چاره‌نووسی سووتاوتان به "دیه"ی جاهیلییه‌ت چاره‌سه‌ر ناکرێ!
داده‌نیشم چاو له وێنه‌کانتان ده‌که‌م، بیر له ئازاری برینه سارێژ
نه‌بۆوه‌کانتان، له گه‌وره‌بوونی پڕ له ژانتان، له ئاوات‌و ئاره‌زووه
سووتاوه‌کانتان، له ده‌موچاوی هه‌ڵقرچاوتان، که وه‌ک کاغه‌زی گرمۆڵه
بووە... مه‌گه‌ر به له دایک بوونه‌وه‌یه‌کی دیکه وه‌ک خۆی
لێ‌بێته‌وه. بیر له گڕێ‌و گۆڵی ده‌سته توێغ به‌ردراوه‌کانتان، له‌و
داغه‌ی هه‌تا مردن به روخسارتانه‌وه ده‌مێنێ، ده‌که‌مه‌وه. بیر له
یه‌که‌م رۆژی چوونه قوتابخانه‌تان ده‌که‌مه‌وه که هه‌مووتان به بۆنی
نوێی قوتابخانه سه‌رمه‌ستت ببوون‌و قاقای پێکه‌نینتان ئاوایی پڕ کردبوو!
که‌چی ئێستا به هێنانی ناوی قوتابخانه مۆته‌که‌ی ئاگر به‌رۆکتان ده‌گرێ!
ئێستا قوتابخانه بۆنی سووتانی لێ‌دێ، کتێبه‌کان له جیاتی بۆنی نوێ،
بۆنی دووکه‌ڵ‌و خۆڵ‌و نه‌وتیان لێ‌دێ.
له فه‌رهه‌نگی ئێرانی باستان‌دا، ده‌گوترێ ئاگر مرۆڤه پاکه‌کان
ناسووتێنێ! که وایه ئه‌م چیرۆکه راست نیه. ئاگر ... ئاگر ئاوێنه‌ی
روخسارتانی چڕژاند، بۆیه ئێوه له ئاوێنه‌ش تووڕه‌ن؟ نازانم کێ ده‌توانێ
له‌گه‌ڵ ئاوێنه ئاشتتان کاته‌وه؟!
کچه وردیله‌کانی شیناوێ! ئاگرتان تێپه‌ڕاند، به‌ڵام زامی ئاگره‌که‌ی
ئێوه‌ی سووتاند که‌ی کۆتایی دێ؟! ئێوه چ نه‌خشێکتان له‌م چاره‌نووسه‌دا
هه‌بوو، چتان ده‌ویست جگه له گرمایه‌ک که له‌شی شلک‌و سڕبووتان
گه‌رم‌کاته‌وه، تا به‌ڵکوو بتوانن له سه‌ر مێزه ره‌قه‌که‌ی پۆله‌که‌تان
ره‌سمی داهاتوو و بۆ ژیان بکێشنه‌وه!
به‌ڵام..... ئاگر بۆ هه‌میشه ره‌سمی کوڵمی هه‌ڵقرچاوتانی له دیواری
بیری هه‌موان کێشایه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌یادمان نه‌چێ ئاگر ته‌نیا چێژمان
پێ‌نابه‌خشێ، به‌ڵکوو ده‌توانێ چاره‌نووسیشمان بسووتێنێ! ئه‌وانه‌ی
ئێوه‌یان به‌م چاره‌نووسه تاڵه گه‌یاند، بڵێی بزانن شه‌رمه‌زاری چیه!
ده‌بێ دڵت وه‌ک به‌رد ره‌ق بێ که بتوانی چاو له سیمای شێواوی ئه‌م کیژه ژاکاوانه بکه‌ی‌و گریانت نه‌یه.
***
نزیک دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له 15ی سه‌رماوه‌زی 1391 قوتابخانه‌ی
شیناوێی پیرانشار به‌هۆی ئاگر تێبه‌ربوونی کووره‌ی نه‌فتی سووتاکه
له‌وێ‌دا 29 قوتابی تووشی سووتان بوون. سه‌یران یه‌گانه‌و سارینا
ره‌سووڵزاده دوو کچی قوتابی بوون که له‌م کاره‌ساته دڵته‌زێنه‌دا
گیانیان له‌ده‌ست دا. ئامینه، نادیه‌و ئه‌سما، 3 کچی دیکه بوون که
جه‌سته‌یان 45، 50 له‌سه‌دی جه‌سته‌یان سووتاوه‌و سیمای جوان‌و ناسکی
منداڵانه‌یان هه‌ڵقرچاوه.
ئامینه حه‌زی له چوون بۆ قوتابخانه، شادی، جلی ره‌نگاوره‌نگ،
چوونه‌ده‌ر له‌ماڵ بوو، که‌چی ئه‌وه بۆ دوو ساڵ ده‌چێ بۆ هیچ کوێ ناڕوا،
حه‌زی له یاری‌و شایی‌و شادی نیه، چونکه «ئاگری قوتابخانه» داغێکی به
هه‌موو جوانییه‌کانیه‌وه ناوه‌و له‌سه‌ر ته‌ختی نه‌خۆشخانه‌و
ژووره‌کانی نه‌شته‌رگه‌ری‌دا چاوه‌ڕوانه رۆژێک بێ‌و ئه‌م داغه سارێژ بێ!
نادیای 11 ساڵان ده‌ڵێ، که ده‌چمه به‌ر ئاوێنه ده‌ڵێم خوایه من جاران جوان بووم بۆ ئێستا وام لێهاتوه!
ئه‌سمای هاوڕێشی هه‌روه‌ک ئامینه حه‌زی لێ‌نیه خۆی نیشان بدا،
ده‌ڵێی هه‌ر حه‌زی له ته‌نیایی بووه! ئه‌و به دڵته‌نگییه‌وه ده‌لێ
ناتوانم چیتر مه‌شقه‌کانم وه‌ک جاران بنووسمه‌وه، «ئاخر هه‌میشه
ده‌سته‌کانم باندپێچین بۆ ئه‌وه‌ی چڵک نه‌که‌ن»
***
کچه قوتابییه‌کانی شیناوێ پێویستان به‌وه نیه هه‌موو رۆژێ ئه‌و
چیرۆکه تاڵه‌ی رۆژی رووداوه‌که‌یان پێ بگێڕنه‌وه، ئه‌وان پێویستیان به
چاره‌یه، چاره‌ی برین‌و ئازارێک که به‌رپرسان‌و ده‌سه‌ڵاتدارانی
وڵاته‌که‌یان هۆکاره‌که‌ی بوون.
کاتی رووداوه‌که تیتری هه‌موو رۆژنامه‌و ماڵپه‌ره‌کان ئه‌وه بوو
«قوتابخانه‌ی شیناوێی پیرانشار بووه نێچیری ئاگر و ....» رۆژێک دواتر
دڵته‌زێنترین هه‌واڵ ئه‌وه بوو سه‌یران یه‌گانه به‌هۆی سووتاوی زۆر گیانی
له‌ده‌ست دا... چه‌ند رۆژ دواتر هه‌واڵی مه‌رگی سارینا ره‌سوڵزاده‌و
دواتر غه‌م‌و فرمێسکی بنه‌ماڵه‌کانیان بۆ زامی له‌ده‌ستدانی
کیژۆڵه‌کانیان‌و دیسان بێده‌نگی.....
به‌رپرسانی وڵات له‌سه‌ر ئه‌م کاره‌ساته ئه‌و کاته به‌م جۆره
وه‌ده‌نگ هاتن: «له هه‌موو جێیه‌کی دنیا‌دا ئه‌م رووداوانه روو ده‌ده‌ن،
رووداوێکه رووی داوه‌و هیوادارین زۆری مانۆر پێوه لێ‌نه‌درێ».
سووتانی قوتابخانه‌که‌ی شیناوێ یه‌کێک له دڵته‌زێنترین‌و
گه‌وره‌ترین کاره‌ساته‌کانی ساڵی 91 بوو. به‌ڵام به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامی
له جیاتی هه‌موو هه‌وڵێکیان بۆ چاره‌سه‌ر‌و سارێژبوونه‌وه‌ی برینی
منداڵه سووتاوه‌کانی ئه‌م کاره‌ساته، له راگه‌یه‌نه‌کانیان‌دا
هه‌وڵیان‌دا رووداوه‌که بچووک نیشان بده‌ن، تاکوو بێ‌لیاقه‌تی خۆیان
بشارنه‌وه.
ئێستا ماویه‌کی که‌م له رووداوی سووتانی قوتابخانه‌که‌ی شیناوێ
تێپه‌ڕ نه‌ببوو، فه‌رمانداری پیرانشار له وتوێژێک‌دا داوای له
هه‌واڵنێره‌کان کردبوو «به‌سه واز له شیناوێ بێنن! ئه‌م رووداوانه له
ناوچه‌کانی دیکه‌ی وڵاتیش ده‌کرێ روو بده‌ن، بۆ راگه‌یه‌نه‌کان ته‌نیا
به‌وه‌ی شیناوێ هه‌ستیارن؟ به‌سه تاکه‌ی ده‌ست له یخه‌مان ناکه‌نه‌وه!»
به‌ڕاستی ئه‌وانه‌ی ئه‌م کاره‌ساته‌یان به رووداوێکی ئاسایی چاو
لێ‌کرد‌و ئاسایی به‌لای‌دا تێ‌په‌ڕین، ده‌بێ چ ناوێکیان لێ بنرێ؟ ئینسان
ده‌بێ گومان له عه‌قڵیان بکا! ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌م کچه قوتابیانه هات
نه پێوه‌ندیی به قه‌زا‌و قه‌ده‌ره‌وه هه‌یه، نه به «شانس‌و به‌خت»
که تائێستا به‌رپرسان به‌م جۆره قسه بێ‌بنه‌مایانه ویستوویانه برینی
دڵی دایک باوکی کچه‌کانی شیناوێ سارێژ بکه‌نه‌وه!
کاره‌ساتی شیناوێ ورده‌ورده له نێو راگه‌یه‌نه‌کانی کۆماری
ئیسلامی‌و لێدوانی به‌رپرسانی ئه‌و رێژیمه له‌بیر چۆته‌وه، له‌حاڵێک‌دا
کچه‌قوتابییه زیان لێکه‌وتووه‌کان یه‌کجار زۆریان ماوه ده‌رده‌که‌یان
چاره‌سه‌ر بکرێ. به هۆی بێمه‌یلی‌و پێ‌ڕانه‌گه‌یشتنی پێویست به‌و منداڵه
زیان لێ‌که‌وتووانه، نه‌ک له بیر‌و زه‌ینی خه‌ڵکی شیناوێ‌و
بنه‌ماڵه‌کانیان نه‌چۆته‌وه، به‌ڵکوو داغێکی دیکه به‌دڵیانه‌وه نراوه.
خاڵێکی جێی سرنج ئه‌وه‌یه که ئێستا دوای تێپه‌ڕینی دووساڵ له
کاره‌ساتی سووتانی قوتابخانه‌ی شیناوێ، به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامی
له‌جیاتی دابینکردنی هه‌موو تێچوویه‌کی پزیشکی به‌خۆڕایی بۆ چاره‌سه‌ری
ئه‌م کچه قوتابیانه‌و قه‌ره‌بووی خه‌ساره‌کانی بنه‌ماڵه‌کانیان، قسه
له پێدانی «دیه» به بنه‌ماڵه‌ی ئه‌م کچانه ده‌که‌ن.
کۆنه‌په‌رستانی حاکم له پێدانی خه‌ساره‌تی ته‌واو به بنه‌ماڵه‌ی
ئه‌م قوتابییه زیان دیتوانه‌ی قوتابخانه‌ی شیناوێ به‌هۆی ئه‌وه‌ی کچن خۆ
ده‌بوێرن. باوکی یه‌کێک له‌و کچانه له وتوێژێک له‌گه‌ڵ راگه‌یه‌نه‌کان‌دا
ده‌ڵێ ده‌بوو 345 میلیۆن تمه‌ن «دیه» به‌ناوی خه‌ساره‌ت بۆ کچه‌که‌م که
جه‌سته‌ی سووتاوه‌و زیانی پێگه‌یشتوه، بدرێ، به‌ڵام به ئێمه‌یان گوتوه
چونکه ئه‌و منداڵانه کچن «دیه»ی ئه‌وان 136 میلیۆن تمه‌نه!
له قانوونی ئیسلامی‌دا له جیاتی دابینکردنی که‌ره‌سه‌کانی
خۆشگوزه‌رانی‌و بیمه‌ی ژیان بۆ هه‌موو ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵ «دیه» ئه‌م
نرخه قیزه‌ونه‌ی ده‌ورانی جاهیلییه‌ت، (دانانی نرخی ماددی بۆ گیانی
ئینسان) که به هۆی کوژرانی مرۆڤ یان که‌مئه‌ندامبوونی که‌سێک، ده‌درێ به
بنه‌ماڵه‌ی زیان لێ‌که‌وتووه‌که. هه‌ر به‌پێی ئه‌م قانوونه بێزهه‌ستێنه
که بناغه‌که‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵاواردن دارێژراوه، «دیه»ی ژن نیوه‌ی "دیه"ی
پیاوه.
ده‌بێ پێدانی «دیه» بۆ بنه‌ماڵه‌ی کچه‌کانی شیناوێ چ مانایه‌کی
هه‌بێ؟! ئایا به‌ڕاستی ئه‌وه برینی قووڵی ئه‌وان چاره‌سه‌ر ده‌کا؟! ئایا
کچه‌کان روخساریان وه‌ک پێشووی لێ‌دێته‌وه؟
قانوونی «دیه» قانوونێکی کۆنه‌په‌رستانه‌ی ئیسلامیی دژی ئینسان‌و
به‌تایبه‌تی دژی ژنه، نرخی گیانی ژن نیوه‌ی نرخی گیانی پیاوه. ئه‌مه
زامێکه کچه‌کانی شیناوێ ره‌نگه ئێستا هه‌ست به ئازاره‌که‌ی نه‌که‌ن!
ئه‌وان ئێستا دڵیان پڕه له داخی بێ‌مه‌یلییه‌کانی به‌رپرسان‌و
ده‌سه‌ڵاتدارانی پێوه‌ندیدار. ئه‌م منداڵانه به‌رده‌وام پێویستیان به
پێڕاگه‌یشتنی ده‌رمانی‌و نه‌شته‌رگه‌ری هه‌یه، ره‌نگه نه‌شته‌رگه‌ری
هێندێکیان به چه‌ندین ساڵ درێژه بکێشێ، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتداران وڵامده‌ری
نیازه‌کانی ئه‌وان نین. به هۆی ئه‌م وڵامده‌ر نه‌بوونه، بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و
کچانه به‌چه‌ندین جار ناڕه‌زایه‌تییان له دژی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و
ته‌ندروستی رێژیم ده‌ربڕیوه، به‌ڵام ده‌نگیان به هیچ کوێ نه‌گه‌یشتوه.
سووتانی ئه‌م منداڵانه که هیواو هومێدی دوارۆژی بنه‌ماڵه‌و کۆمه‌ڵی
خۆیانن، یه‌کێکی دیکه له‌و ریزه جینایه‌تانه‌ی ئه‌و نیزامه
کۆنه‌په‌رسته‌یه، که هیچ رێزێک بۆ داهاتووی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه دانانێ.
وه‌زاره‌تی فێرکردن‌و په‌روه‌رده‌ی ئه‌و نیزامه دابینکردنی که‌ره‌سه‌کانی
خۆشگوزه‌رانی‌و راگه‌یشتن به کێشه‌ی پاراستن‌و له‌شساغی قوتابیان به
ئه‌رکی خۆی نازانێ، ئه‌گینا پاش روودان‌و کاره‌ساتی شیناوێ ده‌بوو به
ئه‌خلاق‌و پرنسیپێکی دیکه‌وه بیرێکی به‌په‌له‌ی له چاوه‌دێری‌و شێوازی
ستانداری شوێنه په‌روه‌رده‌ییه‌کان بکردایه‌ته‌وه، تاکوو خه‌ڵکی ئێران چی
دیکه شاهیدی کاره‌ساتی دڵته‌زێنی له‌م چه‌شنه نه‌بێته‌وه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماده نین به پووڵی زۆری نه‌فت
که‌مترین تێچوو بۆ سیستمی گه‌رمای قوتابخانه‌ی دێهاته هه‌ژاره‌کانی ئێران
ته‌رخان بکه‌ن، چۆن خه‌رجی ته‌واوی ئه‌م کچه قوتابیانه ده‌گرێته ئه‌ستۆی
خۆی به‌تایبه‌تی که ئه‌وانه کوردیشن؟!
کۆماری ئیسلامی ته‌نیا کارێک له شوێنه‌په‌روه‌رده‌ییه‌کان که به
جیددی باشی به‌ڕێوه ده‌با، بیرشتنه‌وه‌یه‌و په‌ره‌پێدانی خورافه‌و
ئیسلامیی کردنی کتێبه ده‌رسییه‌کان‌و پاکسازی کردنی مامۆستایان‌و
خوێندکارانێکن که له دژی ناعه‌داله‌تییه‌کان ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌بڕن.
کوێستان فتووحی
10/4/1393
له ژماره ٦٣٥ ی رۆژنامه‌ی "کوردستان"دا بڵاو بۆته‌وه