هه‌ر له رۆژه‌کانی یه‌که‌می به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی خومه‌ینی و داروده‌سته‌که‌ی ژنان که‌وتنه نێو هه‌لومه‌رجێکی زۆر دژوارتر له پێشوو. خومه‌ینی و رێژیمه‌که‌ی سه‌ره‌تا دوو دڵ بوون له هێزی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان، که ئایا ده‌توانن خێرا هه‌موو ئامانجه‌کانیان بپێکن؟ به‌ڵام له پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ژنان‌دا هیچ دوودڵییه‌کیان نه‌بوو. به‌ناوی په‌یڕه‌وه‌یی له ئایینی ئیسلام هه‌ر هه‌نگاوێکیان له‌م پێناوه‌دا هه‌ڵدێنایه‌وه به قودره‌ته‌وه هه‌ڵیان دێنایه‌وه و له هه‌ستی مه‌زهه‌بیی خه‌ڵکیش که‌ڵکیان وه‌رده‌گرت. یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی مه‌زهه‌بی، له هه‌نگاوی یه‌که‌م‌دا به‌رته‌سک کردنه‌وه‌ی ماف‌و ئازادییه‌کانی ژن بووه. ئه‌مه بێ دوو دڵی خومه‌ینی و داروده‌سته‌کی به پشتیوانی مه‌زهه‌ب‌و خه‌ڵکی مه‌زهه‌بی ده‌ستیان پێ‌کرد.
رێژیمی شا رووخا، شکه‌نجه‌گه‌ران و جینایه‌تکارانی ساواک که‌وتنه زیندان، خه‌ڵکێک که له رووخانی ده‌سه‌ڵاتی په‌هله‌ویی‌دا نه‌خشیان هه‌بوو و هه‌ستیان به رزگاریی له کۆت‌و به‌ندی چه‌ندین ساڵه‌ی ئه‌و رێژیمه ده‌کرد، بێ ئه‌وه‌ی رێژیمی تازه بناسن شادمان و سه‌رمه‌ستی سه‌رکه‌وتن و به‌ئاکام گه‌یشتنی شۆڕشه‌که‌یان بوون. ژنانیش وه‌ک باقی چین‌و توێژه‌کانی دیکه نه‌خشێکی بکه‌رانه‌یان له به‌ئاکام گه‌یشتنی شۆڕشی 1357دا هه‌بوو، ئه‌وانیش دڵخۆش بوون به‌و سه‌رکه‌وتنه. نه‌یانده‌زانی به هه‌ڵاتنی رۆژی نوێیان لێ ده‌کرێته تاریکستان. خومه‌ینی هه‌ر زوو په‌یامی خۆی به ژنان دا « خوشکانی ئێمه ده‌بێ به سیمایه‌کی ئیسلامییانه‌وه ده‌رکه‌ون» ئه‌م په‌یامه نیه‌تێکی شوومی له‌خۆی‌دا حه‌شار دابوو. هه‌ر دوای ئه‌م قسه‌یه‌ی خومه‌ینی بوو، له هه‌موو شوێنێک له لایه‌ن مه‌ئموورانی ده‌وڵه‌ته‌وه کێشه بۆ ژنانی بێسه‌رپۆش دروست ده‌کراو رێگه‌ی سه‌رکاریان لێ ده‌گیرا. دیاره ئه‌مه وه‌ک راسپارده‌ی خومه‌ینی زۆر به جیدییه‌ته‌وه به‌ڕێوه ده‌چوو، هه‌تا ساڵی 1363 که له مه‌جلیس وه‌ک قانوون په‌سند کرا و حیجابی زۆره‌ملی داسه‌پاو حوکمی 74 زه‌ربه قامچی بۆ هه‌ر ژنێک که ئه‌م قانوونه به‌ڕێوه نه‌با دیاری کرا.
خومه‌ینی و په‌یڕه‌وانی نه‌یانشارده‌وه که له روانگه‌ی ئه‌وانه‌وه ژن مه‌وجوودێکی عه‌قڵ ناته‌واوه و ده‌بێ له‌ژێر ئه‌مر و فه‌رمانی پیاودابن. ئه‌م شه‌ڕه جنسییه‌تییش سه‌رچاوه‌که‌ی له کتێبی «پیرۆز»دا بۆی گه‌ڕابوون که ئه‌مری به ژنان ده‌کرد له‌به‌رابه‌ر بێگانه‌دا ده‌بێ خۆیان دابپۆشن. له روانگه‌ی ژنان‌و لایەنگرانی مافی مرۆڤەوە شێوه‌ی پۆشینی جلوبه‌رگ بنه‌ما و سه‌ره‌کیترین حه‌قی ئینسانه، داسه‌پاندنی ئه‌م بڕیاره ده‌ستدرێژییه‌کی ئاشکرایە بۆ سه‌ر ئازادیی ئینسان. ئه‌مه خیانه‌ته به ده‌سکه‌وته‌کانی ئه‌و شۆڕشه.
حه‌سه‌ن رووحانی سه‌رکۆماری ئێستای ئێران له به‌شێک له بیره‌وه‌رییه‌کانی‌دا ده‌نووسێ: ته‌رحی داسه‌پاندنی حیجاب له ئیداره‌کانی پێوه‌ندیدار به ئه‌رته‌شه‌وه، ده‌بوو من جێبه‌جێی بکه‌م، بۆیه له هه‌نگاوی یه‌که‌م‌دا هه‌موو ژنانی کارمه‌ند جێگرتوو له یه‌کێک له ستاده‌کانی ئه‌رته‌ش که نزیک به 30 که‌س بوون، کۆبوونه‌وه‌یه‌کم له‌گه‌ڵ پێ هێنان و پاش قسه‌و باس پێم گوتن له سبه‌ینێوه به سه‌رپۆشه‌وه ده‌بێ بێنه‌سه‌رکار. ژنانی کارمه‌ند بێجگه له دوو یان سێ که‌س نه‌بێ هه‌موو ده‌ستیان کرد به هاتوهاوار ئێعتراز، به‌ڵام من به‌توندی راوه‌ستام و گوتم: به نیگابانی به‌ر ده‌رکه ده‌سپێرم رێگه له ژنانی بێ سه‌رپۆش بگرێ بێنه ژووره‌وه. دوای ئه‌وه له هه‌موو ئیداره‌کانی ستادی ئه‌رته‌ش له هه‌موو شاره‌کان ئه‌م ده‌ستووره به‌ڕێوه چوو، ژنانی کارمه‌ند ئێعترازیان ده‌رده‌بڕی، به‌ڵام من زۆر لێبراوانه پێم ده‌گوتن: «ئه‌وه ده‌ستووره و سه‌رپێچی کردن خیلافه« دواتر بۆم شی ده‌کردنه‌وه که مه‌سه‌له چارشێو نیه مه‌سه‌له ئه‌وه‌یه سه‌رو ملتان ده‌بێ داپۆشرێ! پاشان ده‌ستوو به هه‌موو دژبانییه‌کان درا رێگه له ژنانی بێسه‌رپۆش بگیرێ بۆ سه‌ر کاره‌کانیان. (1)
به قسه‌ی خومه‌ینی‌و لایه‌نگره‌کانی، ژنانی ئێران له‌لایه‌ن رێژیمی په‌هله‌وییه‌وه، ئابڕوویان لێ سه‌ندرابۆوه، (که‌شفی حیجاب 1314) بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌و ئابڕووه ده‌بوو ژنان خۆیان له چارشێوی ره‌شه‌وه بپێچن. یه‌کێک له ستراتیژیی و پرۆژه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی تازه ئه‌وه بوو ژنان له زۆر بواردا مه‌حدوود بکاته‌وه، پڕۆژه‌یه‌ک که ئێستاش پاش 36 ساڵ ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی رێژیمه‌که‌ی خومه‌ینی هه‌ر به‌رده‌وامه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به ناوی پارێزگاری له پاکداوێنیی ژنان، سه‌ره‌تا داسه‌پاندنی حیجاب بیانوویه‌کی باش بوو بۆ ئه‌و ئامانجه. - رێژیمی ئێران بۆ مه‌به‌سته چه‌په‌ڵه‌کانی خۆی هه‌موو کات که‌ڵکی له باوه‌ڕه مه‌زهه‌بییه‌کانی خه‌ڵک وه‌رگرتوه-
به‌ڵام ژنانی وشیار ئه‌م سووکایه‌تییه‌یان پێ قه‌بووڵ نه‌ده‌کرا، هه‌ر دوای بڕیاری حیجابی داسه‌پاو له لایه‌ن خومه‌ینییه‌وه، به هه‌زاران ژن ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌کان و ده‌توانین بڵێین له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا شۆڕشێکی ژنانه له تاران و شاره‌گه‌وره‌کانی ئێران له دژی ئه‌و بڕیاره‌ی خومه‌ینی ده‌ستی پێ‌کرد. ژنان له خۆپیشاندانی دژی حیجابی زۆره‌ملی‌دا ده‌یانگوت «مل دان به حیجابی زۆره‌ملی، نمادی ته‌سلیم بوونه. ئێمه شۆڕشمان نه‌کردوه به‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ دواوه، مه‌سه‌له حیجاب نیه، مه‌سه‌له ئازادییه»، ئێمه نه‌ک هه‌ر بۆ خواسته‌کانی خۆمان، به‌ڵکوو له دیموکراسی راسته‌قینه دیفاع ده‌که‌ین و ته‌سلیمی ئه‌و بڕیاره نابین».
بۆ یه‌که‌م جار له لایه‌ن ژنانه‌وه دروشمی ئازادی و به‌رابه‌ری له شه‌قامه‌کان‌دا ده‌گوترایه‌وه. خومه‌ینی په‌یامه‌که‌ی ژنانی به گوێ گه‌یشت و له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ژنان کۆبۆوه، به‌ڵام به‌ئاکام نه‌گه‌یشتن‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌کان درێژه‌یان پێدرا. ئه‌و حه‌ره‌که‌ته‌ی ژنان له‌و سه‌روبه‌نده‌دا یه‌کێک له دروشاوه‌ترین لاپه‌ڕه‌کانی مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ژنان دژی سته‌می ره‌گه‌زییه له ئێران‌دا. حه‌ره‌که‌تی مافخوازی ژنان له کاتێک دا که ته‌نیا سێ حه‌ووتوو بوو شۆڕشی خه‌ڵکانی ئێران تاج و ته‌ختی پاشایه‌تی تێکه‌وه پێچا بوو و ده‌سه‌ڵاتی تازه به هۆی نه‌ناسراوی له پشتیوانییه‌کی به‌رینی خه‌ڵک به‌هره‌مه‌ند بوو، شه‌هامه‌ت و ئازایه‌تییه‌کی بێ‌وێنه‌ی ده‌ویست به خومه‌ینی بڵیی نا! خومه‌ینییه‌ک که ژماره‌یه‌کی زۆر له رۆشنبیرانی ئێرانیش له‌وکاته‌دا که‌م‌و زۆر به که‌سایه‌تییه‌کی روحی و مه‌عنه‌ویان ده‌زانی. دیاره ئه‌وكاته که‌م بوون ئه‌وانه‌ی له جیهانبینی ئه‌و پیاوه تێده‌گه‌یشتن. به‌ڵام ئه‌وه ژنان بوون له دوای به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی خومه‌ینی بۆیه‌که‌م جار له پێناوی ئازادی‌و مافی چاره‌نووسی خۆیان‌دا «نا» یان پێ گوت.
به‌ڵام بێبه‌زه‌ییانه که‌وتنه‌به‌ر هێرشی گۆپاڵبه‌ده‌ستانی خومه‌ینی، لێیان درا، بریندار کران، ده‌سبه‌سه‌ر کران، بێحورمه‌تییان پێ‌کرا. مێهدیی بازرگان سه‌رۆک وه‌زیر له‌و کاته‌دا وه‌ده‌نگ هات ... «شێواوی به‌هۆی چارشێو! زۆر پێکه‌نینیه! به‌ڵام دیسانیش پێویست ناکا له ژنان بدرێ!» دیاره ئه‌و باش ده‌یزانی کێشه‌که له مه‌سه‌له‌ی حیجاب گه‌وره‌تره. مخابن زۆر له هێزه چه‌په‌کانی ئێران و پیاوان به گشتی هاوڕێیه‌تیی شۆڕشه‌که‌ی ژنانیان نه‌کرد‌و ته‌نانه‌ت رۆژئاواش به تایبه‌تی فه‌ڕانسه که دڵیان به سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ئێران‌و ده‌سه‌ڵاتی خومه‌ینی خۆش کردبوو، بێجگه له ژماره‌یه‌ک رێکخراوه و که‌سایه‌تیی فێمێنیستیی رۆژئاوا، له ئاست خرۆشانی ژنانی ئێران له‌وکاته‌دا هه‌ڵوێستیان نه‌گرت و پشتیوانی‌یان لێ نه‌کردن، ته‌نیا وه‌ک رووداوێک له راگه‌یه‌نه‌کانیان‌دا باسیان لێ‌کرد. بۆیه ده‌کرێ بڵێین ژنانی ئێران له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا ته‌نیا مانه‌وه.
پاش سه‌رکوتی خۆپیشاندانه‌کانی ژنان دژی حیجابی زۆره‌ملی، خومه‌ینی به‌په‌له ئه‌و قانوونانه که تاراده‌یه‌ک پشتیوانی ژنان بوون بۆ نموونە قانوونی پشتیوانی له بنه‌ماڵه یه‌ک له‌و قانوونانه بوو، به‌بێ ئه‌وه‌ی قانوونێکی دیکه‌ی له جێگه دابنێ هەڵوەشاوە راگەیاند. هه‌ر دوای ئه‌و بڕیاره‌ی خومه‌ینی، پیاوی ئێرانی ئازاد بوو له یه‌ک کات دا ده‌توانێ 1- 2-3و 4 ژن بکاته هاوسه‌ری خۆی‌و هه‌رکات پێویست بێ یه‌ک لایه‌نه به‌بێ ئه‌وه‌ی بچێته دادگا له هاوسه‌ره‌که‌ی جیا بێته‌وه، ئه‌مه له‌سه‌ر بنه‌مای ئایینی ئیسلام ڕه‌وایی پێ‌درابوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش‌دا ژنان ئه‌مه‌یان به سووکایه‌تییه‌کی زه‌ق و ئاشکرا به خۆیان ده‌زانی.
بڕیاری سیاسی: ژنانی دادوه‌ر کاری دادوه‌رییان لێسه‌ندرایه‌وه....
بڕیارێکی دیکه: خزمه‌تی سه‌ربازیی ژنان هه‌ڵوه‌شاوه راگه‌یه‌ندرا، که ئیمکانی په‌روه‌رده‌و فێربوون‌و کار‌و سه‌ربه‌خۆیی ماڵیی بۆ هه‌زاران کچی جه‌وان پێک دێنا لێیان زه‌وت کرا. به قسه‌ی ئایه‌توڵڵا «باش نیه ژن سه‌باز بێ و دوایه پله‌کانی سه‌ربازیی ببڕێ و ببێته فه‌رمانده‌ی پیاو»! رۆژ له‌گه‌ڵ رۆژ ئه‌و قانوونانه‌ی ده‌ورانی رێژیمی پێشوو هەم لە بواری سیاسی‌و هەم کۆمەڵایەتی که تاراده‌یه‌ک پیشکه‌وتوانه بوون و ده‌سکه‌وتی خه‌باتی ژنان خۆیان بوون، له‌لایه‌ن رێژیمی تازه‌وه هه‌ڵوه‌شاوه راده‌گه‌یه‌ندران و به‌و بڕیار و قانوونانه‌ی که بنه‌مای ئیسلامییانه‌یان هه‌بوو، جێیان ده‌گیرایه‌وه.
پاش 36 ساڵ ژیان له ژێر سایه‌ی حکوومه‌تێکی ئیسلامی دا ژنان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی حیجابی زۆره‌ملی به‌سه‌ریان‌دا سه‌پا، به‌ڵام ئێستاش نه‌چوونه‌ته ژێر باری ئایدۆلۆژیای خومه‌ینی و یارانیه‌وه. گه‌وره‌ترین خه‌باتی ژنانی ئێران له‌گه‌ڵ هاوباوه‌ڕانی خومه‌ینی، ئه‌وه نیه ئه‌وان موسیقا ده‌ژه‌نن‌و گۆرانی ده‌ڵێن، تابلۆکانیان به ره‌نگی ئازادی ده‌نه‌خشێنن، زانکۆکانیان له یه‌کسانی تێپه‌ڕاندوه و ئازاری هه‌ڵاواردن و مه‌ینه‌تییه‌کانیان به عه‌شقی زانین، ئارام کردۆته‌وه. ئه‌وه‌نیه رازی نین ته‌نیا له په‌نجه‌ره‌وه له ئازادی بڕوانن، به‌ڵکوو خۆیان ده‌گه‌ڕێن به‌داوی ئازادی دا‌و له نێو پیێسی شانۆنامه‌کان‌دا ئازادی ده‌نووسنه‌وه و دابه‌شی ده‌که‌ن. کۆماری ئیسلامی تا ئێستا به هیچ ئایه‌ت و قانوونێکیان نه‌یتوانیوه سه‌رکه‌وێ به‌سه‌ر ئه‌م خه‌باته‌ی ژنان‌دا.
(1) ماڵپه‌ڕی «مفید نیوز»
له ژماره ٦٥٠ ی رۆژنامه‌ی "کوردستان"دا بڵاو بۆته‌وه