ.
***
ئه‌مساڵ له هه‌لومه‌رجێک‌دا یادی 8ی مارس ده‌کرێته‌وه، له ناوچه‌که‌ی ئێمه (رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست) زیاتر له هه‌موو کاتێک ماف‌و ئازادییه‌کانی ژنان که‌تۆته مه‌ترسییه‌وه. کێشه‌و قه‌یران و شه‌ڕی ئایینی له عێراق، سووریه و هێندێک وڵاتی دیکه بۆته هۆی په‌ره‌سه‌ندنی زیاتری دیارده‌ی توندوتیژی دژی ژنان. ده‌سترێژی، توندوتیژی بنه‌ماڵه‌یی، کڕین و فرۆشتنی ژنان و وه‌حشیگه‌ری دژی ئینسانه‌کان، هه‌مووی ئه‌وانه له ناوچه‌که‌دا ئه‌گه‌ر له پێشدا به‌هۆی ده‌سه‌ڵات و حاکمان و که‌لتووری پیاوسالارییه‌وه و له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه کۆماری ئیسلامی، ژیانی له ژنان تاڵ کردبوو، ئێستا به هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و گرووپه کۆنه‌په‌رست و توندڕه‌وانه‌ی وه‌ک داعش که بێبه‌ریین له هه‌رچه‌شنه به‌هایه‌کی ئینسانی، به ناوی دین و پابه‌ند بوون به به‌هاکانی دین، توندوتیژییه‌کان له دژی مرۆڤه‌کان به تایبه‌تی ژنان به‌وپه‌ڕی خۆی گه‌یشتووه. نموونه‌ی هه‌ره به‌رچاو له ساڵی 2014دا له لایه‌ن ئه‌و گرووپه ئیسلامییه‌وه بوو که به‌سه‌ر ژنانی و کچانی شه‌نگالی باشووری کوردستان هات. به هه‌زاران ژن و کچی ئیزه‌دی له ژێر ئاڵای ئایینی‌دا ئه‌سیر کران و ده‌ستدرێژییان کرایه‌سه‌ر و برانه بازاڕه‌کانی کڕین و فرۆشتن. ئه‌وه‌ی داعش ئه‌مڕۆ به‌ناوی په‌یڕه‌وانی ڕاسته‌قینه‌ی ئایینی ئیسلام به‌سه‌ر که‌مایه‌تییه ئایینییه‌کانی دیکه‌ی وه‌ک ئیزه‌دییه‌کانیان هێنا و دنیا شاهیدی جینایه‌ته‌کانیانه، 36 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران به‌شیوه‌یه‌کی دیکه که‌وتنه دژایه‌تی له‌گه‌ڵ جیابیران و ژنان له ئێران‌دا. پاسدارانی خومه‌ینی‌و ئاخونده کۆنه‌په‌رسته‌کان که خۆیان به پاسداری "حیجاب" و پاکداوێنی ژنانی ئێران ده‌زانی، یه‌که‌م توێژ که زۆرترین هه‌ڵاواردنیان له دژی کرد، ژنان بوون و ئه‌م شه‌ڕه له‌گه‌ڵ ژنان وه‌ک سڕینه‌وه‌و کوشتنی جیابیران تا ئه‌مڕۆش درێژه‌ی هه‌یه.
به‌ره‌ورووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م هێزه کۆنه‌پارێزانه که هیچ بڕوایان به ئازادی و ئینسانییه‌ت و یه‌کسانیی ئینسانه‌کان نیه، خه‌باتی یه‌کگرتووانه‌و لێبڕاوانه‌ی به فکر و ئه‌ندیشه‌ی ده‌وێ. ژنان‌و پیاوانی ئازادیخواز چی دیکه نابێ قه‌بووڵی بکه‌ن به‌ناوی پیرۆزییه‌کان، مافی به‌خته‌وه‌ری ئینسانه‌کان زه‌وت بکرێ. پێویسته ژن‌و پیاوی کورد له هه‌موو جێیه‌کی کوردستان خۆڕاگرییه 100 رۆژه‌و و ئازایانه‌که‌ی ژنان و پیاوانی کۆبانێ بکه‌ن به ئۆلگوو له‌پێناوی ژیان‌و ئازادییه ئینسانییه‌کان‌یان‌دا. ره‌وتی ئازادی و یه‌کسانیخوازی له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و وڵاتی ئێمه‌ش هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی گه‌وره‌ی له‌سه‌ره. ئایینی ئیسلامی سعودیی‌و ئێرانی، وێنه‌یه‌کی ساده‌ی ترسناکه له‌سه‌ر ئازادی‌و پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگا به ژن‌و پیاوه‌وه. هه‌ر ئایینێک که ره‌وایی بدا به کوشتن، سووکایه‌تی‌و قیزه‌ونکردنی مرۆڤه‌کان، ده‌بێ رێی لێ بگیرێ. بۆیه خه‌باتی فکریی یه‌کگرتوانه و به‌ربڵاوی ژنان‌و پیاوانی یه‌کسانیخواز ده‌توانێ زامن‌و رێگر بێ له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو سه‌رکوت و جینایه‌تانه‌ی له دژی ئینسانه‌کان رۆژانه رووده‌ده‌ن.
کوێستان فتووحی
کوێستان فتووحی