۱۳۹۲ فروردین ۲۶, دوشنبه

به‌ راوردێک له‌ رۆڵی ژنان له‌ دوو کۆنگره‌ی جیاواز دا
لە رۆژی یەکشەممە 16ی گەڵاوێژی 1390 نووسراوە
له‌ 21 تا 23ی مانگی جولای ئه‌مساڵ دا، سێهه‌مین کۆنگره‌ی گشتیی سه‌ندیکای رۆژنامه‌نووسانی کوردستان له‌ شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو. ئه‌م کۆنگره‌یه‌ مانگ و نیوێک دوای کۆنگره‌ی پازده‌یه‌می حیزبی دێمۆکراتی کوردستان پێک هات که‌ له‌ 2 تا 9ی جۆزه‌ردانی ئه‌مساڵ دا به‌ڕێوه‌ چوو.
ئه‌گه‌رچی ئه‌م دوو کۆنگره‌یه‌ دوو کۆنگره‌ی جیاواز بوون و له‌ دوو هه‌لومه‌رجی جیاوازدا و به‌ دوو پێکهاته‌ی جیاوازه‌وه‌ پێک هاتبوون، به‌ڵام من له‌ روانگه‌یه‌که‌وه‌، به‌ پێویستم زانی به‌راوردێک له‌ نێوانیاندا بکه‌م.




له‌ 21 تا 23ی مانگی جولای ئه‌مساڵ دا، سێهه‌مین کۆنگره‌ی گشتیی سه‌ندیکای رۆژنامه‌نووسانی کوردستان له‌ شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو. ئه‌م کۆنگره‌یه‌ مانگ و نیوێک دوای کۆنگره‌ی پازده‌یه‌می حیزبی دێمۆکراتی کوردستان پێک هات که‌ له‌ 2 تا 9ی جۆزه‌ردانی ئه‌مساڵ دا به‌ڕێوه‌ چوو.
ئه‌گه‌رچی ئه‌م دوو کۆنگره‌یه‌ دوو کۆنگره‌ی جیاواز بوون و له‌ دوو هه‌لومه‌رجی جیاوازدا و به‌ دوو پێکهاته‌ی جیاوازه‌وه‌ پێک هاتبوون، به‌ڵام من له‌ روانگه‌یه‌که‌وه‌، به‌ پێویستم زانی به‌راوردێک له‌ نێوانیاندا بکه‌م.
کۆنگره‌ی گشتیی سه‌ندیکای رۆژنامه‌نووسان وه‌ک له‌ ناوه‌که‌ی ڕا دیاره‌، کۆنگره‌ی رۆژنامه‌نووسانی کوردستانه‌. ئه‌ویش رۆژنامه‌نووسانی پارچه‌یه‌ک له‌ کوردستان که‌ ئازاده‌ و خاوه‌نی پارلمان و حکوومه‌تی خۆیه‌تی. رۆژنامه‌نووسان، به‌ هۆی سروشتی پیشه‌که‌یان و پێویستیی ئه‌م پیشه‌یه‌، به‌ زۆری له‌و که‌سانه‌ پێک دێن که‌ رۆشنبیرن و بڕوایان به‌ ماف و ئازادییه‌ بنچیینه‌ییه‌کانی مرۆڤ هه‌یه‌. بۆیه‌ سروشتییه‌ چاوه‌ڕوان بین له‌ کۆنگره‌ی رۆژنامه‌نووسانی هه‌رێمێکی ئازاددا، زۆر پرسی گرنگی کۆمه‌ڵ که‌ ناوه‌ڕۆکێکی دێمۆکراتییانه‌ و پێشکه‌وتنخوازانه‌یان هه‌یه‌ و ئه‌م توێژه‌ رۆشنبیر و ره‌خنه‌گره‌ی کۆمه‌ڵ، رۆژانه‌ به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر له‌ گه‌ڵی به‌ره‌وروون، ئاوڕیان لێ بدرێته‌وه‌. بایه‌خدان به‌ ژنان و مه‌یداندان به‌وان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتیی کۆنگره‌ و کاروباری سه‌ندیکادا، یه‌ک له‌و پرسانه‌یه‌.
کۆنگره‌ی پازده‌یه‌می حیزبی دێمۆکراتی کوردستان که‌ پێش له‌ کۆنگره‌ی سه‌ندیکا پێک هات و من شانسی ئه‌ندامه‌تی و به‌شداری له‌ هه‌ر دوویانم دا هه‌بوو، کۆنگره‌ی حیزبێکی سیاسیی دووره‌ وڵات بوو. حیزبێک که‌ له‌ هه‌لومه‌رجێکی نائاسایی، دوور له‌ خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ی له‌ حاڵی خه‌بات دایه‌. به‌شدارانی کۆنگره‌که‌شی نوێنه‌رانی ریزه‌ جۆراوجۆره‌کانی حیزب بوون که‌ ئه‌گه‌رچی هه‌موویان به‌ مرۆڤی خه‌باتکار و ئازادیخواز دێنه‌ ئه‌ژمار، به‌ڵام هه‌ر هه‌موویان رۆشنبیر و ره‌خنه‌گر نه‌بوون. جگه‌ له‌مه‌ش ئه‌م به‌شه‌ی کوردستان و ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ئه‌م حیزبه‌ خه‌باتی بۆ ده‌کا، هه‌روا له‌ ژێرده‌ستی دان. به‌م پێ یه‌ به‌ هه‌موو حیسێبێک، حه‌ق وایه‌ بایه‌خدان به‌ پرسی ژن و رۆڵی ژنان، له‌ کۆنگره‌ی سه‌ندیکای رۆژنامه‌نووساندا، له‌ کۆنگره‌ی حیزبێکی سیاسیی دووره‌وڵاتی له‌ حاڵی خه‌باتدا، به‌رچاوتر بێ.
من وا راهاتووم له‌ پێشدا ره‌خنه‌ له‌ که‌موکوورییه‌کانی حیزبه‌که‌ی خۆم بگرم، به‌ تایبه‌تی له‌ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ ئه‌رک و به‌رپرسایه‌تییه‌کانی به‌رانبه‌ر به‌ ژنان و له‌ مێژه‌ له‌ نێو حیزبی دێموکراتی کوردستان و جاری وابووه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی حیزبیش، که‌مته‌رخه‌می و که‌م و کووڕییه‌کانی نێوخۆی حیزبه‌که‌ی خۆم به‌رانبه‌ر به‌ ژنانن داوه‌ته‌به‌ر ره‌خنه‌. به‌ڵام که‌ به‌راودی کۆنگره‌ی 15ی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆنگره‌ی سێهه‌می سه‌ندیکای رۆژنامه‌نووسانی کوردستان له‌ باری رۆڵ و به‌شداریی ژنان له‌ کار و باری کۆنگره‌دا ده‌که‌م، ده‌بێ بڵێم ئه‌م دوو کۆنگره‌یه‌ جیاوازییه‌کی یه‌کجار زۆریان هه‌بوو. له‌ کۆنگره‌ی پازده‌یه‌می حیزبی دێموکراتی کوردستان جگه‌ له‌وه‌ی له‌ راپۆرتی سیاسی و به‌رنامه‌و پێره‌وی نێوخۆ و بڕیاره‌کانی کۆنگره‌دا، پرسی ژن جێگای تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌بوو، له‌ به‌ڕێوه‌بردنی کۆنگره‌شدا، ژنان سه‌ره‌ڕای رێژه‌ی که‌میان (له‌چاو سه‌رجه‌م به‌شدارانی کۆنگره‌) رۆڵێکی به‌رچاویان هه‌بوو. له‌ ماوه‌ی 8 رۆژ کاری کۆنگره‌ و چه‌ندین دانیشتن دا، به‌رده‌وام له‌ ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی کۆنگره‌دا، ژن وه‌ک ئه‌ندام هه‌بوو. له‌ نێو زۆربه‌ی کۆمیسیۆنه‌ کارییه‌کانی کۆنگره‌شدا، ژنان وه‌ک ئه‌ندام به‌شدار بوون. ئه‌مه‌ له‌ کاتێک دا بوو که‌ ژنانی ئه‌ندامی کۆنگره‌ له‌ زۆربه‌ی باس و بابه‌ته‌کاندا، چالاکانه‌ به‌شدار بوون و بیروڕاو پێشنیار و بۆچوونی خۆیان ده‌رده‌بڕی و هه‌وڵیان ده‌دا کاریگه‌رییان له‌ سه‌ر بڕیار و په‌سندکراوه‌کانی کۆنگره‌ هه‌بێ. رێبه‌رایه‌تییه‌کیش که‌ ئه‌م کۆنگره‌یه‌ بۆ حیزبی دێمۆکراتی هه‌ڵبژارد، 5 که‌سی له‌ ژنان پێک هاتوون. ته‌نانه‌ت له‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی کۆمیسیۆنێک که‌ کۆنگره‌ی پازده‌ بۆ پارێزگاری له‌ پێره‌وی نێوخۆی هه‌ڵبژارد، ژنان له‌بیر نه‌کران. به‌ڵام له‌ کۆنگره‌ی سێهه‌می سه‌ندیکای رۆژنامه‌نووسانی کوردستاندا، ژنان که‌مترین رۆڵ و ده‌وریان هه‌بوو. نه‌ک هه‌ر بۆ ئه‌ندامه‌تیی ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیکا هیچ ژنێک هه‌ڵ نه‌بژێردرا، ته‌نانه‌ت هیچ ژنێک کاندیدا نه‌کرا. له‌ سه‌رۆکایه‌تی وبه‌ڕێوه‌بردنی کۆنگره‌شدا هه‌ر وابزانه‌ ژنان بۆیان نیه‌ به‌شداری بکه‌ن. له‌مه‌ش سه‌رنجڕاکێشتر نه‌ ژنانی رۆژنامه‌نووسی به‌شداری کۆنگره‌ که‌ 10 له‌سه‌دی کۆنگره‌یان پێک دێنا، به‌شدارییه‌کی چالاکانه‌یان له‌ باسه‌کاندا هه‌بوو ، نه‌ باسێکی تایبه‌تی بۆ پرسی ژن، هه‌ر نه‌بێ ژنانی رۆژنامه‌نووس ته‌رخان کرابوو.
من نامه‌وێ له‌م کورته‌ وتاره‌دا هۆیه‌کانی ئه‌و وه‌زعه‌ باس بکه‌م. هه‌روه‌ک نه‌مده‌ویست بچمه‌ نێو که‌م و کووڕییه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م دوو کۆنگره‌یه‌. به‌ڵام به‌ پێویستم زانی ئه‌م به‌راورده‌ بخه‌مه‌ روو بۆ ئه‌وه‌ی بڵێم بایه‌خدان به‌ رۆڵی ژن له‌ کاروباری رێکخراوه‌یی، سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی دا، پێویستی به‌ کولتوورسازی و دابینکردنی به‌ستێن و میکانیزمی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌. ئه‌مه‌ له‌ لایه‌که‌وه‌ به‌ ده‌روه‌ستی و ئه‌رکی ئه‌و ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه‌ دابین ده‌بێ که‌ ژنان کاریان تێدا ده‌که‌ن، له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ له‌مه‌یداندا بوون و مکور بوونی خودی ژنان. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی ژن بۆخۆمان شه‌ڕی مافه‌کانی خۆمان نه‌که‌ین و له‌ رێکخراو و کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا بوونی خۆمان نه‌سه‌لمێنین، به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌په‌راوێز ده‌خریێن و بایه‌خی پێویستمان پێ نادرێ.
 

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر