)ژنانی پێشمەرگەو خەباتی نەتەوەییو یەکسانیخوازانە(
ئاماژه:
پارێزگای وێست ئاگدهری نۆروێژ به هاوکاریی سهنتهرو رێکخراوی کۆمهڵایهتیی ئهم پارێزگایه، به بۆنهی 100 ساڵهی دابینبوونی مافی دهنگدان بۆ ژنانی نۆروێژ، زنجیرهیهک کۆنفرانسو چالاکیی کهلتووریی له سهرهتای سێپتامبری ئهمساڵدا بهڕێوه برد.
کوێستان فتوحی، له سهر پێشنیاری کۆمهڵێک له ژنانی چالاکی کورد له نۆروێژو ئورووپا بۆ بهشداری لهم کۆنفڕانسهو چهندین بهرنامهو چالاکیی دیکهدا بانگهێشت کردبوو. بهڵام بهو هۆیهوه که نهیتوانی ڕاستهوخۆ لهو کۆنفڕانسهو بهرنامهکانی دیکهدا بهشدار بێ، له ڕێگای وتارێکی ڤیدئۆیییهوه، باسێکی له بارهی خهباتو تێکۆشانی ژنانی پێشمهرگهی کوردستان، پێشکهشی بهشدارنی ئهم کۆنفڕانسه کرد. رێکخهرانی کۆنفڕانسهکه، وێڕای بهداخبوون له نههاتنی ئهم میوانهیان له کوردستانهوه، ئاماژه به خهباتو تێکۆسانی چهندین ساڵهی ئهم ژنه پێشمهرگهیه له مهیدانی خهباتی یهکسانیخوازانهدا، وێڕای بڵاوکردنهوهی کورتهیهک له دهقی کوردیی وتارهویدئۆییهکه به دهنگی کوێستان فتوحی، وهرگێڕدراوی نۆروێژی وتارهکهی ناوبراویان بههۆی خاتوو خونچه محهممهدی، پێشکهشی ئامادهبووان کرد. ئهمهی خوارهوه دهقی وتارهکهیه:
بهڕێزان سڵاو!
لە کوردستانەوە لە گەڵتان دەدوێم و ژنێکی کوردم. کوردستان، وڵاتێکی پارچەپارچەکراوی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەو کورد نەتەوەیەکی 40 میلیۆنییە کە وڵاتانی تورکیە، ئێران، عێراقو سووریە بە سەر خۆیاندا دابەشیان کردوە. دەتوانم بڵێم گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتی ئەم رۆژگارەین. ئەم وڵاتدابەشکراویو بندەستییە نەتەوەیییە، ستەمێکی دیکەشی خستۆتە سەر ئەو ستەمو هەڵاواردنانەی ژنان لە کۆمەڵگە پیاوسالارو دواکەوتووەکاندا لە گەڵی بەرەوڕوون، ئهویش ستەمی نەتەوەیییە. دەمەوێ هەر لەم دەلاقەیهوە خۆتان پێبناسێنمو باس لە مەینەتیو بێبەشییەکانو هەر لەو کاتەدا باس لە خەباتو تێکۆشانی ژنانی کوردستان بکەم.
ئهمن کوێستان فتووحیمو خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانم، ئەو پارچەیەی کوردستان، کە زۆر جار بە کوردستانی ئێران ناو دەبرێ. لە کوردستان حیزبو ڕێکخراوی سیاسیی جۆراوجۆر هەن. ژمارەیەک لەوان شانبەشانی خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیییەکان، گرنگی بە پرسە کۆمەڵایەتییەکانو یەک لەوان پرسی ژنان دەدەن. حیزبی دیموکڕاتی کوردستان یەک لەو حیزبانەیە. ئهمنو خوشکێکم کە لە خۆم گەورەترە، لە سەرەتادا بە شێوەی نهێنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاری خەباتگێڕانەمان دەکرد، بەڵام کاتێک هەستمان کرد لە ژێر چاوەدێریداینو مەترسیی گیرانمان لە لایەن دامودەزگای جاسووسیو سەرکوتی ڕێژیمی ئێرانەوە لە سەرە، چووینە ڕیزی پێشمەرگەکان. لە ساڵی1986ەوە کە تەمەنم 18 ساڵ بوو، هەتا ئێستا واتە ماوەی 27ساڵە، پێشمەرگایەتیم وەک ڕێگایەک بۆ خەباتو بەربەرەکانی لە گەڵ هەر دوو ستەمی نەتەوەییو جینسی هەڵ بژاردوە.
حەز دەکەم واتای "پێشمەرگە" بۆ ئێوە باس بکەم. لە نێو نەتەوەی کورددا، ئەو کەسانەی ئامادەن ژیانو گیانی خۆیان فیدای ئازادیو بەختیاریی مرۆڤەکانی دیکە بکەن، پێیان دەگوترێ پێشمەرگە. ئەو ژنانەی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کوردستاندا بوون بە پێشمەرگەو لە باری هاتنەنێوکاری سیاسیو خەباتگێڕانەو چالاکیی کۆمەڵایەتیو مرۆڤدۆستانەوە، پێشەنگن ، بە مانای واقیعی پێشمەرگەن. چونکە مەسەلەکە بۆ ئەوان، هەر تەنیا، ڕووبەرووبوون لە گەڵ مەترسیی شەڕو گیانلەدەستدان بە هۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەکانی ئێران، عێراق، تورکیە و سووریە نیە، ڕووبەڕووبوون لە گەڵ بیرکردنەوەو ڕوانینی دواکەوتووانەی کۆمەڵگایەکی پیاوسالاریشە. ئهمنیش وەک ژنانی پێشمەرگەی دیکە، لە لایەکەوە دەبوا ئەرکی رۆتینی پێشمەرگانەی خۆم کە داکۆکی لە خەڵکی کوردستانو بەرگری لە خۆمو هاوڕێیانم لە کاتی هێرشی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بوو بەڕێوە ببەم، لە لایەکی دیکە لە ئەرکی پێشەنگانەی خۆم وەک ژنێکو وەک داواکارێکی یەکسانیی ژنو پیاو غافڵ نەبم.
ئەو کات کە بووم بە پێشمەرگە، شارەکان لە لایەن هێزە نیزامییهکانی کۆماری ئیسلامییەوە، کۆنتڕۆڵ دەکران. هەر بۆیە هەڵسووڕانو چالاکیی هێزەکانی پێشمەرگە، بە زۆری لە دەرەوەی شارەکانو لە نێو خەڵکی گوندنشیندا بوو. ئێمە ژنانی پێشمەرگە لە نێو ژنانی لادێدا، زۆر ئەرک هەبوو کە دەبووا جێبەجێیان بکەین. بەو هۆیەوە کە کوردستان، لە لایەن ڕێژیمە زۆردارەکانەوە، بە ئەنقەست لە دواکەوتوویی ئابووریو کولتووریو کۆمەڵایەتیدا ڕاگیراوە، بە داخەوە ژنانو کچان بە تایبەتی لە گوندەکان هەتا ئێستاش لە هەلومەرجێکی زۆر خراپدا دەژین. هەر بۆیە ئێمە لە چەند بواردا دەبووا کار بکەین. لە باری لەشساغیو دەرمانییەوە، پێویست بوو بەو ئیمکاناتە کەمەی هەمانە، ڕێنوێنیو هاوکاریی ژنان بکەین. فێریان بکەین لە کاتی سووڕی مانگانەو لە کاتی دووگیانیدا، چۆن تەندروستیی خۆیان بپارێزن. بە داخەوە هەتا ئێستاش زۆر له گوندەکانی کوردستان، بنکەو ناوەندی دەرمانیو لەشساغییان لە لایەن دەوڵەتەوە بۆ دابین نەکراوە. ژنان هەروا لە ئیمکاناتی وەک پێشگیری لە منداڵبوون بێبەشن. 20-30 ساڵ لەمەوبەر بارودۆخەکە زۆر خراپتریش بوو. ئێمە پێشتر لە بنکە دەرمانییهکانو نەخۆشخانەکانی شۆڕشدا، بۆ ئەم جۆرە هاوکاریو ڕێنوێنییانە، هێندێک ئامووزش درابووین. بەڵام ئەوەندە هاوکاریو ڕێنوێنییەی لە دەست ئێمە دەهات، زۆر کەم بوو و تەنیا ئەو گوندانەی دەگرتەوە کە هێزی پێشمەرگە هاتوچۆی دەکردن.
لە بواری کۆمەڵایەتیو کولتوورییشدا، پێویست بوو لە نێو ژنانو لە نێو بنەماڵەکاندا کار بکەین. ئەو کاتە زۆر دابو نەریت لە نیو خەڵکدا هەبوون کە بە زیانی ژنان بوون. دیارە ئێستاش، ئەگەرچی کەمتر بوون، بەداخەوە لە نێو کۆمەڵگای کوردستاندا هەر ماون. خەتەنەکردنی کچان، ئەویش بە شێوەیەکی زۆر بێبەزەیییانەو بە ناتەندروستترین کەلوپەلو تیکنیکەکان، بهزۆربهشوودان، هەڵاواردن بە دژی کچانو ژنان بە تایبەتی لە بواری خوێندندا، لەو دیاردانە بوون. ئێمە هاندەری دایکەکان بووین کە کچەکانیان خەتەنە نەکەنو لە مەترسییەکانی ئەو کردەوەیە ئاگادارمان دەکردنەوە. داوامان لە دایکو بابەکان دەکرد کە کچەکانیشیان بنێنە بەر خوێندن. لە بەشێک لە گوندەکاندا کە ئازاد بوونو هێزی پێشمەرگە دەیپاراستن، هیزە سیاسییەکانی کوردستان، قوتابخانەیان کردبۆوەو کتێبی خوێندنو مامۆستایان بۆ مندالانو تەنانەت گەورە ساڵان دابین کردبوو. ژمارەکی زۆر لە ژنانی پێشمەرگە، وەک مامۆستا لەو قوتابخانانەدا، دەرسیان دەگوتەوە. ئێمە ژنانی پێشمەرگە، هەروەها لەبارەی خراپییەکانی توندوتیژی بەرامبەر بە کچانو ژنان، لە گوندەکاندا کۆڕو کۆبوونەوەمان پێک دێنا. تەنانەت بەدواداچوونمان دەکردو ئەو کەسانەی تاوان یان کردەوەی زۆر توندوتیژ بەرامبەر بە هاوسەرو کچی خۆیان ئەنجام دەدا بە هێزی پێشمەرگەمان دەناساندن بۆ ئەوەی لە لایەن دامەزراوەکانی بزووتنەوەی کوردستانەوە، لێکۆڵینەوەیان لە گەڵ بکرێ. باسی ئاکامە خراپەکانی بە زۆربەشوودانی کچانمان بۆ خەڵک دەکرد. بەشێک لە کاتی خۆمان تەرخان کردبوو بۆ سکاڵای ئەو کچ و ژنانەی لە بنەماڵەدا لە گەڵ ستەمو بەدڕەفتاری بەڕەوڕوو دەبوونو ڕێنوێنیمان دەکردن. لە راستیدا ژنانو کچانی گوندەکان، کە هێزی پێشمەرگەو بە تایبەتی ژنانی پێشمەرگەیان دەدیت دەگەشانەوە. چونکە ئەوانیان بە پشتیوانی خۆیان دەزانی کە لە بەرامبەر ستەمو هەڵاواردندا داکۆکییان لێدەکەن.
لە پەنا ئەو کارانەشدا، پێویست بوو ژنان بە مافەکانی خۆیان ئاشنا بکەینو باس لە پێویستیی یەکسانیی ژنو پیاو لە خیزانو کۆمەڵگەیاندا بۆ بکەین. ئەگەر ئێمەی ژنانی پێشمەرگە لەو پرسە غافڵ بوایەینو گرنگیمان بە کێشەو گرفتەکانی ژنان لە کۆمەڵگەدا نەدابایە، هیچ جیاوازییەکمان لە گەڵ پیاوێکی پێشمەرگە نەدەبوو. لە راستیدا بزووتنەوەیەکی نەتەوەییو ڕزگاریخوازانە، ئەگەر پرسی ژنانو ماف و ئازادییەکانی ئەوان پشتگوێ بخاو تەنیا، لابردنی ستەمو زۆرداریی سیاسی لە سەر نەتەوەکەی خۆی، بکا بە ئامانج، تووشی کەموکوڕیو لاوازییەکی گەورە دەبێ. حیزبە سیاسییەکانی کوردستان، تا رادەیەک ئەم راستییە تێگەیشتوونو لە بەرنامەی خۆیاندا بایەخیان بە مەسەلەی ژنان داوە. بەڵام هەر گرنگیدان بە ژنان لە بەرنامەو پەسەندکراوەکاندا بۆ ئەوەی، ژنان ڕۆڵی چالاکانەیان لە خەباتی نەتەوەکەیاندا هەبێ بەس نیە. دەبێ کاری عەمەلیو رەوشەنگەرانە لە نێو کۆمەڵگە بەگشتیو بە تایبەتی لهنێو ژناندا بکرێ.
لە کوردستان ئەگەر لەو بارەیهوە، واتە کار لە نیو ژناندا، تا رادەیەک پیشکەوتنو بەرەوپێشچوون هەبووە، دەبێ سوپاسی دوو دەستە لە مرۆڤەکان بکەین. یەکەمیان پیاوانی سیاسیی دیموکراتو ڕووناکبیر لەنێو بزووتنەوەی کورددا، کە بۆ خۆیان پێشەنگ بوونو بوون بە ئۆلگوو بۆ تێکۆشەرانی نەتەوەکەیان. پێشەوا قازی محەممەد، سەرکۆماری کوردستان لە دا1946 یەک لەو کەسایەتییانە بوو کە پێش هەموو کەس هاوسەرەکەی خۆی (مینا خانم)ی هاندا بێتە نێو چالاکیی سیاسیو کۆمەڵایەتی. هەروەها، وەک سەرکۆمارێک پێشنیاری دامەزرانی رێکخراوی بۆ ژنانی کوردستان کرد. کەسایەتییەکی دیکە کە لەم بارەیهوە کاریگەریی زۆری لە سەر خەباتکارانی نەتەوەکەی هەبوو، د.عەبدولڕەحمانی قاسملوو بوو کە لە دەیەکانی 70 و هەشتای زایینیدا، بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستانی ڕیبەرایەتی دەکرد. د.قاسملوو، بایەخی زۆری بە پێویستیی بەشداریی ژنان لە تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەدا.
دەستەی دووهەم لە مرۆڤەکان کە لەم بارەوەیە کاریگەرییان هەبووە، ئەو ژنانە بوون کە لە ڕیزی پێشمەرگەو لە نێو ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستاندا تێکۆشانیان هەیە. ئەوان لە نێو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکاندا، هەمیشە وەک رەخنەگرو وەک هێزێکی گوشار، لە دژی کەمتەرخەمی بەرامبەر بە پرسی ژنان لە کۆمەڵگەو تەنانەت لە نیو حیزبەکانیاندا، دەنگی ڕەخنەو نارەزاەتییان بەرز کردوەتەوە. کاریگەریی ئەم دوو دەستەیە لە مرۆڤەکانو لە لایەکی دیکەوە، بەرزبوونەوەی وشیاریی ژنان لە نێو کۆمەڵگە و پێداگرییان لە سەر مافەکانیان، بووە بە هۆی ئەوە ئێستا لە ڕێبەریی ژمارەیەک لە حیزبە سیاسییەکانی کوردستاندا، ڕێژەیەک لە ژنان دەبینرێن. ئەم ڕیژەیە ئەگەر چی زۆر کەمە، بەڵام بە بەراورد لە گەڵ رابردوو، دەبێ وەک دەسکەوتێک سەیری بکرێ. ئهمنو کۆمەڵێک ژنی دیکە زیاتر لە پێنج ساڵە لە ڕێبەریی حیزبێکی سیاسیی گەورەی کوردستانداین. جگە لەوەش بە هاوکاریو پشتیوانیی پیاوانی یەکسانیخواز، توانیومانە کۆمەڵیک پرەنسیپ بە قازانجی ژنان لە بەرنامەو تێکۆشانی حیزبەکەی خۆماندا جێگیر بکەین.
بەڕێزانی بەشدار لەم کۆنفرانسەدا!
دەمەوێ باسی بوارێکی دیکەی تێکۆشانی خۆمو ژنانی پێشمەرگەی وەک خۆمتان بۆ بکەم، بواری راگەیاندن. ئەو ژنانەی لە ڕیزەکانی پێشەوەی بزووتنەوەی نەتەوەییو ئازادیخوازانەی کوردستاندا، وەک پێشمەرگە بەشدارن، لە ڕاگەیاندنی حیزبو ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستاندا، نهخشیان هەیە. ئەوان هەوڵیان داوە ئەم بوارە هەر تەنیا بۆ گرنگیدان بە پرسی سیاسیو نەتەوەیی بە کار نەهێنرێو بۆ داکۆکیکردن لە مافو ئازادییەکانی ژنانو بردنەپێشی ئەو پرسە ڕەوایەش بە کار بهێنرێ. ئهمنو ژنانی هاوکارو هاوخەباتم توانیومانە بە وەڕێخستنی گۆڤارو بڵاوکراوەی تایبەت بە ژنان، بە پێکهێنانی بەرنامەی رادیۆییو تەلەڤیزیۆنی، بە دامەزراندنی وێبلۆگو ماڵپەڕی ژنان، ئیمکاناتی راگەیاندنی حیزبو رێکخراوە سیاسییەکانو بزووتنەوەی کوردستان، بۆ داکۆکی لە ژنان بە کار بێنین. ئهمن لەو بڕوایەدام، لە هەر کۆمەڵگەو ولاتێک کە خەباتێکی رەواو بزووتنەوەیەکی سیاسیو کۆمەڵایەتی لە گۆڕێدایەو ژنانیش تێیدا بەشدارن، ژنان دەبێ هەم لە ناوەندەکانی بڕیاردانو هەم لە راگەیاندنو تریبوونەکانی ئەو خەباتو بزووتنەوانەدا، پشکو ڕۆڵی دیاریان هەبێ بۆ ئەوەی لەو شوێنە گرنگانە، ژنان پشتگوێ نەخرێن. بە سەرنجدان بەو راستییەشە کە بۆ خۆم وێڕای بەشداریی چالاکانە لە کۆمەڵێک راگەیاندندا، ماوهی چەند ساڵە سەرنووسەریی، رۆژنامەی ئۆرگانی حیزبی دیموکراتی کوردستانم گرتۆتە ئەستۆ، بۆ ئەوەی لەو سەنگەرەوە داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتیو مافی ژنانی کوردستان بە تایبەتی بکەم.
دیارە لە کوردستان چەندین کۆمەڵەو ڕێکخراو و ناوەندی تایبەت بە ژنان هەن کە هێندێکیان سەربەخۆو هێندێکیان سەر بە حیزبو ڕێکخراوە سیاسییەکانن. دەبێ پێتان بڵێم کە چەند ساڵێکە ژنانی پێشەنگو پیاوانی یەکسانیخواز لە کوردستان، سەرەڕای جیاوازیی ڕێکخراوەییو بیرو بۆچوونی سیاسی، لە گەڵ یەکتر لە پێوەندیدان، کۆڕوکۆبوونەوەو کەمپەینو کۆنفرانسی تایبەت بە ژنان بەڕێوە دەبەن. بە هاودەنگی، رەخنەو نارەزایەتییەکانیان دژی ستەمو هەلاواردنو توندوتیژی دژی ژنان رادەگەیەنن. بە باوەڕی من، لە هەر کۆمەڵگایەکو تەنانەت لە ئاستی ناوچەییو جیهانیدا، ژنان سەڕەرای جیاوازیی نەتەوەو وڵاتو زمانو ئایینو رەنگی پێست، پێویستە بۆ پرس و ئامانجە هاوبەشەکانیان، هاوخەبات و هاوکاری یەکتر بن. پێویستە ئەزموونەکانیان لە گەڵ یەکتر بگۆڕنەوەو کێشەی ژنانی کۆمەڵگەو وڵاتێکی دیکەو شکانو سەرکەوتنی ئەوان بە هی خۆیان بزانن.
بەڕێزان!
تا ئێرە باسی ئەو ژنانەم بۆ کردن کە لە چیاکانی کوردستانو لە ڕیزی حیزبو ڕێکخراوە سیاسییە خەباتکارەکانی کوردستاندا وەک پێشمەرگە تێکۆشانیان هەیە. دەمەوێ ئەگەر بە کورتییش بووە، باسی ژنانێکی دیکەتان بۆ بکەم کە لە نیوخۆی کوردستان، لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆر و دژەژنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا چالاکی دەکەن. ژنانێک کە خەباتی مەدەنی دەکەن بۆ ئەوەی دەنگی ناڕەزایەتی دژی قانوونهکانی کۆماری ئیسلامیی ئیڕان کە پڕن لە هەڵاواردن بەرامبەر ژنان، بەرز بکەنەوە. ئەوان لە ڕێگای خەباتی هێمنانەوە، داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن، تیشک دەخەنە سەر هۆیەکانو چەندو چۆنی توندوتیژی دژی ژنان، پارێزگاری لە ژینگە دەکەن، یان یارمەتیی ئەو ژنانە دەدەن کە تووشی ماددە سڕکەرەکان بوون. ژنانێکیش هەن لە سەر دیاردەکانی وەک خۆکوشتنی ژنان، ڕاکردنی کچانو ژنان لە ماڵەوە، لەشفرۆشی، نەخۆشیی ئایدز، کار دەکەن. بە داخەوە ژمارەیەک لەو ژنانە، لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە سەر کارەکانیان وەلانراون، یان تووشی بەندیخانەو ئازارو ئەشکەنجە بوون. ئهمن پێمخۆشە ئەو جۆرە ژنانەش هەر وەک پێشمەرگە ناو بەرم. چونکە ئەوانیش ئامادە بوون، لە پێناوی ئازادی و بەختیاریی مرۆڤەکانی دیکەو لە پێناوی دادپەروەری، دیمۆکراسیو مافی مرۆڤدا قوربانی بدەن.
ژنانی نوروێژیو ژنانی میوان لە نەتەوەو وڵاتانی جۆراوجۆرەوە!
پیرۆزبایی ئەم کۆبوونەوە گەورەیەتان لێدەکەم کە بە بۆنەی 100ساڵەی بە دەستهێنانی مافی دەنگدان بۆ ژنانی نۆروێژ پێک هاتوە. سپاسی شارەوانیی پارێزگەی ئوستئاگدەرو سەنتەری یەکسانیخوازو ڕێکخراوی یوئێن دەکەم بۆ پێکهێنانی دەرفەتی کۆبوونەوەو پێکئاشنابوونی ژنانی چالاکو پێشەنگی نۆروێژو نەتەوەو وڵاتانی جیاواز. هەروەها سوپاسو پێزانینی زۆر بۆ هەموو ئەوانەی زەحمەتی زۆریان کێشا ئهمن لەو یادە خۆشو گرنگەدا بەشدار بم. هەرچەند بەداخەوە نەمتوانی لەنزیکەوە بەشداری بکەم.
هیوادارم وڵاتی نۆروێژ هەر وەک لە دابینکردنی مافەکانی ژناندا پێشەنگ بووە، لە بواری پشتیوانی لە خەباتی ژنان لە وڵاتانی دیکەشدا پێشەنگو بەردەوام بێ.
ئاواتم هاوپێوەندیی زیاتری ژنانی جیهانو بەرەوپێشچوونی خەباتی یەکسانیخوازانەی ئەوانە.
کوێستان فتووحی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە
http://kurdwomen.org/ku/index.php/2012-09-25-22-52-21/230-2013-09-09-20-39-26
http://kurdwomen.org/ku/index.php/2012-09-25-22-52-21/230-2013-09-09-20-39-26
kwestan ftoohi
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر