۱۳۹۹ اردیبهشت ۱۷, چهارشنبه

سیمینی بێهبەهانی لە نامەکەیەک دا بۆ پیاوان دەنووسێ: من ئەگەر پیاو بوومایە دەستی ژنێکم دەگرت و لەنێو هەموو وەرزەکاندا پیاسەم لەگەڵ دەکرد، ژنان لە هەموو شتێک دەترسن.... من بە پێچەوانەی سیمینی شاعیرە دەڵێم: ژنان لە هیچ ناترسن، نە لە پیربوون، چونکە دەزان چۆن تاڵە سپییەکانی سەریان بهۆننەوە و چرچەکانی زگیان بلاوێننەوە، نە لە تەنیایی و دڵتەنگی، چونکە دەزانن بیانکەنە هاوڕێی ئازارەکانیان، نە لە کەوتن، چونکە دەزان چۆن هەستنەوە، نە لە خۆشنەویستن، چونکە دەزانن چۆن دڵە بەردینەکان بکەنە ئاو.
تۆی پیاو ناتوانی وەک ژن بەسەر ژانەکاندا زاڵ بێ. کەوایە دەست لە تیرو توانجی ژەهراوی هەڵکرە، بەڵکوو تۆش جارێک دوو گیان بی ئەوجار دەزانی چێژی ژنبوون.


یەکەمجار بوو بەڕێی قاچاخ دا رۆیشتم
درێژەی بیرەوەری هاتنی من و خەیاڵ بۆ پێشمەرگایەتی
کەمێک دڵمان ئاسوودە بوو کە لە مەترسی ڕزگارمان بووە و بەسڵامەت گەیشتینە لای ئەو تیمە لە پێشمەرگەکان. دوای پشوویەک و نان و چا خواردن کە بەڕاستی بە زەحمەت چەند تیکەیەکمان بۆ خورا. کاک محەممەد بانگی کردینە لاوە کە تێمان بگەیەنێ چ بکەین بۆ کوێ بڕۆین.
کۆی قسەکانی ئەوە بوو کە ئەوان مەئمووریەتیان هەیە و دەبێ ئەمشەو بڕۆن بۆ ناوچەیەکی دیکە کە ناتوانن ئێمە لەگەڵ خۆمان بەرن. بۆیە گوتی دەبێ بەڕێتان کەین بۆلای هێزەکەمان لە شوێنێکی دیکە. ڕەنگە یەک دوو شەوتان پێ‌دەچێ تاکوو دەگەنە لایان. ئەمڕۆ دەنێرم بەدوای ئەندامێکی خۆماندا ماشێنی هەیە و دەتانبات بۆ تورجان و لەوێ دوو خوشکی دیکەشن کە ئەوانیش لە بۆکانەوە هاتوون بۆ پێشمەرگایەتی لە تورجان چاوەڕوانی ئێوە دەکەن لەوێ یەکتر دەگرنەوە و دۆستانی خۆمان دەتانگەیەنن بۆ لای هێزەکە . گوتی چارشێوتان پێیە؟ چارشێو بۆچی بۆ مەگەر بە کوێ‌دا دەڕۆین؟ چەندین گوندی ناو برد تا دەگاتە تورجان کە هەر هەموویان پایگای ڕێژیمی لێ بوو، بێجگە لەوەش جاشە خۆفرۆشەکانی گرووهی زەربەتی ڕێژیم بە هۆی شەڕەکەی باغلوجەوە و کوژرانی ژمارەیەک پاسدار و وێرانکردنی مۆڵگەکەیان لە گوندەکەی ئێمە وەک ورچی بریندار بە ناوچەکەدا بڵاو ببونەوە و بۆ پێوشوێنی پێشمەرگە دەگەڕان. دیسان ترسمان لێ‌نیشت نەکا بگیرێن. گوتی نیگەران مەبن ئەو کەسەی دێت بە دواتاندا جێی بڕوایە و دەتانگەیەنێ، بەس دەبێ زۆر ئاسایی خۆنیشاندەن. عەسر کابرا بە ماشێنە جیبەکەیەوە هات پاش وەرگرتنی ڕێوێنی و پەیام لە کاک محەمەد شەهرەوان، ئێمە ماڵاوایمان کرد و بەخۆمان و جانتاکەمانەوە لەگەڵ کابرا بەرەو گوندی تورجان وەڕێ کەوتین. لە ڕێگا چەندین جار تووشی پۆستی بازڕەسی جاش و پاسدارەکان بووین و کە پرسیاریان لێ دەکرد بۆ کوێ دەچی و ئەوانە کێن لەگەڵتن؟ کابرا ناوی گوندێکی پێشتری دەبرد و دیگوت ئەوانەش خوشکمن دەچین بۆ سەردانی ماڵە فڵانکەس.... ، تەواوی ئەو ماوە لە ماشێنەکەدا بەرەو تورجان دەچووین ترس سەرتاپای وجوودی داگرتبوون تەنیا بیرم لە گیران دەکردەوە و ئەگەر گیراین کێ بەهانامانەوە دێ، کاک محەممەد و هاوڕێکانی، برا و باوک و دایکی خۆمان؟ هەرگیز هەموو خۆیان لێمان بێبەری دەکەن. ناحەقمان نەبوو، گیراباین، نەجات بوون زەحمەت بوو چونکە تازە لەگوندەکەی ئێمە زەبەیەکی قورسیان خواردبوو. لەدڵ خۆما دۆعا و نزام دەکرد، جارجاریش لە لەگەڵ خەیاڵ چاوێکمان لە یەک دەکرد و بەبێ دەنگی دنیایەک قسەمان لە چاوی یەک‌دا دەخوێندەوە. چی بکەین؟ ڕێگای سەیداوا بەرە و تورجان نازانم بۆ هێندە دوور بوو یان ترس بوو ئەو هەستەی لەلا دروست کردبووم. بەهەر حاڵ ئەو ڕێیەشمان بڕی و گەیشتینە تورجان، شۆفیرەکە بێ ئەوەی لە کەس پرسیار بکا، یەکسەر بەرەو ئەو ماڵە چوو کە دوو ژنەکەی دیکە چاوەڕوانمان بوون. دەتگوت ئەوانیش لە بۆکانەوە ئەو بردوونیەتە ئەو ماڵە. لەوێش دابەزین تاکوو دوو هاوڕێکەمان خۆیان کۆدەکەنەوە ئاوێکمان خواردەوە و سوار بووینەوە بەرەو گوندی یاغیان، گوندێکی ناوچەی گەورکی مەهاباد بوو یەکەمجار بوو ناویشم دەبیست، بە قسەی کابرای شوفیر ئیتر لەوێ مەترسی نامێنێ و سبەی بەیانی لە شوێنی مەبەست دەبن. هەموو شتێ وەک چۆن دیاری کرابوو جارێ وەک خۆی دەچووە پێش. شەو لە یاغیان لە ماڵێکی پڕخێزان ماینەوە پێیان گوترابوو ئەو کچانە برایان پێشمەرگەیەو دەچنە دیداریان، دەبێ بە سڵامەت بیانگەیەنن. کابرای شوفیر مەئمووریتەکەی تا ئەوێ بوو و ئەو گەڕاوە. ئێمەش دەبوو تابەرەبەیان لەو ماڵە نەناسیاوە بین، ژنانی ماڵەکە بەلەهجەی شیرینیان دەوریان دابووین و حەزیان لە قسە بوو ئێمەش بە هیچ جۆر نەدەبوو ئاشکرای بکەین کە بۆ پێشمەرگایەتی دەچین. ئەو شەوە جار جار پێکەنینیشمان بە درۆکردنی خۆمان دەهات.
پیاوێکی ماڵەکە هاتە ژوور بە ژنەکانی گوت با ئەوانە بنوون لێیان گەڕێن. بەیانی پێش ئەوەی هەوا رووناک بێ، دەبێ لە گوندی بچینە دەر، دەبێ بە هەورازێکی نەفەسگیردا سەرکەوین خوشکەکانم!
نازانم چەندمان خەولێ‌کەوت بەڵام تاریک بوو کابرا دای لە درگا گوتی سازن دەی بابڕۆین. بە پەلە رووسەرییەکانمان دابەسەرماندا و چوست و چاڵاک لەگەڵ ساحەب ماڵ وەدەرکەوتین . کابراکە سواری ئێسترەکەی بوو و ئێمەش بەدوایدا دەڕۆیشتین. هەورازێکی بەڕاستی نەفەسگیر بوو یان ئێمە یەکەم جار بە شاخ و داخی ئاوادا سەردەکەوین. یەکێک لە ژنەکانی لەگەڵمان بوو، حاڵی باش نەبوو، وەزعێکی تایبەتی هەبوو، بۆیە کابرا لە ئێسترەکەی دابەزی و ئەو ژنەی سوار کرد، ئێمەش تا لە تروپکی هەورازەکە نزیکتر دەبووینەوە زیاتر بڕوامان بە خۆمان دەکرد کە ئیدی ئەوە هەنگاوی یەکەمە، دەبێ سەرکەوین و چاومان لەوەنەبێ بە سواری ئێستر بمانگەیەنن.
ئێمە گەیشتینە سەر هەورازەکەو هەتاویش لەکەل دەرکەوت و تیشکی زێڕینی بەسەر چیاودۆڵ و کوێستانەکاندا بڵاو کردەوە.
کابرا گوتی ئەوە براکانتان لە نێو ئەو دارانەدان. ڕاوەستابووین چاومان لە نێو دارەکان دەکرد، دیتمان پێشمەرگەیەک بەروڕوومان دێت. پێشمەرگەیەکی قسە خۆش و خوێنشیرین بوو بەناوی سەرهەنگ لەسەر کێوەکە دیدەبان (چاوەدێر) بوو، من زوو ناسیمەوە ڕۆژی گرتنی مۆڵگەکە لە باغلوجە منی دیبوو، بەخێر هاتنی کردین و بە پێکەنینەوە گوتی هەی لە کاکو کەوێ ئاخری هاتن؟
ڕێنوێنی کردین بەرەو ناو دارەکان. ئیتر لەو ڕۆژەوە وەرزێکی نوێ لە ژیانی من و خەیاڵ دەستی پێ کرد. ژیانێ پڕلە هەوراز و سەرکەوتن و داگەڕان....... کە ئەگەر ڕۆژێک بتوانم بینووسمەوە ناوی دەنێم ڕۆمانی من و خەیاڵ ئەگەرچی قەڵەمی ڕۆمان نووسینم نیە........
بەداخەوە سەرهەنگ هەرئەو ساڵە ۱۳ ڕەزبەی ۱۳٦٥ لەشەڕێکی سەخت و نابەرابەردا لە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی دیکەی چووە نێو کاروانی نەمرانەوە.
ئەوەش بەشی دووەکەی ئیتر جارێ تەواو......








ئێوارێیە و دایکم دەتگوت بە ژانی منداڵەوەیە، دەهات و دەچوو و هەرجارەی بیانوویەکی هەبوو بۆئەوەی هەر لەبەرچاوی بین. چونکە ئەو لەپەنجەرەکەوە دیتبووی کەسێک بەقەولی خۆی سرتوخورتی بووە لەگەڵمان.
چەند ڕۆژێک بووجانتامان پێچابووەوە. هێندێک کەلوپەلمان تێ‌خستبوو. بە دوو خوشک جانتایەک و ڕێگایەک. بڕیار لەدەست خۆمان دا بوو بەڵام دەرفەت نا. دەبوو بۆمان دیاری بکەن کەی و بۆ کوێ. ئێوارەی ئەو ڕۆژەی نامە بچووکەکەمان بۆ هات، ئەتوت ناوکم کەوتوە، چەند ڕۆژ پێشتریش دڵم جێگەی هیچی نەدەبۆوە. هەستم بەبێ‌هێزی دەکرد، بەڵام ئەو ڕێیە هێزو ئیرادەی دەویست. ئێوە نازانن ئەو کاتە ئەو بڕیارە چەند قورس بوو بۆمان. دەمزانی کاریگەرییەکەی لە سەر بنەماڵە و بەتایبەت دایکم زۆر قورس دەبێ، بەڵام بڕیارو هەنگاوی نوێ ئامادەیی ئەوەش دەبێ لە خۆت‌دا دورست بکەی چ دەبێ با ببێ. من و خەیاڵ ئەوەمان لە خۆماندا دروست کردبوو. ئیتر هیچ شتێک گرنگتر نەبوو لەو ئامانجەی بەدوایەوەی بوون.
....
سفرەی ئێوارەمان جیا کردەوە لێیان بۆ ئەوەی لانی کەم تا نان ئەخورێ هەست بە جێی خاڵیمان نەکەن و هێندێک لە ئاوایی دوورکەوینەوە، بەڵام دایک زوو هەستی پێکردو نەیهێشت کوڕەکەی شامی شەکەت تەواو کات.
....... " ماڵی وێرانم .....هەستە فریا کەوە تاکوو دوور نەکەوتوونەوە بیانگێڕەوە". نەیزانی ڕێگایەک کچەکانی هەڵیانبژاردوە زۆر لە هی کوڕەکەی جیاوازترە.
تاریکیمان بەسەردا هات و ترس و دڵەکوتە و نیگەرانی هەنگاوەکانمانی جار لەگەڵ جار توندتر دەکرد، هێند توند سەگەلی شوانیش بۆمان هاتن نەیتوانی بمانوەستێنن.
سەگ چیە هێرشت بۆ بێنێ لە چاو ئەو ڕەوە جاش و پاسدارەی وەک ورچی بریندار لەناوچەکە بڵاوببوونەوە. برینداری چەند ڕۆژ لەوە پێش بوون کە هەر لە گوندەکەی ئێمە مۆڵگەکەیان لەلایەن پێشمەرگەکانی دێمۆکراتەوە وێران کرابوو. تا لە گوند دوور دەکەوتینەوە زیاتر بەسەر ترسەکەماندا زاڵ دەبووین، بەڵام دڵەکوتەی ڕێ هەڵەکردن لە تاریکی‌دا لێمان جیا نەدەبوەوە. تا ئەو کاتەی شوانی مەڕەکان بە دەنگی سەگەکانیەوە هات و دڵسۆزانە وەریگرتین.
"پێم‌ناڵێن بەم شەوە ئێوە لێرە چ دەکەن و لە چ دەگەڕێن؟ زوو تێمان گەیاند و داوای هاوکاریمان لێ‌کرد. وتی جارێ وەرن قسەیەکی لێ‌دەکەین. سەگەکان وازیان لە ئێمە هێنابوو بەڵام بێدەنگ نەدەبوون هەستیان بە بوونی کەسانی غەریب دەکرد لە ناوچەکەیان. هەر واش بوو. وەدوای ئێمە کەوتبوون بمانگرنەوە تا نەکەوتۆتە بەیانی و خەڵک پێیان نەزانێ دوو کچیان ڕۆیشتوون بۆ نێو پێشمەرگە. بێجگە لەوان ئەو خەڵکانەی شەوانە لە کێو و مەزرا دەخەوتن هەستیان بە دەنگێکی نامۆ کردبوو. دەنگی ژن! کاکی شوان چۆن وڵامی پرسیارەکانیان بداتەوە کە گومان بڕەوێنێتەوە.
ئێمە دەبوو لە نێو مەڕەکانی‌دا خۆ حەشاردەین تاکوو وەزعەکە ئارام دەبێتەوە و هەرکەس دەچێتەوە شوێنی خۆی. تەنانەت ئەگەر مەڕەکان بپشمن و چڵماویشمان کەن نابێ لەجێی خۆمان جووڵە بکەین. ئەو شەوە و ئەو شوانە مێهرەبانە کە دەتگوت فریشتەیە و بەهانای ئێمەوە هاتوە تا ئیدامەی ڕێگاکەمان پێ‌نیشان‌دا، هەرگیز لەبیر نابەمەوە. شەوێک چلەی هاوینە، بەڵام چ تەزوویەکی سارد جەستەمانی سڕ کردوە و جارجار بەدەست خۆم نیە دەلەرزم. ماوەیەکی بەسەردا چوو سەگەکان بێدەنگ بوون. کاکی شوان کتریە ڕەشەکەی خستەسەر ئاور و بەدەم چاسازکردنەوە ویرەی گۆرانی دەهات، هیچ ئاگای لە دڵی ئێمە نەبوو، ڕەنگە ئاگاشی لێ‌بێ و بێەوێ ئێمە لەو نیگەرانیە بێنێتەدەر. چای ساز کرد، نازانم خەیاڵ، بەڵام من دەمم لێ‌نەدا.
سەعات بوو بە چواری بەیانی هێشتا تاریک و لێڵ بوو، کاکی شوان مەڕەکانی بە شوانە هاوڕێکەی سپارد و گوتی زوو دەگەڕێمەوە، ئەگەر کەس هاتو هەواڵی منیان پرسی، بڵێ چۆتەوە ناو دێ بۆ نان و چا هێنان. بەناو بۆنی گژوگیای کێوی وەستا مستەفادا ڕێکەوتین و ماوەیەکی پێچوو ئێمەی گەیاندە بەرزاییەک کە دەیڕوانییە گوندی سەیداوا و جەمیان گوتی: "ئیدی لێرەڕا من دەگەڕێمەوە،کەسیش لێتان نەبیسێ کێ تا ئێرەی هێناون...." ماڵاوایی لێ‌کردین و بەڕێی خۆی‌دا گەڕاوە، ئێمەش سەرەوخوار بووینەوە بەرەوە باغەکانی گوندی سەیداوا کە قەراری نێو نامە بچووکەکە بوو. دەبوو سەعات ۱۰ ی شەو گەیشتباین بەڵام سەعات ٨ و ۹ی بەیانی گەیشتینە لای کۆمەڵێک وەرزێری گوندەکە کە خەریکی کار بوون. چووینە پێشێ و گوتمان هاتووین بۆ لای پێشمەرگەکان لێرە ماون؟ کابرا تۆزێک بە تووڕەییەوە گوتی خوشکی من پێشمەرگە لێرە چ دەکا نەخێر! ئێمە پێشمەرگەمان نەدیوە. دڵم داکەوت لەدڵ خۆما وتم ڕۆیشتوون.... بۆ ئەوەی باوەڕمان پێ بکەن وتمان برامان پێشمەرگەیە و هاتووین بۆ دیتنی. کابرا گوتی دایکەکەم ئێوە لە چ دەگەڕێن خوشکی پێشمەرگە بۆ بەو بەیانییە زووە بەو شاخ و داخەدا دێت پێم ناڵێن چتان دەوێ؟ ناچار نامە چووکەکەمان نیشان ‌داو هەرکە چاوی بە ئیمزاکەی کەوت گرژی نێوچاوانی لادا و گوتی دەی لە ئەوەڵەوە ئەوەتان گوتبا.
