8ی مارس رۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی ژنان، بیرهێنه‌ره‌وه‌ی یەک سەدە خه‌باتی مافخوازانه‌ی ژنانی جیهان بۆ گۆڕینی هه‌لومه‌رجی نادادپه‌روه‌رانه‌ی ئابووری، سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه. رۆژی هاودڵی و هاوپێوه‌ندیی ژنانی جیهان له دژی نابه‌رابه‌رییه‌كانه. رۆژی وه‌ئاگا هاتنه‌وه‌ی هه‌موو ژنان و كچانێكه كه دیلی بیروبۆچوونه كۆنه‌په‌رستانه‌كان و دابونه‌ریت و یاسا پڕ له هه‌ڵاواردنه‌كانی وڵات و كۆمه‌ڵگه‌ی خۆیانن. ئەو رۆژە هەلێکی باشە بۆ هەموو ژنانی سته‌م لێکراو تا داوا و خواستەکانیان جارێکی دیکە بێننەوە بەرباس و گوڕ و تینێکی دیکە بە خەباتەکەیان ببه‌خشنەوە. حاشاهەڵنەگرە که دەستڕاگەیشتن بە ماف و ئازادییە ئینسانییەکان تەنیا لە رێگەی خەبات و تێکوشانی بێوچانەوە مسۆگەر دەبێ.
بێمانایە باس لە پێشکەوتن و پەرەسەندنی ئابووری، سیاسی و کەلتووریی هەر وڵاتێک بکرێ که‌چی نیوەی کۆمەڵگەکەی لە تێکۆشانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، ئازادانە بەشدار نەبێ، روحی پیاوسالاری به سه‌ریدا زاڵ بێ و ژن تێیدا مافەکانی پێشێل بکرێ. هیچ بزووتنەوەیەکیش ناتوانێ ئیددیعای رزگارکردنی نەتەوەیەک بکا، به‌ڵام بایه‌خ به رۆڵی ژن لە خەباتدا نه‌دا.
سه‌ره‌رای هه‌وڵی کۆمه‌لگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به ره‌سمی ناسینی مافه‌کانی ژنان لە جیهاندا به‌داخه‌وه هه‌تا ئێستاش لە زۆر وڵات و کۆمەڵگه‌ی جۆراوجۆردا سته‌م و ناحەقی بەرانبەر ژنان، هه‌ر به‌رده‌وامه. یەکێک لەو وڵاتانەی به شێوه‌یه‌کی سیستماتیک و به‌رده‌وام مافه‌کانی ژنانی تێدا پێشێل دەکرێ و ژن رووبه‌رووی توندوتیژی و سووکایه‌تی و سته‌م و ناعه‌داڵه‌تیی حاکمییەت و کەلتووری پیاوسالاری بووەتەوە، وڵاتی ئێرانە.
هەڵاواردن و توندوتیژی له دژی ژنان له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی رێژیمی كۆماری ئیسلامین. ئه‌و رێژیمه كۆنه‌په‌رست و دژی ژنه ، 34 ساڵه به بیانووی جۆراوجۆری وه‌ک ره‌چاو نەکردنی رێوشوێنه ئیسلامییەکان، ژیانی له ژنانی ئه‌م وڵاته تاڵ کردوە. خومه‌ینی دامه‌زرینه‌ری کۆماری ئیسلامیی ئێران هه‌ر له یه‌كه‌م رۆژه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆرانەی خۆی‌دا شه‌ڕی له دژی ژنانی ئێران راگه‌یاند کە ئێستاش ئەم شەڕە هەر بەردەوامە. ناوبراو 8ی مارسی به دیارده‌یه‌كی رۆژئاوایی ناو برد و گوتی هیچ پێوه‌ندییه‌كی به ژنانی ئێرانه‌وه نییه. رۆژی 8ی مارس بەرانبەر بە 17ی رەشەمەی 1357 (رۆژی جیهانیی ژنان)، خومه‌ینی فه‌رمانی حیجابی زۆره‌ملیی ده‌رکرد. ناوبراو كه قسه‌ی بۆ كۆمه‌ڵێك له ژنان ده‌كرد، گوتی« خانمه‌كان ده‌توانن بچنه ئیداره‌كان به‌ڵام به حیجابه‌وه ده‌بێ بچن»!. ئەمە سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی سه‌ركوتی ژنان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی تازەدا بوو. ئامانجی ئه‌و رێبه‌ره كۆنه‌په‌رسته ئه‌وه بوو كه رۆحییه‌ی ئازادیخوازانه‌ی ژنانی ئێران هەر لە سەرەتاوە تێك بشكێنێ و پایه‌كانی حكوومه‌ته کۆنەپەرستەکەی قایمتر بكا. لێره به‌دواوه له هه‌موو یاسا‌و رێساكانیاندا ژنیان به مرۆڤێكی پله‌دوو دانا و به یاسای پر لە هەڵاواردن نه‌ك هه‌ر پێوه‌ندیی نێوان ره‌گه‌زی نێر‌و مێ به‌ڵكوو سه‌رتاپای كۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانیان تووشی ناهاوسەنگی و شێوان كرد.
