به بۆنه‌ی 25ی نوامبر رۆژی سڕینه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان
توندوتیژی دژی ژنان دیارده‌یه‌كی جیهانییه كه به پێی تایبه‌تمه‌ندیی فه‌رهه‌نگی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئیتنیكی له هه‌ر كات و شوێنێك ده‌توانێ به شێوه‌ی جۆراوجۆر ده‌ركه‌وێت. توندوتیژی دژی ژنان نه ئاساییه و نه په‌سندکراویشه، به‌ڵکوو پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤه. هه‌ربۆیه رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان گرنگییه‌کی جیددی به‌م مه‌سه‌له‌یه داوه و ده‌وڵه‌ته‌کانی ئه‌رکدار کردوه له ژێر یاسا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان‌دا به‌رپرسی پاراستنی مافه‌کانی ژنان بن. له مادده‌ی 4ی به‌یاننامه‌ی پێشگیری له توندوتیژی دژی ژنان‌دا هاتوه: "ده‌وڵه‌تان ده‌بێ توندوتیژی دژی ژنان مه‌حكووم بكه‌ن‌و، نابێ هیچ دابونه‌ریت یان تێبینیی ئایینی، بكه‌نه بیانوو بۆ ئه‌نجام نه‌دانی ئه‌ركه‌كانیان له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ نه‌هێشتنی توندوتیژیدا. ده‌وڵه‌تان ده‌بێ به كه‌ڵكوه‌رگرتن له هه‌موو شێوه گونجاوه‌كان‌و بێ‌راوه‌ستان، سیاسه‌تی نه‌هێشتنی توندوتیژی دژی ژنان هه‌تا سه‌ر ئه‌نجامه‌كه‌ی درێژه پێ بده‌ن.
هۆکاره‌کانی توندوتیژی دژی ژنان
توندوتیژی ژنان ده‌كرێ له‌و نایه‌كسانیانه‌دا ببینرێن كه رێگری له یه‌كسانیی ژن و پیاو له ژیان دا ده‌كه‌ن. توندوتیژی هه‌م ریشه‌ی له نایه‌كسانی دایه و هه‌میش په‌ره‌ی پێ ده‌دا.
نایه‌کسانی و هه‌ڵاواردن نکۆلی کردنه له وه‌ک یه‌ک بوونی ئینسانه‌کان له باری مافه‌کانیانه‌وه. هه‌ڵاواردنی ره‌گه‌زییه رێگه له ژنان ده‌گرێ که نه‌توانن باس له ماف‌و ئازادییه‌کانیان بکه‌ن. به‌تایبه‌تی ئه‌و هه‌ڵاواردنانه‌ی له لایه‌ن قانوون و ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌وه ده‌سه‌پێن.
هه‌روه‌ها شه‌ڕ، که‌لتوور، هه‌ژاری فه‌رهه‌نگی و ئابووری، ئاینیه‌کان، و... ئه‌مانه هه‌موویان ده‌توانن سه‌رچاوه‌ی توندوتیژی دژی ژنان بن. حاشای لێ‌ناکرێ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی گرنگه، ئه‌من و ئاسایش و باشبوونی باری ئابوورییه. ئه‌مانه ده‌توانن زۆر کێشه‌ی دیکه‌ش که یه‌ک له‌وان توندوتیژیی دژی ژنان چاره‌سه‌ر بکه‌ن یان که‌م بکه‌نه‌وه. به‌ڵام خۆ ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی بێ کێشه مه‌حاڵ بێ که هیچ شتێک مه‌حاڵ نیه! دیسان ده‌کرێ رێگه له په‌ره‌سه‌ندنی توندوتیژی دژی ژنان بگیردرێ که بۆته هۆی زۆر رۆژره‌شی و به‌دبه‌ختییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی به‌شه‌ری.
مافه‌کانی مرۆڤ جیهانیین. توندوتیژی دژی ژنانیش پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤن له هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک‌دا. ژنانی هه‌ر ولاتێک، هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌وار، دارا و نه‌دار، دیندار و بێ‌دین و.... هه‌ر هه‌موویان هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی هاوبه‌شیان لێ‌ده‌کرێ. ئه‌ویش توندویژییه. له زۆر وڵات دا توندوتیژی له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌یه که به قانوون به‌ڕێوه‌ی ده‌با، یان له‌لایه‌ن گرووپه‌چه‌کداره‌کانه‌وه‌یه، یان له هه‌مووی به‌ربڵاوتر له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگه و بنه‌ماڵه‌وه‌یه.
به‌گشتی حکوومه‌ته‌کان به‌رپرسیارن له ئاست هه‌ر توندوتیژییه‌ک دژ به ژنان‌دا. له کۆمه‌ڵگه کۆمه‌ڵگه نه‌ریتی و ئایینییه‌کان، ئایین کراوه‌ته که‌ره‌سه‌یه‌ک بۆ به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادییه‌کانی ژن. بۆنموونه داسه‌پاندنی حیجابی زۆره‌ملی به‌سه‌ر ژنان‌دا جۆرێکه له توندوتیژی دژی ژنان. ژنان به‌پۆشینی جلوبه‌رگی دڵخوازی خۆیان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگه‌وه تووشی سزا‌و سووکایه‌تی ده‌بنه‌وه. هه‌روه‌ها له كۆمه‌ڵگا نه‌ریتییه‌كانی دنیادا بۆ نموونه کوردستان، ئه‌فغانستان، عێراق و... كه نه‌ریته‌كانی ژیانی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و عه‌شیره‌یی زۆر ریشه‌داره، ژن وه‌ك موڵك و ماڵ چاوی لێ‌ده‌كرێ و ده‌ستدرێژی كردنه سه‌ر مافه‌كانیان به بێ سزا ده‌مێنێته‌وه. ئه‌مانه‌ش له مانه‌وه و درێژه‌دان به ره‌فتاری توندوتیژئامێزدا کاریگه‌ری زۆری هه‌یه.
بۆ نموونه فره‌ژنی که له کوردستان‌دا بوونی هه‌یه، ده‌توانێ په‌ره به توندوتیژی بدا. چونكه ته‌نانه‌ت به پێچه‌وانه‌ی رێوشوێنه ئیسلامییه‌كان که ده‌گوترێ ده‌بێ بۆ هێنانی هاوسه‌ری دووهه‌م ئیزن له هاوسه‌ری یه‌که‌م وه‌رگرن، پیاوان به شێوه‌یه‌كی گشتی ئیزن له هاوسه‌ری یه‌كه‌م وه‌رناگرن، بۆیه ده‌مه‌قاڵه له‌وباره‌وه له زۆر كات دا ده‌گاته توندوتیژی و بێگومان له‌و نێوه‌دا ژنه له هه‌مووئه‌ندامه‌کانی دیکه‌ی بنه‌ماڵه زیاتر ده‌که‌وێته به‌ر ره‌فتاری توندوتیژ. یان ئه‌گه‌ر کچێک پێوه‌ندیی خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵ کوڕێک ببه‌ستێ، له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌که‌یه‌وه ده‌که‌وێته‌به‌ر ئازار و ئه‌زیه‌ت و هه‌ڕه‌شه لێ‌کردن یان له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌وه ناوی ده‌زڕێ و...! کۆنترۆڵکردنی ره‌فتاری ژن و کچ له‌لایه‌ن پیاوانی بنه‌ماڵه‌وه توندوتیژییه، به‌ڵام به به‌هانه‌ی ئه‌وه ئه‌و ره‌فتارانه به‌شێکن له کولتووری کۆمه‌ڵگه به ناوی پاراستنی که‌لتوور و نه‌ریت زۆربه‌ی ژنان ئێعتراز ناکه‌ن، ئه‌مه‌ش له مانه‌وه و په‌ره‌دان به توندوتیژیدا کاریگه‌رن. هه‌ر ئه‌وه‌ی له زۆر له وڵاتان‌دا زۆربه‌ی كچان و ژنان له ترسی سزا خێزانییه‌کان ئاماده نین توندوتیژی خێزانی به پۆلیس رابگه‌یه‌نن یا هێزێكی دادوه‌ری له هێندێک له وڵاتان‌دا پێداچوونه‌وه‌یه‌ك له‌وباره‌وه ناكا و به مه‌سه‌له‌یه‌كی تایبه‌تیی داده‌نێ، به‌و هۆیه‌وه ئاماری توندوتیژییه‌كانی نێو ماڵ راست و ده‌رخه‌ری راستی‌یه‌كان نین. به‌و حاڵه‌ش ئاماره كۆكراوه‌كانی رێکخراوه جیهانییه‌کانی مافی مرۆڤ ساڵانه هه‌روا راچڵه‌كێنه‌رن.
شه‌ڕ پێوه‌ندی راسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ توندوتیژی هه‌یه
شه‌ڕ ئینسانه‌کان له ناو ده‌با چ ژن چ پیاو. به‌ڵام به‌رئه‌نجامه‌کانی شه‌ڕ هه‌میشه ژن زۆر زیاتر له پیاو زیانی لێ بینیوه. ده‌ستدرێژی کردنه‌سه‌ر ژنان و کچان کرده‌وه‌یه‌کی هاوبه‌شی سه‌رده‌می شه‌ڕه هه‌م له‌لایه‌ن هێزی ده‌وڵه‌تییه‌وه، هه‌م له‌لایه‌ن گرووپه‌چه‌کداره‌کانه‌وه. له نێو دۆخی شه‌ڕدا هه‌میشه مرۆڤه بێده‌سه‌ڵاته‌کان ده‌که‌ونه‌به‌ر هێرش‌و سووکایه‌تی و ئازار. بۆ نموونه له کوردستان ژنان زۆر جار به هۆی پێشمه‌رگه‌بوونی هاوسه‌ر یان برایان که‌توونه‌ته‌به‌ر ئازار و ئه‌زیه‌تی هێزه حکوومه‌تییه‌کان و له زیندانه‌کان‌دا ده‌ستدرێژییان کراوه‌ته‌سه‌ر. دیاره ئه‌وه نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه ته‌نیا به سیستمێکی سیاسی وه‌ک رێژیمی ئێران یان رێژیمی رووخاوی به‌عسی عێراق، له هه‌موو جیهان‌دا ئه‌م ره‌فتارانه له کاتی شه‌ڕدا هه‌بوون و هه‌ن. دواتر شه‌ڕ کۆتایی دێ، به‌ڵام ئاکامه‌کانی شه‌ڕ له‌سه‌ر ژنان زۆر درێژخایه‌نتر و زیانبارتره و ده‌توانێ له‌سه‌ر ژیانی هه‌موو کۆمه‌ڵگه کاریگه‌ری خراپی هه‌بێ.
توندوتیژی جه‌سته‌یی و توندوتیژی ده‌روونی سه‌ره‌کیترین جۆره‌کانی توندوتیژی دژ به ژنانن له کۆمه‌ڵگه‌دا
جۆره‌كانی ئازار و ئه‌زیه‌تی جه‌سته‌یی، لێدان و كوتان، كێشانی قژ، سوتاندن و تووڕهه‌ڵدان، ده‌ستدرێژی جه‌سته‌یی ده‌گرێته‌وه كه ئه‌و جۆره توندوتیژییانه ره‌نگه بۆ هه‌موو ژنان به بێ سه‌رنجدان به خوێنده‌واری، نژاد و باری بنه‌ماڵه‌یی رووبدا.
توندوتیژیی ده‌روونی:
به‌كارهێنانی قسه‌ی ره‌ق و جنێو، بیانوپێگرتنی په‌یتا په‌یتا، هاتوهاوار و هه‌ڵسوكه‌وتی خراپ، سووكایه‌تی، هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌سه‌ڵاتدارنه و حوكم كردن و ده‌ستووردانی په‌یتا په‌یتا، ده‌نگ داگۆڕین، هه‌ڕه‌شه‌ی ئازار و كوشتنی خۆی یا ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی، رێگرتن له دیتنی دۆستان و ئاشنایان و زیندانی كردن، له ماڵه‌وه به توندوتیژی له دژی ژنان له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێن. ئه‌و جۆره توندوتیژییه ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی گیانی هه‌ست كردن به پووچی، یان خۆ له‌نێوبردن، راكردن له تێكه‌ڵاو بوونی كۆمه‌ڵایه‌تی و دڵه‌راوكه له ژنان دا. ئه‌و توندوتیژییه له ڕاستی‌دا ژن ده‌کاته بوونه‌وه‌رێکی بێ‌ئیراده‌و ناچالاک.
به وته‌ی رێكخراوی لێبوردنی نێونه‌ته‌وه‌یی، توندوتیژی له بنه‌ماڵه‌دا له نه‌خۆشیی شیرپه‌نجه و رووداوی هاتوچۆ زیاتر بۆته هۆكاری مردنی ژنان.
چۆنیه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان
توندوتیژی دیارده‌یه‌كی چه‌ند لایه‌نییه و به‌ربه‌ره‌كانیش له‌گه‌ڵی‌دا پێویستی به خه‌باتێکی به‌رین و هه‌مه‌لایه‌نه هه‌یه. هه‌تا تاوانبارانی توندوتیژی دژی ژنان بتوانن به‌بێ ترس له سزادان و دادگایی کردنێکی عادڵانه تاوانه‌کانیان ئه‌نجام بده‌ن، له وڵاتێک‌دا که قانوونه‌کان پڕن له هه‌ڵاواردنی ره‌گه‌زی، دژواره بڵێین سڕینه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان کارێکی ئاسانه.
به‌ڵام زۆر رێگا هه‌یه بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه. ده‌سه‌ڵات و قانوون، دروست كردنی ماڵی ئارام بۆ حه‌وانه‌وه‌ی ژنانی بێ‌په‌نا، پشتیوانیی یاسایی له‌و ژنانه‌ی به‌ره‌ورووی توندوتیژی ده‌بنه‌وه، به‌شداری كردن له کۆرسه فێركارییه‌كان و راوێژ کردن له‌گه‌ڵ پسپۆران پێش پێکه‌وه‌نانی ژیانی هاوبه‌ش، زیادكردنی ئاگایی پیاوان و ژنان له كۆبوونه‌وه فێركارییه‌كان و... هه‌موو ئه‌وانه له رێگای ده‌سه‌ڵاته‌وه ئاسانن و ده‌کرێ و ده‌توانن له سڕینه‌وه و که‌مبوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان کاریگه‌ری ئه‌رێنییان هه‌بێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له وڵاتێک‌دا بۆ نموونه وه‌ک ئێران که قانوون و ده‌سه‌ڵات خۆیان سه‌رچاوه‌ی توندوتیژی بن دژی ژنان ئه‌و کات ده‌بێ ده‌بێ چ بکرێ؟
رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی وه‌ک رێکخراوه‌کانی ژنان، رێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ‌و چالاکه‌کانیان و..... هه‌روه‌ها رووناکبیرانی نێو کۆمه‌ڵگه، وه‌ک نووسه‌ران، شاعیران، مامۆستایانی قوتابخانه‌کان و... ده‌توانن له‌رێگه‌ی وشیارکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه به ژن و پیاوه‌وه له که‌مکردنه‌وه‌ی ئه‌م تاوانه که ناوی توندوتیژییه دژی ژنان رۆڵیان هه‌بێ. ئه‌وان ده‌توانن تێڕوانینه‌کان بۆ توندوتیژی دژی ژنان بگۆڕن، ئیدی نابێ به مه‌سه‌له‌یه‌کی شه‌خسی و تایبه‌تی و که‌لتووری چاوی لێ‌بکرێ و به‌م بیانوویه چاوپۆشی لێ‌بکرێ. ئه‌وه تاوانه دژی مرۆڤایه‌تی و ده‌بێ کۆڕوکۆمه‌ڵه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی لێ‌ئاگادار بکرێته‌وه. هه‌روه‌ها له دژی توندوتیژی دژی ژنان ناڕه‌زایه‌تی ده‌رببڕن و ده‌نگه‌ناڕازییه‌کان رێک بخه‌ن بۆ
به‌گژداچوونه‌وه‌ی تاوانباران. هه‌وڵ بده‌ن له نێو خه‌ڵکی ئاسایی هه‌ڵمه‌تی وشیارکردنه‌وه و تۆڕی دژی توندوتیژی رێک بخه‌ن.
ژنانی وشیار و ئازا، ژنانێک که ئاشنان به مافه‌کانیان، ژنانێک که له‌بواری ئابوورییه‌وه سه‌ربه‌خۆن، ئاسان ده‌توانن به‌ره‌نگاری توندوتیژیی خێزانی ببنه‌وه. هه‌روه‌ها پیاوان ده‌بێهاوبه‌شی ئه‌و خه‌باته بکرێن چونکه ته‌نیا ئه‌وان تاوانباری سه‌ره‌کی نین، ده‌بێ تێبگه‌یه‌نرێن که توندوتیژی دژی ژنان کاریگه‌ری نێگه‌تیڤی له‌سه‌ر خۆیان و هه‌موو ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه به‌گشتی کۆمه‌ڵگه هه‌یه. بواری رۆشنبیری و ئاگایی کۆمه‌ڵگه له سه‌ر ماف و ئه‌رکه‌کان، ده‌توانێ ببێته فشارێک بۆ سه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که هه‌ڵاواردن دژی ژنان له قانوون‌دا ده‌چه‌سپێنن. هه‌روا چۆن قانوون کاریگه‌ری له‌سه‌ر گۆڕینی که‌لتوور هه‌یه به‌هه‌مان شێوه‌ش که‌لتوور کاریگه‌ری له‌سه‌ر گۆڕینی قانوون هه‌یه. بۆیه ئه‌رکی هه‌ر ئینسانێکی مافخوازه بۆ گۆڕینی تێڕوانین و کاڵبوونه‌وه‌ی دابونه‌ریته دواکه‌وتووه‌کان که بوونه‌ته هۆی په‌ره‌سه‌ندنی توندوتیژی دژی ژنان تێ‌بکۆشێ.
kwestanftoohi
kwestanftoohi