۱۳۹۲ اردیبهشت ۱۷, سه‌شنبه

کێشه‌ی ژنانی کرێکار له‌ ژێر سێبه‌ری رێژیمی کۆماری ئیسلامی‌دا

له‌ مادده ی 23ی به‌یاننامه‌ی مافی مرۆڤی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان‌دا هاتوه‌:
«هه‌ر ئینسانێک مافی هه‌یه‌ که‌ کاری هه‌بێ‌و به‌ دڵخوازی خۆی هه‌لومه‌رجی کاریی بۆخۆی هه‌ڵ‌بژێرێ‌و ده‌وڵه‌ت ده‌بێ به‌رامبه‌ر به‌ بێکاری پشتگیریی بکا.
هه‌ر ئینسانێک مافی خۆیه‌تی به‌بێ هیچ هه‌ڵاواردنێک بۆ کاری وه‌ک یه‌ک مووچه‌ی وه‌ک یه‌ک وه‌ربگرێ».
له‌ مادده 24 دا هاتوه‌:
«هه‌رئینسانێک پێویستیی به‌ حه‌سانه‌وه‌و کاتی ده‌ست‌به‌تاڵی هه‌یه‌، کاتی دیاریکراو بۆ کارو، مه‌ره‌خه‌سی‌یه‌ ده‌وره‌یی‌یه‌کان ده‌بێ به‌ حوقووقه‌وه‌ بێ.»
ئاوڕدانەوە لە هەلومەرجی کارو ژیانی کرێکاران لە وڵاتی ئێران‌دا پێویستی بە خوێندنەوەو لێکۆڵینەوەیەکی جیددی‌و ورد هەیە. لێرەدا تەنیا دەتوانم پێ لەسەر ئەو ڕاستی‌یە حاشاهه‌ڵنه‌گرە دابگرم کە هەلومەرجی کارو ژیانی کرێکاران بە گشتی لە ئێران‌دا بەڕادەیەک دڵتەزێن‌و ئازارده‌رە کە وشە ناتوانێ تەعبیر لە ژیانی جەهەننەمیی ئه‌وان بکا. لەم بابەتەدا ئاوڕێکی کورت لە هەلومەرجی ژنانی کرێکار لە ئێران دەدەینەوە.
رۆژی کرێکاران لە جیهان‌دا هەلێکە بۆ هێنانەبەرباسی کێشەو گیروگرفتەکانی کرێکاران‌و فشارهێنان بۆ سەر دەوڵەتەکان بۆ پێڕاگەیشتنیان. بەڵام لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی ئاخونده‌کان‌دا کرێکاران تەنانەت لەو رۆژەش‌‌دا کە کراوەتە رۆژی کرێکار، لەگەڵ سەرکوت‌و ئازاردانی حاکمییەتی ئێران بەرەوڕوون.
ژنانی کرێکار بەهۆی ڕوانینی کۆنەپەرستانەی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی، بۆ ژنان کە روانینێکی نائینسانی‌یە، لەژێر فشارێکی چەندقات‌دان‌و بەردەوام مافەکانیان لە لایەن کۆمەڵگەو دەسەڵات‌و خاوەن‌کارەوە، پێشێل دەکرێن. ژنانی کرێکار لە ئێران، زۆر زیاتر لە زۆربەی وڵاتانی دیکەی جیهان، لە ژێر فشارو سەرکوت‌دان. ئاخر لە وڵاتێک‌دا کە ژن لە سەرەتایی‌ترین مافە ئینسانی‌یەکانی بێبەشەو هیچ بنیات‌و قانوونێک نیە پشتیوانیی لێ‌بکا دەبێ کرێکاری ژن لە چ هەلومەرجێک‌دا بێ؟
کرێکار لە ئێران چەوساوەترین توێژی کۆمەڵگەیە. کرێکاری ژن جگە لەوەی وەک هەر کرێکارێکی دیکە دەچەوسێتەوە، بە هۆی ژن‌بوونیشیەوە، چەندقات دەچەوسێتەوە. لە هەڵبژاردنی کاردا به‌ناڕەوا ده‌که‌وێته‌ به‌ر هەڵاواردن ، حوقووقی ئەو بە نیسبەت پیاوی کرێکار هەمیشه‌ کەمترەو زۆر جاریش لە کاتی قەیران‌و بێکاربوونی کرێکاران‌دا ژنانی کرێکار لە پێش پیاوانی کرێکاردا‌ لەسەر کارەکانیان وەلادەنرێن. واتە ریسکی لەدەستدانی کار بۆ کرێکاری ژن لە چاو کرێکاری پیاو زۆر زیاترە.
کرێکاری ژن لە ئێران دوای چەندین سەعات کارو ماندووبوون تازە کە گەڕاشەوە ماڵەوە کاری دووهەمی دەست پێ‌دەکا، کارەکانی ماڵێش لە چێشت‌لێنان‌، جل‌شۆردن‌و ‌ڕاگەیشتن بە منداڵه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ خزمەت بە پیاوانی بنەماڵە! هێزو تواناو کاتێکی زۆری ئەم مرۆڤە بۆخۆی تەرخان دەکا. ئەوە لەحاڵێک‌دایە که‌ ئەو کارانە حیسابی کاریان بۆ ناکرێ. چونکە بە پێی دابونەریتی پیاوسالاری، کاری ماڵ، ئەرکی سەرەکی‌و پیرۆز!ی ژنە. دیاره‌ کەم پیاویش هەیە دوای کاری دەرەوە لە کارەکانی ماڵ‌دا هاوکاریی شەریکی ژیانەکەی بکا. بۆیە ژنانی کرێکار دەبێ هەم لە بازاڕی کاردا خۆیان ماندووتر بکه‌ن بۆئەوەی لێیان ڕازی بن، هەم لەماڵەوە ناچارن له‌ جیاتی حه‌سانه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ ماندوو بن. لە ئاکام‌دا ئەو ئینسانە ئەگەر زۆریش بەهێز بێ بڕستی لێ‌دەبڕێ‌و زۆر جار تووشی نەخۆشیی جۆراوجۆر دەبێ‌و بەناچار واز لە کاری دەرەوە دێنێ. لە هەمووشی ناخۆشتر ئەوەیە بزووتنەوە کرێکاری‌یەکان لە ئاست ئەو هەموو زوڵمەی بەرانبەر بە ژنانی کرێکار دەکرێ، بێ‌تەفاوەتن‌و لای ئەوانیش هەر وابزانه‌ کرێکار یانی پیاو! نانهێنەری بنەماڵە یانی پیاو!
بێکاری لەنێو ژنان‌دا
سەرەڕای ئەو هەموو هەڵاواردن‌و ناعەداڵەتی‌یە کۆمەڵایەتی‌یەی لە دژی ژنان لە کۆمەڵگە‌دا هەیە، دیسانیش توانیویانە لە زانکۆو خوێندنگەکان، ئەگەر رێژەیان لە پیاوان زیاتر نەبێ کەمتر نەبێ. هەر بەپێی ئامارەکانی دەوڵەت 63 لەسەدی خوێندکاران لە زانکۆکان کچان پێکی دێنن. بەشێکی زۆر لە ژنان بە سەرنجدان بە توانایی زانستی، فێربوون‌و شارەزایی‌یەک کە هەیانە،و هەروەها بە سەرنجدان بە هەلومەرجی ئابووری‌و ژیانی ئەمڕۆیی، بەدوای کاردا دەگەڕێن، بەڵام دیسانیش شانسێکی ئەوتۆیان لە وەرگیران له‌ بازاڕی کاری ئێران‌دا نیە. ئامارەکان ئەوە نیشان دەدەن کە بێکاری لە نێو ژنانێک کە بەدوای کاردا دەگەڕێن دوو بەرابەری پیاوانە.
رێژیمی کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی لە دەورانی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئەحمەدی‌نه‌ژاد دا، بە شێوەیەکی ئامانجدارو سیستماتیک سیاسەتی دوورخستنەی ژنانی لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌دا بردۆتە پێش، کە ئەمەش وردەوردە دوورکەوتنەوەی ژنان لە بازاڕی کاریشی‌ لێ‌کەوتۆتەوە. لە چوارچێوه‌ی ئه‌و سیاسەتەی دەسەڵاتدارانی ئێران‌دا، دەتوانین ئیشارە بە بەڕێوەبردنی گەڵاڵەیەک بکەین کە قەرار بوو بە شێوەیەکی خۆویستانە لە بارەی کارمەندانی ژن لە ئیدارەکان دا بەڕێوە بچێ، کەچی ئەم بڕیارە بوو بە قانوون وئیجباری کرا. لە درێژەی سیاسەتی خانەنشین‌کردنی ژنان بە ناوی ڕاگەیشتن بە ئەرکی هاوسەری‌و دایکایەتی، مریەم موجتەهید‌زادە، ڕاوێژکاری ئەحمەدی‌نەژادو بەرپرسی ناوەندی کاروباری خانمان، گەڵاڵەیەکی بۆ هەیئەتی دەوڵەت ئامادە کردبوو کە لەوێش‌دا بە پێی ئەو گەڵاڵەیە مەرەخەسیی منداڵ‌بوون لە 6 مانگەوە کرابووە 9 مانگ‌و سەعاتی شیردان لە یەک سەعاتەوە بۆ دوو سەعات، هەروەها لەو گەڵاڵەیەدا هاتبوو کە ژنان دەتوانن دوای مەرەخەسی منداڵبوونیش 3 ساڵی دیکە لە مەرەخەسی بێ‌حوقووق کەڵک وەرگرن. بە سەرنجدان بەم تەرح‌و بەرنامانەی دەوڵەت، جگە لەوەی بنەماڵە هان‌دەدرێ بۆ منداڵ‌زۆرکردن‌و دوورکەوتنەوەی ژنان لە بازاڕی کار، ئیدارەو کارفەرماکانیش بەم‌شێوەیە مەیلی ئەوەیان نابێ کە ژن دامەزرێنن.
مەسەلەیەک کە نابێ چاوپۆشیی لێ‌بکرێ ئەوەیە که‌ کەلتووری زاڵ بە سەر کۆمەڵگەی ئێران‌دا کەلتوورێکی پیاوسالارانه‌یە. هەربۆیە لەو کەلتوورەدا ژنان ناتوانن بە ئاسانی لە بازاڕی کاردا، دەرکەون‌و هەلەکانی کار بقۆزنەوە. ئێستاش زۆربەی ئەو ئیمتیازانەی تایبه‌تن به‌ کەسێکی کە خوازیاری کارە، وەبەر پیاو دەکەون. یانی ئەگەر ژنێک‌و پیاوێک بە تایبەتمەندیی وەک یەکەوە بچن لە شیرکەتێک یان کارخانەیەک داوای کار بکەن، ئەوە پیاوەکەیە لە پێش‌دا شانسی وەرگیرانی هەیە. یان کاتێک ژنێک لە شیرکەتێک یان ئیدارەیەک کار دەکاو لەگەڵ پیاوێک کە هەر وەک ئەو لەو شوێنە کاردەکا‌و هەلومەرجەکەیان وەک یەکە، بۆ نموونە هەردووکیان سەعاتی کارەکەیان‌و به‌رپرسایەتی‌یەکەیان وەک یەکە، ئەو دوو ئینسانە وەک یەک حیسابیان بۆ ناکرێ‌و حوقووقی وەک یەکیان نیە. دیارە ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕوانگەیەی لە کۆمەڵگەدا زاڵە، روانگەی بەلاواززانینی ژن. هەروەها دەوڵەتیش ئەو نابەرابەری‌یەی بە ماددە قانوونی‌یەکانی پەرەپێ‌داوە.
لە پێوەندی لەگەڵ حوقووقی کرێکاری ژن‌و کرێکاری‌ پیاودا، هەڵاواردن دیاردەیەکی جیهانی‌یەو تایبەت نیە بە وڵاتێک یان چەند وڵاتەوە. تەنانەت لە وڵاتانی پێشکەوتووش‌دا حوقووقی ژنێکی کرێکار، 70 لە سەدی حوقووقی پیاوێکی کرێکارە. بەڵام لە وڵاتانی دواکەوتوودا ئەم مەسەلەیە زۆر خراپترەو جگە لەوەی کرێکارێکی ژن لە بەرابەر کاری وەک یەک‌دا نیوەی حقوقووقی کرێکارێکی پیاو وەردەگرێ ، زۆر زیاتر لەوەش بەهۆی ئەو ڕوانینە پیاوسالارانه‌یه‌وه‌ که‌ زاڵە، مافەکانی پێشێل دەکرێن.
یەکێکی دیکە لە کێشەکان ئەوەیە کرێکارانی ژن لە ئێران زۆرتر لەو کارگایانەدا خەریکی کارن، کە جگە لەوەی مەرجەکانی تەندروستی‌یان بۆ کرێکار تێ‌دا نیە، هیچ چاوەدێری‌یەکی قانوونییشیان بەسەرەوە نیە. بۆیە لەو شوێنانە هەمیشە سەرەتایی‌ترین مافی کرێکارێک پێشێل دەکرێ، کە سەعاتی کارو حەقدەستی دیاریکراوە، بیمەی دەرمانی‌و پەککەوتەیی، بەتایبەتی کرێکاری ژن لە مەرخەسیی منداڵبوون، لە شوێنێک بۆ حەوانەوەی منداڵەکانیان (مهد کودک) بێبەشن و زۆر جار 10 تا 12 سەعاتیش کاردەکەن‌و سەرەڕای هەموو ئەوانە زۆر جار لەلایەن خاوه‌ن‌کاره‌وە دەکەونە بەر رەفتاری توندوتیژو پڕ لە سووکایەتی بەبێ ئەوەی یاسایەک هەبێ بۆ پشتیوانی‌لێ‌کردنیان.
هەر لایەنێکی ژیانی ژن لە ئێران چاو لێ‌بکەین، پڕە لە ناعەداڵەتی‌و لە پێشێل‌کردنی مافە ئینسانی‌یەکانی. لە ژێر سایەی حاکمییەتی کۆنه‌په‌رستانه‌ی کۆماری ئیسلامی‌دا، هیچ هیوایەک بە باش‌بوونی هەلومەرجی ژیانی توێژە چەوساوەکان بە تایبەتی ژنان نیە. هه‌ر بۆیه‌ ته‌نیا به‌خه‌باتی به‌رینی هه‌موو چین‌و توێژه‌ چه‌وساوه‌و سته‌م‌لێکراوه‌کان‌و به‌ هێنانه‌سه‌رکاری سیسته‌مێکی سیاسیی دیموکرات، دادپه‌روه‌رو وڵامده‌ر، ده‌توانین دوارۆژێکی باشتر بۆ ژنان‌و توێژه‌ چه‌وساوه‌کانی دیکه‌ دابین بکه‌ین.
 
کوێستان فتوحی

 

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر