" دووره ئه‌م ریگایه سه‌د ساله ده‌ڕۆم نابرێته‌وه"1
ئایا بزووتنه‌وه‌یه‌ک به ناوی بزووتنه‌وه‌ی ژنان ئێستا له ئێران‌دا هه‌یه؟ ئه‌م پرسیاره زۆر جار له بیر و زه‌ینی که‌سانێک دا دێت و ده‌چێ، که ده‌بێ بزووتنه‌وه‌یه‌ک به ناوی بزووتنه‌وه‌ی ژنان له ئێران هه‌بێ، یان ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ئێراندا هه‌یه ده‌بێ وه‌ک بزووتنه‌وه‌یه‌کی ژنان حیسابی بۆ بکرێ؟
ئه‌گه‌ر به پێی زاراوه‌ی نوێی زانستی کۆمه‌ڵناسی لێی بڕوانین که ده‌گوترێ: «هه‌رجۆره هه‌وڵدانێکی به کۆمه‌ڵ بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ئامانجێکی هاوبه‌ش له ده‌ره‌وه‌ی بنیاد و نیهاده ره‌سمییه‌کانی ده‌سه‌ڵات، بزوتنه‌وه‌یه». به پێی ئه‌و پێناسه‌یه، ده‌کری ئه‌م گومانه بڕه‌وێته‌وه که ئه‌و چالاکی و هه‌وڵه مافخوازانه ئه‌مڕۆ له ئێران دا له لایه‌ن ژنانه‌وه هه‌یه، وه‌ک بزووتنه‌وه‌یه‌ک ته‌ماشای بکرێ. دیاره کۆمه‌ڵناسانیش له سه‌ر پێناسه‌یه‌کی دیاریکراو له باره‌ی چه‌مکی بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان کۆک نین. هێندێک پێیان وایه ئه‌مه کامڵ نیه، چونکه بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێ ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی تێدا بێ: خاوه‌نی ئامانج، ته‌شکیلات و رێکخراوێکی پته‌و و سازماندراوو خاوه‌ن رێبه‌رییه‌کی دیاریکراو بێ.
ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجی ئێرانیش بێنینه به‌رچاو و سه‌رنج بده‌ینه ئه‌و جه‌وه پڕ له سه‌رکوت وخه‌فه‌قانه‌ی له ئێران دا هه‌یه، ده‌بینین هه‌ر حه‌ره‌که‌تێکی سازماندراوی هه‌موو ئه‌نجومه‌نه کۆمه‌ڵایه‌تی و نیهاده سینفی و رێکخراوه نا ده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ژێر فشار و سه‌رکوتدا ته‌نانه‌ت زۆرجارحوکمی نه‌مانییان بۆ دراوه، یان که‌سانێک که به‌هۆی هه‌وڵ و تێکۆشانی زیاتر خه‌ریک بوون ببنه سیمایه‌کی دیاری ئه‌و رێکخراو و ئه‌نجومه‌ن و نیهاده کۆمه‌ڵایه‌تییانه، خێرا له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆر و دژ به گۆڕانه‌وه، هه‌ڕه‌شه‌یان لێکراوه و خراونه‌ته زیندان، یان وایان لێکراوه ناچار بن ده‌ست له تێکۆشان هه‌ڵگرن . له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا هه‌موولایه‌ک شاهیدن که زۆر له چالا‌کانی ژنان، ئه‌وانه‌ی دیار بوون و ده‌نگیان به‌رز بوو، به‌رادیه‌ک له‌ژێر فشاردا بوون که ناچار بوون ئێران به‌جێ بێڵن، یان خراونه‌ته زیندان و فشارێکی زۆر بۆ بنه‌ماڵه‌ڵه‌کانیان هاتوه.
له راستیدا له نێو وڵاتێک‌دا که حاکمییه‌ته‌که‌ی ده‌یه‌وێ ئه‌و وڵاته به‌رێته‌وه بۆ 1400 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و که‌مترین جموجۆڵی ئازادیخوازی ومافخوازیی ژنان به تاوان حیساب ده‌کڕی و ده‌که‌وێته به‌رشاڵاوی قه‌هری ده‌سه‌ڵات، ئه‌و چاوه‌ڕوانییه که بزووتنه‌وه‌ی ژنان له ئێران ده‌بێ هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی بزووتنه‌وه‌یه‌کی تێدا بێ، چاوه‌ڕوانییه‌کی زۆره و ره‌نگه له جێی خۆیدا نه‌بێ.
ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه، ئه‌گه‌رچی سازماندراوو خاوه‌نی رێبه‌رییه‌کی دیار و به‌هێز نیه، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه چه‌ند تایبه‌تمه‌ندیی دیاری تێدایه. ئه‌وه که ده‌چێته نێو خانه‌ی بزووتنه‌وه یان نا ئه‌و لایه‌نه‌ی زۆر گرنگ نیه. گرینگ ئه‌وه‌یه: خاوه‌نی وشیارییه‌کی ژنانه‌یه - ئامانجداره، واته خوازیاری به‌رابه‌ریی و سڕینه‌وه‌ی هه‌ڵاواردن دژی ژنانه له قانوون‌دا، خوازیاری سڕینه‌وه‌ی که‌لتوور و دابونه‌ریتی دواکه‌وتوانه‌ی دژی ژنه له کۆمه‌ڵگه‌دا، خوازیاری کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دێموکرات و به‌شداریی ژنه له سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌دا. ئه‌گه‌ر ته‌شکیلات و رێبه‌رییه‌کی دیاری کراویشی نیه، به‌ڵام له نێو هه‌موو لایه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا حوزووری هه‌ست پێ ده‌کرێ. بۆ نموونه له‌نێو فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات و سینه‌ما، له نێو خوێندنگه‌و زانستگه‌کان، له شه‌قام، له بازاڕی کار و به‌گشتی له نێو هه‌ر بوارێک‌دا چاو لێبکه‌ین حوزووری ژنان به ئامانجه‌وه، واته بۆ مافه‌کانیان، بۆ سه‌لماندنی تواناییه‌کانی خۆیان ئه‌و حوزووره هه‌ست پێ ده‌کرێ. بۆنموونه رێژه‌ی به‌رزتری کچان له چاو کوڕان له زانستگه‌کانی ئێران‌دا چ ده‌گه‌یه‌نێ؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مانه نه‌چنه چوارچێوه‌ی بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نی، ده‌چنه چ چوارچێوه‌یه‌که‌وه. چاوپۆشی له‌مانه حاشا کردن نیه له هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ژنانی ئێران له ماوه‌ی ئه‌م 33 ساڵه و پێشتریشدا داویانه؟!.
کۆماری ئیسلامیی ئێران له ماوه‌ی ئه‌و 33 ساڵ ده‌سه‌ڵاته پڕ له سه‌رکوت و خه‌فه‌قانه‌یدا ته‌نیا شوێنێک که به شایانی ژنانی زانیوه، نێو ماڵه‌کانه و هه‌موو هه‌وڵه‌که‌ی ئه‌وه بووه ژنێکی گوێڕایه‌ڵ و بێده‌نگ له ئاست پیاواندا دروست بکا، که کۆمه‌ڵگه‌ی پیاوسالاریش به گشتی هه‌ر ئه‌مه‌ی ویستوه له ژنان. به‌ڵام ژنانی ئاگا و وشیار ملیان بۆ ئه‌و داوایه نه‌داوه. به هه‌وڵ و خه‌بات و حوزووری بێوچانی خۆیان له مه‌یدانه جۆراوجۆره‌کاندا ئه‌وه‌یان سه‌لماندوه.
له دوای ئاکامی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆماری له ساڵی 1388 که خه‌ڵک رژانه سه‌ر شه‌قامه‌کان و ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی، ژنان نه‌ک رۆڵی به‌رچاویان له‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌دا هه‌بوو، به‌ڵکوو ده‌توانین بڵێین کاریگه‌ریی بزووتنه‌وه‌ی ژنایشی به‌سه‌ره‌وه بوو. بۆ یه‌که‌م جار له مێژووی کۆماری ئیسلامی‌دا ژنان بوون نافه‌رمانیی مه‌ده‌نییان وه‌ڕێ خست و بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین رژانه سه‌ر شه‌قامه‌کان، ئه‌ویش ساڵی 1375 بوو که خومه‌ینی رێبه‌ری رێژیم فه‌رمانی دابوو ژنانی کارمه‌ند ده‌بێ به‌حیجابه‌وه بچنه شوێنی کاره‌که‌یان. ژنان به دژی ئه‌و فه‌رمانه رێپێوانیان وه‌ڕێ خست و به هه‌زاران که‌س هاتنه‌سه‌رشه‌قامه‌کان و دروشمیان دا. ئه‌وه‌ی له ساڵی 1388دا خه‌ڵک کردیان ژنان پێش ئه‌وه کردوویانه. زۆر که‌س رۆڵی ژنان له ناره‌زایه‌تییه‌کانی دوای ئاکامی هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری له ساڵی 1388 دا ده‌خه‌نه‌په‌راوێزه‌وه و ده‌ڵێن ژنانیش به‌شدار بوون! ئه‌وی له‌و ساڵه‌دا روویدا و ئێستاش به جۆرێک به‌رده‌وامه به‌رهه‌می خه‌باتێکی دوور‌و درێژی چه‌ندین ساڵه‌ی هه‌موو چین و توێژه‌کان به‌تایبه‌تی ژنانه. ژنان یه‌کێک له توێژه هه‌ره چالاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه بوون که به‌رده‌وام له نێوخۆی ئێران‌دا له گه‌ڵ ئه‌و رێژیمه له ململانێدا بوون. ده‌نگی ژنان له چاو زۆر ده‌نگی توێژه‌کانی دیکه روونتر و ره‌ساتر بووه. له نێو زیندانیانی سیاسی، له‌نێو ئێعدامکراوان و قوربانیانی شکه‌نجه و ده‌ستدرێژیی جنسی و... ژنان که‌میان به‌ش پێنه‌بڕاوه. ئه‌مانه هه‌مووی ئه‌گه‌ر ده‌لاله‌ت له بزووتنه‌وه‌یه‌کی ژنان نه‌کا، ده‌لاله‌ت له چێ ده‌کا؟
سه‌یر ئه‌وه‌یه ته‌نیا چالاکییه‌کانی ژنانه به‌وشێوه‌یه که‌وتۆته به‌ر سه‌رنجی سیاسییه کۆمه‌ڵناسه‌کان و ئه‌م پرسیاره هه‌مێشه دووباره ده‌که‌نه‌وه که ئایا ئه‌وه‌ی له‌ئێران دا هه‌یه بزووتنه‌وه‌یه یان نا، زۆر که‌متر دیتراوه ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه بۆ نموونه بۆ بزووتنه‌وه‌کانی خوێندکاری، کرێکاری و.. بکرێ. بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ی لێ بکرێ که هه‌وڵه‌کانی ژنان که‌م بایه‌خ و به‌جیدی ناگیرێن، له‌جێی خۆیدایه. به‌م هیوایه ئه‌و روانینه پیاوسالاره که بوونی ژنان له هه‌موو بواره‌کاندا ئینکار ده‌کا، وا نه‌بێ له‌و مه‌یدانه‌شدا نه‌یه‌وێ دان به بزووتنه‌وه‌یه‌کی ژناندا بنێ.
(1) دێرێک له شێعری مریه‌م قازی
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر