۱۳۹۴ اردیبهشت ۳۰, چهارشنبه

«نامووس» غەدرێک لە ژن



زۆر جار مرۆڤی وڵاتی ئێمە لە ژێر ناوی چەمکی «نامووس»‌دا ژیانی لێسەندراوەتەوە یان بە ترس و خۆفەوە دڕێژەی بە ژیان داوە. «نامووس» تەنیا وشەیەکی رووت و بەتاڵ نیە، بەڵکوو چەمکێکە لە نێوی‌دا دیوارێک لە ستەم هەڵچنراوە. لە نێو ئەم چەمکەدا مرۆڤ لە مرۆڤ بوون بەتاڵ کراوەتەوە. کاتێک ئینسان ئازادییەکانی لێدەسەندرێتەوە، هەموو جووڵەیەکی لەژێر تارمایی ترس ‌دایە، مرۆڤێکی دارووخاو و بێ ئیرادە دەبێ.
لە کۆمەڵگەی «نامووس»تەوەردا کە ئێمەش بەشێکین لەو کۆمەڵگایانە، ترس سەرتاپای ژیانی مرۆڤەکان بە پیاو و ژنەوە دادەگرێ. ترس لە دەستدرێژی، ترس لە لەدەستدانی «پاکیزەیی و پیرۆزایەتی»، ترس لە سووکایەتی و بەلاڕێداچوون، ترس لە تۆڵەکردنەوە، کە ئەمانە هەموویان دەچنەوە نێو قالبی چەمکی «نامووس»ەوە.
***
فەرینازی دووجار قوربانی
پیاوانە دەستی پێکرد و پیاوانە کۆتایی پێ‌هات! تەنیا مردنەکەی بە مانای راستەقینە ژنانە بوو! هەڵبەت ئەمنیش ژنانە خۆشبین بووم، پێم وانەبوو هەموو کێشەکان دەکەونەسەرەوەی کێشەکەی فەریناز و دواتر کێشەکەی ئەو وەک تارای سووری بەر هەتاو کاڵ دەبێتەوە.
… «بۆ دیفاع لە فەریناز رێگا زۆرن و خەڵک وا زوو ناکشێنەوە، چونکە غەدری «نامووس» لە کۆمەڵگەی ئێمەدا غەدرێک نیە بۆ لێخۆشبوون ببێ»!
پێشبینییەکان وەک بیرکردنەوەکانم نەبوون، هەر لە ناشتنەکەی‌ڕا دەرکەوت فەریناز هەر زوو کەوتە پەراوێزەوە. هەژارانە تەرمەکەی بەبێدەنگی و بە شاراوەیی بەرەوگۆڕستان برا، تەنانەت ژنانیش (بەرادەی پێویست)خۆیان نەکرد بە خاوەنی کێشەکەی، هەر بۆیە زەحمەتیان بەخۆیان نەداو نەچوونە ژێر دارەمەیتەکەی!
بەشێک لە چالاکانی مەدەنی و تەنانەت بەشێکیش لە حیزب و راگەیەنەکانیش کە هەمووکات ئیدیعای پیشڕەوایەتیان کردوە، چەمکی «نامووس» وەک بەهایەک لە وتەو لێدوانەکانیا‌دا دووبارە دەبۆوەو وەک پیرۆزییەک چاویان لە مردنی فەریناز دەکرد.
لە حاڵێکدا ئینسانێک گوماناوی گیانی لەدەست دابوو ئایا کوشتیان یان خۆی کوشت؟ لەهەر حاڵ‌دا بووە قوربانی ناپاکی و هەستی گڵاوی کەس یان کەسانێک کە وەک زۆر ژن و کچی دیکەی ئەم نیشتمانە بووە هۆی گیان لەدەست دانی. بەڵام ئەگەر ئەو پێناسەیەی ئێستا بۆ «نامووس» هەیە نەبوایە، رەنگە فەریناز لە ئێستادا لە ژیان‌دا ماباو بەشێوەیەکی دیکە دیفاعی لە مافی خۆی کردبایە. بەڵام ئەو باش دەیزانی ژیان لە نێو ترس و گومان‌دا چەندە دژوار دەبێ!
لەو رووداوەدا کەس بەدوای ئەم پرسیارەدا نەگەڕا ئەگەر فەریناز خۆی فڕێ نەدایەو گیانی لەدەست نەدایە، دوای ئەم رووداوە – هەوڵی دەستدرێژی کرانەسەری- چۆن لەو کۆمەڵگەدا ژیانی بەسەر دەبرد؟ ئایا ئەو خەڵکەی دوای مەرگی بۆی وەدەنگ هاتن ئەوکاتیش پشتیوانی دەبوون؟ چۆنیان مامەڵە لەگەڵ کەسێک دەکرد کە دەستدرێژی کراوەتەسەر؟ یا هەوڵی دەستدرێژی کردنەسەری دراوە؟ ئایا ئەگەر ئەو کەسەی ویستوویەتی دەستدرێژی بکاتەسەر فەریناز، مۆرەیەکی سەربە رێژیمی کۆماری ئیسلامی نەبوایە، ئەو پشتیوانیە لە فەریناز دەکرا؟ وڵامەکان روونن و ئەگەر وەک زۆر بابەتی دیکە خۆی لێ لانەدەین لەلای هەموومان ئاشکرایە.
فەریناز وەک هەر مرۆڤێک خاوەنی مافی سروشتی خۆی بوو، واتە ژیان بەبێ ترس، بەڵام ترس گیانی لێسەند. خۆی کردە قوربانیی پارێزگاری لە»نامووس». خۆ ئەگەر ماباش دیسان هەر دەبوەوە قوربانی «نامووس». ئەگەر مەرگی هەڵنەبژاردایە و توانای دیفاعیشی لەخۆی نەبوایە و دەستدرێژی کرابا سەر، دیسان ئەو بەجۆرێکی دیکە دەمرد، چونکە ئەو کۆمەڵگەی ئەوی تێدا دەژیا بەچاوێک لێیان دەڕوانی کە مەرگ هەزارجار باشتر دەبوو لە ژیانەکەی. ئەو بەتاڵ دەبۆوە لە مرۆڤ بوونی، چونکە نێوەرۆکی ژن «نامووس»ە. ئەو مۆتەکەیەی زۆری لەسەر کوژراون و زۆری لەسەر «بێ‌ئابڕوو» کراون! هەر بۆیە پێش ئەوەی گیانی لێبستێنن خۆی گیانی لەخۆی سەندوە.
رووداوەکە کۆتایی پێ هات یان کۆتایی پێ‌دێ، بەڵام ئایا لاپەڕێکی نوێ لە وەزعی ژن و مەسەلەی «نامووس» لە کوردستان هەڵدەرێتەوە؟ ئایا «نامووس» بەوزووانە لە جەستە یان سێکسووالیتەی ژن دێتەدەر یان هەر بەشێک دەبێ لە هۆوییەتی ژن.

«نامووس» بەبێ ژن و ژن بەبێ «نامووس» چ بێواتان!

«نامووس» برینێکی کۆنە و بەهەر لێککەوتنێک قەتماغەی ئەو برینە هەڵدەکەندرێ‌و خوێن لەوبرینە دێ. دەڵێن لە رابردوودا شەڕی «نامووس»بە خوێن نەبێ ئاشتبوونەوەی نەبوو! زۆربەمان نموونە و چیرۆکی زۆرمان لەلایە. پیاوان بۆ لێدان و تۆڵەکردنەوە و سووکایەتی بە یەکتر هەر جەستەی ژنیان داوەتە بەر چەقۆ و زەهری «نامووس». راستییەکەی ئەوەیە کۆمەڵگەی کورد ئێستاش رێگەیەکی دوور و درێژی لەپێشە کە «نامووس» پێناسەبکاتەوە و لە جەستەی ژنی دەربێنێ.
زۆربەمان سەرەڕای ئیددیعاکانمان، کە هەر کات باسی چەمکی «نامووس» دەکرێ، ئێستاش نەمانتوانیوە یان نەمانوێراوە «نامووس»بە ژنەوە پێناسە نەکەین. کەم ژن هەیە بە ئاشکراو لە تریبوونێکەوە روو بەخەڵک بلێ «من نامووسی هیچ پیاوێک نیم، بەڵکوو مرۆڤم و خاوەنی هەموو ئەو مافانەم کە مرۆڤ دەبێ لێی بەهرەمەند بێ». زۆر جار لەم دەستەواژەیە کە ژن بەکاری دێنێ واتە (من نامووسی پیاو نیم) کەڵکی خراپ وەردەگیرێ. بە باوەڕی من ئەوە بەو مانایەیە مرۆڤ روح و جەستە و بیر و هۆشی هی خۆیەتی و کەسیش مافی ئەوەی نیە بۆمەبەستێکی تایبەتیی و بەرژەوەندیخوازی لە جەستەو بیرو هۆشی کەسی دیکە کەڵک وەربگرێ. بۆیە دەبێ رووناکبیران و چالاکانی مافەکانی مرۆڤ ئەو شەهامەتەیان هەبێ «نامووس» پێناسە بکەنەوە و رێگە نەدەرێ چی دیکە کەڵکی ئامرازی لەو جەستەیە وەربگیرێ.

ئەم وتارە لە ژمارە ٦٥٦ی رۆژنامەی کوردستاندا بڵاوبۆتەوە

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر