ژنانی ئێران خوازیاری ژیانێکی ئینسانی لە کۆمەڵگەدان، بۆیە بەشداری و هاوبهشی لە ئورگانەکانی دەسەڵاتدا بە پێویست دەزانن. ئەوان خوازیاری پشک ههبوون له سهر ئهساسی ڕەگەز لە مەجلیسی شوورای ئیسلامی، وەزارەتەکان، شووراکان و زۆر لە دەزگا و دامهزراوه بەرپرسیارەکانی کۆمەڵگەدان. بۆیە ئەمجارەش ئاگایانە هاتنەوە مەیدانو به مەبەستی پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە سیستمدا لە هەڵبژاردندا بەشدار بوون.
ئایا ڕووحانی دەتوانێ نمادی ئاڵوگۆرو سڕینەوەی هەڵاواردن بەدژی ژنان لە ئێران بێ؟
رۆژی یەکشەممە 12ی گەلاوێژ ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرکۆماریی ئاغای حەسەنی ڕووحانی لە تاران بەڕێوە چوو. لەو ڕێوڕەسمەدا کە بە حوزووری دەیان سەرکۆمار و سهرۆکوهزیروکاربهدهستانی دیکهی وڵاتان و چهندین کهسایهتیی بیانی و ئێرانی بەڕێوە چوو، ئاغای ڕووحانی دوای وتارە "مێژوویی"یەکەی، لیستی پیشنیاریی ئەندامانی کابینەی خۆی تەحویلی سەرۆکی مەجلیسی شوورای ئیسلامیی ئێران دا تاکوو ئهندامانی مەجلیس لێکۆڵینهوهیان لهسهر بکهن و لە دانیشتنی خۆیاندا دەنگی متمانهیان پێبدەن. لێرەدا نە پێویستەو نە مهبهستیش ئەوەیە باسی ئەو کەسانە بکرێ کە ناویان لە لیستەکهی ڕووحانیدا هاتوه. چونکە زۆربەیان کەمو زۆر هەم تواناییو پسپۆرییەکانیان دیارنوهەم ڕوانگەکانیان بەرانبەر مەسەلە جۆراوجۆرەکان ڕوونن. بەڵام ئەوەی گرنگە باسی بکەین ئەوەیە که بزانین ڕووحانی کە پێش هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە کۆڕو کۆبوونەوە تەبلیغاتییەکانیدا ئەو هەمووە باسی عەداڵەت و گۆڕانخوازی و...ی دەکرد، تاچەند ئەم ئاڵوگۆڕانەی باسی دەکردن جێبهجێ دەکا. ناوبراو لە یەکێک لە وتارهکانیدا گوتی: بۆ ژنان بەرنامەی حەوت مەرحەلەییمان هەیە! کەچی لە یەکەم هەنگاودا دیتمان عەداڵەتو گۆڕانخوازییەکەی پشتگوێ خست! له لیستە 20 کەسییەکهی وهزیرانی پێشنیاریدا، بە ڕەوای نەزانیبوو بۆ نموونە ناوی تەنیا یەک ژنیش بگونجێنێ. ئایا دهکرێ ئهم یهکهمههنگاوه بکهینه پێوهری ڕوانگەی ڕاستەقینەی ئاغای ڕووحانی یان دەبێ چاوەڕوان بینو بزانین کەی بەرگی کردەوە لە بەر دروشمەکانی دەکا. پێش ئەوەی لە چاوەڕوانیی داهاتوودا بوەستین دەبێ ئەم پرسیارە ڕووبەڕووی ئەو سەرکۆمارە بکرێتەوە که ئایا ئەمەیە ڕوانگەی ڕاستەقینەی بەرانبەر بە ژنان، یان بەڕاستی لە ئێراندا ژنێک نەبوو کە لێوهشاوهیی بوون بە وەزیر لە کابینەکەی ئەویدا هەبێ؟! رووحانی بەم کارەی، متمانهی دەرسەدێکی زۆر لەو ژنانەی ئێرانی که کەموزۆر باوەڕیان پێکردبوو لەدەست دا. ئهتۆ بڵێی ئەو ژنانەی بە هیوای گۆڕان لەو سیستمەدا بەرهو سندووقەکانی دەنگدان چووبوون، جارێکی دیکە لەو سیستم و دەسەڵاتەدا ئەوە دووباره بکەنەوە.
چەند دەورەیەکە بۆ ڕاکێشانی سەرنج و دهنگی نیوەی کۆمەڵگەی ئێران، مەسەلەی ژنان -ئەگەر سەرەکیترینیشیان نەبێ- بۆتە یەکێک لە بەرنامە ئینتخاباتییەکانی سەرکۆماری لە ئێران. بەڵام هەرکە هەڵبژاردن کۆتایی دێ، مەسەلەی "ژنان" دەخرێتەوە پشتگوێ و دەکەوێتەوە پهراوێزی هەموو مەسەلەکانی دیکەی وەک: ژیان و مەعیشەت، ئابووری، سیاسهتی نێوخۆییو دەرەکی و...
حەسەن ڕووحانی پێش هەڵبژاردن لە کۆڕ و کۆبوونەوە تەبلیغاتییەکانیدا باسی لە لابردنی هەڵاواردنی ڕەگەزی دەکرد و ئەم گەلاڵەو بەرنامانەی کە هەڵاواردنی ڕەگەزییان تێدا بوو بە دروست نەدەزانی و بەڵێنی بەهێزکردنی ژنان و ڕوانینی یهکسانیخوازانەی بە ژنان دەدا. لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ ژنان لە تالاری "آدینە"ی تاراندا لە بارەی داخوازەکانی ژنانهوه قسەی دەکرد، کە قسەکانی خۆشبینییەکی زۆریان بۆ ژنانی ئێران دروست کرد. ئەو قسەی لە سڕینەوەی هەڵاواردنی ڕەگەزی لە هەموو بوارەکانی ئابووری، زانستی، کۆمەڵایەتیو کاردا هێنایه گۆڕێ و تەنانەت باسی دروستکردنی وەزارەتێک بە ناوی وەزارەتی ژنانی کرد و گوتی: "هەڵاوردن بە دژی ژنان قەبووڵ ناکرێ و ڕەگەز ناتوانێ میعیارێکی دروست بۆ وەرگرتنی بەرپرسایەتییەکان لە کۆمەڵگەدا بێ." بەڵام دیتمان لە یەکەم هەنگاوی کاری خۆیدا ئەویش هەر وەک ئەوانی دیکە دروشمەکانی خۆی ژێر پێ خست.
ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە که زۆر کەس و لایەن دڵیان بە دروشمەکانی ڕووحانی لە پێش هەڵبژاردندا خۆش کردبوو. تەنانەت زۆر لە ژنانی ئێرانیش بەچاوێکی جیا لە مۆرەکانی سەر بە رێژیمی کۆماری ئیسلامی چاویان لەم کاندیدایهی پۆستی سهرکۆماری دەکرد. هەربۆیەش 19 میلیۆن دەنگی هێنایەوە. بەدڵنیایییەوە نیوەی ئەو19 میلیون دەنگە، دەنگی ژنانی ئەم وڵاتەن که بە سیستمی کۆماری ئیسلامییش نەدراون، بەڵکوو ئەمجارەش دراون بە کەسێک کە باسی لە دادپەروەری و سڕینەوەی هەڵاواردنەکان دەکرد. بهلام ئهم تهمابهستن وچاوهڕوانییه، سهرهتایهکی باشی بۆ ژنان تیدا نهبوو. دڵنیاین ئهگهر ژنان وهدهنگ نهیهن و ناوبراو بۆ جێبهجێکردنی واده و بهڵینهکانی نهخهنه ژێر گوشار، لهوانهیه داهاتوو و کۆتایی ماوهی سهرکۆمارییهکهشی شتێکی وای بۆ ژنان تیدا نهبێ!
kwestan ftoohi
kwestan ftoohi
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر