28 گهلاوێژ، بیرهێنهرهوهی هێرشی نیزامیی رێژیمی تازه به دهسهڵات گهیشتووی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سهر خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە. لە 28ی گەلاوێژی 1358خومەینی رێبەرو دامەزرینەری رێژیمی تازەی ئێران، شەڕی لە دژی خەڵکی مافویستی کوردستان راگەیاند. خومەینی بە راگەیاندنی شەڕ لە دژی گەلی کوردو ڕەوانە کردنی لەشکری نیزامیو «حاکمی شەرع»خەڵخاڵیی جهللاد بۆ کوردستان، جینایەتو تاوان لە دژی خهڵکی بێدیفاعی شارو گوندهکانی کوردستانی دەست پێکرد. کوشتارو تاوانخوڵقێنییەک که تا ئهمڕۆش بە شێوەی جۆراوجۆر بهردهوامه.
پاش فهرمانی خومهینی، لافاوی هێزی چەکداری گوێ لە مستو دەمارگرژ شانبەشانی ئەرتەشو پاسداران بهرهو کوردستان هێرشیان کرد. له زهویو ئاسمانهوه ئاگریان بهسهر خهڵکی شار و گوندهکانی کوردستاندا باراندو له هیچ جینایهتێک دهستیان نهگێڕایهوه. پۆل پۆل لاوانی کوردستانیان وهبهر گولله داو ئێعدام کرد. خەڵکی گوندەکان قەڵاچۆ کرانو ماڵیان بە تاڵان برا. لە زۆربەی شارەکان کۆمەڵێک مرۆڤی بێتاوان بهبێ دادگایی یان له بێدادگای چهند چرکهییدا بە فەرمانی حاکمی شەرع خەڵخاڵی تهنیا به تاوانی داواکردنی مافەکانی خەڵک درانه بهر گوللهو گیانیان لێسهندرا. فهرمانهکهی خومهینی، جۆرێک ڕاگەیاندنی جیهاد لە دژی خەڵکی کوردستانو بەسیج کردنی هەموو تواناکانی رێژیم بۆ هێرشبردن بۆ سەر خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان بوو. لە روانگەی ناوبراوەوە حیزبی دیموکرات، بەو هۆیەوە کە لە بەرامبەر هەوڵوپیلانەکانی ڕێژیمی تازە بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنەوەی کوردستان راوەستابوو، حیزبێکی شەیتانی بوو. هەر بۆیە خومەینی ئەم حیزبەی هەڵوەشاوە راگەیاند. هێرشکەران کە بریتی بوون لە ئەرتەش و لایەنگرانی دەمارگرژ و چەک بە دەستی رێژیمی تازە، له هیچ جینایهتێک دهستیان نهدهپاراست. ههر چهند رۆژ دوای فهرمانهکه خەڵکی ئاوایی قاڕنێیان قەڵاچۆ کرد، لە مەلای ئاوەدانی کە بەقورئانێکەوە چووبووە پێشوازییان تا خەڵکەکە نەکوژن، هەتا منداڵی سهر بێشکه، ڕەحمیان بە کەسدا نههاتهوهو هەر کەسیان دەست کەوت، بەگوللەو تەور گیایان لێئەستاند. جینایهتێک کە دواتر لە دەیان گوندی کوردستان دووپات بوونەوە.
هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سهر خهڵکی کوردستان به فهرمانی خومهینی، ههوڵێک بوو بۆ بێدهنگ کردنی خهڵکی ئازادیخوازی کوردستان کە داوای مافی نەتەوەیی خۆیانیان دەکردو لهلایهکی دیکهشهوه تۆڵه کردنهوه بوو له خهڵکی کوردستان. چونکه خهڵکی کوردستان ههر لهسهرهتاوه لە بارەی ئەو ڕێژیمەوە بە هەڵە نەچوونو فریویان نەخوارد. هەر بۆیە کاتێک لە خاکهلێوهی 1358رێفراندۆمی گشتی بۆ دیاریکردنی جۆری نیزامی داهاتووی ئێران بەڕێوە چوو، بەو هۆیەوە کە نەیاندەزانی ئەو «کۆماری ئیسلامی»یەی خومەینی دەیەوێ دەنگی خەڵکی بۆ وەربگرێ چ جۆرە ناوەرۆکێکی هەیەو چ مافێکی بۆ خەڵکی کوردستانو نەتەوەکانی دیکەی ئێران پییە، بەشدارییان تێدا نەکرد. ئهمهش شتێک نهبوو خومهینی چاوپۆشیی لێبکا. ههربۆیه شهڕێکی خوێناویی لهژێر ناوی دین لە گەڵ ئهم نهتهوهیه دهست پێکرد.
خومهینیو دارودهستهکەی به تهواوی توانایانهوه هێرشیان کردە سەر کوردستانو به ههزاران مرۆڤی ئازادیخوازیان لهخوێن گهوزاند، دەیان کارهساتی وەک قاڕنێو قهڵاتانیان خوڵقاند، خەڵکیان ئاوارەو دەربەدەر کردو ماڵو حاڵی خهڵکیان بهتۆپ و بۆمبو کاتیوشا وێران کرد، ئهگهر شۆڕشگێرانیان پۆل پۆڵ بهرهو مهیدانهکانی ئێعدام بردو گیانیان لێسهندن، ههر بۆ ئهوه بوو که بتوانن دهنگی ئازادیخوازیو مافخوازیی خهڵکی کوردستان کپ بکهنو ئهو خهڵکه بۆ ههمیشه واز له مافهکانیان بێنن. بهڵام لهوه غافڵ بوون کە کوردستان،ئهم سهنگهرهی ئازادیخوازی بهم کردهوانهی ئهوان خۆڕاگرتر دهبێ و خهڵکە مافخوازەکەی لە سەر داواکانیان سوورتر دهبن. شهڕی کۆماری ئیسلامی لهگهڵ خهڵکی کوردستانو بەربەرەکانیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەڵ ستەم و زۆردارییەکانی ئەو ڕێژیمە، سەرەڕای تێپەڕین بە قۆناغی جۆراوجۆر دا هەر وا بهردهوامهو بە شێوەی جۆراوجۆر درێژەی هەیە.
لە پێوەندی لە گەڵ شەڕێک دا کە کۆماری ئیسلامی بە فتوای خومەینی بە سەر کوردستانیدا سەپاند، زۆر جار لێر و لەوێ، هێندیک رەخنەگر، گەلی کوردو هێزە سیاسییەکانی بە پەلە کردن لە ڕاوەستان بەرامبەر بەو ڕێژیمەو زوو دەستبردن بۆ چەک، تاوانبار دەکەنو وەباڵی ئەو هەمووە خوینڕژانو ماڵوێرانییە، دەدەنە پاڵ ملی هێزە سیاسییەکانی کوردستان. ئەوان بە پێویستیشی نازانن ولامی ئەو پرسیارە بدەنەوە لە شوێنەکانی دیکەی ئێران، ئەو نەتەوەو هێزە سیاسییانەی کە کە لە ریفراندۆم بەشدار بوونو دەنگیان بەو ڕیژیمەدا هیچ کاتیش دەستیان بۆ بەرگریی چەکدارانە نەبرد، کۆماری ئیسلامی چ داوایەکی لێقبوول کردنو چ مافێکی پێدان؟ بۆ چی هەر کە ئەوڕێژیمە دەرفەتی بۆ هەڵ کەوت، کەوتە گیانی ئەوانیشو لە کوشتنی رۆڵەکانیانو تیکۆشەرانیان دریغی نەکرد؟ پاشان ئەگەر کورد بە چەک بەرەوڕووی هێرشی نیزامیی کۆماری ئیسلامی نەبایەوە، ئایا ڕێگایەکی دیکە بۆ هێنانە گۆڕی داخوازەکانو داکۆکیلێکردنیان هەبوو؟ دەرەتانی پێکهینانی حیزبو رێکخراوی سیاسیو ئیمکانی هەڵبژاردنی ئازادو ناردنی نوینەری راستەقینەی خەڵک بۆ پارلمان و خەباتی پارلمانی هەبوو؟ میدیای ئازاد هەبوو؟ ئازادیی تیکۆشانی سیاسی هەبوو؟
گەلی کورد، ئەگەرچی لە سۆنگەی بە سەرداسەپانی شەڕێکی نابەرامبەر لە گەڵ کۆماری ئیسلامی تووشی زیانو خەساری گیانیو ماڵیی گەورە بوو، بەڵام سەلماندی کە بندەستیو بێمافی قبووڵ ناکا و ئامادەیە نرخی ئازادی بدا. بە هۆی ئەم خۆڕاگریو قوربانیدانو بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەش کە لە کوردستان هەیە، پلەی ئاگاییو وەخۆهاتنەوەی سیاسیو نەتەوەیی بەرەوژوور چووەو وزەو پوتانسیەلو توانایەکی بە هێز بۆ بەردەوامیی خەباتو تێکۆشانی ئازادیخوازانەو ڕزگاریدەرانە، بەرهەم هاتوە.
خاڵێکی دیکەش کە لە 34 ساڵەی داسەپانی شەڕ بە سەر خەڵکی کوردستان دا جێگای وەبیرهێنانەوەیە، رۆلو نەخشی ئەو هێزانەیە کە بەردەوامیی چەندین ساڵ خۆراگریی کوردستان، بەرهەمی خەباتو خۆ بەختکردنی ڕیبەران، تێکۆشەران، کادرەکان، پێشمەرگەکانو ئەندامانو لایەنگرانی ئەوان بووە، بە تایبەتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان کە نزیکەی 5000 کەس لە باشترینو بەوەجترین رۆڵەکانی لە خەبات لە گەڵ ئەو ڕێژیمەدا لە دەست داوە. ئەم رۆڵە جێی شانازییە، رەگو ڕێشەی ئەم حیزبەی بردۆتە نێو ناخی دڵی نەتەوەی کورد و بە پانایی کوردستاندا بڵاوی کردۆتەوە.
ئەگەر کوردستان، ساڵانێک تەنیا بە خۆڕاگریی چەکدارانە داکۆکی لەمانو مەوجوودییەتی خۆی کردوە، هی ئەو راستییە بووە کە ڕێگایەکی دیکەی لە بەر دەم دا نەبووە. بێگومان ئەگەر بەستێنسازی بۆ دروستبوونی شێوەکانی دیکەی خەبات بە تایبەتی خەباتی مەدەنیو خەباتی جەماوەری بکرێ، دەکرێ بۆشایی نەبوونی خەباتی چەکداری لە کوردستان بەو شێوە خەباتانە پڕ بکرێتەوە. ئەم بەستێنسازییەش ئەگەر لە لایەکەوە پێوەندیی بە کەشوهەوای سیاسیی وڵاتەوە هەیە کە هەر وەک ڕابردوو داخراوە، لە لایەکی دیکەوە بەستراوەتەوە بە بایەخپێدانی هێزو لایەنەکانی بەشدار لە بزووتنەوەی کوردستانو بە تایبەتی کەسانێک لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە لە خەباتو تیکۆشانی هێمنانەدا بەشدارنو هەوڵ دەدەن لەو ڕیگایانەوە داخوازەکانی خەڵک بەرنە پێش.
ئاکام:
نەتەوەی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان نابێ فەرمانی 28ی گەلاوێژی خومەینی لە دژی خۆی لهبیر بکا. پێویسته بهڵگهو دۆکیۆمێنتەکانی چەندین ساڵ شەڕی نابەرامبەری کۆماری ئیسلامی لە دژی گەلی کورد کۆ بکرێنەوە. پێویستە ئەو هێزانەو ئەو کەسانەو ئەو خەڵکەی ڕۆڵیان لەو خۆراگرییە پڕ لە قوربانیدانەدا هەبووە، بە تایبەتی ئەو بنەماڵانەی عەزیزانیان لە شەرو بەرگری لە گەڵ هێرشکەرانی کۆماری ئیسلامیدا لە دەست داوە یا تووشی کەم ئەندامی بوون، ڕیزیان لێبگیرێ. دەبێ زیاتر تیشک بخرێتە سەر ئەو راستییەش کە ئەوە کۆماری ئیسلامی بوو شەڕی بە خەڵکی کوردستان فرۆشت بۆ ئەوەی بە ناحەق، کەسانێک کە بەرگریی ڕەوای نەتەوەی کورد نەبەنە ژێر پرسیار. لە گەڵ هەمووی ئەوانەشدا دەبێ هەوڵ بدرێ ڕێگاو شێوازی نوێتر و هەر لەوکاتەدا کەم هەزینەتر بۆ بەربەرکانی لە گەڵ ستەمو زۆرداریی کۆماری ئیسلامیو بەدەستهینانی مافە نەتەوەییەکان، بدۆزرێتەوە.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر