هه‌واڵ‌و لێکدانه‌وه‌كان له‌سه‌ر دیپلۆماسیی ئێران له دوای هاتنه‌سه‌رکاری رووحانی، باس‌وخواسی گه‌رمی چه‌ند رۆژی ڕابردووی راگه‌یه‌نه‌کانه جیهانی‌و ناوخۆییه‌کان بوون، به‌تایبه‌تی سه‌فه‌ری رووحانی بۆ نیۆیۆرک‌و رووداوه‌کانی دوای ته‌له‌فۆنه مێژووییه‌که! وای کرد له‌م چه‌ند رۆژه‌دا مه‌سه‌له نێوخۆییه‌کانی ئێران زۆر به‌بێ‌بایه‌خییه‌وه یان زۆر که‌م ئاوڕیان لێ‌بدرێته‌وه.
یه‌کێک له‌و مه‌سه‌له گرنگ‌و جێی سه‌رنجانه‌ی که له‌م رۆژانه‌دا که‌وته په‌راوێزی ئه‌و باسانه‌وه، مه‌سه‌له‌ی قانوونی کردنی زه‌ماوه‌ندی سه‌رپه‌رست له‌گه‌ڵ منداڵی قه‌بووڵکراو «فرزندخوانده« بوو، به‌ڵام له‌هه‌مان کاتیش‌دا چالاکان و پشتیوانانی مافه‌کانی منداڵان له ئێران، نه‌یانهێشت ئه‌و مه‌سه‌له‌یه به‌بێده‌نگی تێپه‌ڕێ.
مجلیسی شوورای ئیسلامی ئێران رۆژی یه‌کشه‌ممه 31ی خه‌رمانان گه‌ڵاله‌یه‌کی له ژێر ناوی «پشتگری له منداڵان‌و مێرمنداڵانی بێ‌سه‌رپه‌رست و خراپ‌سه‌رپه‌رست» بۆ په‌سند کردن نارده شورای نیگابان. هێندێک له مادده‌کانی ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یه له‌لایه‌ن چالاکانی مافه‌کانی ژنان و منداڵان که‌وته به‌ر ره‌خنه‌ی توند‌و به دژه ئینسانی، دژه ئه‌خلاقی، دژه به‌هاکان و رێخۆشکه‌ری توندوتیژی جنسیی پیاوان دژی ژنان و منداڵان ناوی لێ‌نرا.
ئه‌و مادانه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی داکۆکیکارانی مافه‌کانی منداڵانی لێ‌که‌وتۆته‌وه، ماده‌ی 22 و 27ی ئه‌و گه‌لاڵه‌یه‌ن که به‌ناوی « پشتگری له منداڵان‌و مێرمنداڵانی بێ‌سه‌رپه‌رست» ناردراوه‌ته شورای نیگابان. به پێی ماده‌ی 22ی ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یه «منداڵی وه‌رگیراو «فرزندخوانده‌گی» ده‌بێ له شناسنامه‌ی ئه‌و که‌سه‌دا که منداڵه‌که هه‌ڵده‌گرێته‌وه، سه‌پت بکرێ، واته بنووسرێ ئه‌و منداڵه له بێهزیستی وه‌رگیراوه. ماده‌ی 27یش که زۆرترین ناڕه‌زایه‌تی لێ‌که‌وتۆته‌وه، ئه‌وه‌یه؛ پێی حوکمی دادگا‌و له‌سه‌رخواستی رێکخراوی بێهزیستی ئه‌وکه‌سانه‌ی له بێهزیستی منداڵ وه‌رده‌گرن‌و ده‌یکه‌نه منداڵی خۆیان، قانوون ده‌بێ رێگه‌یان پێ بدا که منداڵه‌که باڵغ بوو، سه‌رپه‌رست ده‌توانێ بیکاته هاوسه‌ری خۆی!
یه‌که‌م جار گه‌ڵاڵه‌ی پشتیوانی له منداڵان‌و مێرمنداڵانی بێ‌سه‌رپه‌رست له‌لایه‌ن رێکخراوی بێهزیستی‌یه‌وه ئاماده کرابوو و ساڵی 1388 له لایه‌ن مه‌جلیسی شورای ئیسلامییه‌وه په‌سند کرابوو. له په‌سه‌ندکراوه‌که‌دا زه‌ماوه‌ند له‌گه‌ڵ مناڵی قه‌بووڵکراو «فرزندخوانده« قه‌ده‌غه کرابوو. ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یه پاش په‌سه‌ند کردنی ناردرایه شوورای نیگابان، به‌ڵام شورای نیگابان به ناوی ئه‌وه‌ی که کێشه‌ی شه‌رعی هه‌یه، ناردیه‌وه بۆ مه‌جلیسی شورای ئیسلامی.
له ڕاستی‌دا مه‌به‌ستی کێشه‌شه‌رعییه‌که‌ی شورای نیگابان هه‌مان ئه‌و غه‌ده‌غه‌کرانی ئیزدواجی سه‌رپه‌رست له‌گه‌ڵ منداڵی قه‌بووڵکراو «فرزندخوانده» بوو، که شورای نیگابان ئه‌و خاڵه‌ی به خیلافی شه‌رع زانیوه‌و ده‌سکاری کردوه‌و رێگه(حه‌ڵاڵ) کراوه منداڵی قه‌بووڵکراو له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌وه.
ده‌کرێ بڵێین ئه‌گه‌ر ئه‌و گه‌ڵاله‌یه په‌سند بکرێ و به‌و ئیسلاحاته‌وه که شوورای نیگابان کردوویه‌تی ئه‌وه یه‌کێکه له کاره‌ساته‌کانی قانوون نه‌ک هه‌ر له بواری پێشێلکردنی مافه‌کانی ژنان، به‌ڵکوو ده‌بێته هۆی پێشێل کردنی ئاشکرای مافی منداڵانیش.
منداڵانی بێ‌سه‌رپه‌رست هێنده‌ی دیکه بێپه‌نا ده‌بن
کاتێک بنه‌ماڵه‌یه‌ک منداڵێک هه‌ڵده‌گرنه‌وه، به‌و هه‌وست و نیازه‌وه قه‌بووڵی ده‌که‌ن که بیکه‌نه منداڵی خۆیان و دایک و باوکایه‌تی بۆ بکه‌ن، قانوونیش تائێستا هه‌ر به‌و ئامانجه‌وه ئه‌و منداڵانه‌ی به‌بنه‌ماڵه‌کان سپاردوه، به‌ڵام ئه‌و قانوونه دێ ئه‌و پیرۆزییه ده‌شێوێنێ که له نێوان دایک و باوک و ئه‌و منداڵه‌دا هه‌یه. چۆن ده‌کرێ که‌سێک له قانوون‌دا هه‌م دایک‌و باوک بێ هه‌میش له داهاتوو‌دا هاوسه‌ر؟! چ عه‌قل و تێگه‌یشتنێک ئه‌وه قه‌بووڵ ده‌کا که پیاوێک، ژنێک که قه‌راره بۆ منداڵێکی بێپه‌نا باوکایه‌تی، دایکایه‌تی بکا، به‌ڵام قانوون ئه‌و مه‌جاله‌ی بۆ پێک بێنێ دواتر زه‌ماوه‌ندی له‌گه‌ڵ بکاو پێوه‌ندیی جینسی له‌گه‌ڵی هه‌بێ؟ ئه‌وه چ قانوونێکه هه‌ردووی ئه‌وانه‌ی تێدا جێگیر ده‌کرێ؟! واته له قانوونێک‌دا بیهێنیه‌به‌رچاو هه‌م دایک و باوک بی هه‌میش له داهاتوو‌دا هاوسه‌ر!
(رێگه‌پێدراویی زه‌ماوه‌ندی منداڵه قه‌بووڵکراوه‌که له‌گه‌ڵ باوک یان دایک) ئه‌گه‌ر له قانوون‌دا په‌سند بکرێ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ له کۆمه‌ڵگه‌ش جێگیر نه‌بێ، به‌ڵام به‌داخه‌وه دزێوی ئه‌و کردوه‌یه ورده ورده له بیر‌و زه‌ینی کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌سڕدرێته‌وه‌و ره‌نگه له‌داهاتوو‌دا جێ بگرێ، که دواتر ئه‌وه ده‌بێته هۆی په‌ره‌سه‌ندنی ده‌ستدرێژی جنسی بۆ سه‌ر منداڵان. پاشان ئه‌و ئێعتماد‌و ئه‌منییه‌ته ده‌روونییه‌و ئه‌و هه‌سته‌ی که له‌و منداڵه‌دا ده‌بێ دروست بکرێ، که ئه‌و یه‌کێکه له ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه واته جگه‌رگۆشه‌ی ئه‌و دایک‌و باوکه‌یه، تا گه‌وره‌تر ده‌بێ که‌مڕه‌نگتر ده‌بێته‌وه. پاشان زۆر له‌و ژنانه‌ی تا ئه‌مڕۆ وه‌ک دایک هه‌ستیان ده‌کرد ئه‌و منداڵه‌ی وه‌ریان گرتوه هه‌ستی دایکایه‌تییان بۆی هه‌بوو، له‌په‌نای‌دا هه‌ستێکی دیکه له ناخیان‌دا جێ ده‌گرێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌و کچه‌منداڵه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌یبه‌نه‌وه نێو بنه‌ماڵه، چۆن بزانێ له داهاتوو‌دا نابێته هه‌وێی ئه‌و! هه‌ربۆیه ئه‌مه‌ش ده‌توانێ ببێته هۆی زۆرتر بوونی توندوتیژیی ئه‌و ژنانه‌ی به دژی ئه‌و منداڵانه‌ی به منداڵی‌خۆ قه‌بووڵیان کردوه. پاشان زۆر ژن و پیاو که منداڵیان نابێ، ئه‌و شانسه له‌خۆیان ده‌ستێننه‌وه و مه‌یلی ئه‌وه‌یان نابێ که منداڵ هه‌ڵگرنه‌وه، هه‌م بۆخۆیان هه‌ست به دایک‌و باوکایه‌تی بکه‌ن، هه‌میش منداڵێکی بێپه‌نا په‌ناگه‌یه‌کی ئارامی ده‌ست که‌وێ.
ماده‌ی 22 مۆرێک به ناوچاوانی منداڵانی قه‌بووڵکراو «فرزندخوانده»
له ئیسلاحکراوه‌که‌ی گه‌ڵاڵه‌که له ماده‌ی 22دا هاتوه: «له شناسنامه (پێناس)ی ئه‌و ژن‌و پیاوه‌ی سه‌رپه‌رستی منداڵه‌که وه‌عۆده ده‌گرن ده‌بێ ناو و شۆره‌تی منداڵه قوبووڵکراوه‌که «فرزه‌ندخوانده» بنووسرێ. که نووسینی ئه‌م بابه‌ته ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ڵگیرانه‌وه‌ی ئه‌و منداڵه له‌لای منداڵه‌که ئاشکرا بێ. پاسان ئه‌و منداڵانه‌ی دایک و باوکیان هه‌یه و به هۆکاریك دراونه‌ته ناوه‌ندی بێهزیستی، ده‌بێ هه‌م ناوی دایک‌و باوکی ئه‌سڵییان بنووسرێ هه‌م ئه‌وانه‌ی سه‌رپه‌رستی منداڵه‌که قه‌بووڵ ده‌که‌ن، که ئه‌مه‌ش هه‌مووکات وه‌ک نیشانه‌یه‌ک به ناوچاوانی ئه‌و منداڵه‌وه ده‌بێ. ئه‌و منداڵه به‌رده‌وام هه‌ست به نیگه‌رانی و بیرکردنه‌وه و دڵه‌ڕاوکێ ده‌بێ، به‌تایبه‌تی له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی وه‌ک کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران که ئێستاش به‌چاوێکی ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین سووک، به به‌زه‌یی چاو له‌ومنداڵانه ده‌کرێ، که دواتر و له ده‌ورانه‌کانی ته‌مه‌نی ئه‌و منداڵه‌دا کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی ده‌روونی بۆ دروست ده‌بێ. دیاره رێگای جۆراوجۆر هه‌یه بۆ پاراستن و سه‌پتی ئه‌و زانیاریانه له‌هه‌مان کاتیش‌دا شاراوه هێشتنه‌وه‌یان، بۆ ئه‌وه‌ی له کاتێکی گونجاو‌دا به‌و که‌سه رابگه‌یه‌ندرێ. دیاره له‌باری کاریگه‌رییه‌کانی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌روونناسان باشتر ده‌توانن لایه‌نه خراپه‌کانی شی‌بکه‌نه‌وه‌و باسێکی زۆریش هه‌ڵده‌گرێ.
به‌و هیوایه نوێنه‌رانی مه‌جلیسی شورای ئیسلامیی ئێران توسقاڵێک ویژدانیان بکه‌نه قازی‌و ئه‌و کچه منداڵانه‌ی له چاوڕوانی ئامێزی گه‌رمی دایک‌و باوکێکن، نه‌که‌نه سووژه‌ی جینسی‌و، به‌هاجوانه ئینسانییه‌کان به په‌سندکردنی ئه‌و جۆره قانوونانه نه‌خه‌نه ژێرپێ. هه‌روه‌ها پارێزه‌رانی مافه‌کانی منداڵان، ژنان‌و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌خه‌می ئارامی و
ئه‌منییه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران دان، ده‌نگیان یه‌ک بخه‌ن بۆ
دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌و نه‌یه‌ڵن ئه‌و قانوونه په‌سند بکرێ.
kwestan ftoohi
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر