۱۳۹۶ فروردین ۲, چهارشنبه

کێشە و مەینەتییەکانی ژنان و پرس‌ و خەمی بەردەوامی «کوردستان»


رۆژنامه‌ی‌ «كوردستان» ئاوێنه‌ی‌ باڵانوێنی‌ بیرو ئه‌ندیشه‌ی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، سەرەڕای هەموو کۆسپەکانی سەر رێگای خۆی، پێی نایە حەفتاو یەکەمین ساڵی تەمەنی خۆی و حەوسەدەمین ژمارەی دەرچوونی. بەم بۆنەیەوە لە قووڵایی دڵمەوە پیرۆزبایی دەکەم لە هەموو ئەو کەسانەی لە بەردەوامبوون و لە گەشانەوەی ئەو رۆژنامەیەدا لە سەرەتاوە تاکوو ئەمڕۆ ڕۆڵیان هەبووە. هەروەها ماندوونەبوونی لە کارگێڕان و نووسەرانی ئەمڕۆی کوردستان دەکەم و بەهیوای بەردەوام بوونیانم. دڵنیام ئەوانەی رۆژێک لە رۆژان لەم رۆژنامەیەدا کاریان کردوە وەک من بە شانازییەوە دەڕواننە لاپەڕەکانی مێژووی ئەم رۆژنامەیە، چونکە هەر هیچ نەبێ، سەرەڕای ئەوەی زۆربەی تەمەنی خۆی لە تاراوگەو دوور لە زێد و نیشتمانی خۆی بووە، و خوێنەرەکانی نەیانتوانیوە بە ئازادی ئەو رۆژنامەیە دەست بخەن، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا خزمەتێکی گەورەی بە زمانی کوردی و ئەدەبیاتی سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کردوە. لێرەدا نامەوێ باسی لایەنەجۆراوجۆرەکانی ئەو مێژووە دوور و درێژە بکەم، ئەوە دەهێڵمەوە بۆ شارەزایان و لێکۆڵەرانی خۆی.

 لێرەدا وەک ژنێک کە ساڵانێک لە نزیکەوە لەگەڵ رۆژنامەی «کوردستان» هاودەم بووم، حەز دەکەم ئەزموونی چەند سالێک کارکردنم لەم سەنگەرەدا باس بکەم. کار لە چاپەمەنیی حیزب و «کوردستان» بۆ من سەرەتای ئەزموونێک پڕاوپڕ لە خوێندنەوە و خۆماندووکردن بوو. سەرەتا وەک تایپیستێک چوومە کومیسیۆنی چاپەمەنی، دواتر بە هۆی حەز و خولیای خۆم و کەش‌وهەوای ئەو ئۆرگانە و هاندانی هاوڕێ و هاوژیانم قادر وریا کە یەکێک لە کادرە بەتواناکانی راگەیاندنی حیزب بوو، لەگەڵ کاری تایپ و مۆنتاژ، دەستم بە وەرگێڕان و نووسین کرد. بە هۆی هاوژیان بوونم لەگەڵ کەسێک کە ئەزموونی نووسینی لە رۆژنامەی «کوردستان»‌دا زۆر بوو، زۆر کەسی هاوکار و ناسیاو لە سەرەتاوە گومانیان لەوە هەبوو کە ئەو نووسینانەی لە «کوردستان»دا بە ناوی من بڵاو دەبنەوە هی خۆم بن، پێیان وابوو ئەم نووسینانە هی من نین و بەناوی منەوە دەنووسرێن! ئەو بێ‌بڕواییە بە ژنان کە هەموو تان‌وپۆی کۆمەڵگەی ئێمەی داگرتبوو، ژنانی راگەیەندنکار و رۆژنامەنووسیشی بێبەش نەدەکرد! زۆر جار ئەو دەنگۆیانە کاریگەرییان لەسەر دەروونم داناوە و نیگەران و بێزار دەبووم لەم هەموو بێ‌بڕواییە بەرانبەر بە ژنان. بەڵام ئەوەش نەبووە هۆی دڵسارد بوونەوەم لە کاری نووسین، بەڵکوو بووە هۆی ئەوەی زیاتر بەردەوام بم بۆ ئەوەی ئەو بێ‌بڕواییە بەرامبەر ژنان کەمڕەنگ بکەمەوە. لە لایەکی دیکەش دەمدی گوتاری یەکسانیخوازیی رەگەزی پەراویزخراوترین گوتارە لە راگەیەنە کوردییەکانی ئێمەدا، هەر بۆیە هەوڵم دا لانیکەم لە» کوردستان»ێک کە بۆ خۆم کاری تێدا دەکەم ئەم گوتارە لە پەراوێزخراوەیی بێنمە دەر.
 هێنانەبەرباسی کێشەو نەهامەتییەکان و ئاگاکردنەوەی کۆمەڵگە لە ماف‌ و ئازادییە ئینسانییەکانی ژنی کورد خەمی هەمیشەییم بووە، لە ماوەی تێکۆشانم لە سەنگەری «کوردستان» دا بە نۆرەی خۆم هەوڵم‌ دەدا لەم تریبونەوە دەنگی مافخوازی و یەکسانیخوازی منی «مرۆڤی ژن» زیاتر تێکەڵ سیاسەتەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بکەم. دیارە ئیددیعای ئەوە ناکەم تێیدا سەرکەوتوو بووم، چونکە ئەم پڕۆسەیە کارێکی کورتخایەن نیە و بەردەوامی و پشوودرێژیی دەوێ. دەتوانم بڵێم ئەو ماوە کە لە رۆژنامەی «کوردستان» بووم لەگەڵ هەموو ماندووبوونەکان هەستێکی خۆشم بەرانبەر کارەکەم هەبوو.

تاقیکارییەکی قورستر


 ئاسان نەبوو وەرگرتنی بەرپرسایەتیی رۆژنامەی «کوردستان» کە رۆژێک لە رۆژان مامۆستا عەبدوڵلای حەسەنزادەی کوردیزان، بەرپرس و سەرنووسەری بووە. بەتایبەتیش هاتنە ئەو بوارە بۆ ژنێک کە دایکایەتییش بکا، بوارێکی تا رادەیەک قورس بوو. زیاتر لەوەش پێشداوەرییەکانیش! هێندەی دیکە کاریان دژوار کردبوو. بەڵام ئەوە بڕوای منە، ئێمەی ژن تا لەو بوارانەدا زۆرتر کار و خزمەت بکەین هێشتا کەمە. چونکە دەتوانین مرۆڤ‌تەوەری تێکەڵاوی وشەکانمان بکەین و لەم رێگەیەوە کاریگەری لەسەر تاکەکان دابنێین. دیارە جگە لە حەز و خولیا و خۆماندووکردن بۆ نووسین لە پێوەندیی لەگەڵ ژنان‌دا، هاوکاری و پشتیوانی زۆر لە هاوکارانم لەو ئورگانە لەماوەی کارکردنم لە «کوردستان»دا نەبوایە، هەرگیز نەمدەتوانی ئەم ئەرکە قورس و گرنگە بەڕێوە بەرم. بەتایبەتی هاوکاریی هاوڕێی ژیانم قادر وریا، هۆکارێک بوون بۆ ئەوەی بوێرم خۆ لەو ئەرکە قورسە بدەم. …… یەکەم جار بوو ژنێک ببێتە بەرپرسی رۆژنامەی «کوردستان». ئەزموونێکی نوێ بۆ حیزبی دیموکرات و دژوار و پڕلە هەستکردن بەبەرپرسایەتی بۆ منی ژن، بەتایبەتی کە تا ئەوکاتە هەموو بەرپرس و نووسەرەکانی رۆژنامەی «کوردستان» پیاوانی بە ئەزموون و قاڵبووەوەی نێو نووسین و سیاسەت بوون.
 دیارە هەر رۆژنامە و راگەیەنێک سیاسەتی تایبەت بەخۆی هەیە، وەئەستۆ گرتنی بەرپرسایەتی لە رۆژنامەی «کوردستان»یش جگەلەوەی شارەزایی لە سیاسەتی دەوێ، زاڵبوون بە سەر کاری ڕۆژنامەنووسیشی‌ پێویستە. لە رۆژگاری ئەمڕۆدا کەسانێک دەبنە سەرنووسەری رۆژنامە و راگەیەنەکان کە لە بواری راگەیاندن‌دا خوێندنی باڵایان هەبێ. ئەوە لە حاڵێک‌دا بوو کە من رۆژنامەنووسیم وەک خوێندن نەخوێندبوو. هەموو ئەوانە ئەرکی سەر شانمی قورستر کردبوو. ئەم تاقیکارییە، ئیرادەیەکی بەهێزی دەویست تا هەم وەک ژنێک لەو ئەرک و مودیرییەتەدا لاواز دەرنەکەوم، هەمیش فرسەتێک بوو بۆ دەور بینین و مەیداندان بە بیروباوەڕی یەکسانیخوازانەی رەگەزی لەو رۆژنامەیەدا. ئەو ئەدەبیاتە خاوێنەی رۆژنامەی «کوردستان» کە هەموو دیموکراتێک بە شانازییەوە باسی دەکا، ئەگەر تێکەڵ بە ئەدەبیاتێکی یەکسانیخوازانە بێ، بە دڵنیاییەوە هاوسەنگییەکی جوان و ئینسانی دروست دەکا. ئەوە شانازییەکە بۆ من و بۆ هاوکارە دیموکراتەکانم کە دەتوانم بڵێم لەو ماوەدا زۆرترین گرنگی بەو باسانە درا. بە شاهیدی هاوڕێیانم لە دەستەی نووسەرانی «کوردستان» کۆبوونەوەکانی دیاریکردنی سووژەکان بۆ رۆژنامە، زۆرجار بەشێکی تەرخان دەکران بۆ باس لەوەی چ بکەین زیاتر ژنان هان بدەین بنووسن، چ بکەین کە نووسەرانی «کوردستان» زۆرتر گرنگی بە لایەنی ئینسانیی ئەدەبیاتی حیزبی و سیاسی بدەن؟ زۆر جار کە لاپەڕەی ژمارە کۆنەکانی «کوردستان» هەڵدەدەیەوە، بۆ نموونە دەبینی کاتێک باس لە فیداکاریی پێشمەرگە یان زیندانیانی سیاسی کراوە، وا هەست دەکەی مرۆڤی پێشمەرگە یان زیندانیی سیاسی تەنیا پیاوە و هەر وا بزانە لە نیو ژنان دا پێشمەرگە و بەندیی سیاسیی هەڵنەکەوتوون!! مەبەست لە ئەدەبیاتی یەکسانیخوازانە ئەوەیە کە ئەو تێڕوانینانە لە نووسینەکانمان‌دا بسڕینەوە و ئینسانی بڕوانینە مەسەلەکان، نەک پیاوانە و ژنانە!


 رەنگە هێندێک کەس پێیان خۆش نەبێ وەبیر خوێنەرانی ئێستای بێنمەوە کە ساڵانی پێشوو وا باو بوو لە رۆژنامەی «کوردستان»دا تەنیا لە رۆژە تایبەتییەکاندا باس لە کێشە و ئازارەکانی ژنان دەکرا. ئەم جۆرە باسکردنانە نەیدەتوانی و ناتوانێ کۆمەڵگە لەو سیاسەتەی حیزبی دیموکرات بەرانبەر بە مەسەلەی ژنان و دیاردە ناڕەواکانی کۆمەڵگە هەیەتی، ئاگا بکاتەوە. حیزبی دیموکرات وەک سیاسەت هەمیشە سیاسەتێکی پێشکەوتووانەی بەرانبەر بە ژنان بووە، بەڵام لە پڕاکتیک و بواری کردەیی‌دا، بەپێی پێویست نەجووڵاوەتەوە، تەنانەت لە راگەیەنەکانیشی‌دا ئەم پەراوێز خستنە بە نیسبەت کێشە و مافەکانی ژنان دەبینرێ. زۆر جار هاوکارانی پیاو ئەو باسانەیان زیاتر بە ژنەکان دەسپارد، لەحاڵێکدا هەوڵی من و بەشێک لە هاوکارانم، ئەوە بوو خەمی کێشەکانی ژنان وەک خەمی مرۆڤ چاو لێ بکرێ نەک تەنیا خەمی ژن‌ و پیاوەکانیش بە خەمی خۆیانی بزانن.
 ئەوە بڕوای منە نووسەرانی «کوردستان» چەندە کوژرانی کۆڵبەرێکی کورد بە دەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامییان بۆ گرنگە و وەک جینایەتی هێزەکانی رێژیمی ئێران مەحکوومی دەکەن، بەهەمان ئەندازەش پێویستە کوژرانی مرۆڤێکی ژن بە دەستی پیاوێک مەحکووم بکەن. ئەرکیانە قەڵەمەکانیان بۆ سڕینەوەی دیاردە دژی ئینسانییەکان لە کۆمەڵگەدا کە هەڕەشە لە مرۆڤی ژن دەکەن، وەکار بخەن. گرنگیدان بە کێشە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردستان و باسکردنیان جیا نیە لەو سیاسەتەی بەرامبەر بەکۆماری ئیسلامی هەمانە. ئەوەش نابێ دابەش بکرێ و تەنیا بە ژنانی بسپێرن، یان تەنیا لە رۆژە تایبەتییەکان‌دا ئاوڕ لەم کێشانە بدەنەوە. رۆژنامەی «کوردستان» ئەو کاتە دەتوانێ ببێتە هۆیەکی کاریگەر و شوێندانەر بۆ سڕینەوەی دیاردە دزێوەکانی نێوکۆمەڵگە و دروستکردنی هاوسەنگی و تەبایی نێوان مرۆڤەکان، کە ئەم دابەشکارییانە، ژنانە و پیاوانە نەکات. لێرەشەوە دیسان دووبارەی دەکەمەوە نووسەرانی رۆژنامەی «کوردستان» ئەگەر دەیانەوێ «کوردستان» لە گەشانەوەدا بێ، ئەگەر دەیانەوێ نەسڵەکانی داهاتوو بە بایەخێکی زیاترەوە بڕواننە «کوردستان» پێویستە گرنگی بەم هاوسەنگییە بدەن. هەر حیزبێک، دەوڵەتێک، راگەیەنێک، ئەگەر ژن (بەمانا گشتییەکەی، ماف و خواستەکانی) لە پەراوێز بخا، بە دڵنیایەوە ناتوانێ هاوسەنگی لەنێو کۆمەڵگەدا دروست بکا و سەرکەوتوو بێ.
کوێستان فتوحی

سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٠.