۱۳۹۴ اردیبهشت ۱۶, چهارشنبه

چ دەبێ لەوانەوە فێربین!

کوێستان فتووحی
فەرخوندە کچێکی تەمەن ٢٧ ساڵە کە دژی دوعانووسی و خورافات بوو، لە ١٩ی مارسی ٢٠١٥ لە لایەن کۆمەڵێک مرۆڤی بێبەری لە هەستی ئینسانی بە تۆمەتی سووتاندنی قورئان لە ئەفغانستان کوشتیان و دواتر بەوەش نەوەستان تەرمەکەیان ئاگر تێبەرداو بەمەش هێندەی دیکە کێمو رقی ناو ناخیان هەڵڕشت.
رۆژێک دوای ئەم رووداوە ترسناکە، سەرکۆماری ئەفغانستان کومیتەیەکی تایبەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە مەرگی ئەم کچە گەنجە پێک هێنا. ژنانی ئەفغانستان بە نارەزایەتی لەم کردەوە ترسناکەی ئەو پیاوانەی گیانیان لە فەرخوندە سەند، نەیانهێشت تاقە یەک پیاویش بچێتە ژێر دارەمەیتەکەی و بۆخۆیان نایانەسەر شانی خۆیان و بۆ ناشتنی بەرەو گۆرستان بردیان.
چەند رۆژ دواتر بە هەزاران کەس لە خەڵکی ئەفغانستان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات خۆپیشاندانیان کرد و خوازیاری دادپەروەری بوون لە پەروەندەی لێکۆڵینەوە لە کوشتنی ئەم کچە لاوە‌دا.
چەند رۆژ دواتر پەروەندەکەی رەوانەی دادگا کرا. رێژەی تاوانبارنی ئەو قەتڵە و دەستبەسەرکرانیان رۆژ لەگەڵ رۆژ زیادی دەکرد و گەیشتە ٥٠ کەس. ٤٠ رۆژ دوای کوژرانی فەرخوندە، لە رێورەسمی چلەی دا بە هەزاران کەس بە وێنەی فەرخوندەوە بەشدار بوون و کۆمەڵێک کەس سەحنەی کوژرانی فەرخوندەیان بە (شانۆ) دروست کردەوە. بەڵام بەپێچەوانەی رۆژی کوژرانەکەی، کە هەموو ئەوانەی سەیری رووداوەکەیان دەکرد یان دەسخۆشیان بە قاتڵەکان دەگوت یان بێهەڵوێست بوون، ئەمجارەیان ئەوەی لەوێ بوون و سەیری ئەم رووداوە (شانۆییە)یان دەکرد، فرمێسکیان لەچاو دەهاتەخوار و نفرەتیان دەنارد بۆ ئەو جینایەتکارانەی ئەم رووداوەیان خوڵقاند.
٤٤ رۆژ دوای رووداوەکە، دادگای ئەفغانستان دادگایی کردنی ٥٠ کەسی بە شێوەی ئاشکارا بەڕێوەبرد و دەوڵەت لە تلەویزیونە نێوخۆییەکانی ئەفغانستانەوە ئەم دادگایی کردنەی بڵاو دەکردوە.
دوای ئەوەش دەوڵەت لە رێگای جۆراوجۆرەوە کەوتەخۆ بۆ شناسایی تاوانبارانی دیکەی ئەم رووداوە‌و خەڵاتی دیاری کرد بۆ ئەو کەسانەی کە تاوانبارەکانی دیکە بە دەوڵەت دەناسێنن.
هەر لەو پێوەندییەدا سێ کاربەدەستی دەوڵەتی کە لە فەیسبووک‌دا بە موافقەت لەگەڵ قەتڵەکە قسەیان کردبوو، لە سەر کارەکەیان دەرکران. مەلایەکی ناسراو کە رۆژەکانی پێشوو تەئیدی قەتڵی فەرخوندە کردبوو، بە رەسمی داوای لێبوردنی کرد. دەوڵەت کەوتە خۆ بۆ داخستنی شوێنی دۆعانووسان و ئەو کارە خورافییەی قەدەغە راگەیاند. لەوەش گرنگتر دەرگای ئەو مزگەوتەی لە شوێنی کوشتنەکەی فەرخوندە هەڵکەوتبوو، داخست. ناوی ئەو ئەفسەر و سەرباز و پۆلیسانەی کە شاهیدی رووداوەکە بوون و هیچ هەڵوێستێکیان نەگرت بۆ پێشگیری لە کوشتنی ئەو ئینسانە، دران بە دادستانی وڵات.
لەو ماوەدا چەند بنەماڵەیەک کە منداڵیان بووە و منداڵەکەیان کچ بووە، ناوی کچەکەیانناوە فەرخوندە!
هەموو ئەم مەسەلانە لە وڵاتێکی وەک ئەفغانستان کە هەمیشە وێنایەکی ناخۆشی لە هەموو بارێکەوە بە لای زۆربەمانەوە هەبووە، زۆر سەیر و لەلایەکی دیکەشەوە جێی دڵخۆشی بوون.
رووداوی کوشتنی فەرخوندە گۆڕانێکی لە بیر و زەینی زۆرانماندا بە نیسبەت کۆمەڵگەی ئەفغانستانەوە دروست کرد. ئەوەی بە نیسبەتی کوژرانی کچێک لە ئەفغانستان کرا، تا ئێستا هەرگیز لە مێژووی ئێراندا کە هەمیشە پێمان وابووە سەد قات لە هەموو بارێکەوە خەڵکەکەی پێشکەوتووتر لە خەڵکی ئەفغانستانن، بۆ ئەو جۆرە رووداو و کارەساتانە رووی نەداوە!
لە حاڵێک دا کوشتن لەسەر بیرورای جیاواز لە سیستمی کۆماری ئیسلامی دا هەر بووە و ئەوەی لە ئەفغانستان کۆمەڵە خەڵکێکی نەفام و نەزان لە دژی کچێکی جیابیر کردیان کردیان، لە ئێران رێژیمەکەی ٣٦ ساڵە ئەم کارە لەگەڵ خەڵکی جیابیر دەکا.
جگە لەوەش زۆر چیرۆکی تاڵمان لە نێو کۆمەڵگەی خۆمان بیستوە و دیتوە، تازەترین رووداو (خۆکوژیی کچێکی مهابادی لەترسی دەستدێژی پیاوێک)! کە گۆیا ئەو پیاوە هۆتێلدار بووە لە مەهاباد و ئەو کچەش لەو هوتێلە کاری کردوە، بەڵام کۆمەڵگەی کوردستان بەم رووداوانە داناچڵێ، هەڵوێست ناگرێ. ژنان ئەوندەی خەریکی عەملی جوانکاری و مۆد و مۆدیلاتن، نیو ئەوندە بیر لەو کارەساتانە ناکەنەوە کە چ بەسەر هاورەگەزەکانیان دێ! هەرچەند جارێ زووە بۆ بڕیار دان لەسەر بێهەڵوێستی خەڵک، بەڵام خۆزگە ئەم رووداوەی مەهاباد کۆتایی هەموو بێهەڵوێستییەکانی خەڵک بێ لە ئاست ئەو بەڵایانەی بەسەر مرۆڤەکانی ئەم وڵاتەمان دێ.
هەم لەلایەن رێژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەر بیروڕای جیاواز رۆژانە خەڵک ئێعدام دەکرێ، هەم لەلایەن زۆر پیاوەوە بۆ دامرکاندنەوەی هەستە گڵاوەکانیان لە هیچ کردەوەیەکی نائینسانی خۆنابوێرن. رۆژێ هەر ژنە دەبێتە قوربانی توندوتیژی بەڵام خەڵک نەک هەڵوێست ناگرن بەڵکوو پاساویش بۆ موسەببەینی ئەو رووداوانە دێنننەوە.
وێڕای بەداخبوونم لەم رووداوە نوێیە، هیوادارم خەڵکی کوردستان بۆ ئەو جۆرە رووداوانە، هەڵوێست لە خەڵکی ئەفغانستانەوە فێر بن بە تایبەتی لە ژنانی ئەفغانستانەوە. بەسە بەرێژەی هەموو دنیامان چالاکی مەدەنی و سیاسی و فێمێنیستی هەیە!



هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر