۱۳۹۹ اردیبهشت ۱۷, چهارشنبه

ئێوارێیە و دایکم دەتگوت بە ژانی منداڵەوەیە، دەهات و دەچوو و هەرجارەی بیانوویەکی هەبوو بۆئەوەی هەر لەبەرچاوی بین. چونکە ئەو لەپەنجەرەکەوە دیتبووی کەسێک بەقەولی خۆی سرتوخورتی بووە لەگەڵمان.
چەند ڕۆژێک بووجانتامان پێچابووەوە. هێندێک کەلوپەلمان تێ‌خستبوو. بە دوو خوشک جانتایەک و ڕێگایەک. بڕیار لەدەست خۆمان دا بوو بەڵام دەرفەت نا. دەبوو بۆمان دیاری بکەن کەی و بۆ کوێ. ئێوارەی ئەو ڕۆژەی نامە بچووکەکەمان بۆ هات، ئەتوت ناوکم کەوتوە، چەند ڕۆژ پێشتریش دڵم جێگەی هیچی نەدەبۆوە. هەستم بەبێ‌هێزی دەکرد، بەڵام ئەو ڕێیە هێزو ئیرادەی دەویست. ئێوە نازانن ئەو کاتە ئەو بڕیارە چەند قورس بوو بۆمان. دەمزانی کاریگەرییەکەی لە سەر بنەماڵە و بەتایبەت دایکم زۆر قورس دەبێ، بەڵام بڕیارو هەنگاوی نوێ ئامادەیی ئەوەش دەبێ لە خۆت‌دا دورست بکەی چ دەبێ با ببێ. من و خەیاڵ ئەوەمان لە خۆماندا دروست کردبوو. ئیتر هیچ شتێک گرنگتر نەبوو لەو ئامانجەی بەدوایەوەی بوون.
....
سفرەی ئێوارەمان جیا کردەوە لێیان بۆ ئەوەی لانی کەم تا نان ئەخورێ هەست بە جێی خاڵیمان نەکەن و هێندێک لە ئاوایی دوورکەوینەوە، بەڵام دایک زوو هەستی پێکردو نەیهێشت کوڕەکەی شامی شەکەت تەواو کات.
....... " ماڵی وێرانم .....هەستە فریا کەوە تاکوو دوور نەکەوتوونەوە بیانگێڕەوە". نەیزانی ڕێگایەک کچەکانی هەڵیانبژاردوە زۆر لە هی کوڕەکەی جیاوازترە.
تاریکیمان بەسەردا هات و ترس و دڵەکوتە و نیگەرانی هەنگاوەکانمانی جار لەگەڵ جار توندتر دەکرد، هێند توند سەگەلی شوانیش بۆمان هاتن نەیتوانی بمانوەستێنن.
سەگ چیە هێرشت بۆ بێنێ لە چاو ئەو ڕەوە جاش و پاسدارەی وەک ورچی بریندار لەناوچەکە بڵاوببوونەوە. برینداری چەند ڕۆژ لەوە پێش بوون کە هەر لە گوندەکەی ئێمە مۆڵگەکەیان لەلایەن پێشمەرگەکانی دێمۆکراتەوە وێران کرابوو. تا لە گوند دوور دەکەوتینەوە زیاتر بەسەر ترسەکەماندا زاڵ دەبووین، بەڵام دڵەکوتەی ڕێ هەڵەکردن لە تاریکی‌دا لێمان جیا نەدەبوەوە. تا ئەو کاتەی شوانی مەڕەکان بە دەنگی سەگەکانیەوە هات و دڵسۆزانە وەریگرتین.
"پێم‌ناڵێن بەم شەوە ئێوە لێرە چ دەکەن و لە چ دەگەڕێن؟ زوو تێمان گەیاند و داوای هاوکاریمان لێ‌کرد. وتی جارێ وەرن قسەیەکی لێ‌دەکەین. سەگەکان وازیان لە ئێمە هێنابوو بەڵام بێدەنگ نەدەبوون هەستیان بە بوونی کەسانی غەریب دەکرد لە ناوچەکەیان. هەر واش بوو. وەدوای ئێمە کەوتبوون بمانگرنەوە تا نەکەوتۆتە بەیانی و خەڵک پێیان نەزانێ دوو کچیان ڕۆیشتوون بۆ نێو پێشمەرگە. بێجگە لەوان ئەو خەڵکانەی شەوانە لە کێو و مەزرا دەخەوتن هەستیان بە دەنگێکی نامۆ کردبوو. دەنگی ژن! کاکی شوان چۆن وڵامی پرسیارەکانیان بداتەوە کە گومان بڕەوێنێتەوە.
ئێمە دەبوو لە نێو مەڕەکانی‌دا خۆ حەشاردەین تاکوو وەزعەکە ئارام دەبێتەوە و هەرکەس دەچێتەوە شوێنی خۆی. تەنانەت ئەگەر مەڕەکان بپشمن و چڵماویشمان کەن نابێ لەجێی خۆمان جووڵە بکەین. ئەو شەوە و ئەو شوانە مێهرەبانە کە دەتگوت فریشتەیە و بەهانای ئێمەوە هاتوە تا ئیدامەی ڕێگاکەمان پێ‌نیشان‌دا، هەرگیز لەبیر نابەمەوە. شەوێک چلەی هاوینە، بەڵام چ تەزوویەکی سارد جەستەمانی سڕ کردوە و جارجار بەدەست خۆم نیە دەلەرزم. ماوەیەکی بەسەردا چوو سەگەکان بێدەنگ بوون. کاکی شوان کتریە ڕەشەکەی خستەسەر ئاور و بەدەم چاسازکردنەوە ویرەی گۆرانی دەهات، هیچ ئاگای لە دڵی ئێمە نەبوو، ڕەنگە ئاگاشی لێ‌بێ و بێەوێ ئێمە لەو نیگەرانیە بێنێتەدەر. چای ساز کرد، نازانم خەیاڵ، بەڵام من دەمم لێ‌نەدا.
سەعات بوو بە چواری بەیانی هێشتا تاریک و لێڵ بوو، کاکی شوان مەڕەکانی بە شوانە هاوڕێکەی سپارد و گوتی زوو دەگەڕێمەوە، ئەگەر کەس هاتو هەواڵی منیان پرسی، بڵێ چۆتەوە ناو دێ بۆ نان و چا هێنان. بەناو بۆنی گژوگیای کێوی وەستا مستەفادا ڕێکەوتین و ماوەیەکی پێچوو ئێمەی گەیاندە بەرزاییەک کە دەیڕوانییە گوندی سەیداوا و جەمیان گوتی: "ئیدی لێرەڕا من دەگەڕێمەوە،کەسیش لێتان نەبیسێ کێ تا ئێرەی هێناون...." ماڵاوایی لێ‌کردین و بەڕێی خۆی‌دا گەڕاوە، ئێمەش سەرەوخوار بووینەوە بەرەوە باغەکانی گوندی سەیداوا کە قەراری نێو نامە بچووکەکە بوو. دەبوو سەعات ۱۰ ی شەو گەیشتباین بەڵام سەعات ٨ و ۹ی بەیانی گەیشتینە لای کۆمەڵێک وەرزێری گوندەکە کە خەریکی کار بوون. چووینە پێشێ و گوتمان هاتووین بۆ لای پێشمەرگەکان لێرە ماون؟ کابرا تۆزێک بە تووڕەییەوە گوتی خوشکی من پێشمەرگە لێرە چ دەکا نەخێر! ئێمە پێشمەرگەمان نەدیوە. دڵم داکەوت لەدڵ خۆما وتم ڕۆیشتوون.... بۆ ئەوەی باوەڕمان پێ بکەن وتمان برامان پێشمەرگەیە و هاتووین بۆ دیتنی. کابرا گوتی دایکەکەم ئێوە لە چ دەگەڕێن خوشکی پێشمەرگە بۆ بەو بەیانییە زووە بەو شاخ و داخەدا دێت پێم ناڵێن چتان دەوێ؟ ناچار نامە چووکەکەمان نیشان ‌داو هەرکە چاوی بە ئیمزاکەی کەوت گرژی نێوچاوانی لادا و گوتی دەی لە ئەوەڵەوە ئەوەتان گوتبا.
کابرا لەوانی دیکە کە چوار پێنج کەس بوون و هەموو گیانیان ببوو بەچاو و بڕیبوویانە سەر ئەو دوو خوشکە هەڵوەدایە، جیا بووەوە گوتی وەرن لەگەڵم. بەرەو نێو پۆلە دارێک کەبەقەدی کێوێکەوە بوو وەڕێ کەوتین. نزیکبووینەوە، چاومان بە پۆلێک پێشمەرگە کەوت دانیشتبوون چەند کەسێکیشیان خەریکی کوکردنەوەی کیسەخەوەکانیان بوون. یەک دوویەکیان دانیشبوون سیگاریان دەکێشا یەک دوانێکیان پیاسەیان دەکرد، یەکێک لەوان کاک محەممەدی شەهرەوان چاوی پێمان کەوت بە پێکەنینەوە هاتە پێشتر گوتی بۆ وا درەنگ هاتن قەرار نەبوو سەعات دە لێرە بن؟
کاک محەممەدیش نەیدەزانی ئێمە وەک کوڕەکان نین ناتوانین ئاسان لەگەڵ ماڵەوە باسی بکەین و باوکیشمان ئەو پارەی لە گیرفانی کەواکەی دایە بیدا پێمان و پێمان بڵێ ڕۆڵە مادام هەر بڕیارتان داوە خۆشم دەتانگەیەنم..
ئێوەش نازانن ۳۰ - ۳٥ ساڵ لەمەوبەر کچەکان بە چ ڕێیەکی سەخت و دژواردا خۆیان دەگەیاندە ڕیزی پێشمەرگەکان. کە دەشگەیشتن لەگەڵ چ گیڕوگرفتێک بەرەوروو دەبوونەوە. کە ئەگەر ڕۆژێک دەست بە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانیان بکەن دەبێ چ ڕۆمان بێ لەنێو کتێبخانەی شۆرش‌دا.
لە سەر ئیزنی خەیاڵی خوشکم ئەم بیرەوەرییە پێشکەش بە هەموو ئەو کچانە دەکەم کە لە هەلومەرجی سەختی خەبات دا بوونە پێشمەرگەو هیچ کامێرایەک ژیانی ئەوانی تۆمار نەکر.


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر