شه‌ڕ هه‌موو جوانییه‌کان له‌ناو ده‌با، که‌چی له کۆبانێ شاکارێکی خوڵقاند که هه‌موو جیهانی سه‌رسام کرد. ئه‌وه‌ش به خۆڕاگرییه‌کی ئازایانه‌ی نزیک چوار مانگی ئه‌و هێزانه‌ی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه بڕیاریان دابوو کۆبانێ چۆڵ ناکه‌ن بۆ داعش و به خوێنی زیاتر له 300 رۆڵه‌ی شه‌هیدی رێگای ئازادی له ئاست هێزێکی دڕنده‌ی ئیدئۆلۆژیکی پڕ چه‌ک‌دا، ئه‌م شاکاره به‌رهه‌م هات.
پاش 133ڕۆژ خۆڕاگریی ئازایانه‌ی شه‌ڕڤانان و هێزی پێشمه‌رگه له شاری کۆبانێ له به‌رامبه‌ر هێرشه‌کانی چه‌کدارانی گرووپی تیرۆریستیی داعش بۆ سه‌ر ئه‌م شاره، سه‌رئه‌نجام رۆژی 26ی ژانویه‌ی 2015، 6ی رێبه‌ندانی 1393 کۆبانێ له گه‌مارۆ و په‌لاماری داعش ڕزگار کرا.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌توانین بڵێین شار به ته‌واوی وێران بووه، به‌ڵام بۆ هه‌میشه ئه‌م خۆڕاگرییه قاره‌مانانه‌یه له مێژووی ئه‌و شاره‌دا ده‌مێنێته‌وه و وه‌ک هێمای خۆڕاگری و سه‌ربه‌رزی نه‌یه‌وه‌یه‌ک بۆ به‌رگری له ماف و ئازادییه سیاسی و ئینسانییه‌کانی ده‌دره‌وشێته‌وه.
کۆبانێ شارێکی ستراتیژی بوو بۆ داعش، ده‌یویست به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێ ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرێ‌و له‌وێوه گه‌ڵاڵه و ئامانجه چه‌په‌ڵه‌کانی بۆ شه‌ڕ و هێرش کردن‌و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ناوچه‌ی زیاتری دیکه بۆ خه‌لافه‌ته‌که‌ی دارێژێ. کاتێک که داعش هێرشی بۆ سه‌ر کۆبانێ برد له سه‌ره‌تادا به‌شێکی زۆری شاره‌که‌ی داگیر کرد و له‌وه‌ش دڵنیا بوو ئاسان ده‌توانێ ده‌ست به سه‌ر هه‌مووی شاردا بگرێ، چونکه هێنده نه‌بوو مه‌ستی سه‌رکه‌وتن ببوون له داگیرکردنی شه‌نگالی باشوری کوردستان!
دوای داگیر کردنی شه‌نگال و کوشتاری بێڕه‌حمانه‌ی ئیزه‌دییه‌کان و رفاندنی ژنان و کچانیان له لایه‌ن داعشه‌وه، هێرش بردن بۆ کۆبانێ له لایه‌ن ئه‌م هێزه توندڕه‌وه و تیرۆریست و ئیدئۆلوژیک و پۆشته‌و په‌رداخ به چه‌کی قورس و مۆدێرن، له سه‌ره‌تادا نیگه‌رانییه‌کی زۆری لای کوردستانیان دروست کرد، به‌ڵام دیفاعی خۆڕاگرانه‌ی هێزه‌کانی یه‌په‌ژه (یەکینەکانی پاراستنی ژنان) و یه‌په‌گه (یەکینەکانی پاراستنی گەل) و کچان و کورانی شاری کۆبانێ‌و دواتریش چوونی هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان، نیگه‌رانییه‌کان جێی خۆیان دا به دڵخۆشی و هیوا به سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌م هێزه‌دا. ئه‌و شاره ببوه به‌هایه‌کی قورس و گران نه‌ک هه‌ر بۆ خه‌ڵکی کۆبانێ و رۆژاوای کوردستان، به‌ڵکوو بۆ هه‌موو کوردێک له هه‌ر کوێیه‌کی ئه‌م جیهانه گرنگ بوو ئه‌م به‌هایه بپارێزرێ و کاره‌ساتێکی دیکه‌ی وه‌ک شه‌نگال روونه‌داته‌وه. بۆیه له هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان کوردی بۆ پشتیوانی له کۆبانێ هاوخه‌م و هاوهه‌ڵوێست کرد. کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانییش، جگه‌له له هێندێک وڵاتی ناوچه‌که که به‌رژه‌وه‌ندییه‌که‌یان له‌وه‌دایه کورد به‌م شه‌ڕه‌وه گرفتار بێ، هاوپێوه‌ندییه‌ک بۆ پشتیوانی ماددی و مه‌عنه‌وی بۆ کۆبانێ دروست بوو. هێزی هاوپه‌یمانان له دژی تیرۆر، بڕیاری پشتیوانیی له‌و شاره‌ی دا و به هێزی هه‌وایی یارمه‌تی شه‌ڕوانانی ده‌کرد. ئه‌و پشتیوانی و هاوخه‌می و هاوهه‌ڵوێستییه، هه‌مووی له‌سه‌ر خۆڕاگری شه‌ڕوانان و خه‌ڵکی شاری کۆبانێ کاریگه‌ریی ئه‌رێنی هه‌بوو و ئه‌وانی سوورتر ده‌کرد له‌سه‌ر مانه‌وه و دیفاع له شاره‌که. له‌سه‌ر ئه‌خلاق و روحیه‌ی داعشی جینایه‌تکاریش کاریگه‌رییه‌کی رووخێنه‌ر و وێرانگه‌ری هه‌بوو. بۆیه خاڵی ده‌سپێکی شکستی داعش ده‌توانین بڵێین له کۆبانییه‌وه ده‌ستی پێ کرد.
سه‌رکه‌وتنی کۆبانێ ئه‌گه‌ر بۆ کورد ته‌نیا سه‌رکه‌وتن نه‌بوو له جبهه‌یه‌کی شه‌ڕ‌دا، به‌ڵکوو سه‌رکه‌وتنی غروور و باوه‌ڕی به‌رزی ئینسانی و ئازادیخوازی کورد بوو. شکستی داعش‌یش له‌وێ ته‌نیا شکستی جبهه‌یه‌کی شه‌ڕ نه‌بوو، شکستی هه‌یمه‌نه‌ی داعش بوو. شکستی ئیدئۆلۆژییه‌کی دواکه‌وتووی دژی ئینسانی‌و دژی به‌ها جوانه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه بوو. دوای سه‌رکه‌وتنی کۆبانێ، داعش ئیدی ئه‌و داعشه نه‌ما که لایه‌نگران‌و هانده‌رانیان پشتیان پێ به‌ستبوون. ئیدی ئه‌و هێزه نه‌ما که وه‌ک هێزێکی له‌شکان نه‌هاتوو سه‌یری ده‌کرا. له شه‌ڕی رۆژئاوای کوردستان و هه‌رێمی کوردستان‌دا به هه‌زاران چه‌کدار و سه‌دان فه‌رمانده‌یان لێ کوژراوه. ته‌نانه‌ت به ڕاده‌یه‌ک هێزی ئینسانییان به‌ره‌و که‌مبوونه‌وه چووه، که بۆته هۆی نیگه‌رانییه‌کی زۆری رێبه‌ران و ئه‌میره‌کانی ئه‌م هێزه و ئێستا خه‌ریکن له هێندێک شوێنی وه‌ک مووسڵ و ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتوه، به هه‌ڕه‌شه خه‌ڵک ناچار ده‌که‌ن ببنه چه‌کداریان و ده‌یانبه‌ن بۆ ئوردووگا نیزامییه‌کانیان بۆ دیتنی ده‌وره‌ی ئامووزشی شه‌ڕ‌و جینایه‌ته‌کانیان. ئه‌مه ته‌نیا نیشانه‌ی شکستی نیزامیی ئه‌و هێزه نیه، به‌ڵکوو نیشانه‌ی شکستی سیاسی ئه‌و هێزه‌یه له‌م چه‌ند مانگه‌ی ڕابردوودا له کوردستان. چاوه‌ڕوان ده‌کرێ تووشی شکستی زۆر گه‌وره‌تر له‌وه‌ش بێ.
ته‌یبه‌تمه‌ندییه‌کی به‌رزی کۆبانێ
کۆبانێ که تا ئه‌و کاته ئه‌و شاره که‌متر ناوی بیسترابوو، ئێستا بۆته به ناوێکی دره‌وشاوه نه‌ک هه‌ر له کوردستان، به‌ڵکوو ناوی کۆبانێ و شه‌ڕی ئازایانه‌ی شه‌ڕوانان بوون به جێی سه‌رنج و سه‌ردێری هه‌واڵی میدیاکان له هه‌موو جیهان. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه به‌رزه، بوونی رێژه‌ی زۆری ژنان له ریزی خۆڕاگران و قاره‌مانانی ئه‌م شاره‌دا بوو. ئه‌وان سیمایه‌کی ئینسانی و ئازادیخوازی و یه‌کسانییان به‌م شاره و به بزووتنه‌وه‌ی کورد به گشتی به‌خشی. هیچ شه‌ڕێک و هیچ به‌شدارییه‌کی خه‌باتکارانه‌ی ژنی کورد له ڕابردوودا تا ئێستا نه‌یتوانیوه به راده‌ی شه‌ڕی کۆبانێ له‌گه‌ڵ هێزێکی دڕنده و کۆناپارێز، هۆویه‌تی ژنی کورد له جیهان‌دا به‌م به‌رزی و جوانییه نیشان بدا و بناسێنێ. به‌شداریی به‌رچاو و کارای ژنان له شه‌ڕی کۆبانێ‌دا و بڵاوبوونه‌وه‌ی له لایه‌ن میدیا‌و راگه‌یه‌نه‌کانه‌وه، لاواز بوونی ژنی کوردی له بیر و زه‌ینی زۆر مرۆڤ‌دا سڕیه‌وه. ژنی کورد ئه‌گه‌ر تا دوێنێ وه‌ک مرۆڤێکی په‌روێز خراو ده‌بینرا، ئه‌مڕۆ ناوی و ئازایه‌تی ئه‌و بۆته وێردی سه‌ر زمانی مێدیا گه‌وره‌کانی جیهان. هه‌ڵبه‌ت ده‌توانین بڵێین سه‌رکه‌وتنی کۆبانێ سه‌رکه‌وتنی ژنی کوردیش بوو. به‌لێ شه‌ڕی کۆبانێ و سه‌رکه‌وتن و شانازییه‌کی دیکه‌ی گه‌وره‌ی بۆ نه‌ته‌وه‌که‌مان، بۆ ژنانی کورد به‌گشتی له سه‌ر لاپه‌ره‌ی میژووی تێکۆشانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه تۆمار کرد.
ئه‌نجام
سه‌رکه‌وتنی کۆبانێ نه کۆتایی شه‌ڕه و نه سه‌رکه‌وتنی یه‌کجاریی کورده به‌سه‌ر دوژمنانی دا، به‌ڵام ده‌کرێ وه‌ک ئه‌زموونێکی به‌نرخی کورد چاوی لێ بکرێ. ئه‌زموونێک له یه‌کیه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی و هاوهه‌ڵوێستی، له به‌شداریی چالاکانه و جه‌سوورانه‌ی ژنان له شه‌ڕ و به‌رگری و ئیداره‌ی وڵات‌دا. هیچ سه‌رکه‌وتنێک به‌بێ به‌شداری ژنان و به‌بێ یه‌کگرتوویی و هاوهه‌ڵوێستی هێزه سیاسییه‌کانی کوردستان له ئاست دوژمنه جۆراوجۆره‌کانی دا محاڵه وه‌دی بێ. ده‌با کورد ئه‌م ئه‌زموونه وه‌ک ده‌سکه‌وتێکی به‌نرخ بیپارێزی‌و ده‌رسی لێ‌وه‌رگرێ. با سه‌رکه‌وتنی کۆبانێ که هاوهه‌ڵوێستی و شه‌ڕ و به‌رگری ژنان و پیاوانی کورد گه‌یاندیه ئه‌مڕۆ، ببێته خاڵی ده‌سپێکی یه‌کگرتوویه‌کی نه‌ته‌وه‌یی کورد و له‌په‌راوێز نه‌خستنی ژنان له داهاتووی خه‌بات و سه‌رکه‌وتنه‌کان‌دا. ئه‌وه‌یه ده‌توانێ گه‌یشتن به ئامانجه‌کانمان مسۆگه‌ر بکا.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر