۱۳۹۲ فروردین ۲۶, دوشنبه

ئەندامەتی كۆماری ئیسلامی لە كۆمیسیۆنی "پێگەی ژن" دا!

 
نوشته شده در پنجشنبه دهم تیر 1389 ساعت 9:48 شماره پست: 148
كێشەكانی ژنانی ئێران بە لای رێكخراو و نیهادەكانی سەر بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە گرنگ نیە؟!


لە مانگی فێوریەی ئەمساڵ‌دا ئێران خۆی بۆ ئەندامەتی لە شوورای مافی مرۆڤ پاڵاوت، بەڵام بە هۆی ناڕەزایەتی هێندێك وڵاتان و پارێزەرانی مافەكانی مرۆڤ، لەسەر خۆپاڵاوتنی ئێران بۆ ئەم شوورایە، ئێران ناچار بوو پێش ئەوەی هەڵبژاردنەكە بكرێ بۆخۆی كشایەوە. بێگومان ئەمەش سەركەوتنێك بوو بۆ لایەنگران و پارێزەرانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا و شكستێكی سیاسیش بوو بۆ رێژیمی ئێران. بەڵام بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو شكستەی هات خۆی بۆ ئەندامی كومیسیۆنی پێگەی ژن پاڵاوت، تاكوو وا بنوێنێ كە لە كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دانەبڕاوە و دانابڕێ .
كۆمیسیۆنی” پێگەی ژن “دەڵێ، مەبەستی سەرەكیم یەكسانیی مافی ژن و پیاوە و هەوڵدانە بۆ پێشخستنی ژنان لە جیهاندا، كەواتە چۆنە رێژیمێكی وەك رێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران، كە تا ئێستاش كونوانسیۆنی هەڵاواردن لە دژی ژنانی واژۆ نەكردوە، دەتوانێ لەوێدا ببێ بە ئەندام ؟! ئەمە هەرگیز لەگەڵ ئەم دروشم و ئامانجانەدا نایەتەوە كە ئەو كۆمیسیۆنە دەیڵێ. ئەوەی كە هەموو وڵاتێك دەتوانێ لەو كومیسیۆنەدا ببێ بە ئەندام، جێگەی سەرسووڕمان و رەخنەیەكی جیددییە لە ساختارو قەوارەی ئەو كۆمیسیۆنە. ئەوە پێشێلكردنی ئەسڵەكانی خۆیانە كە سەرەكیترینیان یەكسانیی مافی ژن و پیاوە. ئەو سەهمییە بەندییەی بۆ ئەندامەتی لەو كومیسیۆنەدا (كومیسیۆنی پلەی ژن) نەدەبوو سەهمییەبەندیی ناوچەیی بێ، بەڵكوو سەلاحییەت لە رەفتار و كردەوەی ئەو وڵاتەدا كە هەڵ دەبژێردرێن دەبوو بكرێتە بنەما بۆ هەڵبژێران . وا دیارە ئەو رێكخراو و نیهادە جیهانییانەش ناتەباییان هەیە لەگەڵ پرنسیپ و دروشمەكانیان!
گۆیا چەسپاندنی مافی ژنان و ئەو راسپاردانەی كە لە هەلومەرجی تایبەتدا بۆ وریاكردنەی ئەو وڵاتانەی كە لە بواری مافی ژنان دا كەمتەرخەمن، بەرپرسایەتی و ئەركی ئەو كۆمیسیۆنەیە. ئەندامانی كۆمیسیونەكە ساڵانە لە دەفتەری ناوەندی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە نیۆیۆرك كۆدەبنەوە تا كوو هەڵسەنگاندن و لێكدانەوە لە سەر پێشكەوتن، دیتنەوەی كێشە، قەیرانەكان و هەلومەرجە ئیستانداردە جیهانییەكان بكەن و ئەو سیاسەتانە گەڵاڵە بكەن كە دەبێتە هۆی دەستەبەر بوونی یەكسانیی ژن و پیاو و پێشكەوتوویی ژنان لە سەراسەری جیهاندا.  
بەڕاستی بوونی رێژیمێك كە تۆسقاڵێك پابەند نیە بەم بنەمایانەوە، لە كۆمیسیۆنێكدا كە ئەمە سیاسەت و ئاماجەكانی بێ گاڵتە كردن نیە بە خودی ئەو كومیسیۆنە؟! 31 ساڵە ژنانی ئێران لە لایەن رێژیمی حاكم بە سەر خەڵكی ئەم وڵاتەدا، دەستدرێژی دەكرێتە سەر مافەكانیان لە پێناوی چی دا رێژیمێكی ئاوا دەبێ بە ئەندام لە كۆمیسیۆنێكدا كە پێوەندی هەیە بە مافی مرۆڤەوە؟.
رۆژنامەی " گلوبال پۆست" لە گەڵ ناڕەزایەتی دەربڕین لە دانیشتنی ئێران لە سەر كورسیی مافی ژنان لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، لە وتارێكدا نووسیویەتی "رێگەدان بە ئێران لە كومیسیۆنێكی ئاوادا وەك ئەوە وایە مەڕی بە گورگ بسپێری ". لە بەشێكی دیكەی وتارەكەی "گلوبال پۆست" دا هاتوە وڵاتێك كە بە پێی قانوونەكەی ئەگەر ژنێك لەگەڵ پیاوێكیدا دیكەدا بخەوێ بە تاوانی "زینا" تا سەر سینگی دەخرێتە نێو چاڵ و بە بەردباران گیانی ڵا دەستێنن، ئێستا دەبێتە بەرپرسی پێراگەیشتن بە مافی ژنان! یان هەر بە پێی قانوونەكەی پیاوان رێگەیان پێدراوە تاكوو دەستدرێژی جینسی بكەنە سەر هاوسەرەكانیان، ئێستا بەرپرسی راگەیشتن بە مافی ژنانە؟! ئێران بە پێی راپۆرتی ساڵی 2008ی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا زیاتر لە 7/52 لە سەدی ژنانی لە نێو ماڵەكانیاندا دەكەونە بەر توندوتیژی جەستەیی لە لایەن هاوسەرەكانیانەوە، ئێستا دەبێتە بەرپرسی پێڕاگەیشتن بە مافی ژنان؟! هەر لەو وتارەدا دەنووسرێ لە ئێران بە پێی قانوون تەنانەت ژنانی باڵغیش بۆ زەماوەند پێویستیان بە رەزامەندی باوكیان هەیە، یان شاهیدی دانی دوو ژن بەرابەرە لەگەلأ پیاوێك یان مەلایەكی ئەو وڵاتە ماوەیەك لەمەوبەر رایگەیاندوە كە بوومەلەرزە و هەر بەڵایەكی دیكە بەسەرمان بێ ئاكامی بێحیجابیی ژنانە لە وڵاتێك كە بەم شێوەیە بیر بكرێتەوە و پێشێلكردنی سیستماتیكی مافی ژنان لە تایبەتمەندییە ناسراوەكانی نیزامەكەیەتی، شایستەی ئەم شوێنە نیە.؟"
یان ئەو كۆمیسیۆنە بەڕاستی پابەند نیە بەم ئەسڵانەوە كە خۆی ئیدیعایان دەكا! یان ئەمە گاڵتە كردن و سووكایەتییە بە چارەنووس و ئامانجەكانی ژنانی ئێران دەكرێ!
جیهانیان شاهیدن كە بە هۆی پێشلكردنی مافی مرۆڤ و بەتایبەت مافی ژنان لە لایەن ئەو رێژیمەوە، هەموو ساڵـێ لەلایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە رێژیمی ئێران مەحكووم كراوە بەڕاستی ئەندامبوونی لە رێكخراوێكدا كە یەكێك لە پڕنسیپەكانی پاراستنی مافەكانی مرۆڤە جێی سەرسووڕمانە! لە هەموو گرنگتر رێكخراوێك كە بەرهەمی رەنجی بزووتنەوەی جیهانیی ژن و پارێزەرانی مافی مرۆڤە رێگا بەو جۆرە رێژیمانە دەدا ببنە ئەندامی.
 رێژیمی ئێران نەك شایستەی ئەوە نیە لەو كومیسیۆنەدا ئەندام بێ، رەوا نیە لە هیچ یەك لەو رێكخراو نیهادانەی سەر بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانن، ئەندام بێ. پێم وایە بوونی رێژیمی ئێران لە كومیسیۆنی پێگەی ژن دا جگە لە بێعتبار بوونی ئەو كۆمیسیۆنە، لەبەر چاوی هەموو ئەو مرۆڤانەی كە بەڕاستی لە هەوڵی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ دان، بە تایبەت لەبەر چاوی میلیۆنها ژن لە ئاسیا و بە تایبەتی لە ئێران، قازانجێكی نیە. ئاشكرا و روونە سیاسەت و كردەوەكانی رێژیمی ئێران بە پێچەوانەی پرنسیپ و دروشمەكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانە و قەت پابەند نەبووە بە پەیماننامە نێونەتەوەییەكان و بەم سیاسەت و ماهییەتەی كە هەیەتی قەتیش پابەند نابێ. كۆمەڵگەی جیهانییش زۆر باش ئەوە دەوانێ، بەڵام ئایا تا كەی هەلومەرجی مافی مرۆڤ لە ئێراندا دەبێ بە قوربانی ساتوسەودای سیاسی و ئابووری بێ.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر