۱۳۹۲ مرداد ۹, چهارشنبه

ئێعدام لە کۆماری ئیسلامی‌دا

مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ‌ تەنیا لە ماوەی دوو حەوتوودا زیاتر لە 60 کەس بە تاوانی قاچاغی مەواددی موخەدیر لە ئێران ئێعدام کران.
ئێعدام هەروەک ناوەکەی نێوەڕۆکەکەشی قورس و ڕەزاگرانە. ئێعدام جینایەتێکی لەپێش‌داداڕێژراوە کە حکوومەت و دەسەڵات بە ناوی سزا دژی موخالیفانی خۆی بەڕێوەی دەبا. دەکرێ بڵێین ئەو حکوومەتانەی سزای ئێعدام بۆ موخالیفانی خۆیان بەڕێوە دەبەن، جینایەتکارترین حکوومەتەکانن کە هیچ حورمەتێک بۆ بوونی مرڤ دانانێن. ئێعدام تەنیا پێوەندیی بەو تاکەوە نیە کە ژیانی لێ‌دەسەندرێتەوە، بەڵکوو سووکایەتی‌ بە هەموو مرۆڤایەتی‌یه‌.
 
وڵاتی ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین سزای ئێعدامیان لێ‌بەڕێوە دەچێ. خەڵکی ئێران گوێیان پڕ بووە لە وشەی ئێعدام، تەنانەت زۆر لە مرۆڤەکانی ئەو وڵاتە عادەتیان بە دیتنی دیمه‌نی ئێعدام و گیان‌لێ‌سەندنی مرۆڤەکانی دیکە گرتوەو چاو و گوێیان پڕ بووە.
بۆچی هەر ئێرانی‌یەک هەر لە تەمەنێکی کەمەوە لەگەڵ ئەم ناوە شووم و ترسناکە ئاشنا دەبێ ؟ دوگمەی هەر ته‌لەڤیزیۆنێک داده‌گری، لاپەڕی هەر رۆژنامەیەک هەڵدەدەیەوە، هەر ماڵپەرێکی ئینترنێتی دەکەیەوە، هەر گوێت لە وشەی ئێعدام ده‌بێ و چاوت بە ڕووداوی ترسناکی ئێعدام دەکەوێ. هەرکەس ڕۆژانە سەروکاری لەگەڵ خوێندنەوە لەسەر ماڵپەڕە ئینترنێتی‌یەکان هه‌بێ، کەمتر بەسەر بابەتێکی هیوابەخش‌دا دەکەوێ کە پێوەندیی بە وڵاتی ئێرانەوە هەبێ. ئێعدام ئێعدام..... چ وشەیەکی قورس و ترسناکە! هەموو ئینسانێک لەم وڵاتە‌دا هەر لە تەمەنێکی کەمەوە لە جیاتی ڕووحی بە هیواو شیرینی ژیان ئاشنا بێ ، ترس و خۆف و دڵەڕاوکێ لە دڵی‌دا هێلانە دەکا.
کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بە دروشمی دادپەروەریی ئیسلامی‌یه‌وە! خۆی بەسەر خەڵکی ئێران‌دا سەپاند ، سزای ئێعدام، زیندان، تەبعید و....ی بۆ خەڵکانی ئێران بەدیاری هێنا. بە هەزاران مرۆڤی بێتاوان لەلایەن دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێرانەوە وەک تاوانبار گیانیان لێ‌سەندرا و لە ژیان بێ‌بەش کران.
کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرەڕای لەژێر فشاردابوونی هەم لەلایەن رێکخراوە جیهانی‌یەکان و هەم لە لایەن رێکخراوە نێوخۆیی‌یەکانی مافی مرۆڤەوە، بۆ هەڵوەشانەوە یان کەمکردنەوە سزای ئێعدام لە قانوون‌دا، کەچی بەبێ گوێدان بەم فشارانە، 34 ساڵە بەوپەڕی دڵڕەقی‌یەوە ئەم سزایە بەڕێوە دەبا و ڕۆژ و مانگ نیە گیانی ژمارەیەک ئینسانی بێ‌تاوان نەستێنێ. بە پێی ڕاپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هەر لە ساڵی 2011دا لانی کەم 676 کەس و لە ساڵی 2012ش دا 314 کەس لە ئێران ئێعدام کراون. ئەمە تەنیا ئەو ئامارانەن کە ناوەندە ڕەسمی‌یەکان بڵاویان کردوونەوە. ئێعدامەکان لەدوای ناڕەزایەتی‌یەکانی پاش هەلبژاردنی ساڵی 1388 شەپۆلێکی توندتری بەخۆیەوە گرتوە کە ئێستاش ئەم شەپۆلە هەر بەردەوامە و ساڵانە لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران ژمارەیەکی زۆر لە ژێر ناوی خەبات دژی ماددە هۆشبەرەکان‌دا لە لایەن کۆماری ئیسلامی‌یەوە ئێعدام دەکرێن.
لە نێو لیستی دوور و درێژی ئێعدام‌کراوەکان‌دا ناوی ئەو دایکانەش دەبینرێ کە تاقه‌ سەرپەرستی منداڵەکانیان بوون. تەنانەت کەسانێکیان تێدا بووە کە بنەماڵەکانیان نەیان‌توانیوە خەرجی کفن و دفنی ئێعدامی‌یەکەشیان بدەن و وازیان لە وەرگرتنەوەی جەنازەکەش هێناوە! بەڕاستی کۆماری ئیسلامی بەم عەقڵییەتەوە دەیەوێ تاوان و جینایەت لە وڵات‌دا کەم بکاتەوە؟ منداڵێک کە تەنیا سەرپەرست و نان‌هێنەری بنەماڵەکەی لێ‌دەسەنرێ، ئایا چاوەڕوانی لێ‌دەکرێ لە کۆمەڵگەدا کەسێکی موسبەتی لێ دەربچێ؟
گومان لەوەدا نیە که‌ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی وەک ئامرازێکی سیاسی کەڵکیان له‌ سزای مردن وەرگرتوە. پەرەسەندنی ئێعدامەکان ئەوە نیشان دەدا کە حکوومەتی ئێران جارلەگەڵ جار زیاتر دەیەوێ بە ترس و تۆقاندنی خەڵک ناڕازی‌یان بێدەنگ بکا و بەمجۆرە تەمەنی خۆی درێژتر بکاتەوە.
ئێعدام بەبەر چاوی خەڵکەوە ماهیەتی ڕاستەقینەی رێژیم نیشان دەدا

ئەو ڕێژیمە بناغەی دەسەڵاتەکەی لەسەر ترس و تۆقاندن دامەزراندوە، هەربۆیە ئەمە یەکێکە لە سیاسەتەکانی کە دەیەوێ بە ئێعدامی مرۆڤەکان بەبەر چاوی خەڵکەوە، بە خەیاڵی خۆی خەڵکی بترسێنێ. تەنانەت پابەند بە قانوونەکانەکانی شەریعەتی ئیسلامییش نیە. سزای ئێعدام لە پێوەندی لەگەڵ تاوانی لادانە جنسی‌یەکان‌دا وەک رەجم‌کردن، بە ئاشکرا نیە، یانی سزای ئەو کەسانەی سزای بەردبارانیان بەسەردا دەدرێ بە جۆرێک لە بازنەیەکی شاراوەدا دەبێ بەڕێوە بچێ، بەڵام کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەسەڵاتداریی‌ خۆی‌دا ئەم سزایەی بەبەر چاوی خەڵکەوە ئەنجام داوە. دەیەوێ بە سزای ئێعدام بە گشتی و ئێعدامەکان لەبەر چاوی خەڵک بەتایبەتی لە کۆمەڵگەدا هەمیشە تۆوی ترس و تۆقاندن بچێنێ. ئەمە سیاسه‌تی دەسەڵاتە ئیستبدادی‌یەکانە.
ئێعدام ڕەنگە لە کورت‌ماوەدا، مخالفانی دەسەڵات بترسێنێ یان خیلافکاران ناچار بە په‌ژیوانی لە کردەوەکانیان بکا، بەڵام لە درێژماوەدا ئاکامێکی زۆر خراپی لەسەر کۆمەڵگە دەبێ و جەووی توندوتیژی و تاوانکاری لە کۆمەڵگەدا پەرە دەستێنێ. ئێران باشترین نموونەی ئەم ئیدیعایەیە. 34 سالە بەردەوام خەڵک ئێعدام دەکرێ، کەچی تاوان و جینایەت نەک کەم نەبۆتەوە بەڵکوو ڕۆژلەگەڵ ڕۆژ زیادی کردوە. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەش مخالفانی سیاسیی کۆماری ئیسلامی لەسەر داوا ڕەواکانیان سوورن و ئێعدام لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە نەی‌توانیوە، دەستیان پێ لە ئامانجەکانیان هەڵ‌بگرێ. نموونەی هەرە دیار لە کۆماری ئیسلامی‌دا، ئێعدامی بەکۆمەڵی زیندانی‌یانی سیاسی لە ساڵی 1367دا لە لایەن کۆماری ئیسلامی‌یەوە بوو. هاوینی ساڵی 1367 بە هەزاران زیندانیی جیابیر لە زیندانەکان‌دا بەبێ دادگایی‌کردنێکی عادڵانە قەتڵوعام کران. ئەو کەسانەی ئێعدام کران نەدەستیان بەخوێنی کەس سوور ببوو و نە تاوانیان بەرانبەر وڵاتەکەیان ئەنجام دابوو، بەڵکوو تەنیا به‌ هۆی بیروباوەڕی سیاسی‌یەوە ئەم سزا گەورەیان بەسەردا سەپا و گیانیان لێ‌سەندرا. ئەو ڕێژیمە دڕندەیە پێی وابوو بەم جینایەتەی دەتوانێ ناڕازیان و مخالفانی خۆی بۆ هەمیشە سەرکوت بکاو بسڕێتەوە. بەڵام نەک ئەوە ڕووی نەدا بەڵکوو خەڵک زۆر زیاتر لەم ڕێژیمە بێزار بوون.
(لە قانوونەکانی ئێران‌دا زۆرن ئەو «تاوانانە کە سزای ئێعدامیان لەسەرە، بۆ نموونە جگە لە موخاله‌فەت لەگەڵ نیزامی ویلایەتی فەقیهـ، لادانە جنسی‌یەکان یەکێکە لەو تاوانانەی سزای ئێعدامیان لەسەرە.)
رێژیمی ئێران تا کەی دەتوانێ درێژە بەم کردەوە جینایەتکارانەیه‌ی بدا؟
ئەمڕۆ خواستی گرنگی خەڵکانی ئێران، ئازادیی هەموو زیندانی‌یانی سیاسی و نەمانی هەرچەشنە شکەنجەیەکی ڕووحی و جسمی و سەنگسار و ئێعدامە. کۆماری ئیسلامی دەبێ ئەو پەیامەی باش وەرگرتبێ کە ئێعدام ناتوانێ چارەسەری ئەو هەموو کێشەو گیروگرفتانە بێ کە ڕووبەڕووی دەسەڵاتەکەی بوونەوە. زوڵم و زۆر ناتوانێ تاسەر بەردەوام بێ و ناشتوانێ دەسەڵات لای خەڵک خۆشەویست بکا.
کوێستان فتووحی

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر