۱۳۹۷ شهریور ۲۵, یکشنبه

هێندێک کارەسات هەن زۆر دڵتەزێن و جەرگبڕن
کارەساتی ٨ی سێپتامبر یەک لەو کارەساتانە بوو کە دڵی هەموومانی تەزاند. 
قسە لەوە ناکەم بۆ کەسوکاری ئەو شەهیدانە چۆنە و ئێستا چ هەستێکیان هەیە، چونکە هەرکەسێک ئازێزێکی لەدەست دەدا ڕوونە چ هەستێکی هەیە و چ دەکێشێ. قسە لە هەستی خۆشم ناکەم کە دوو لەخۆشەویستترین هاوڕێکانم کە ساڵانێکی زۆر پێکەوە هاوڕێ وهاوکار بووین و زۆر بێرەوەری خۆش و ناخۆشمان پێکەوە هەیە، کاتێک کە ناویانم لە نێو ناوی شەهیدەکان‌دا بیست، چم لێ هات. هەر ئەوندە دەڵێم هەستم کرد لایەک لە ڕوح و جەستم لێ‌بۆوە.
دەمەوێ زۆر بە کورتی باسی سوهەیلا و نەسرینی شەهید بکەم. نەسرین و سوهەیلا، من ناوم لێ ناون قەڵا. قەڵایەک بوون بۆ حیزبی دێمۆکرات و بۆ ژنان. قەڵایەک لە دڵسۆزی و خەمخۆری، قەڵایەک لە تێکۆشان و نەسرەوتن. هەڵبەت گومانم نیە هەموو ئەو تێکۆشەرانەی ئەو ڕۆژە شەهید بوون، دڵسۆز و فیداکار بوون بۆ حیزب و میللەتەکەیان، بەڵام دەبێ بڵێم نەسرین و سوهەیلا تایبەتی بوون. کاریکەری ئەو دووژنە تێکۆشەرە لە لایەک و شەهیدەکانی دیکە لە لایەک. خەمەکەشیان هەر وا.
من تەنیا بۆ نموونە باسی هێندێک مەسەلە دەکەم لە پێوەندی لەگەڵ نەسرین و سوهەیلا:
لە کۆڕی شادی وغەمەکان‌دا لە کارو چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان، لە پێشوازی میوان و تەرتیب‌دانی بەرنامە‌جۆراوجۆرەکان‌، لەدڵدانەوە و خەمی بنەماڵەی شەهیدان‌ و زۆر ئەرکی دیکە، کارت پێ‌سپاردبان و پشتت لێ‌کردبانەوە.
نەسرین لەکاری خۆیدا کە ماوەی ساڵانێکی زۆر مامۆستا و مودیری قوتابخانەکانی شۆرش بوو، مودیرێکی دڵسۆز و فیداکار بوو. مناڵەکانی دوێنێ و لاوەکانی ئەمڕۆی دێموکرات شاهیدن نەسرین کێ بوو. نەسرین لە کاری خۆی‌دا مودیر بوو.
سوهەیلای دڵسۆز هیچکات درێغی نەکرد لە هاندانی کچە لاوەکان ئەو کچانەی لە حیزبی دیموکرات دا لە دایک بوون و خوێندیان و پێ‌گەیشتن.
ئەوان هەر کادری ڕێبەری حیزبەکەیان نەبوون، دایک و خوشک بوون بۆ کوڕو کچە پێشمەرگە لاوەکان، بۆ بنەماڵەی شەهیدان، لە دەستچوونیان تەنیا خەسار نەبوو بۆ حیزبەکەیان، بەڵکوو بۆ ژنان و جووڵانەوەی ژنان لە کوردستان خەسارێکی کەم نەبوو. ئەوان زۆریان هەوڵ دا ڕێکخراوەکانی ژنان نەکەونە ژێر کارێگەری و هێژموونی ململانێ و کێشە حیزبییەکان. ئەو هەوڵانەی ئەوان تا ڕادەیەک لە کارو تێکۆشانی ڕێکخراوەکانی ژنانی سەر بە حیزبەکان‌دا ڕەنگی دابۆوە. هەر بۆیە لەم ساڵانەی دوایی‌دا ڕێکخراوەکانی ژنان زۆرتر لێک نزیک ببونەوە بۆ کاری هاوبەش.
بۆیە حیزبی دیمۆکرات ئەگەر بیهەوێ کەلێنی نەبوونی سوهەیلا و نەسرینی تێکۆشەر زووتر پڕ بکاتەوە، دەبێ لاپەڕێکی نوێ لە کار و تێکۆشانی بەرانبەر بە ڕۆڵی ژنان هەڵداتەوە. ڕێکخراوەکانی ژنان ئەگەر وەفادار بن بە هاوڕێ شەهیدەکانیان پێویستە ڕێگا و ڕێبازی ئەو دوو ژنە تێکۆشەرە ون نەکەن و زیاترلە جاران پێکەوە کار بکەن بۆ سەرکەوتنی ژنان لە پێناو وەدیهاتنی مافەکانیان.
سڵاو لە شەهیدانی ٨ی سێپتامبر
بەهیوای وەدیهاتنی ئامانجەکانیان.
کوێستان فتوحی
۱٥ی سێپتامبری ۲۰۱٨