لە ئێران خەباتی ژنان دژوارتر دەبێ
له ماوه‌ی 34 ساڵی رابردوودا سه‌ركوتی ژنان یه‌كێك له سه‌ره‌كیترین كار‌و به‌رنامه‌كانی حاكمانی كۆماری ئیسلامی بووه. به‌رده‌وام به‌رنامه و گەڵاڵە له بواری جۆراوجۆر له به‌رزترین پله‌كانی حكوومه‌تی‌دا له دژی ژنان هاتوونه به‌رباس‌و بڕیار له‌سه‌ردان. رێژیم به به‌كارهێنانی ئه‌و جۆره سیاسه‌ته، ویستوویەتی به شێوه‌یه‌كی سیستماتیك‌و رێكخراو، ژنان بشكێنێ‌و بیانكاته كۆیله و، كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران بگێڕ‌ێته‌وه بۆ سه‌ده‌كانی نێوه‌ڕاست. هەوڵی داوە روانینێکی جنسییەتی لەکۆمەڵگەدا نەهادینە بکا کە بەداخەوە بمانەوێ و نەمانەوێ سیاسەتی هەڵاواردنی رگەزی لە رێگای سیستمی پەروەردەی رێژیمی کۆماری ئیسلامییه‌وه، کاریگەریی لەسەر ژیانی بەشێکی زۆر لە مرۆڤەکانی ئەم وڵاتە داناوە. هەروەها به هۆی تێکه‌ڵکردنی تیگه‌یشتنی دواکه‌وتوانه‌یان له ئایین و پێوه‌ندییه کۆمه‌لایه‌تییه‌کان له گه‌ڵ یاسا و سیاسه‌ت، ژنانیان تووشی ژیانێکی هەتا بڵێی تاڵ و ئازاراوی کردوه. زیندانی کردن و ئازاردانی ئازادیخوازان و چالاکانی ژنیش ته‌نیا به تاوانی نارەزایەتی دەربڕین بە دژی هەڵاواردنی جنسییەتی، بۆتە کارێکی رۆژانەی ده‌سه‌ڵاتدارانی خۆسه‌پێن به سه‌ر ئێران‌دا. ژنان رۆژ نییە لەگەڵ یاسایەکی نوێ کە دژی مافی ئینسانی و ئازادی و که‌رامه‌تی ئه‌وانه، رووبەروو نەبنەوە.
به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو سه‌ركوت‌و چه‌وسانه‌وه یاساییانه، ژنانی ئاگا و ئازای ئێران قه‌ت له خه‌بات‌و به‌ربه‌ره‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌و یاسا‌و كولتوور‌و سوننه‌تانه كه ئاخونده دواكه‌وتووه‌كان به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانیاندا سه‌پاندوه، غافڵ نه‌بوون. هه‌ر له یه‌كه‌م رۆژه‌كانه‌وه به ناڕه‌زایه‌تی له قسه‌كانی خومه‌ینی زۆربه‌ی ژنانی كارمه‌ند له چوون بۆسه‌ر كار به حیجابه‌وه خۆیان پاراست و له دژی ئه‌م بڕیاره كۆنه‌په‌رستانه‌یه خۆپیشاندانیان وه‌ڕێ خست. بە هەزاران کەس له رۆژی 8ی مارسی هه‌مان ساڵدا له دانشكه‌ده‌ی فه‌ننیی تاران كۆبوونه‌وه و ئه‌م رۆژه‌یان كرده رۆژی خۆپیشاندان له دژی بڕیاره‌كه‌ی خومه‌ینی. ئه‌مه سه‌ره‌تای به‌ربه‌ره‌كانیی ژنانی ئاگا‌و وشیاری ئێران له دژی رێژیمی كۆنه‌په‌رستی کۆماری ئیسلامی بوو. له‌و كاته‌وه بزووتنه‌وه‌ی به‌رابه‌ریخوازی ژنان به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر و له سه‌نگه‌ری جۆراوجۆره‌وه هه‌وڵیان داوه ئه‌و ناهاوسه‌نگی‌و نابه‌رابه‌رییانه‌ی به‌سه‌ر ژناندا سه‌پاوه، تێك بده‌ن و ژیانێكی ئینسانی بۆ خۆیان دابین بكه‌ن. یه‌كێك له‌و بوارانه‌ی كه ژنان بۆ داكۆكیكردن له مافه‌كانی خۆیان هاتوونەتە مه‌یدانه‌وه، بواری نووسین و کاری فەرهەنگی بووە، به تایبه‌تی به دامه‌زراندن‌و به‌ڕێوه‌بردنی سایت و وێبلاگ ده‌ستیان كرد به وه‌ڕێخستنی بزووتنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی فه‌رهه‌نگی‌و له‌و ماوه‌یه‌دا بەڕاستی ئه‌ده‌بیاتی ژنان پێشكه‌وتنێكی یه‌كجار زۆری به‌خۆوه بینی‌و، ئاگایی ژنانیش تا راده‌یه‌كی زۆر چووه سه‌رێ.
له ماوه‌ی ئه‌و ساڵانەی دواییدا بە ده‌یان و سه‌دان سایت و وێبلاگ تایبه‌ت به مه‌سه‌له‌و كێشه‌كانی ژنان له كۆمه‌ڵگای ئێران‌دا سه‌ریان هه‌ڵ‌دا و له ئاگاكردنه‌وه‌ی ژنان له سه‌ر مافه‌كانیان نه‌خشێكی گرنگیان گێڕاوه. ژنان ئازایانه لە بوارە جۆراوجۆره‌کاندا، تواناکانی خۆیان ده‌رخستوه‌و سه‌ره‌رای ئەو هه‌موو کێشه و ئاستەنگەی خراوەتە سەر رێ‌یان، بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه له‌گه‌ل ده‌سه‌ڵات و یاسا پڕلە هەڵاواردنەکانیان سڵیان لەو کۆسپانە نه‌کردوه‌ته‌وه و له هه‌ر ده‌رفه‌تێک كه بۆیان هه‌ڵکه‌وتبێ شانبه‌شانی هەموو ئازادیخوازانی دیکە له مه‌یداندا ئاماده بوون و لە ئازار و سووکایەتی و تەنانەت لە مەرگیش نەترساون. حاكمانی كۆنه‌په‌رستیش كه فكره‌ن‌و زاته‌ن دوژمنایه‌تییان له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی ژناندا هه‌یه، به هه‌موو شێوه‌یه‌ك كۆسپیان خستۆته سه‌ر رێیان‌و به‌رده‌وام سانسۆریان خستۆتە سه‌ر سایت‌و وێبلاگه‌كانیان‌و دایان خستوون و بەڕێوەبەران و نووسەرانیان رەوانەی زیندانەکان کردوون و تەنانەت حوکمی نارەوایان بەسەردا سەپاندون. به‌خه‌یاڵی خۆیان پێیان وابووه پێشی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه ده‌گرن كه له‌گه‌ڵ هاتنه‌سه‌ركاری كۆماری ئیسلامییه‌وه سه‌ری هه‌ڵ‌داوه‌و بۆته هۆی ئابڕووچوونی كۆماری ئیسلامی له نێو كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی‌دا.
خەباتی ژنان لە کوردستان
له کوردستانیش ژنان لە دەست سیاسه‌تی پڕ لە هەڵاواردنی کۆماری ئیسلامی و کەلتووری دواکەوتوانەی ژن بەکەمگر کە کۆماری ئیسلامی هەمووکات پەرەپێدەری ئەم کەلتوورە بووە، وەزاڵە هاتوون. سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ش ژنانی کورد له هاوره‌گه‌زه‌کانیان له ئێران‌دا دوا نه‌که‌وتوون و له دوو سه‌نگه‌ر دا هه‌م دژی سیاسەتی هەڵاواردنی رەگەزیی کۆماری ئیسلامی و بۆ ده‌رباز بوون له ژیانی پڕ له جیاوازی و چه‌وسانه‌وه و به‌سووک چاولێکرانیان، هەم بۆ گه‌یشتن به ئامانجه نه‌ته‌وه‌یيەکانیان وێڕای پیاوانی ئازادیخوازی کورد خه‌باتیان کردوە و هیچ تەنگ و چەڵەمەیەک بەچۆکی دا نەهێناون. ئەوە راستە کەلتووری کۆمەڵگەی کورد لە رابردوودا لە ژنی ویستوە بێدەنگ بێ و ئەو سنوورەی بۆی دانراوە نەیبەزێنێ، بەڵام ژنانی ئاگا ئەو سنوورەیان تێک شکاندوە و بێدەنگبوونیان نەکردۆتە پێشە. هەرچەند بەداخەوە لەم چەند ساڵەی دواییدا هێندێک لە ژنان بۆ خۆدەربازکردن لە مەینەتییەکانی ژیان پەنا دەنەنە بەر خۆسووتاندن و خۆلەنێوبردن، کە ئەمە نەک ناوی نانرێ خەبات بەڵکوو ئەوپەڕی لاوازیی و داماویی ئەو مرۆڤانە دەگەیەنێ. ئەو کردوەیە لە لای خەباتکاران و ئازادیخوازانەوە ناپەسند و مەحکوومە و نابێ رێگە بدرێ ئەم فەرهەنگە لە نێو ژناندا پەرە پێ بدرێ. له جیاتی ئه‌وه‌ی سته‌م و چه‌وسانه‌وه و هه‌لاواردن، ناچارمان بکا چۆک دابده‌ین و په‌نا بۆ خۆکوشتن ببه‌یبن، ده‌بی به‌ره‌وروویان ببینه‌وه و ئێمه چۆک به‌وان دابده‌ین.
ده‌بێ تێ‌بکۆشین هه‌تا کاروانی خه‌باتی ژنان بۆ گه‌یشتن به مافه ره‌واو ئینسانییه‌کانیان بگاتە ئامانج و چی دیکە شاهیدی ناعەداڵەتی و بێمافییەکان لە وڵاتەکەی خۆماندا نەبین.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر