قەتڵی «نامووسی» مێژوویەکی بە درێژایی تەمەنی سیستمی پیاوسالاری لە جیهاندا هەیە، بەڵام لە هەموو جیهان و لە نێو هەموو میللەتاندا وەک یەک نەبووە و نیە.
قەتڵی «نامووسی» یان جینایەتی «نامووسی» بەو قەتڵە بنەماڵەیییانە دەگوترێ کە زۆرتر قوربانییەکانی ژنان و کچانن و بە دەستی پیاوانی بنەمالە دەکوژرێن. کوشتنەکە بەناوی ئەوەی ئەو ژنە یان ئەو کچە «شەرەف»، یان «نامووس»ی بنەماڵەکەی کە دەبێتە ئابڕووی بنەماڵە لەکەدار کردوە، ڕوو ده‌دا.
ژن ، نامووس، پیاو!
«نامووس» چیە كه‌وا هه‌ر له لایه‌ن ژنانه‌وه ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه و پیاوان دەبێ ژنانی لەسەر سزا بدەن؟ لە پێناسەی کۆمەڵگەی کورددا، مێیینەکانی بنەماڵە نامووسی پیاوانی بنەماڵەن. «نامووس» ئەو چەمکەی ژنی کردۆتە کالایەک و بۆتە هۆی چەوسانەوە و ئازاردانی ژن لە لایەن پیاوەوە.
زۆربوونی قەتڵە «نامووسییەکان» لە نێو کورددا لەم ڕۆژانەدا وای کرد کە بە نووسینی چەند دێڕێک لەسەر ئەم حاڵەتە کە بەداخەوە خەریکە لە کۆمەڵگەی کورددا دەبێتە دیاردە، جارێکی دیکە بێزاریی خۆم لەم کردەوە شەرماوییە دەرببڕم.
كۆمه‌ڵگای کورد، كۆمه‌ڵگایه‌كی ئایینی‌و سوننه‌تییه. له قانوون، عورف‌و كه‌لتووری كۆمه‌ڵگای ئایینی و سووننهتییشدا، ژن وه‌ك كالایه‌كی جینسی چاوی لـێکراوە، ئه‌و كالایه‌ش ساحەبی هەیە کە پیاوە واتە (باوك، براو مێرد) دەتوانن ساحەبی بن. ژن موڵكی ئه‌وانه‌و ئەوان چۆنیان پێخۆشه ئاوا رەفتاری لەگەڵ دەکەن. بۆیه ژنیش دەبێ بە دڵی ئەوان هەڵسوکەوت بکا و هه‌موو خواست‌و ئاره‌زوو و مافه‌كانی ده‌بێ وەک کەرەسەیەکی بەنرخ بۆ پیاو هەڵبگرێ! ئەم کەرەسەیه ناوی «نامووس»ە، و ده‌بێ زۆر به‌ئه‌مانه‌ته‌وه بۆی بپارێزێ! بە پێچەوانەی ئەوە، له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه تووشی خراپترین سزا ده‌بێته‌وه. لە كه‌لتووری كۆمه‌ڵگای کوردستاندا ڕه‌وشی بنه‌ماڵه‌و كۆمه‌ڵگه له جەستەی ژن‌دا پێناسه كراوە، هه‌ر بۆیه ژن بۆخۆی خاوه‌نی جه‌سته‌ی خۆی نیە. واته جه‌سته‌ی ژن له ئیختیار‌و كۆنترۆڵی پیاوانی بنەماڵەدایه. بۆیه هه‌ر لادانێك له خه‌تی سووری ئه‌وان وەک سووكایه‌تی به پیاوان و ئابڕووی بنەماڵە چاو لێدەکرێ و سزاكه‌شی هه‌ر پیاوان دیاریی دەکەن.
خانمی مێهرئەنگیزی کار مافناس و چالاکی ماڤی مرۆڤ، لە سەر ئەو بڕوایەیە که قەتڵە نامووسییەکان زۆرتر لەو کۆمەڵگایانەدا ڕوو دەدەن کە بە زۆری موسوڵمانن. لەو کۆمەڵگایانەدا قانوون و ڕێوشوێنەکان، زۆرتر پشتگری لە قاتڵەکە دەکەن و بە دژی قوربانییەکەن. قانوونی وڵاتانی موسوڵمان وەرگیراو لە شەریعەتی ئیسلامە. ئیسلامیش سنووربەندییەکی تایبەتیی لە نێوان ڕەگەزی ژن و پیاودا کردوە. لە وڵاتانی ئیسلامی‌دا رەگەزی پیاو بەبیانووی پارێزگاری لە «شەرەف» زۆرجار بە عەمد هاوسەری، خوشکی، تەنانەت دایکی خۆی دەکوژێ، بەڵام لە قانوون‌دا سزای بۆ لەبەرچاو نەگیراوە یان ئەگەریش گیرابێ، بەپاساوی جۆراوجۆر تاوانبار لە سزا ڕزگار دەکرێ. هەربۆیە لەو کۆمەڵگایانەدا ژن‌کوژی لە پەنا قانوون‌دا کراوە بە کردەوەیەکی رێگەپێدراو و مەشرووع.
لە کۆمەڵگە نەریتی و دواکەوتووەکاندا ژن لەگەڵ دۆخێکی پڕ لە توندوتیژی و نادادپەروەرانە ڕووبەڕوویە. ئەمە جگە لە قانوونی وڵاتەکە کەلتوور و نەریتیش بوونەتە هۆی پێشێلکردنی مافەئینسانییەکانی ژن. هەموو جۆرە هەڵسوکەوتێکی ژن بە شک و گومانەوە سەیری دەکرێ. تەنانەت قسەکردن، پێکەنین و هەرجۆرە پێوەندییەکی ژن لەگەڵ پیاو دەیانجۆر تەفسیری بۆ دەکرێ و زۆر جار قسەکردنێکی ئاسایی کچێک لە گەڵ کوڕێک، ئەو تەفسیرەی بۆ دەکرێ کە ئەمە رێوشوێن و بایه‌خه ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگە یان بنەماڵەی له‌ژێر پێ ناوە. بۆیە هەمیشە ژن مرۆڤێکی مەحکووم کراوە و سزاکەشی لە لایەن پیاوانی بنەماڵەوە دیاری دەکرێ، کە بەداخەوە زۆرجار بە قەتڵ کۆتایی هاتوە.
شه‌یدای ته‌مه‌ن 16 ساڵ و دایکی منداڵێکی 2 ساڵانه ساڵی 1388 له لایه‌ن براکه‌یه‌وه به چه‌قۆ گیانی لێسهندرا. ئه‌و له کاتێکدا کوژرا که له سه‌ر شه‌قامێک له‌گه‌ڵ پیاوێک خه‌ریکی قسه‌کردن بوو.
پیاوێک پاش 29 ساڵ ژیانی هاوبه‌ش به هۆی گومانێکه‌وه به‌به‌ر چاوی منداڵه‌کانیه‌وه هاوسه‌ره‌که‌ی خۆی کوشت.
له دێیه‌کی مه‌ریوان، دڵبه‌ر خوسره‌وی به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌یه‌ویست له مێرده‌که‌ی که به زۆر پێیدرابوو جیا بێته‌وه، له لایه‌ن باوکیه‌وه سه‌ری بڕرا.
له سه‌قز، «شنۆ فه‌رهادی» به هۆی ڕازینه‌بوون به شووکردنی زۆره‌ملی، به ده‌ستی براکه‌ی کوژرا.
له دێیه‌کی مه‌ریوان «فرشته نه‌جاتی» که 18 ساڵ له مێرده‌که‌ی چووکتر بوو به نیازی لێجیابوونهوهی، گه‌ڕابۆوه ماڵی باوکی. به تاوانێکی ئیسباتنهبوو که گۆیا له‌گه‌ڵ پیاوێکی دیکه پێوه‌ندیی هه‌بووه له لایه‌ن باوکیه‌وه سه‌ری بڕرا.
تازەترین قوربانی هەڵاڵە خزرییە کە 10 ساڵ بوو لە وڵاتی نۆروێژ دەژیا، گۆیا بە هۆی «کێشەی کۆمەڵایەتی»! چەند حەوتوو لەوە پێش بە دەستی مێردەکەی کوژرا! هه‌روه‌ها دنیا میری له کرماشان به ده‌ستی باوکی کوژرا.
ئه‌مانه تەنیا چه‌ند نموونەیەکی زۆر کەم بوون له جینایه‌تی به ناو «نامووسپارێزی» له نێو کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم چەند ساڵەی دواییدا. لیستە دوور و درێژەکەی باشووری کوردستانیش لێرەدا جێگای نابێتەوە!
قەتڵی «نامووسی» لە هەر فەرهەنگ و کۆمەڵگەیەکدا بێ جینایەتێکی دژیئینسانییە
ئایا کوشتن بە ناوی «شەرەفپارێزی» لە کۆمەڵگەی کوردستان بە -هەموو بەشەکانیەوە - ڕوو لە زیاد بوونە؟ لەوبارەیەوە ناتوانین بەشێوەیەکی قەتعی هیچ بڵێین، چونکە ئامارێکی رەسمی و دروست لەلایەن هیچ دامودەزگایەکی دەوڵەتەکانی ئەم بەشانەوە بڵاو نابێتەوە و تەنانەت زۆرجار ئەم قەتڵاتە لەنێو بنەماڵەکاندا بەشاراوەیی دەمێننەوە. بەڵام بە ڕوانینێک لە لاپەڕەی میدیا‌و ڕۆژنامە و ماڵپەڕەکاندا، دەتوانین تا ڕادەیەک قووڵایی ئەو کارەساتەمان لە کۆمەڵگەی کوردستان بە تایبەت باشووری کوردستان بۆ دەرکەوێ و بڵێین بەداخەوە ئەم جینایەتە لە حاڵی پەرەسەندندایە. نە ئەو هەموو رێکخراوەی ژنان و قسەو نووسراوانەی چالاکانی مافەکانی ژنان کاریگەرییان هەیە، نە قانوونەکانیش لەوبارەیەوە ڕاستەوخۆ ڕێگری لەم جینایەتە مرۆیییە دەکەن. بە واتایەکی دیکە نووسینی قانوون بەس نیە، گرنگ چاوەدێری و بەڕێوەبردنی قانوونە.
لە ئێران سیستم و قانوونه‌کانی کۆماری ئیسلامی دژ بە ژنانن و دەتوانین بڵێین لە پەرەسەندنی کەلتووری «شەرەفپارێزی»دا کاریگەریی زۆری هەبووە. بە هەموو پێوەرەکان ئەو رێژیمە بوون و نەبوونی ژنی بەلاوە گرنگ نەبووە و نیە. ئەسڵەن کێشەکۆمەڵایەتییەکان لە لایەن ئەو دەسەڵاتەوە جێگەی بایەخ نەبووە. لە لایەکی دیکەوه رێکخراو و چالاکانی مافەکانی ژنان بە هۆی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە دژایەتیی لەگەڵ هەر چالاکییەکی مەدەنی و ئازادیخوازی هەیە بەو شێوەیە نەیانتوانیوە لە پێوەندی لەگەڵ کێشەکانی کۆمەڵگە و ئاگاییبەخشین بە خەڵکدا، چالاکیی بەرچاویان هەبێ.
دیارە کارکردن لەسەر دابونەریت و کەلتوور بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی دەسەڵاتدایە. چونکە دامودەزگا فێرکاری و پەروەردەیییەکان بە دەست دەسەڵاتەوەن. دەسەڵات دەتوانێ لە رێی پەروەردەوە ڕوانینەکان بەرانبەر بە هەر شتێک بگۆڕێ یان بچەسپێنێ. لە کۆمەڵگەی ئێران‌دا کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەشێکە لەو، پەروەردەیەکی هەتا بڵێی پڕ لە نادادپەروەری و دژایەتی لەگەڵ ژنان له‌ئارادایه. هەر ئەوەشە وای کردوە کەلتووری «نامووسپارێزی» و ژن‌کوژی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە ڕوو لە زیاد بوون بکا.
دیارە لە دەورانی ڕێژیمی شادا قانوونی سزادانی گشتی لە زۆر بارەوە مۆدێرن و هەماهەنگ لەگەڵ واقعییەتەکانی کۆمەڵگەی ئەوکات بوو ، بەڵام کە دەگەیشتە سەر قەتڵی نامووسی هەر بەوجۆرە بوو کە ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی بەڕێوەی دەبا.
بێدەنگی بۆ؟
رۆژ نیە ئێمە شاهیدی هەواڵێکی دڵتەزێنی کوشتن به تاوانی «ناموسی» یان خۆکوژی ژنێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبین. که‌چی ڕووناکبیرانی کورد دانه‌چڵه‌کین و هه‌ڵوێستێکی جیدییان لێ نابینرێ. یه‌کێک له تراژیدییه‌کان ئه‌وه‌یه که ڕووناکبیران و نوخبەکانی وڵات له ئاست کێشەیەکی ئاوادا مته‌قیان لێوه نایه. ئه‌م هه‌موو میدیا و کاناڵە مەجازییە هەیە، گۆڤار‌و رۆژنامه و بڵاوکراوه هەیە، به‌ڵام قسەیەکی جیددی لە ڕووناکبیران و نوخبه‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه به دژی ژن‌کوژی به‌دی ناکه‌ین. کارێکی ڕهوشهنگهرانه، و هه‌ڵمه‌تێکی گشتی و سه‌رانسه‌ری که که‌سایه‌تی و تاکه شوێندانه‌ره‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه تێیدا به‌شدار بن، نابینین. ئه‌م هه‌موو خۆکوژی و کوژرانی «ناموسی»یه ده‌بیسرێ و ده‌بینرێ که‌س به‌رپرسیارانه لێی ناڕوانێ و له هۆکاره‌کانیان ناپرسێته‌وه.
لە باشووری کوردستان ئه‌و هه‌مووه زانکۆ‌و ناوه‌نده زانستییه هه‌یه، به ده‌گمه‌ن لێکۆڵه‌رێک، خوێندکارێک، خاوه‌ن بڕوانامه‌یه‌ک ده‌بینین که توێژینه‌وه‌یه‌ک له‌سه‌ر دۆخی ناله‌باری ژنانی کورد بکا. رێکخراوێکی ژنان جارێک له‌سه‌ر ئه‌و کوشت وکوشتاره شه‌قامی نه‌هه‌ژاندو هه‌ڵوێستێکی جیدیی نه‌گرت. پارلمانتارێکی ژن و پیاو وه‌ها ده‌نگی هه‌ڵنه‌بڕی که کۆمه‌ڵگە له گه‌ڵ خۆیدا بهه‌ژێنێ. یه‌کێک له هۆکاره‌کانی به‌رده‌وامیی ئه‌و دۆخه‌ی ژنان له باشووری کوردستان، نه‌بوونی هێزێکی کاراو چاوه‌دێره که وه‌ڵام و ڕوونکردنه‌وه له هه‌ر مه‌قام و ناوهندو دامه‌زراوێک بخوازێ.
ئاستی که‌لتوری و ڕۆشنبیریی خه‌ڵک له‌پێوه‌ندی له گه‌ڵ پرسە کۆمەڵایەتییەکاندا لهخوارێیه. لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا له سه‌ر شه‌قام پیاوان پێکەوە به‌شه‌ڕ دێن، دایک و خوشک و هاوسه‌ری یه‌کتر وه‌به‌ر هێرشی جوێن و قسه سووکه‌کانیان ده‌ده‌ن.
ئه‌م جینایەتە کۆتایی پێنەیە کورد مێژوویەکی ڕەش بۆخۆی تۆمار دەکا!
ئەوەی ئەمڕۆ ڕوو دەدا دەبێتە مێژووی سبەینێمان. کوردستان بەگشتی هەموو پارچەکانی بۆ زۆر مەسەلە چاوی هیوایان بڕیوەتە ئەوبەشە ئازادکراوەی کوردستان. بەڵام دەبێ بڵێم بەداخەوە باشووری کوردستان لەپێوەندی لەگەڵ مەسەلەی مافەکانی ژناندا نموونەیەکی باش نەبووە بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان.
کۆمه‌ڵگه هه‌ر به دروستکردنی ویلاو شاری خه‌ونه‌کان پێش ناکه‌وێ. کاربه‌ده‌ستان و به‌رپرسانی حکوومه‌تی هەرێمی کوردستان رۆژ نیه به‌ردی بناغه‌ی بازاڕێک، کۆشک و ته‌لارێک دانه‌نێن، بێئه‌وه‌ی خه‌مێکیش له ناخ و ده‌روونی ئه‌و هه‌موو منداڵانه بکه‌نه‌وه که رۆژانه شاهیدی لێدان و ئازاردان و ته‌نانه‌ت کوشتنی دایک و خوشکه‌کانیانن. جوانکردنی ڕوخساری شه‌قام و شاره‌کان چ نرخێکی هه‌یه که که‌لتووره‌که‌مان له دیارده ناحه‌زه‌کان پاک نه‌که‌ینه‌وه؟ بۆ دەبێ به‌ره‌وژووربردنی وشیاریی کۆمه‌ڵگه بکەوێتە په‌راوێزی هه‌موو پرۆژه‌کانی دیکه‌وه؟!
کورد بە نەتەوەیەکی خەباتکاری ڕێگای ئازادی و ئازادیخوازی خۆی پێناسە دەکا. بە شانازییەکانمان دەنازین کە لە پێناویان‌دا دەیان ساڵە خەبات دەکەین و قوربانییان بۆ دەدەین. بەڵام قەتڵی «نامووسی» خەریکە لە دنیای دەرەوە ڕوخساری کورد ناشیرین و بێزهەستێن دەکا. ژن‌کوژی به پاساوی «شه‌ره‌فپارێزی»جینایه‌تێکی ئاشکراو دژی ئینسانییه و بە هیچ جۆر نابێ چاوپۆشیی لـێ‌بكرێ. لەنێو هەر کۆمەڵگەو نەتەوەیەکدا روو بدا، جینایەتێکی ئینسانییە. لە نێو کورددا ئەگەر مێژوویەکی هەیە، لە کەلتووری چ وڵاتێک وەرگیرابێ گرنگ نیە، گرنگ ئەوەیە ئەمڕۆ جینایەتەکه لە نێو نەتەوەکەی ئێمەدا ڕوو دەدا.
کورد ئەمڕۆ قسە لە ئازادی، دێموکراسی و مافی مرۆڤ دەکا، کەچی نوقمی کۆمەڵێک دیاردەو سوننەتین کە نەک ناتەبایی‌یان لەگەڵ ئەم چەمکانە هەیە، بەڵکوو رێگرێکی سەرسەختی گەیشتن بە ئازادی، دێموکراسی و مافەکانی مرۆڤن.
بۆ که‌مکردنه‌وه و نه‌هێشتنی ئه‌م دیارده شوومه، ده‌بێ له لایه‌که‌وه، رێگه له‌وه بگیرێ که که‌سوکار (مێرد، برا و باوک و مام و خاڵ و...) هه‌ر سزایه‌ک بۆخۆیان پێیان خۆشه به سه‌ر ژن (هاوسه‌ر، خوشک، کچ، برازا، خوشکه‌زا و...)ی خۆیانیدا بسه‌پێنن. هه‌ر کرده‌وه و هه‌ڵوێست و ره‌فتارێکی ژن یان کچ که به دڵی که‌سوکاره‌که‌ی نه‌بوو، مه‌رج نیه تاوان و لادان بێ. ئه‌گه‌ر ئه‌و کرده‌وه و هه‌لسوکه‌وتانه_ به پێی هه‌ر پێناسه و لێکدانه‌وه‌یه‌ک - لادان و تاوانیش بن، که‌سوکار، ئه‌و سه‌لاحییه‌ته قانوونی و قهزایییهیان نیه بڕیاری کوشتنی که‌سێک بده‌ن. له لایه‌کی دیکه‌وه، ده‌بێ هه‌م له ئاستی که‌لتووری و هه‌م له ئاستی قانوونی‌دا، هه‌وڵێکی زۆر بدرێ بۆ ئه‌وه‌ی ڕوانینی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه و ڕوانینی ناوه‌نده‌کانی یاسادانان و .. به‌رامبه‌ر مافه‌کانی ژنان و ئازادیی ئه‌وان له هه‌ڵبژاردنی هاوژیان و جیابوونه‌وه و. بگۆردرێ. دیاره ئه‌مه‌ش پێویستی به کارێکی زۆری فه‌رهه‌نگی له هه‌موو بواره‌کان و پێکهاتنی هه‌لومه‌رجێکی ئه‌من و ئازاد له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی چالاکانی مافه‌کانی ژنان و داکۆکیکه‌رانی ئه‌و مافانه بتوانن بۆ ئامانجه‌کانیان تێ‌بکۆشن. هه‌روه‌ها ئیسلاحی قانوون بۆ پێشگیری له هه‌رجۆره توندوتیژییه‌ک دژ به ژنان و دروستکردن و پاراستنی ماڵی ئه‌من بۆ ژنانێک که ڕووبه‌رووی توندوتیژی ده‌بنه‌وه، تا به‌دیهاتنی ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ش، ڕێگایه‌کی درێژ له پێشه. کە بەداخەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمە ئیمکانی کەمە. بۆیە باشووری کوردستان دەتوانێ هێندێک کار بکا کە کاریگەریی لەسەر بەشەکانی دیکەش هەبێ. لە باشوور کار و چالاکیی فەرهەنگی ئەو رێگری و بەربەستانەی کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە نیە، بەڵام لەبواری کۆمەڵایەتی و کەلتووریدا دەتوانێ کاریگەری لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشەکانی دیکەش دابنێ کە بەداخەوە لە پێوەندی لەگەڵ پرسی «شەرفپارێزی»دا کاریگەریی خراپیان لەسەر بەشەکانی دیکەش داناوە.
جگە لەمانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەر لەو لایەنەوە چالاکان و رێکخراوە مەدەنییەکان بە هۆی قانوونەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستیان کورتە و ناتوانن بەوجۆرەی پێویستە چالاکییان هەبێ، بەڵام رێگەی دیکە هەیە بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ کەلتووری «ژن‌کوژی». حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ و ئەرکە لەسەر شانیان لە پێناو پێشگیری لەم جینایەتە لە کوردستان، هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە و بەشێکی زۆر لە ئەرکەکانیان تەرخان بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جینایەتی «نامووسی». پێویستە لە رێگەی میدیاکانەوە تەفسیر و هەڵوێستی خۆیان ڕوون بکەنەوە و پێناسەیەکی دیکە بۆ چەمکی «شەرەف» و «نامووس» بکەن و ئاراستەی بیرکردنەوەی خەڵک لە سەر ئەم چەمکە بگۆڕن. بۆ ئەوەی چی دیکە شاهیدی ئەو کوشتوکوشتارەی ژنان لە ژیر ناوی «نامووسپارێزی»دا نەبین و روخساری نەتەوەکەمان لەنێو کۆڕوکۆمەڵە جیهانییەکاندا ناشیرین و بێزراو نەبێ.