هه‌موو خۆ به‌خاوه‌نی غه‌مه‌کانی ده‌زانین، که‌چی له قه‌یرانی
بێ‌غه‌مخۆری‌و نه‌پرسینه‌وه له ئازاره‌کانی‌دا نوقم بووه. مرۆڤ هێندێک
جار له ناخی خۆی‌دا هه‌ست به نامۆیی و سڕبوونێک ده‌کا، به‌ڵام
هه‌وڵ‌ده‌دا له‌م نامۆیی و سڕبوونه‌ی به‌سه‌ری‌دا زاڵ بووه خۆی ده‌رباز
بکا. ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان‌دا زاڵه بێده‌نگییه‌کی
ئازاراوی‌و کپ کراوه که کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆکاری سه‌ره‌کییه‌تی و
به‌شێکیشی خۆمان بووینه هۆکاری ئه‌م کپکراوییه.
ناڕه‌زایه‌تیده‌ربڕینه‌کانی تاک نیشانه‌ی زیندوویی‌و ده‌روه‌ستیی
ئه‌وه. هه‌ر تاکێک یان نه‌ته‌وه‌یه‌ک، که بۆ نه‌هێشتنی ئازار‌و
مه‌ینه‌تییه‌کان ده‌نگی هه‌ڵبڕی، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه ئه‌و تاکه، یان ئه‌و
نه‌ته‌وه‌یه زیندوویه‌و به‌دوای چاره‌سه‌ر‌و دیتنه‌وه‌ی ڕێگای
ده‌ربازبوون‌دا ده‌گه‌ڕێ. کورد به درێژایی مێژوو بۆ گه‌یشتن به
مافه‌کانی له خه‌بات‌و تێکۆشان‌دا بووه ، که چی زۆر سانا‌و به‌وپه‌ڕی
بێ‌موبالاتی به‌لای زۆر مه‌سه‌له‌ی گرنگ‌دا تێده‌په‌ڕین بێ ئه‌وه‌ی بڵێین
بۆ؟ کورد، له‌گه‌ڵ ئازاره‌کان پێوه‌ندییه‌کی به‌رده‌وامی هه‌بووه.
ره‌نگه ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان‌دا زاڵه، لایه‌نێکی
بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه که ئازار‌و نه‌هامه‌تییه‌کان ئێمه‌یان سڕ کردوه!
بۆیه بۆمان ئاسایی بووه و به بێده‌نگی به‌لایان‌دا تێده‌په‌ڕین.
ئێمه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان، هه‌موومان له تاکه‌کانه‌وه بگره تا
حیزبه‌کان، ده‌زانین چیمان به‌سه‌رمان هاتوه ، که‌چی ئه‌مڕۆ هه‌وڵه‌کانمان
بۆ ڕێگرتن له‌وه‌ی دوژمنی ڕاسته‌قینه به‌سه‌رمان دێنێ، له ئاستێک‌دا نیه
که دڵی پێ خۆش بکرێ.
خه‌باتی مافخوازی نرخی خۆی ده‌وێ
ئه‌گه‌ر سه‌رپێیی به‌نێو تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان‌دا بگه‌ڕێین،
ده‌بینین که کورده‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له هه‌ر تویژێک هه‌ن،
لاپه‌ڕه‌کانیان پڕن له ستاتووس، وێنه‌و کۆمێنتی سیاسی‌و مافخوازی، به‌لام
نه‌ک بۆ پارچه پڕئازاره‌که‌ی نیشتمانی‌خۆیان، به‌ڵکوو بۆ پارچه‌کانی
دیکه (باشوور، باکوور و رۆژاوا)ی کوردستان. به پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌گه‌ر
چاوێک به لاپه‌ڕی کورده‌کانی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان‌دا بخشێنین،
ته‌نانه‌ت له‌نێو رووناکبیران‌و سیاسییه‌کانیشیان‌دا زۆر به ده‌گمه‌ن
ده‌بینین که کێشه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بووبێته خه‌می ئه‌وان. هه‌ر
کام له‌و پارچانه‌ی کوردستان جیاوازی‌و تایبه‌تمه‌ندیی خۆیان هه‌یه و زۆر
زه‌حمه‌ته بتوانین له گه‌ڵ یه‌ک به‌راوردیان بکه‌ین، بۆ نموونه له
باشووری کوردستان هه‌نگاوی زۆر گه‌وره نراوه و کورد له‌م به‌شه‌ی وڵات،
به زۆر له مافه‌کانی گه‌یشتوه. ئه‌م ده‌سکه‌وتانه ده‌کرێ هه‌موو کوردێک
له هه‌ر جێیه‌کی ئه‌م جیهانه دڵی پێیان خۆش بێ و به‌ده‌سکه‌وتی گشتیی
کوردی بزانن، به‌ڵام به‌و مانایه نا که ببێته هۆی ئه‌وه‌ی چاوپۆشی له
ئازاره‌کانی ئه‌و پارچه‌یه‌ی دیکه بکرێ. له حاڵێک دا کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی
کوردستان له خه‌م و خۆشییه‌کانی پارجه‌کانی دیکه‌دا خۆی به شه‌ریک
ده‌زانێ، به‌داخه‌وه کورده‌کانی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان به‌م جۆره
بیر ناکه‌نه‌وه و له ئاست رۆژهه‌ڵاتی کوردستان‌دا خۆ به‌ده‌روه‌ست
نازانن.
ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، وێرای ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی
سیاسیی ئێرانه‌وه له په‌راوێز خراوه، ئه‌ونده‌ش کوردانی ئه‌و
پارچه‌یه بۆخۆیان له په‌راوێزیان خستوه. زۆر له رووناکبیران‌و
نوخبه‌ی سیاسیی نێوخۆی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به به‌هانه‌ی دڕنده‌یی
ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی، چاوپۆشی له بێبه‌شێ و بێمافییه‌کانی کورد له‌م
به‌شه ده‌که‌ن‌و ئه‌ونده‌ی دڵیان به هه‌نگاو‌و ده‌سکه‌وته‌کانی
پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان خۆش کردوه و پێی هه‌ڵ‌ده‌ڵێن، ئه‌ونده هه‌وڵ
ناده‌ن کێشه‌و مه‌ینه‌تی‌و ویست‌و داواکانی نه‌ته‌وه‌که‌یان له‌و
پارچه‌یه‌ی کوردستان، بکه‌نه مژاری باسه‌کانی خۆیان. ڕاسته
دڕنده‌یییه‌کانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی له گوتن نایه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش
به‌و مانایه نیه بیکه‌ن به بیانووی گرێدانی زمانی خۆیان‌و له ئاست پرسی
کورد له‌م به‌شه‌ی کوردستان خۆیان بێده‌نگ بکه‌ن.
چالاکه سیاسییه ڕۆژهه‌لاتییه‌کانی تاراوگه‌ش به هه‌مان شێوه. له‌م
دوو سێ حه‌وتووی رابردوو دا که مه‌سه‌له‌ی گشتپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆیی
هه‌رێمی کوردستان ببووه مژاری ڕ‌ۆژ، ئه‌ونده‌ی کورده‌کانی ڕۆژهه‌ڵات له
ده‌ره‌وه به جلوبه‌رگی کوردی‌و ره‌نگاوره‌نگ‌و ئاڵای کوردستانه‌وه
به‌شدارییان له رێپێوانه‌کان بۆ پشتیوانی له‌م ویسته کرد، وا بزانم
کورده‌کانی باشوور له نێوخۆی وڵاته‌که‌ی خۆیان که ئازادن، ئه‌وه‌یان
نه‌کرد! دیاره ئه‌وه به‌هه‌ڵوێستیی کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان‌و
به‌رزیی شعووری نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وان ده‌گه‌یه‌نێ که پێویسته هه‌ر کوردێک
وابێ، به‌ڵام به‌مه‌رجێک ئه‌م لایه‌نگری و پشتیوانییه له ویسته‌کانی
به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان یه‌کسان نه‌بیت له گه‌ڵ پشتگوێخستنی
ڕۆژهه‌ڵاتی کورستان و، کوردی پارچه‌کانی دیکه‌ش بۆ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان
وابن، به‌تایبه‌تی که ئه‌مڕۆ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان نوقمی بێمافی‌و
ئازاره‌و له هه‌موو کات زیاتر پێویستی به هاوکاری‌و پشتیوانی هه‌یه.
ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ته‌نیا تاکه‌کان ناگرێته‌وه، به‌ڵکوو حیزبه‌کانیش
ده‌گرێته‌وه. زۆر له حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان گرفتاری
ململانێیه‌کی بێ‌جێن و ته‌نانه‌ت هێندێکیان دژایه‌تی‌و بوغزاندنی
به‌رانبه‌ره‌که‌یان هێناوه‌ته نێو سیاسه‌تی ڕۆژانه‌یانه‌وه. به‌هۆی
ئه‌وه‌ی بنکه‌و باره‌گاکانیان له باشووری کوردستانه، فه‌زای سیاسی،
کۆمه‌ڵایه‌تی‌و کو‌لتووریی ئه‌م پارچه‌یه‌ی کوردستان تاڕاده‌یه‌کی زۆر
به‌سه‌ریان زاڵ بووه. ڕێبه‌ران و نوێنه‌رانیان ئه‌ونده‌ی په‌یام‌و
لێدوانیان له باره‌ی ڕووداو‌و ئاڵۆگۆره‌کانی باشوور، ڕۆژاوا‌و باکووری
کوردستان هه‌یه نیو ئه‌وه‌نده ئاوڕ له کێشه‌و قه‌یرانه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی
کوردستان ناده‌نه‌وه، ڕۆژهه‌ڵاتێک که رۆژانه له گه‌ڵ به‌ندکران،
ئێعدام و ...کوشتاری دانیشتوانی، به‌ره‌وڕوویه. ئه‌مانه زیانی
گه‌وره‌یان له دۆزی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان داوه.
کورده‌کانی ڕۆژهه‌ڵات، ده‌ستیان خۆش بێت که بۆ هاوسۆزی له‌گه‌ڵ
خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه به وه‌فد بۆ سه‌ر مه‌زاری قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه
ده‌چن، له‌شیان ساغ بێت که بۆ ده‌سکه‌وته‌کانی باشووری کوردستان جێژن و
شایی ده‌گرن، زۆر باش ده‌که‌ن که هاوسۆزیی خۆیان بۆ خه‌ڵکی رۆژئاوای
کوردستان‌و گه‌ریلای باکوور ده‌نوێنن. هه‌موو ئه‌مانه‌یان به نیشانه‌ی
به‌هه‌ڵوێستی‌و به‌رزیی شعووری ئینسانی‌و نه‌ته‌وه‌ییان له ئاست خوشک‌و
براکانیان له پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان داده‌نێم و ڕێزی لێ ده‌گرم.
به‌ڵام بێده‌نگ بوونی ئه‌وان له ئاست بێمافییه‌کانی خۆیان و هه‌روه‌ها
بێده‌نگ بوونی خه‌ڵکی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان له ئاست ئێعدامی
ڕۆڵه‌کانی کورد‌و کوشتاری رۆڵه زه‌حمه‌تکێشه‌کانی ئه‌و پارچه‌یه له
سنووره‌کان به ده‌ستی هێزه دڕنده‌کانی کۆماری ئیسلامی، بێده‌نگی‌و
بێ‌هه‌ڵوێستی و بێته‌فاوه‌تیان له ئاست بۆنه و یاده‌کانی تایبه‌ت به
تیرۆری که‌سایه‌تییه سیاسییه ناوداره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ
نموونه دوکتور قاسملوو و دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی و... یا کاره‌ساته‌کانی
دیکه‌ی ئه‌م پارچه‌یه، ده‌بێ چ ناوێکی لێ بنرێ؟
باباوه‌ڕ به‌خۆبوون له نێو خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان‌دا به‌هێز بکه‌ینه‌وه
حیزبه‌کان‌و نوخبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ ئه‌وه‌ی دڕ به‌م
بێده‌نگییه بده‌ن که باڵی به سه‌ر ئه‌م به‌شه‌ی کوردستان‌دا کێشاوه،
پێویسته له پله‌ی یه‌که‌م دا، ڕۆژهه‌لاتی کوردستان به مه‌سه‌له‌ی
سه‌ره‌کی و هه‌ره گرنگیی خۆیان بزانن و،قورسایی تێکۆشان و ئاوڕدانه‌وی
خۆیان بخه‌نه سه‌ر ئه‌م به‌شه‌ی کوردستان. پێویسته جارێکی
دیکه‌یه‌کگرتووانه‌و به هاودڵی رووی قسه‌و سیاسه‌ت‌و تێکۆشانیان
بکه‌نه‌وه ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌و گۆمه مه‌نده‌که‌ی کوردستان بشڵه‌قێنن.
به‌ربه‌ستی سه‌ر‌ڕێی ئه‌م کاره‌ش له پێش‌دا به ده‌ستی حیزبه‌کانی
ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان لاده‌چێ. ئه‌گه‌ر ئه‌وان به‌رژه‌وه‌ندی
نه‌ته‌وه‌که‌یان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌وێ، که به‌دلنیاییه‌وه
ده‌یانه‌وێ! ده‌بێ کینه‌و بوغزه‌کانیان بۆ هه‌میشه فڕێ بده‌ن و ده‌ستی
هاوکاریی‌و هاودڵیی بخه‌نه ده‌ستی یه‌کتره‌وه بۆ خه‌باتێکی به‌هێز دژی
کۆماری ئیسلامی. له ئێستاوه ئه‌زموونه تاڵه‌کانی شه‌ڕی نێوخۆیی‌و
نایه‌کگرتوویی حیزبه‌کانی باشووری کوردستان بکه‌نه وانه‌ی تێکۆشان بۆ
ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان. ئه‌گه‌ر حیزبه‌کانی باشووری کوردستان بۆ ماوه‌یه‌کی
زۆر گرفتاری شه‌ڕی نیوخۆیی نه‌بان ، به‌دڵنیایه‌وه زۆر له‌و
ده‌سکه‌وتانه‌ی ئه‌مڕۆ ئێمه کورده‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌سه‌ریان‌دا
هه‌ڵده‌ڵێین‌و جێژن‌و شاییان بۆ ده‌گرین، زیاتریان ده‌بوو! ڕێژیمی کۆماری
ئیسلامیی ئێران زۆر باش که‌ڵکی له‌م نایه‌کگرتووییه‌ی حیزبه‌کانی
ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان وه‌رگرتوه‌و به ئاسووده‌ییه‌وه هه‌وڵی کپ کردنی
ده‌نگی کورد له‌و پارچه‌یه له هه‌موو بارێکه‌وه ده‌دا. سه‌رکوت‌و
خه‌فه‌قان گه‌یشتۆته ئه‌وپه‌ڕی خۆی، هه‌رکه‌س که‌مترین ناڕه‌زایه‌تی
ده‌رببڕێ له‌گه‌ڵ قورسترین سزا به‌ره‌وڕوو ده‌بێته‌وه. ئه‌و ڕێژیمه زۆر
باش ده‌زانێ ئه‌گه‌ر هێز‌و لایه‌نه سیاسییه‌کان یه‌کگرتوو بوونایه‌و
له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌کانی پێوه‌ندیدار به ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان کۆک بوونایه‌و
هه‌موو توانا‌و ئیمکاناتی خۆیان بۆ خه‌بات له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی نه‌ک
کێشه‌و ململانێی یه‌کتر ته‌رخان بکردایه ، ئه‌ویش نه‌یده‌توانی به‌م
شێوه‌یه کوردی ڕۆژهه‌لات سه‌رکوت‌و بێده‌نگ بکا‌و بیخاته په‌راوێزه‌وه.
ئه‌م نه‌بوونی یه‌کگرتوویی‌و هاوکاری له‌نێو حیزبه‌کان‌دا، خه‌ڵکی
ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی تووشی دلساردی‌و جۆرێک بێ‌هیوایی کردوه و وای
لێکردوون به‌م جۆره‌ی لێیان چاوه‌روان ده‌کرێ، به‌ره‌ورووی ئه‌م ڕێژیمه
نه‌بنه‌وه. حاشای لێ ناکرێ هۆیه‌کی هه‌ره ئه‌ساسیی، بێده‌نگ بوونی خه‌ڵکی
ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له ئاست ئه‌و هه‌موو سه‌رکوت‌و پێشێلکردنه‌ی
مافه‌کانیان له لایه‌ن کۆماری ئیسلامییه‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بوونی
هاوکاری و هاوخه‌باتی له نیو حیزبه سیاسییه‌کان‌دا.
ئه‌گه‌ر عه‌دنان حه‌سه‌نپووره‌کان، محه‌ممه‌د سه‌دیق
که‌بوودوه‌نده‌کان، کوردپووره‌کان، که‌مانگه‌ره‌کان، شیرین‌و فه‌رهاده‌کان و
سه‌دان و هه‌زاران رۆڵه‌ی ئازا و ئازادیخوازی ئه‌و میلله‌ته بۆ یه‌ک
ئامانج ده‌خرێنه چاڵه‌ڕه‌شه‌کانی کۆماری ئیسلامییه‌وه و په‌تی سێداره
ده‌کرێته ملیان، یا زنجیری دیلی ده‌خرێته قاچ و ده‌ستیان، خه‌ڵکی
کوردستان چاوه‌ڕوانن، حیزبه‌کانیش بۆ یه‌ک ئامانج ده‌ستی هاوکاری و هاودڵی
بۆیه‌کتر درێژ بکه‌ن‌و چی دیکه گیان‌و ئازاری ئه‌و به‌ندییانه‌و هه‌زاران
شه‌هیدی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه، نه‌که‌نه قوربانیی نایه‌کگرتوویی خۆیان.
دروستبوونی ئه‌و هاوکاری و یه‌کگرتووییه وا ده‌کا خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی
کوردستانیش چی دیکه ئه‌م پرش و بڵاویی حیزبه‌کانیان نه‌که‌نه به‌هانه‌ی
بێده‌نگیان له ئاست پێشێل کردنی مافه‌کانی خۆیان له لایه‌ن کۆماری
ئیسلامییه‌وه.
له ژماره ٦٣٧ ی رۆژنامه‌ی "کوردستان"دا بڵاو بۆته‌وه
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر