کارناسانی بواری کۆمەڵایەتی دەڵێن، ئێعتیاد نەخۆشییە. تووشبوون بە هەر نەخۆشییەکیش هۆکارو دەرمانی خۆی هەیە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی تووشبوون بە مادە هۆشبەرەکان، بێکارییە. بێکاری سەرچاوەی زۆر لە کێشە کۆمەڵایەتییەکانە. کەسی بێکار لەلایەن دەوروبەرەوە دەکەوێتە ژێر فشار، ئەمەش ئارامیی دەروونیی کەسەکە تێک دەداو بۆ خۆدەربازکردن لەو دۆخەی تێی کەوتوە، پەنا دەباتە بەر مادە هۆشبەرەکانو لە کۆتاییدا دەکەوێتە داوی بەڵایەکی ماڵوێرانکەری وەک ئێعتیاد.
«لە هەر سەعاتێکدا 30 موعتادو فرۆشیاری مەوادی موخەدیر لە ئێران دەستبەسەر دەکرێن». ئەوە سەردێڕی هەواڵێکە کە رۆژی 12ی خاکەلێوە لە زمان بەرپرسی ستادی بەربەرەکانی لەگەڵ ماده هۆشبهرهکان لە راگەیەنەکانی ئێراندا بڵاو کرایەوە. هەر ئەو هەواڵە باسی لەوە کردوە کە ستادی بەربەرەکانی لەگەڵ ماده هۆشبهرهکان ، ساڵی ڕابردوو دەستی بە سەر 500 تۆن مادهی هۆشبهردا گرتوە.
ئەگەرچی ئاماری گیراوانی پێوەندیدار بە ماده هۆشبهرهکانو ئەو مەوادانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، نیشان دەدا کە مەسەلەی ماده هۆشبهرهکان لە ئێران بۆتە مەسەلەیەکی مەترسیدارو کارەساتبار، بەڵام ئامارەکان لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە لەو پێوەندییەدا، هیچکات وەک ههن بڵاو ناکرێنەوە.
ئامارەکان ناتەبایییان هەیە
چەند ساڵێک بوو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی رێژەی موعتادانیان لە ئێراندا یەک میلیۆن و 200 هەزار کەسو ئەوانەی کە بە قەولی ئەوان بۆ رابواردن (تفنن) بەکاری دێنن، 800 هەزار کەس ڕادەگەیاند. بەڵام دوایین ئامار کە لەلایەن ستادی بەربەرەکانی لەگەڵ ماده هۆشبهرهکان بڵاو بۆتەوە، ژمارهی موعتادانی زیاتر لە 2 میلیۆن ڕاگەیاندوە. هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژنامەی «آرمان» لە دوایین ژمارەی ساڵی 1391ی خۆیدا لە زمان سەعید سەفائیان بەرپرسی پێشووی چارەسەری ئێعتیاد لە ستادی بەربەرەکانی لەگەڵ ماده هۆشبهرهکان ، نووسیویەتی: «ئاماری ڕاستەقینەی تووشبوان بە ماده هۆشبهرهکان لە ئێراندا گەیشتتە 3 میلیۆن و 600 هەزار کەس».
ئامارەکان لە زمان بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە هەرجارە قسە لە ڕێژەیەک دەکەن. ڕوون نیە چەند لەسەدی تووشبوان بە ماده هۆشبهرهکان یان ئەوانەی لەم پێوەندییەدا دەستبەسەر دەکرێن، ژنانن. رۆژنامەی «قانون» لە مانگی ڕەشەمەی 1391دا نووسیویەتی ستادی بەربەرەکانی لەگەڵ ماده هۆشبهرهکان ، ئاشکرای کردوە کە 270 هەزار ژنی تووشبوو بە مەوادی موخەدیر لەئیراندا هەن. ماوەیەک لەمەوپێش بەرپرسی رێکخراوی زیندانەکان ڕایگەیاند کە نیوەی ژنانی زیندانی، لە پێوەندیی لەگەڵ ماده هۆشبهرهکان دا کەوتوونەتە زیندانەوە. سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی بەربەرەکانی لەگەڵ ماده هۆشبهرهکان دەڵێ: «لە سەدا 20ی تووشبووان بە ماده هۆشبهرهکان، ژنانن». ههرلەوکاتهدا یەکێکی دیکە لە بەرپرسانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی رایگەیاندوە که 35 لە سەدی تووشبوان بە ماده هۆشبهرهکان لە ئێران، ژنانن.
ڕۆژنامەی «قانون» نووسیویەتی، بەدواداچوونە قانوونییەکان بە پێی ئەسنادو ڕاپۆرتەکانی ستادی بەربەرەکانی لەگەڵ ماده هۆشبهرهکان ، نیشانی داوە لە 1میلیۆنو 325 هەزار موعتادی ڕەسمیو راگەیەندراو لە ئێران، نزیک به270 هەزار کەسیان ژنن، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئامارە ناڕەسمییەکان زیاتر لەو رێژەیان بەراورد کردوە.
ڕوانینەکان بەرانبەر بە ژنی موعتاد
زۆربەی ئەو لێکۆڵینەوەو سەرچاوانەی لە پێوەندی لەگەڵ ئێعتیادی ژناندا بڵاو بوونەوە، لە یەک خاڵدا هاوبەشن، ئەویش ئەوەیە که زۆربەی ئەو ژنانەی تووشی ئێعتیاد بوون، هاوسەری موعتادیان هەیەو ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هاوسەرهکانیان تووشیان کردوون.
لێکۆڵینەوەکان ئەوە نیشان دەدەن کە ئێعتیادی ژنان لە کۆمەڵگەدا تا ڕادەیەک بە شاراوەیی ماوەتەوەو هیچکات ئامارەکان لە پێوەندیی لەگەڵ ژناندا روون نین. ئەمەش بە هۆی ڕوانینی کۆمەڵگەوەیە کە بە چاوێکی یەکجار پڕ لەسووکایەتی چاو لە ژنێک دەکرێ کە گیرۆدهی ماده هۆشبهرهکان بووە. یانی لە دیدی کۆمەڵگەوە ژنی موعتاد وەک لەشفرۆشێک وایە. بنەماڵەش لەترسی ئابڕووچوونو رێسوابوون لە کۆمەڵگەدا، جگە لەوەی مامەڵەیەکی خراپ لەگەڵ ئەو ئەندامەی خۆی دەکا، هەوڵ دەدا بەشاراوەیی بمێنێتەوە. ئەمەش ژنی موعتاد هێندەی دیکە دەخاتە نێو دۆخێکی مەترسیدارەوە. واتە زۆر جار ئەو ئیمکاناتەی بۆ تەرکی ئێعتیاد کەڵکی لێوەرگیراوە، وەک ناوەندەکانی تەرکی ئێعتیاد، ژنان لێی بێبەش بوون. ئەمەش هێندەی دیکە ئاکامی خراپی بۆ ژنی موعتاد لێکەوتۆتەوە. یان ئەوانەی دەبرێنە ناوەندەکانی تەرکی ئێعتیادو تەرکی دەکەن، بە هیوای دەستپێکردنی ژیانێکی ئاسایی رۆژێک لەو ناوەندانە دێنە دەرەوە، بەڵام دوای ئەوەش، بنەماڵەکانیان پشتیوانییان لێناکەنو زۆر جار خۆیان تێ ناگهیهنن. زۆر لەوانە بەهۆی تەنیاییو بێکەسی دیسان ڕوو دەکەنەوە ئەم بەڵا ماڵوێرانکەرەو ژیانیان دەکەوێتەوە مەترسی.
گۆڤاری پزیشکیی دەروونناسیی ئێران له توێی لێکۆڵینهوهیهکدا کە هاوینی ساڵی 1390 بڵاوی کردۆتهوه ، بەشێک لەو گیروگرفتو مەسەلانەی ژنانی موعتادی هێناوەتە بەرباس. لێکۆڵینەوەکە لە لایەن 4 دوکتوری دەروونناسهوه لە سەر 62 ژنی تووشبوو بە مادە هۆشبەرەکان لە دوو ناوەندی دەرمانیی تەرکی ئێعتیاد کراوە. وتووێژەکان لەگەڵ ژنانی 16 تا 57 ساڵە کراون کە زۆرتریان تەمەنیان له نیوان25 تا 30 ساڵدا بووە. لە لێکۆڵینەوەکەدا هاتوە کە ئەوانەی لێکۆڵینەوەکەیان لەگەڵ کراوە لە توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە (لە باری ئابووریو کۆمەڵایەتییەوە) بوون. سەرەڕای ئەوەش لێکۆڵینەوەکە پڕە لە زانیاریی گرنگ کە لانی کەم وەزعییەتی بەشێکی زۆر لە ژنانی موعتاد نیشان دەدا.
دەرکەوتەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە ئەوانەن:
ئەو ژنانەی لێکۆڵینەوەکەیان لەسەر کراوە له خوێندەواری سەرەتایییەوە تا خوێندهواری پلە بەرزیان تێدایه ، 90 لە سەدی ئەوانە بێکارو 30 لەسەدیان بێماڵوحاڵ بوون. 60 لەسەدیان ڕابردووی لەشفرۆشییان هەبووەو زیاتر لە 90 لەسەدیان بۆ پەیداکردنی ماده هۆشبهرهکان ڕوویان لە کاری خیلاف کردوە. زیاتر لە نیوەیان لە رێی کڕێنو فرۆشتنی ماده هۆشبهرهکان ، لەشفرۆشیو دزیکردنهوه، ژیانی خۆیان بەڕێوە بردوە. نزیک بە نیوەیان ژنو مێرد هەردوویان کاریان هەبووە (شاغل) بوونو، نیوەیان ژنی بهمێرد بوونو لەدەست توندوتیژی جەستەییو دەروونیی هاوسەرەکانیان شکایەتیان ههبووە. زۆرتریشیان ژنانی سەڵت، بێماڵو بێجێوڕێ بوون. بەگشتی زیاتر لە نیوەی ژنانی موعتاد له گهڵ توندوتیژیی جەستەییو جینسیو دەروونی بهرهوڕوو بوون. هەموو ئەو ژنە موعتادانە کە لە پشتیوانیی ماڵی بێبەش بوون ، بۆ بەدەستهێنانی مەواد ڕوویان لە لەشفرۆشی، قەرزکردن، دزیو هەڵخەڵەتاندنی کچانی کهمتهمهنو.... کردوە.
ئەو ژنانە، سووکایەتیپێکران، وەلانران لە لایەن بنەماڵەو کۆمەڵگەوەو هەژارییان بە یەکێک لە سەرەکیترین کێشەکانی خۆیان ناو بردوه. بەتایبەتی دهرکردن و تۆمەتلێدان لەلایەن بنەماڵەوە یەکێک لە گرفتە هەرە سەرەکییەکانی ئەو ژنانە بووه.
بەسەرنجدان بەم مەسەلەیە، دەکرێ بڵێین سەرنجنەدان بە ئێعتیادی ژنانو شاردنەوەی ئێعتیادی ژنان لە لایەن بنەماڵەوە، لە داهاتوویەکی نە زۆر دووردا ئاکامێکی یەکجار خراپی بۆ کۆمهڵگه به دواوه دهبێ. لە کەس شاراوە نیە که بنەماڵە وەک چۆن دەتوانێ لە پاراستنی سڵامەتیی دەروونیی ئەندامەکانیدا کاریگەر بێ، دەتوانێ لە زەمینەخۆشکردن بۆ بەلاڕێدابردنیش دا ئەو کاریگەرییەی هەبێ.
به گوێرهی لێکۆڵینەوەی پسپۆرانو کارناسانی بواری کۆمەڵایەتی، مهترسیی ئێعتیادی ژنان لەسەر کۆمەڵگە له هی پیاوان پترە. بۆ نموونە مهودای زەمانیی یەکەم مەسرەفکردن، تاکوو تەزریقی مەواد لە ژناندا 2 ساڵە، بەڵام لە پیاواندا نزیک 8 ساڵە. بەم شێوەیە ژنان 6 ساڵ زووتر لە پیاوان، ئۆگری مەواد دەبن کە ئەمەش روونە چارەسەرەکەشی دژوارتر دەبێ. هەروەها مردن بە هۆی ماده هۆشبهرهکانهوه لە ژناندا زووتر دهبێ، بەتایبەتی ئەوانەی زۆر مەسرەف دەکەن.
هەربۆیە ئەمڕۆ لە دنیادا بۆ پێشگیری لە ئێعتیادو تەرکی ئێعتیادی ژنان، سەرنجێکی تایبەتی دەدرێتە ئەم بوارە. بەڵام لە ئێران کە یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین ئاماری ئێعتیادی هەیە ئەم سەرنجدانه نیەو بەداخەوە ژنان وەک هەموو لایەنو بوارەکانی دیکە پشتگوێ دەخرێن.
سەرچاوەکان:
ماڵپەڕی «خانە وکلا»
گۆڤاری ئینترنێتیی «برترینها»
ماڵپەڕی هەواڵدەریی «مهر»
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر