۱۳۹۲ آبان ۱۹, یکشنبه

ئای كە نامۆم ... ئای كە تووڕەم



سەردەمی مناڵیم پڕبوو لە شادی و هەڵبەز دابەز. ئەم دەورانە هێندەی نەبرد كۆتایی هات. بە هۆی كچ بوون هەر زوو جووڵەكانم مۆری "نا" یان لەسەر درا. نەكەی، نەچی، نابێ‌، و.... تۆ كچی... بەڵام منی یاغی! خوازیاری ئازادی، عەشق و ژیان بووم. خوازیاری ئەوانە كە لێم زەوت دەكران. ئەوانە لە ناخمدا وەك گرگانێك لەناوخۆیدا دەكوڵان. ئەم گركانە ئەو تواناییەیان لە ناخمدا دروست كرد كە دەبێ‌ بۆ ئەوانە شەڕ بكەم. شەڕ بۆ ئازادی، بۆ عەشق، بۆ ژیانێكی ئینسانی... حەزم دەكرد راكەم، هەڵپەڕم، داپەڕم و بەدەنگی بەرز گۆرانی عەشق بڵێم و كەسیش بەبێ‌ ئابرووم ناو نەبا

****

ساڵی 1365ی هەتاوی (1986ی زایینی) ئەم گركانە لە ناخما تەقییەوە و شەقم لەو كولتوورە هەڵ‌دا كە منی كچی كردبووە زیندانیی نەریت. بوومە پێشمەرگەی ئازادی. ئاسان نەبوو ... كەوتمە بەرتانەو تەشەری كۆمەڵ و ساڵانێكی زۆریش دایكم لێمان زیز بوو. خەڵك هێندەیان لۆمە كرد تا به‌ڕواڵه‌ت ماوه‌یه‌کی حاشا لە دایكایەتی من و خوشكەكەم كە ئەویش لەگەڵ من بووبە پێشمەرگە، كرد. دەیوت "كچی من نین"! لەبەر ئەوەی لە یاسای نەریت لامان دابوو. دایكم دەیوت كارێكتان كرد پاش بوونی 10 منداڵ و گەورەكردنیان خەڵك ناسناوی "دایكێكی بێ‌موبالاتیان" پێ‌دام.... 
ئای كە ئەم قسانەش بۆ دایكم دەبێ‌ چەند تاڵ بووبن؟! ئەویش لە ناخی خۆیدا تووڕە بوو. تووڕە  لەو رێسایەی ئێمەی ژنیان كردۆتە مرۆڤێك بەتاڵ لە خۆمان. 

منیش تووڕە بووم .... قسە و قسەلۆكی خەڵك بەرامبەر بە خۆمان و دایكمان ئەوندەیتر دەبوونە هەوێنی تووڕە بوونی من لەو كولتوورە. "نا" گوتن بەو كولتوورەی ئێمەی كردۆتە رەگەزی دووهەم، رەنگە هەر وا ئاسان نەبێ‌. بەهاكانی "ژن" بوونمانی لە نێو حاكمییەت و ئوتوریتەی "پیاوانە"دا خستبوە ژێر پرسیارەوە. بێدەنگ بوون لە ئاست ئەو پێوەر و دابونەریتانەی بۆ ئێمەی ژن دیاری كراون، خسڵەتی ژنی خەباتكاری رێگەی ئازادی نیە. ئازادی و یەكسانی نرخی دەوێ‌. ئەم نرخەش دەبێ‌ بیدەین.

ئێستا  پاش نزیک به‌ سێ ده‌یه‌ ژیانی خه‌باتکارانه‌ هه‌ر تووڕه‌م! تووڕه‌م له‌ خۆم که‌ نه‌متوانیوه‌ خۆم ببینمه‌وه‌، نه‌متوانیوه‌ به‌ته‌واوی ده‌رباز بم له‌ بازنه‌ی نه‌ریته‌کانی دایکم! نا نه‌متوانیوه‌!  

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر