پێشێلکردنی مافی مرۆڤ له ئێران مه‌سه‌له‌یه‌کی سیستماتیکه‌و پێوه‌ندی به ته‌واوی نیزامه‌وه هه‌یه
کۆماری ئیسلامیی ئێران جگه له‌وه‌ی قانوونی بنه‌ڕه‌تییه‌که‌شی پڕه له ناته‌بایی له‌گه‌ڵ په‌سندکراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان، به شێوه‌ی جوراوجۆری دیکه‌ش له به‌ڕێوه‌بردن‌و هه‌ماهه‌نگ‌کردنی کۆمه‌ڵگه‌دا پرنسیپه مرۆییه‌کان پێشێل ده‌کا. ده‌سه‌ڵات له هه‌ر وڵاتێک‌دا به‌رپرسی ئه‌منییه‌تی ژیانی هاووڵاتییانی وڵاته‌که‌یه‌تی له هه‌مانکاتیش‌دا به‌رپرسه له ئاست هه‌ر دیارده و قه‌یرانێكی كۆمه‌ڵایه‌تیدا که له وڵات‌دا سه‌ر هه‌ڵ بدا. بۆ نموونه تازه‌ترین رووداوێک له وڵاتی ئێران دیتمان، له ماوه‌ی مانگێکدا 15 ژن له یه‌ک شار‌دا زۆر دڕندانه ده‌که‌ونه‌به‌ر هێرشی که‌س یان که‌سانێک و ئه‌سید به سه‌روچاوییان‌دا ده‌کرێ‌و جه‌سته‌یان ده‌سووتێندرێ، که‌چی ده‌سه‌ڵات نه‌ک هه‌ر خۆی به‌به‌رپرس نازانێ، به‌ڵکوو داموده‌زگا‌و قانوونێکی دادپه‌روه‌ریش نیه بۆ به‌دواداچوون‌و لێپرسینه‌وه له‌م کاره‌ساته ئینسانیه. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک به‌بێ جیاوازی پارێزه‌ر‌و غه‌مخۆری هاووڵاتییانی بێ، بۆ رووداوێکی له‌وچه‌شنه‌ی شاری ئیسفه‌هان، به‌په‌له حاڵه‌تی نائاسایی راده‌گه‌یه‌نێ و بۆ لێپرسینه‌وه‌و به دواداچوون هه‌موو هه‌وڵه‌کانی وه‌گه‌ڕ ده‌خا بۆ دیتنه‌وه‌ی بکه‌ران‌و تاوانباران. به‌ڵام به‌پێی بنه‌مای ناسین‌و ماهییه‌تی ئه‌م رێژیمه، به هه‌موو پێوه‌ر و نیشانه‌کان‌ڕا دیاره ئه‌م جۆره ره‌فتارانه له ئێران که له‌گه‌ڵ ژنان ده‌کرێن، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه نه‌ک هه‌ر رێگه‌پێدراوه، به‌ڵکوو گه‌ڵاڵه‌داڕشتنه‌که‌شی هه‌ر له‌لای خۆیانه‌وه‌یه. ده‌بینین كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران رۆژ له‌گه‌ڵ رۆژ له گه‌ڵ قه‌یران و دیارده‌ی جۆراوجۆر رووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه و ده‌سه‌ڵاتدارانیش نه‌ك له فكری چاره‌سه‌ری‌دا نین، به‌ڵكوو خۆشیان عامیلێكی سه‌ره‌كیی ئه‌و به‌ڵاو به‌دبه‌ختییانه‌ن كه به سه‌ر خه‌ڵك دێنن. مرۆڤ بوون له روانگه‌ی رێژیمی ئێرانه‌وه ئه‌وه‌یه تا چه‌ند وه‌فادار بی به نیزامی کۆماری ئیسلامی!
ئه‌و رێژیمانه‌ی که خۆیان بێعه‌یب‌و نه‌قس، عادڵ‌و ... له‌یه‌ک
دێر‌دا سه‌مبولی هه‌موو باشییه‌کان و به‌رانبه‌ره‌که‌شیان واته ئه‌وه‌ی
له‌گه‌ڵ ئه‌و نیه، به خائین‌و خراپکار‌و فێڵباز ده‌زانن، به‌دڵنیاییه‌وه
ناتوانن ده‌سه‌ڵاتێکی دادپه‌روه‌رانه‌یان له ئاست خه‌ڵکه‌که‌ی خۆشیان‌دا
هه‌بێ، چونکه هه‌میشه به گومانه‌وه سه‌یری خه‌ڵک ده‌که‌ن هه‌روه‌ک
رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران که هیچکات نه‌یتوانیوه له‌گه‌ڵ خه‌ڵک بێ
فێڵ‌و ڕاستگۆ بێ.
له لێدوان‌و قسه‌کانی به‌رپرسانی رێژیم له‌سه‌ر هه‌ر کێشه‌یه‌ک که
له ئێران‌دا روو ده‌دا وا نیشان ده‌ده‌ن که ئه‌وان بێ عه‌یبن، ئه‌وان
دادپه‌روه‌رن‌و قانوونمه‌ندن. به‌ڵام چ قانوونێک؟! که له‌وه‌ی‌دا شک و
گومان نیه قانوونه‌کانی کۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مڕۆی ئێران
نه‌ک یه‌ک ناگرێته‌وه، به‌ڵکوو زۆریش ناته‌بایه له‌گه‌ڵ ره‌وتی
به‌ره‌وپێشچوونی دنیای مۆدێڕنی ئه‌مڕۆدا. هه‌ر بۆیه خه‌ڵک به مافی خۆیانی
ده‌زانن مل به به‌ڕێوه‌بردنی ته‌واوی ئه‌و قانوون‌و رێوشوێن‌و
گه‌ڵاڵانه‌ی کۆماری ئیسلامی نه‌ده‌ن. ته‌نیا قانوونی «پشتیوانی له
بنه‌ماڵه« به‌سه بۆ ئه‌وی بڵێین تا چ راده‌یه‌ک نه‌گونجاوه له‌گه‌ڵ
کۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مڕۆی ئێران. قانوونێک که پڕه له نابه‌رابه‌ری‌و
ناعه‌داڵه‌تی دژی ژنان، قانوونێك به روونی دیاره به‌رابه‌ری حوقووقیی
ئینسانه‌کانی نه‌پارستوه و له سه‌ر بناغه‌ی ره‌گه‌ز مافه‌کانیان دیاری
کراوه‌و له‌م پله‌به‌ندییه‌دا پیاو ره‌گه‌زی یه‌که‌مه. هه‌ر بۆیه‌شه له
ئێران زۆرن ئه‌و پیاوانه‌ی بێ سڵکردنه‌وه رێگه به‌خۆیان ده‌ده‌ن
سووکایه‌تی‌و ده‌ستدرێژی بکه‌نه سه‌ر که‌سێتیی ژنان.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ش‌دا میدیا‌و راگه‌یه‌نه‌کانی کۆماری ئیسلامی
له ژێر ناوی په‌روه‌رده‌و که‌لتووری ئیسلامی‌دا به‌ردوه‌وام په‌ره
هه‌ڵاواردنی ره‌گه‌زی ده‌ده‌ن. ئه‌وه‌ش وای کردوه که ژنانی ئێران نه‌ک
له ده‌ست مه‌ئموورانی «امر به معروف، نه‌ی از منکر» به‌ڵکوو به ده‌ست
پیاوانی نه‌خۆش و ره‌وانییشه‌وه هیچ ئه‌منییه‌تێکیان نه‌ماوه. ئه‌گه‌ر
لاپه‌ڕی رۆژنامه‌کانی نێوخۆی ئێران هه‌ڵده‌ده‌یه‌وه رۆژانه پڕن له
هه‌واڵ‌و ڕاپۆرتی رووداوی توندوتیژیی ترسناکی کۆمه‌ڵاتی، که به‌هۆی
نه‌بوونی قانوونێکی دادپه‌روه‌ر له وڵات‌دا ساڵانه رێژه‌ی ئه‌م
رووداوانه به‌ره‌و به‌رزبوونه‌وه ده‌چێ.
له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ رووداوی ئه‌سیدپێداکردنه‌کانی ئیسفه‌کان، کۆماری
ئیسلامی ئه‌گه‌ر رێژیمێکی خه‌ڵکی و به خه‌می خه‌ڵکه‌وه بوایه، ده‌بوو
وه‌ک کاره‌ساتێکی ئینسانی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ رووداوه‌که بکردایه‌و
له‌پێش‌دا ده‌بوو داوای لێبوردنیان له خه‌ڵکی ئێران‌و به‌تایبه‌تی ژنانی
ئه‌و وڵاته بکردایه. چونکه ده‌سه‌ڵاتی هه‌ر وڵاتێک له ئاست گیان و
ئه‌منییه‌تی خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته‌دا به‌رپرسه. به‌ڵام کوشتنی ئینسان‌و
له‌ده‌ست دانی گیانی ئینسانه‌کان بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران زۆر بابه‌تێکی
ئاساییه، هه‌ر بۆیه له جیاتی ئه‌وه‌ی خۆیان به‌به‌رپرسیاری گیان و
ژیانی ئه‌و ژنانه بزانن، به رووداوێکی ئاسایی ده‌زانن‌و ده‌ڵێن رووداوی
له‌م شێوه له زۆر وڵاتی دیکه‌ش رووده‌دا! یان زۆر بێشه‌رمانه وه‌ک
هه‌میشه سیناریۆی بۆ دروست ده‌که‌ن‌و ده‌یخه‌نه ئه‌ستۆی به گوته‌ی خۆیان
«ئیستکباری جیهانی»! یان بڵێی ده‌ستی «دشمنان نظام»ی تێدا نه‌بێ»؟!
ئه‌وه‌تا محه‌ممه‌د جه‌وادی لاریجانی سه‌رۆکی ستادی مافی مرۆڤی!
«ده‌زگای قه‌زایی» رۆژی یه‌کشه‌ممه 4ی خه‌زه‌ڵوه‌ر له وتوێژێکی
تلویزیۆنی کاناڵ دووی ئێران‌دا، روانگه‌ی خۆی له‌سه‌ر ئه‌سیدپاشییه‌کانی
ئیسفه‌هان‌و «قصاص» له ئێران‌و هه‌روه‌ها به ئێعتراز به قسه‌کانی
ئه‌حمه‌د شه‌هید راپۆرتنێری تایبه‌تی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان،
که ئه‌مساڵیش جارێکی دیکه رێژیمی ئێرانی مه‌حکووم به پێشێلکاری ماڤی
مرۆڤ کرده‌وه، به‌م جوره هاته ده‌نگ: «نه‌کا ده‌ستی هێندێک له وڵاتانی
بێگانه له‌م رووداوه‌دا هه‌بێ! وه‌ک کوشتنی ندا ئاقا سوڵتان له
«آشوبهای» ساڵی 88دا!» هه‌روه‌ها له‌به‌شێکی دیکه له قسه‌کانی‌دا گوتی:
«چ شتێک رووی داوه که له وڵاتانی دیکه ڕوویان نه‌دابێ؟!» پاشان گوتی
مه‌سه‌له‌ی «مافی مرۆڤ» بیانوویه‌که دژی ئێمه، چونکه ئێمه
قودره‌تمه‌ندی ناوچه‌که‌ین! هه‌روه‌ها له پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ قانوونی
«قصاص»دا گوتی: «قه‌ساس مافێکی تایبه‌تییه و پێوه‌ندی به ده‌وڵه‌ته‌وه
نیه!» ...
به‌ڕاستی ئینسان که گوێی له‌م قسانه ده‌بێ به‌خۆی نیه پێکه‌نینێکی
تاڵی دێ! و به‌داخه بۆ چاره‌نووسی خه‌ڵکێک له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وانه‌دا
ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن. به‌داخبوون بۆ خه‌ڵکێک که سه‌ری خۆیان
به‌رداوه‌ته‌وه و له ئاست ئه‌م هه‌موو سووکایه‌تی کردنه پێیان
بێده‌نگه‌یان هه‌ڵبژاردوه. ده‌بوو خه‌ڵکی ئێران‌و به‌تایبه‌تی ژنان له
هه‌موو شاره‌کان له دژی ئه‌م قسانه‌ی ئاغای لاریجانی ئه‌گه‌ر هیچیان
نه‌کردایه، لانی که‌م درێژه‌یان به خۆپیشاندانه‌کان بدایه بۆ
به‌درۆخستنه‌وه‌و دژی دروستکردنی ئه‌م سیناریۆ گاڵته‌جاڕانه‌یه‌ی
به‌رپرسانی رێژیم.
ئاغای لاریجانی‌و ئه‌مسالی وه‌ک ئه‌و له‌بیر خۆیان بردۆته‌وه که له
هه‌موو لایه‌که‌وه مۆره به‌کرێگیراوه‌کانیان هان ده‌دران به‌م جۆره
ره‌فتار له‌گه‌ڵ ژنانێک بکه‌ن که ملیان به قانوونه‌کۆنه‌په‌رستانه‌کانی
رێژیمه‌که‌یان نه‌داوه.
زۆر پێش رووداوی ئه‌سید پێداکردنه‌کان نه‌بوو که ئیمام جومعه‌ی
ئیسفه‌هان ته‌باته‌بایی، نوێنه‌ری خامنه‌یی له ئیسفه‌هان، له یه‌کێک له
سوخه‌نڕانییه‌کانی له نوێژی هه‌ینی‌دا له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ
«بێ‌حیجابی»دا گوتی: «مه‌سه‌له‌ی حیجاب ئیدی به تکاو رجا‌و
ئاگادارکردنه‌وه چاره‌سه‌ر نابێ! بۆ به‌ره‌به‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ «بێ‌حیجابی»
له وڵات‌دا ده‌بێ له داری ته‌ڕ! و هێزی زۆرداری که‌ڵک وه‌رگیرێ»! «باید
چوب تر را بالا برد و از نیروی قهریه استفاده کرد». ئه‌گه‌ر له‌م
لێدوانه ورد بینه‌وه زۆر به روونی دیاره که ده‌سه‌ڵاتداران جگه
له‌وه‌ی له ئاست ملنه‌دانی ژنان به حیجابی زۆره‌ملی‌دا ده‌سته‌وه‌ستانن و
ده‌یانه‌وێ به شێوه‌یه‌کی دیکه هێزه‌کانیان له دژی ژنان سازمان بده‌ن،
به‌جۆرێکیش ئه‌و لێداوانانه تیئوریزه‌کردنی توندوتیژین به‌رانبه‌ر به
ژنان که ئاکامه‌که‌ی هه‌موو لایه‌ک به‌چاوی خۆیان ده‌یبینن.
به‌ڵام رێژیم هه‌رکاتێک رووبه‌رووی ره‌خنه‌ی توندی کۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی
ده‌بێته‌وه، سیناریۆیه‌کی شه‌رماوی دروست ده‌کا‌و تاوانه‌کانی خۆی
به‌شێوه‌یه‌ک داده‌پۆشێ یان ده‌یخاته مل به‌قسه‌ی خۆیان عه‌واملی
«ئیستکباری جیهانی» یان عه‌واملی دژی شۆرش! و پیلانگێرییه‌کانی ئه‌مریکا و
.....
ئاکامی بێده‌نگی!
یه‌که‌م جار نیه ژنان له ئێران تووشی کاره‌ساتی ئه‌سید پێداکردن
ده‌بن، هه‌رچه‌ند زۆربه‌یان به هۆی مه‌سائیلی تایبه‌ت (شه‌خسی)یه‌وه
بووه، به‌ڵام دیسانیش پێوه‌ندی به په‌روه‌رده‌ی که‌لتووری و رێوشوێنه
قانوونییه‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌وه بووه. به‌ڵام رووداوه‌که‌ی ئه‌مجاره‌ی
شاری ئیسفه‌هان له یه‌که‌م رۆژه‌کانه‌وه شک‌و گومانه‌کان له‌سه‌ر
عه‌واملی توندڕه‌وی نێو ده‌سه‌ڵات بوو که به ئامانجی «امر به معروف و
نه‌ی از منکر» ده‌ستیان دابووه ئه‌م کاره دزێوه بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام
تۆوی ترس‌و تۆقاندن بڕێژن‌و ژنانی ئێران هه‌رگیز بیر له ئازادیی «حیجاب»
نه‌که‌نه‌وه.
ئه‌م ڕووداوه ئه‌گه‌رچی سه‌رنجی بیر‌وڕای گشتی بۆلای خۆی راکێشا‌و
ئیحساساتی خه‌ڵکی تاڕاده‌یه‌ک بزواند‌و له هێندێک له شاره‌کان
ناڕه‌زایه‌تی توندی خه‌ڵکی لێ‌که‌وته‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه
ناڕه‌زایه‌تییه‌کان له‌و ئاسته‌دا نه‌بوون که ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران له
نییه‌ت‌و پیلانه مه‌ترسیداره‌کانیان به‌رانبه‌ر به ژنان پاشه‌کشه پێ
بکه‌ن. هه‌رچه‌ند رێژیم به ریا‌و درۆ ئه‌م کردوه‌ی مه‌حکووم کرد‌و خۆی
لێ‌بێبه‌ری کرد، به‌ڵام تائێستاش هیچ که‌س له‌م پێوه‌ندییه‌دا ده‌ستگیر
نه‌کراوه‌و قوربانییه‌کانیش وه‌ک هه‌میشه بێ ئه‌وه‌ی یاسایه‌ک هه‌بێ بۆ
پشتیوانی‌و چاره‌سه‌ری ده‌رد‌و ئازاره بێبڕانه‌وه‌کانیان، له‌چاوه‌ڕوانی
توندوتیژیی پیاوانه‌ی دیکه‌دا ده‌بێ تامردن به‌م ئازاره‌وه بتلێنه‌وه.
چونکه چاره‌نووسی ژنێک له وڵاتێکی وه‌ک ئێران‌دا به‌م ده‌سه‌ڵات‌و
فه‌رهه‌نگ‌و که‌لتووره پیاوسالاره‌وه که هه‌یه‌تی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش،
به روخساری شێوێندراوه‌وه بژی، دیاره چی به‌سه‌ر دێ!، به داخه‌وه له
مرۆڤبوونیش خاڵی ده‌کرێته‌وه ته‌نیا به‌جه‌سته زیندوو به‌ڵام رووح
مردوو! ئه‌مه‌یه مرۆڤ بوون لای ئه‌وان! ئه‌وه‌یه نه‌نگی پیاوسالاری و
نه‌نگی کۆماری ئیسلامی!
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر