۱۳۹۴ تیر ۳۱, چهارشنبه

مردن لەپێناو چ دا!


بەشێوەی نێونجی لە هەر چرکەیەک‌دا ٤/١ کەس لە جیهان‌دا بە هۆی خۆکوژییەوە گیان لەدەست دەدەن. رێکخراوەکانی لەشساغی وڵاتان، ساڵانە نیگەرانی خۆیان لە بەرزبوونەوەی رێژەی خۆکوژییەکان دەردەبڕن. *
دەگوترێ مردنە مانا دەدا بە ژیان! بەو مانایە ژیان بۆیە جوان و شیرینە چونکە لە کۆتایی‌دا مەرگ رێگای لێ‌گرتوە! یەکێک لە تایبەتمەندییە جوان و زیندووەکانی مرۆڤ ژیانخۆشەویستییە. بەڵام ئەوانەی مردن بەسەر ژیان‌دا هەڵدەبژێرن و لە ژیان و زیندوویی ڕادەکەن، دەبێ ژیانیان چ تاڵ و ئازاراوی بێ، کە خۆیان بەرەوپیلی مردن دەچن؟! بۆ دەبێ توانەوە و لەناوچوونی «خود» بەمەبەستی هەڵاتن لە ئازارەکان بکرێتە ئامانج؟ ئەمە هەڵەیەکی کوشندەیە بۆ دەربڕینی نارەزایەتی لە ئازارەکان خۆت لەناو بەری.
پەرەسەندنی خۆکوژی دیاردەیەکی خەمهێنەری ئەم قۆناغەی ژیانی زۆر لە کۆمەڵگاکانە. ئەگەر خەسارناسییەکی کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستان بکرێ، دەبینین کۆماری ئیسلامی‌ لەماوەی دەسەڵاتدارەتیی‌دا دەتوانین بڵێین سیستماتیک هەوڵی وێرانکاری ناخی مرۆڤی کوردی داوە. پەرەسەندنی دیاردەی ئێعتیاد لە نێو لاوان‌‌دا، رێژەی خۆکوژییەکان و نەخۆشییە دەروونییەکان لە نێو تاکەکان‌دا، ناعەداڵەتیی سیستمی دەسەڵات، هەژاری و بێکاری، نەبوونی ئازادییەکان، زاڵبوونی کەلتووری پیاوسالاری و باوکسالاری و پەرەپێدانی ئەو کەلتوورەوە لەلایەن سیستمەوە، هەمووی ئەوانە کاریگەریی نالەباری لەسەر دەروونی تاکی کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستان داناوە و بەم هۆیەوە نائومێدی و نەگبەتی رووی لە مرۆڤەکان کردوە. بەڵام ئایا مردن رێگەچارەی دەربازبوون لە هەموو نائومێدی و کێشەکانە؟

ئەمە کارەساتە تەنیا لە ماوەی دوو حەوتوودا ١٠ کەس هەوڵی خۆکوژییان داوە! نەک لە وڵاتێک، بەڵکوو لە شارێک و ناوچەیەک، ٦ کەسیان تەنیا لە گوندی «قەلەرەشە»(١) و ٤ کەسەکەی دیکەش لە شاری سەردەشت و دەوروبەر بوون. دڵتەزێن و جێگەی نیگەرانییە لە شارێک لە ماوەی دوو حەوتوودا ١٠ کەس هەوڵی خۆکوژی بدەن!
ئەگەرچی مۆتەکەی خۆکوژی تەنیا شاری سەردەشت و گوندی قەلەرەشەی دانەگرتوە، بەڵکوو ئەمە لە زۆر لە شار و ناوچەکانی دیکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیش کەم و زۆر مانگ نیە چەندین هەواڵی خۆکوژی لە راگەیەنەکان و تۆرەکۆمەڵایەتییەکان‌دا بڵاو نەبێتەوە، بەڵام بۆ شارێکی چووکەی وەک سەردەشت رووداوێکی مەترسیدارە کە بەم رێژە زۆرە لاوەکانی روو لە خۆکوژی بکەن. رێژەی زۆرتری خۆکوژییەکانیش لەنیو ژنان‌ دایە.
تا ئیستاش ئەم مەسەلەیە نەبۆتە باسێک بۆ بیرلێ‌کردنەوەی بەرپرسان و دەسەڵاتداران، بۆ چارەیەکی ئەگەر نەڵێین بەپەلە، بەڵام لانیکەم بەجۆرێک بۆ پێش گرتن لەم کارەساتە ئینسانییە بەو رێژە زۆرە. بۆ ئەوەی سێبەری مەرگ باڵ بەسەر ژیاندۆستی مرۆڤەکانی دیکەی ئەم وڵاتەدا دانەپۆشێ.
کارەساتی خۆکوژیی تایبەت نیە بەم ساڵانەی دواییەوە، ئەوەی جێی نیگەرانییە بەرزبوونەوەی رێژەی خۆکوژییەکانە لە ناوچە جۆراوجۆر و هەژارەکانی کوردستانە. دیارە خۆکوژییەکان هەمووی پێوەندیی بە هەژاری و نەبوونییەوە نیە، هەڵبەت گومانی تێدا نیە هەژاری و نەبوونی، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان. بەڵام بە بڕوای زۆر لە شارەزایانی مەسەلە کۆمەڵایەتییەکان و کۆمەڵناسان؛ گوێنەدان بە خواستی لاوان و ژنان و پشت گوێخستنیان لە لایەن بنەماڵەوە، چاولێکەرییەکان، شکستی خۆشەویستی، هەژاری‌و نەبوونی و چەندین هۆکاری دیکە دەبنە هۆی ئەوەی تاک تەنیا رێگەی دەربازبوون لەو نەهامەتیانە خۆلەناوبردن هەڵبژێرێ.
خوشکی یەکێک لەو کەسانەی سەردەشت کە هەوڵی خۆکوژی داوە، بۆ ماڵپەری «فرهیختاگان»ی راگەیاندوە، باوک و براکەم رێگەیان نەدا خوشکەکەم تەڵاق وەرگرێ و دەڵێ خوشکەکەی من ٢١ ساڵی تەمەن بوو و تەنیا ٦ مانگ بوو ژیانی هاوبەشی پێک هێنابوو، هاوسەرەکەی بەردەوام پێی دەگوت «من کچێکی دیکەم خۆش دەوێ و نامەوێ لەگەڵ تۆ درێژە بە ژیان بدەم»! ئەو دەڵێ «خوشکەکەم لەسەر ئەو قسانەی کە هاوسەرەکەی پێی دەگوت، زۆر جار لەگەڵ براو باوکم باسی کردوە و داوای لێ کردوون پشتیوانی لێ بکەن تا لێی جیابێتەوە، بەڵام ئەوان نەک هیچ پشتیوانییەکیان لێ نەکرد، پێیان دەگوت بەهەرجۆرێک بێ دەبێ درێژە بەژیان بەدەی لەگەڵ هاوسەرەکەت»!… تا رۆژێ دیتمان خوشکەکەم بە دارێکەوە خۆی هەڵواسیوە و خنکاوە. پاشان دەلێ هێشتا رێورەسمی پرسەی خوشکەکەم تەواو نەببوو، لە سێ‌رۆژەی مەرگی‌دا بووین هەواڵی مردنی کچێکی ٢٠ ساڵەی دیکەمان بیست. دیسان لە رێورەسمی پرسەی ئەویش دا هەواڵیان هێنا کچێکی دیکەی ١٧ ساڵەی دێیەکەمان «قەلەرەشە» ئەویش خۆی هەڵواسیوە! بەڵێ قەلەرەشە لەم رۆژانەدا بۆنی مەرگی لێ دێ!
***
ئەم هەواڵە دڵتەزێنانە بەردەوام و نموونەی ئەو ئازارانە زۆرن لە نێو کۆمەڵگەی کوردستان‌دا. هەرلەم بارەیەوە لەگەڵ هەر کەسێک قسە دەکەی ئاهوناڵەی دێ لە دەست کێشە و دیاردەی کۆمەڵایەتی و هەژاری و بێکاری و ناخەمخۆری بەرپرسان و دەسەلاتداران. لە گەڵ خانمێکی چالاکی فەرهەنگی لە نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان گفتگۆمان دەکرد، ئەو بەم دێرە روانگەی خۆی لە بارەی ئەم هەموو خۆکوژییەوە دەربڕی: «لە رۆژهەڵاتی کوردستان ژیان خۆی مەرگە»!
قسەی ئەو خانمە بۆ لێوردبوونەوە دەبێ، چونکە ناهومێدی لێ‌بەدی دەکرێ. بەتایبەتی لە زمان کەسێکەوە دەبیسترێ کە خۆی لە بواری فەرهەنگییەوە ساڵانێکە رۆڵی هەیە. ئەو جۆرە کەسانە دەتوانن قورساییان هەبێ لەسەر ئاگا کردنەوەی کەسانێکی دیکە کە ناهومێدی ژیانی داگرتوون، بەڵام بەداخەوە نەبوونی بواری تێکۆشان بۆ چالاکی لە بوارە جۆراوجۆرەکان‌دا ئەوندەی دیکە کاریگەری خراپی لەسەر دۆخەکە داناوە.
بەرپەرچدانەوەی سەختییەکانی ژیان زۆر رێگاو شێوەی هەیە بەڵام ئایا هەڵبژاردنی مەرگ لاوازیی ئەو ئینسانانە دەردەخا؟
دیارە ناکرێ ئەوانەی خۆکوژی هەڵدەبژێرن، لۆمە بکرێن و بڵێین ئەوان لاوازترین کەسەکانن. لەنێو ئەوانیش دا کەسانێک هەن بەدەست نەخۆشیی خەمۆکییەوە ئازار دەکێشن، هەن کەسانێک دەیانەوێ بە مردنی خۆیان کەسانی دەوروبەریان کە پێیان وایە ئەوانن بوونەتە هۆی ئەوەی ئەم ژیانە تاڵە بەنسیبیان بێ، ئازار بدەن. دیارە خۆکوژی ئەگەر رووداو و کاردانەوەیەکی کوتوپرە، بەڵام پرۆسەیەکی دوورو درێژە لە ژیانێکی دژوار و ناهەموار کە ئەم کاردانەوەیەی لێ دەکەوێتەوە. واتە نەهامەتییەکانی ژیانە ئینسانەکان بەرەو بێ‌هیوایی دەبات، بەڵام ئەم بێ‌هیواییە چۆن رێگەی لێ دەگیرێ؟
رێکاری بەپەلەی کۆتایی هێنەر یان کەمکردنەوەی خۆکوژی
کاتێک بەرپرسان و دەسەلاتدارانی ئێران لەم پێناوەدا بێخەمی خۆیان بە نیسبەت ئەم کارەساتانە نیشان داوە و چاوەروانییەکیان لێ ناکرێ ستراتیژی و پلانێکیان بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان هەبێ، دەی کەوایە رێگەچارەی دیکە چین؟ ئەگەر پێمان وابێ هەر دەسەڵات دەبێ بیر لەچارەسەرەکان بکاتەوە، ئەوە هەڵەیە، بەتایبەتی دەسەڵاتێک کە ماهییەتی نامرۆڤانەی بۆ هەموولایەک دەرکەوتوە.
کەواتە دەبێ پێشرەوان و ئاڵاهەڵگرانی گۆڕانەکۆمەڵایەتییەکان، وەخۆکەون. حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و دامەزراوە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکانی مەدەنیی نێوخۆی کوردستان کە هەموویان ئیددیعای پێشەنگایەتی و گۆڕان دەکەن، نابێ بە بیانووی جۆراوجۆر خۆیان لەم مەسەلەیە ببوێرن. هەموولایەک دەبێ هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ ئاگایی بەخشین بەکۆمەڵگەی کوردستان و سەرنجی خەڵک رابکێشن بۆ نیشاندانی بێزراویی کردەوەی خۆکوژی و، تاکەکان تێبگەیەنن کە رێگەچارە تەنیا ناهومێدی و مردن نیە. وەخۆکەوتن بۆ ئومێدبەخشین لەنێو کۆمەڵگەدا، کەمترین کارە کە دەکرێ بیکەن! ئەو ئەرکە جیا نیە لە خەباتی سیاسی نەتەوەیی، فەرهەنگی، مافی مرۆڤ و ژینگەپاریزی. ئەگەر ناتوانن رێگەچارەی ئابووری و سیاسی بخەنەروو کەکاریگەرترین فاکتەرن بۆ کەمکردنەوەی ئازار و مەینەتییەکان، بەڵام دەتوانن لە رێگەی کاری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە خۆبخزێننە نێو ناخی مرۆڤەکانی ئەم وڵاتەوە. ئینسان دەبێ لە ناخی خۆیەوە دەست پێ بکا. پێویستە بە هەر رێگەیەکی مومکین پێش بە پەرەسەندنی ئەم کارەساتە ئینسانییە بگیردرێ. دواڕۆژی کومەڵگەی کوردستان بەندە بە هیوا بەژیانی ئینسانەکان لەم وڵاتەدا. ئەم هیوایە دەبێ بەهەرشێوەیەک بێ بگەڕێتەوە بۆ ناخی ئینسانەکان. قەیرانەکان کێشەیەک نین ساتوسەودای سیاسیی پێوە بکرێ. ناکرێ بۆ «پەریناز»ی مەهاباد کە گوترا عامیلی سەرەکیی مردنەکەی دەستوپێوەندەکانی کۆماری ئیسلامی بوون، خەڵک هان بدرێن بۆ نارەزایەتی و دروشمی بڕووخێ و بمرێ بڕژێنە سەر شەقام و داوای لێپرسینەوە لە دەسەڵات بکەن، بەڵام مەرگ و خۆکوژیی پۆل پۆلی لاوان و بە تایبەتی ژنان کە هۆکارێکی سەرەکی، دەسەڵاتی پیاوسالاری و باوکسالارییە، خۆی لێ‌بێدەنگ بکرێ.
رەنگە ئەو هەوڵانە ئاکامێکی دڵخوازی نەبێ، بەڵام پشتگوێ خستنیشی کارەساتی گەورەتری لێدەکەوێتەوە.
(١)گوندی قەلەرەشە، سەربە ناوچەی سوێسنایەتی شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
سەرچاوە:
* ماڵپەڕی: vista.ir
لە ژماره‌ ٦٦٠ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌

۱۳۹۴ تیر ۱۳, شنبه

کاک محەممەد سەدیقی کەبوودوەند


ئەوەی کەبوودوەند لە کوردستان بۆ مافی مرۆڤ کردی، تەواوی هەوڵی حیزبەکانی کوردستان سەریەک بەخەیەوە بۆ پرسی مافی مرۆڤ، نەیانتوانیوە وەک کوبوودوەند، ئەم پرسە لە کوردستان بکەنە پرسێکی زیندووی کۆمەڵگە. زیاتر لە ٨ ساڵە بە تاوانی هەوڵە مرۆییەکانی خراوەتە نێو چواردیواری تەنگەبەری زیندان، بەڵام بەو حاڵەش لە هەوڵ و تێکۆشانی بۆ جێگیر بوونی مافی مرڤ لە کوردستان نەوەستاوە، دەرکردنی بەیاننامەکان و نامەکان لە نێو زیندانیشەوە شاهیدی بۆ ئەم هەوڵانەی ئەم تێکۆشەرەدەدەن.
لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی زیندانی کرانی دا تەنیا دەتوانم ئارەزووی ئازادبوونی بۆ بکەم و بڵێم هیوادرام بە ساغ و سڵامەتی بەگەرێتەوە نێو کۆمەڵگە چاوەڕوانەکەی. چاوەڕوانی ئەوەی رۆژێک بێ و هەوڵەکانی کەسانی وەک کاک محەممەد سەدیقی کەبوودوەند بگەنە ئامانج.
لە ٨ ساڵەی زیندانی کرانی محەممەد سەدیق کەبوودوەند دا هەواڵێک هێندەی دیکەی لایەنگرانی مافەکانی مرۆڤ نیگەران کرد، ئەوەیش راپۆرتە ساڵانەکەی ئەمریکا بوو لەسەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە جیهان‌دا.
ئەمڕۆ بەرژەوەندییە سیاسییەکانە دیاری دەکا کە رێژیمەکان پێشلکەری مافی مرۆڤن یان نا.
راپۆرتی ساڵانەی هەڵسەنگاندنی هەلومەرجی مافی مرۆڤ لە جیهاندا هەموو ساڵێک لە لایەن ئەمریکاوە بڵاو دەبێتەوە.
چەندین ساڵە ئەمریکا ناوی رێژیمی ئێرانی لەسەرەوەی لیستەکەیدا تۆمار کردوە و ئێرانی بە یەکێک لەو رێژیمانە ناوبردوە کە دەستی باڵای هەیە لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە وڵاتەکەی دا. راپۆرتی ئەمساڵی جیاواز بوو لە ساڵانی رابردوو! سەرەڕای ئەوەی ساڵی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٥ زۆرترین پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە لایەن رێژیمی ئێرانەوە کراوە، کەچی ئێران دێتە خوارەوەی لیستەکەی ئەمریکا!
چ گاڵتەجاڕییە مافی مرۆڤ بەدەست سیاست و بەرژەوەندییە سیاسییەکانی زلهێزەکانی دنیاوە!


کەس نەبوو خەمەکانی لەگەڵ هەڵگرێ؟!

کانی کچی حەمەدەمین ئاگووشی لە ماڵەکەی خۆیان لە شاری پیرانشار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ئایا کەس لە شارەکەیدا نەبوو خەمەکان لەگەڵ کانی دابەش بکا تاکوو هێندە لەسەری قورسایی نەکات و ئاخرین رێگا کە کۆتایی هێنان بە ژیانە، هەڵنەبژێرێ؟

کانی، تەمەن ٢٣ ساڵ و خوێندکاری ساڵی چواری زانکۆ بوو. ناوبراو کە ساڵێک لەمەوبەر دایکی لە دەست دابوو، لە گەڵ براکەی پێکەوە دەژیان. لە‌دەستدانی دایک و بەندکرانی درێژخایەنی باوکی ماوەیەک بوو ئەوی تووشی خەمۆکی کردبوو. بەرەوڕووبوونەوە لە گەڵ کێشە‌و گیروگرفتەکانی ژیان، بۆ کچێکی لاو کە باوکی لە مێژ ساڵە بە هۆی سیاسی لە بەندیخانە دایە‌و دایکیشی لە دەست داوە، توانا‌و تاقەتی ئەو ئینسانەی هەڵپڕووکاندبوو کە سەرئەنجام بە داخەوە ئەم خەم و گرفتانە بە چۆکیان داهێنا. هەموو ئەوانە راستن. دەکرێ کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری ئەو چارەنووسە بزانین، کە بێگومان هەر واشە کۆماری ئیسلامی هۆکاری سەرەکی هەموو رۆژرەشییەکانی خەڵکی ئێران و کوردستانە. بەڵام ئایا کەس لە شارەکەیدا نەبوو خەمەکان لەگەڵ کانی دابەش بکا تاکوو هێندە لەسەری قورسایی نەکات و ئاخرین رێگا کە کۆتایی هێنان بە ژیانە هەڵنەبژێرێ؟ ئەم جۆرە هەواڵانە بە ئازارترین هەواڵن بۆ هەر کەسێک ئەگەر کەمێک لە خەمی کۆمەڵ و وڵاتەکەی‌دا بێ! بەڵام ئایا هەموو ئەوانەی لە نزیکەوە کانیان دەناسی و شاهیدی رەنج و ئازارەکانی بوون، نەیاندەتوانی رێگە لەم چارەنووسە بگرن کە کانی هەڵی بژارد؟ بەداخەوە دانە دانە لاوەکانمان کۆتایی بە ژیانیان دێنن و ئێمەش بێدەسەڵات بەلای هەوالەکەیدا تێدەپەرێن، بێخەبەر لەوەی چ کاریگەرییەک لەسەر رووحی کۆمەڵگای کوردستان دادەنێ‌ و..... وای کە ئەو مردنانە لە لامان ئاسایی بن! 

تێبینی: وێنەکەم لە پەیجی فەیەیسبوکی نیکی فیروزکوهی وەرگرتوە.