کابرا لەوانی دیکە کە چوار پێنج کەس بوون و هەموو گیانیان ببوو بەچاو و بڕیبوویانە سەر ئەو دوو خوشکە هەڵوەدایە، جیا بووەوە گوتی وەرن لەگەڵم. بەرەو نێو پۆلە دارێک کەبەقەدی کێوێکەوە بوو وەڕێ کەوتین. نزیکبووینەوە، چاومان بە پۆلێک پێشمەرگە کەوت دانیشتبوون چەند کەسێکیشیان خەریکی کوکردنەوەی کیسەخەوەکانیان بوون. یەک دوویەکیان دانیشبوون سیگاریان دەکێشا یەک دوانێکیان پیاسەیان دەکرد، یەکێک لەوان کاک محەممەدی شەهرەوان چاوی پێمان کەوت بە پێکەنینەوە هاتە پێشتر گوتی بۆ وا درەنگ هاتن قەرار نەبوو سەعات دە لێرە بن؟
کاک محەممەدیش نەیدەزانی ئێمە وەک کوڕەکان نین ناتوانین ئاسان لەگەڵ ماڵەوە باسی بکەین و باوکیشمان ئەو پارەی لە گیرفانی کەواکەی دایە بیدا پێمان و پێمان بڵێ ڕۆڵە مادام هەر بڕیارتان داوە خۆشم دەتانگەیەنم..
ئێوەش نازانن ۳۰ - ۳٥ ساڵ لەمەوبەر کچەکان بە چ ڕێیەکی سەخت و دژواردا خۆیان دەگەیاندە ڕیزی پێشمەرگەکان. کە دەشگەیشتن لەگەڵ چ گیڕوگرفتێک بەرەوروو دەبوونەوە. کە ئەگەر ڕۆژێک دەست بە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانیان بکەن دەبێ چ ڕۆمان بێ لەنێو کتێبخانەی شۆرش‌دا.
لە سەر ئیزنی خەیاڵی خوشکم ئەم بیرەوەرییە پێشکەش بە هەموو ئەو کچانە دەکەم کە لە هەلومەرجی سەختی خەبات دا بوونە پێشمەرگەو هیچ کامێرایەک ژیانی ئەوانی تۆمار نەکر.


۱۳۹۸ مرداد ۲۹, سه‌شنبه

گەلاوێژ


بریارمان دابوو  ٢٥ی گەلاوێژ لەلایان بین. لەهەموو ئەوانەی شکمان دەکرد هەواڵیان لێیان هەبێ دەمانپرسی، ئاخری کەسێک پەیدا بوو و قەولی دا کە دیتنی پێیان رابگەیەنێ ئێمە  دەمانەوێ بیانبینین کاری زەروورمان پێیانە.  چاوەڕوان ماینەوە رۆژێک  ف. هات گوتی هاتوون  خۆتان ساز کەن بۆ نیوەڕۆ دەتانبەمە  ئەو شوێنە ئەوانی لێن. بەشەرتێک دەتانبەم نەڵێن من پێم گوتوون، بلێن خۆمان زانیومانە لێرەن.  قەولمان پێ دا. 

حەزمان نەدەکرد بەدەستی خاڵی بچین بۆلایان،  بۆئەوان  خواردن باشتیرین دیاری بوو.  گوتمان مریشک و برنج دروست دەکەین بەڵام ئەو رۆژە شانسی ئێمە لە باغلووجە  جووجە  قڕی تێکەوتبوو،  خەڵک  هەموویان کڕیبوو دەیانگوت کۆمپاینمان بۆ دەگەڕێ. هەموو دووکانەکان و ئەو ماڵانەی تێمان رادەدیتن بۆ کڕین یان قەرزی جووجە چوون و دەستمان نەکەوت. ئاخرییەکەی هاتینەوە سەر مریشەکانی دایکمان. دایکیم بۆخۆی لە سەقز بوو لە تەداروکی زەماوەندی کاکم دا بوو. مریشکە سووری هێلکەکەرمان  گرت و بۆ ئەوەی نەنکە نازدارم( دایکی دایکم) کە هەر لەگەڵ ئێمە دەژیا پێ نەزانێ  بردمان لە ماڵی جیرانێکمان سەرمان بڕی و هەر لەوێش مریشک و برنجەکەمان ساز  کرد بێ ئەوەی نەنە گیان بزانێ. من و خەیاڵ و ف. وەڕێ کەوتین بۆ شوێنی دیاری کراو.  کە گەیشتینێ تیمێک  پیشمەرگەی دیموکرات لە نێو دارەکاندا چاوەڕوانی  ئەوە بوون  کە  ف. نان و چایان بۆ بەرێ. هەر چاویان بە ئێمە کەوت داچڵەکین. ئەوان پێیان وا بوو تەنیا ف. دەبێ بزانێ ئەوان لە کوێ دا خۆیان حەشار داوە. دیار بوو کەمێکێک نیگەران بوون.  ف.  بە پێکەنینەوە گوتی کاک محەممەد بەخودای خەتام نیە تۆ نازانی ئەمانە لەکەیەکەوە لێم دەپاڕێنەوە بزانە چیان دەوێ. هەر لەوێ دا خۆی ئاشکرای کرد کە ئەو بە ئێمەی گوتوە تیمەکەی دیموکرات لەوێن.

تیمەکەش ئەوانەی لەبیربن کاک محەممەد شەهرەوان، کاک برایم چووکەڵی، کاک سمایل بازیار، شەهیدان وەستا ئەحمەدی کوهگەرد و محەمەد ئەسپۆغە و  چەند کەسێکی دیکە  لەبیرم نەماوە کێ بوون.

 دوای نان خواردن  کاک محەممەد شەهرەوان (تۆپچی) کە دیار بوو بەرپرسی کومیتەی ناوچەی تورجان بوو،  گوتی  وەرن بزانم چیتان دەوێ بۆ هاتوون! کەمێک لەوانی دیکە دوور کەوتینەوە  لە بن دارێک دانیشتین و   گوتی بڵێن بزانم  کارتان چیە بە ئێمە بۆ هاتوون؟ گوتمان دەمانەوێ بێین بۆ پێشمەرگایەتی.   کاک محەممەد چاوەڕوانی هەموو شتێکی دەکرد چاوەڕوانی ئەم قسەیە نەبوو. گوتی یانی هەردووکتان؟ گوتمان بەڵێ.  پێی سەیر بوو دوو خوشک  پێکەوە دەیانەوێ ببنە پێشمەرگە. دەستی کرد بە قسە و گوتی سپاس کە ئەو هەستەتان هەیە و ئاوا لەخۆتان ڕادەبینن، بەڵام پێشمەرگایەتی سەختە بە تایبەتی بۆ ژنان . نزیک چارەگێک قسەی کرد و سەختییەکانی بۆ شی دەکردینە و لە کۆتاییدا   گوتی نابێ  بێن، ئێوە مادام ئەو هەستەتان هەیەو دەتانەوێ خەبات بکەن،  دەبێ لە نێوخۆ کارمان بۆ بکەن زۆر گرنگە و لەم قسانە.  ئێمەش  گوێمان بۆ ڕاگرت و بەڵام ڕێنوێنییەکانی ئەومان قەبووڵمان نەدەکرد. ئاخر من پێشتریش  شەهید مەنسوور حەقپوور پێی سپاردبووم  لە نێوخۆ چ کارهایەک بکەم  دەمزانی ئەو کارانەی ئەوان دەلێن بۆمان سەختە بەتایبەتی  کە بنەماڵەت رێگر بن.  بۆیە  ئێمە هەر ڕازی نەبووین و ئاخر بڕیاری خۆمان بە کاک محەممەد ڕاگەیاند.  دوایە  کە زانی ئێمە سوورین لەسەر بڕیارەکەمان گوتی باشە ئەمڕۆ بڕۆنەوە ئێمە جارێ کارێکمان هەیە لەم ناوچەیە،  ئێوەش لەسەر هەست بن و دوایە ئاگادارتان دەکەینەوە و دیاری دەکەین چ رۆژێک بێن  تا ئەو کاتیش زیاتر بیری لێ‌بکەنەوە .
لەو سەروبەندەدا  زەماوەندی برایەکم بوو دەبوو هەموومان بچین بۆ سەقز بۆ ئەو زەماوەندە.  بنەماڵە هەموو رۆیشتن تەنیا من ئیسرارم هەبوو نەچم. ماڵەوە نەیاندەزانی من بۆ ئیسرار دەکەم کە ناچم بۆ زەماوەند.  خەیاڵی خوشکم چوو و منیش مامەوە و لە چاوەڕوانی  هەواڵی پێشمەرگەکاندا بووم.  دروست ئەو ڕۆژەی ئەوان هاتن بۆ گرتنی مۆڵگەی پاسدارەکان لە باغڵووجە کە دەبوو هەر ئەو رۆژەش لەگەڵیان رۆیشتباین (٢٣ی گەلاوێژی ١٣٦٥) خەیاڵ لە زەماوەندی براکەم بوو. پێم گوتن  چ بکەین! نازانم کاک محەممەد بوو یا شەهید وەستا ئەحمەد گوتی نگەران مەبە  ئێستا دەڕۆین و ماوەیەکی دیکە دێینەوە ئەو دەوروبەرە یا بۆخۆمان دێین لە دواتان یان نەفەر دەنێرین ئاگادارتان بکات، منیش بۆ ئەوەی لە خەیاڵ تێک نەچێ نەدەبوو بەجێی بێڵم.
ئەوە بوونەک نەمانتوانی بۆ ٢٥ی گەلاوێژ بگەینێ،   ناخۆشترین رۆژەکانی منیش ئەو حەوتووە بوو دوای گرتنی مۆڵگەکە  تا کاتی رۆشتنمان یانی لە ٢٣ی گەڵاوێژەوە تا ٢ی خەرمانانی ١٣٦٥.
بەسەرهاتی ئەو یەک حەوتوویە دەبێ لە بابەتێکی جیادا بنووسمەوە کە جاشەخۆفرۆشەکانی گوروهی زەربەتی بۆکان چیان پێ نەگوتین و نەکردین. جگەلەمەش بۆڵەبۆڵی دایکم  کە هەستی بەشتێک کردبوو لە پەستا دەیگوت ئیتر باغلووجە بۆ ئەوە نابێ  ئێوەی لێ بن. منیش لە دڵ خۆمدا  خەتاکەم دەخستە مل خەیاڵی خوشکم دەمگوت ئەگەر ئەو نەچووبا بۆ شایی کاکم، ئێمە هەر ئەو شەوە لەگەڵیان  دەڕۆیشتین و ئەم هەموو ترس و لەرز و بێحورمەتییەشمان نەدەدیت.  ئەو کاتە وەک ئێستا نەبوو پاسپۆرتەکەت هەڵگری و رێگای باشوور بگریە بەر!  بەتایبەتیش وەک ئێستا هاتنی کچان بۆ ریزی پێشمەرگایەتی ئاسایی نەبوو بەلای خەڵک و بنەماڵە و تەنانەت خودی پێشمەگەرکانیشەوە. بۆیە بڕیارێکی سەخت بوو.
بەهەر حاڵ دایکم دوای شەڕەکە کە هاتەوە و هەر درگاکەی کردەوە گوتی ئەوە ئەو شاییەت بەدەستەوە بوو (مەبەستی گرتنی  مۆڵگەی پاسدارەکان لە لایەن پێشمەرگەکانەوە بوو) بۆیە نەهاتی بۆ شایی کاکت؟ منیش بە پێکەنینەوە گوتم جارێ بەخێر بێیەوە  ئەی بۆچی خەیاڵ  نەهاتەوە! ئینجا  مەعلومە دایە گیان ئەمەیان خۆشتر بوو!  تووڕە بوو گوتی خەیاڵ بۆکوێ دێتەوە، هەستە هەر ئێستا خۆت ساز کە  تۆش نابێ لێرە بی.  ماڵێکمان لەسەقز بوو دەیویست منیش بنێرێ بۆ ئەوەێ، گوتم ئەسڵەن  هەر باسی مەکە ناچم. دایکم هەرچێ هاواری کرد بە قسەم نەکرد. دوای چەند رۆژ خەیاڵیش گەڕایەوە و هێندێکیش  بۆلەم  بەسەردا کرد.
رۆژی ٢ی خەرمانانی ١٣٦٥ بوو نزیک ئێوارە کەسێک نامەیەکی پێچراو کە  هەر لە بنێشتی شیک دەچوو، بۆی هێناین.  پەیامێکی کورتی تێدا بوو کە چارەنووسی من و خەیاڵی گۆڕی.  و هەر ئەو شەوە ملی رێگامان گرت و دایکمان بە کۆمەڵێک نیگەرانی  و غەمەوە بەجێ هێشت.
 ژیانی پێشمەرگایەتی  ئێمە وەک زۆر پێشمەرگەی دیکەی ژن پڕە لە چیرۆک و بەسەرهات کە خۆزگە بمتوانیایە بێ سانسۆر  رۆژێک بینووسمەوە  و لانی کەم بۆ  دوو دەستە لەوانەی  بە بوونمان لە ریزی پێشمەرگایەتیدا خۆشحاڵ بوون و هەروەها ئەوانەش بە رۆیشتمان خۆشحاڵ بوون، بڵێم  ٣٠ ساڵ ژیانی پێشمەرگایەتی بۆ ئێمە ئاوا تێپەڕی.
  ئەگەر نەمانتوانی  بە مەدرەکی  دانشگاوە خوێندەواری بەرزەوە  خۆڕانێین،  خۆ توانیمان کاریگەری لەسەر زۆر مرۆڤ دانێن کە ئێستا دەزانن پێشمەرگایەتی هەموو خۆڕانان بە چەکەوە نیە، پێشمەرگایەتی عەقڵە، تێگەیشتنە، شعورە، خۆشەویستی نیشتمان و نەتەوەیە. ئەمن ئێستاش  پێشمەرگەیەتی لە نێو ئەو پەیام و نامانەدا دەبینم کە بە خۆشحالێیەوە  یاد لەو ڕۆژە سەختانەی ئێمە دەکەنەوە بێ ئەوەی  منەت بەسەر خەڵکدا بکەین، لە قسەی ئەوانەی دا نابینم  کە بە شانتاژ و جوێن دیفاع لە حیزب دەکەن.   پێشمەرگایەتی  لە فرمێسکی ئەو کچانەدا دەبینم کە بە شوور و شەوقەوە  بوونە پیشمەگە و بەرپرسە ناڕەسەن و بەرژەوەندیخوازەکان  ناهومێدیان کردن.  
لەماوەی ژیانم لە نێو حیزبی دێموکرات دا سەختی و ناخۆشی  زۆرم دیت هیچیان نەیانتوانی  دڵساردم بکەنەوە لە پێشمەرگایەتی.  تا سەرەتاکانی ٢٠١٥  بۆم دەرکەوت ئیدی ئەوێ  جێگەی من نیە. باس کردنی ئەوەش با بمێنێتەوە بۆ کاتێکی دیکە.    ئۆکتۆبری ٢٠١٥ بەدلێکی پڕ لە داخەوە ماڵاواییم لە حیزب کرد و  بەرەو ئورووپا   وەرێ کەوتم. بۆ رابواردنیش ئورووپام هەڵنەبژارد!   وەک کابرایەکی دەمدرێژی بەناو دیموکرات ئەو کاتە  نووسیبووی  با بڕوا بۆ ڕابواردنی خۆی، بەغدا نیوەی رێی بێ!  کەس نەبوو پێی بڵێ ئاخەر نەفام بەقەولی سوهەیلا قەوی پەنجە "گوێدرێژ"! ئەو ئەگەر ئەهلی ڕابواردن بووایە،  بۆ بە ٥٠  ساڵی  هەڵی دەبژارد! یان ئەگەر ئەهلی رابواردن بوایە خۆ لەوێش  وەک رەئیسەکانت دەیتوانی رابوێرێ!  
 دیارە  هەرگیز لە رابردووی خۆم  پەشیمان نیم و هەمیشە وەک شانازییەکی ژیانم لەو دەورانە دەڕوانم ،چونکە سادقانە  پێشمەرگایەتی و حیزبایەتیم کرد و زۆر ژن و پیاوی سادق و پاکیشم ناسی و  شانازیش بە هاوڕییەتیان دەکەم لەو دەورانەدا.
بەڵام زۆر کەسیشم تێدا ناسی حیزبیان وەک دووکان و بازاڕێک بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان  چاولێ‌ دەکرد. ئەوانە وەک  مۆریانە و وردە وردە لەخوێنی جەستەی حیزب دەخۆن و لاوازی دەکەن.  بەداخەوە دوولەت بوونی دیموکرات هێندەی دیکە مەجالی دا پێیان  ورگ شۆرکەنەوە بەسەر ئەو حیزبەدا.   


x


۱۳۹۷ آبان ۱۹, شنبه


سەفەرێك لەگەڵ میوانانی یادی بیست ساڵه‌ی شەهید بوونی دوكتور قاسملوودا


ئەمجارەیان بەیادی حەسەنپوورەکەی خۆمان ئەو بابەتە دەخەمەوە بەرچاو



کاک محەممەد حەسەن پوور، شەو درەنگ زەنگی بۆ لێدام گوتی  بەیانی سەعات ٨ لەبەردەرکی سکرتاریا ئامادەبە لەگەڵ  دوكتور كارۆل پروونهوبیر و مانۆئێل مارتۆریەل بەرەو قەندیل دەڕۆین گوتم بۆ زووترت پێنەگوتم، گوتی وا رێککەوتوە. بەڵێ ئەمسەفەرە وا رێکەوت،  بەڵام بەلامەوە خۆش و پڕ لە ئەزموون بوو. لەگەڵ كەسانێك بوومە هاوسەفەر كە بۆ ئەوە دەبن من و هەزارانی وەك من دەرس لە ئەزموونی ژیان و تێكۆشانیان وەربگرین.
دوكتور كارۆل پروونهوبیر و مانۆئێل مارتۆریەل دوو رۆژنامەنووس و لێكۆڵەری بە ئەزموونی بیانی و دۆستی وەفاداری گەلی كورد و رێبەری شەهیدمان دوكتور قاسملوون، ئەو رێبەرە شەهیدەی بە سەدان و هەزاران دۆستی لەوجۆرەی بۆ نەتەوەكەمان دیتەوە.  ئەو دوو میوانە ئازیزە لە گەڵ هاوڕێیەكی خۆیان كاك رەحیم قادری كە وەك رێنوێن و وەرگێڕ هاوسەفەریان بوو، بەو گەرمای هاوینە رێگەیەكی دوور و درێژیان بڕیبوو، بۆ یادی بیست ساڵەی تیرۆری دوكتور قاسملوو هاتبوونە كوردستان و میوانی حیزبەكەی قاسملوو لە دەشتی گەرم و خۆڵاویی كۆیە بوون. ئەوان خۆیان بە بەختەوەر دەزانی كە لەم سەفەرەیاندا بچن سەردانی شوێنی سێ‌ ساڵ ژیانی سەربەرزانەی "قاسملووی كوردان" بكەن و لە نزیكەوە بیبینن. ئەوان لەگەڵ ئەوەی كاتیان بە لاوە گرنگە و نایەڵن بەفیرۆ بڕوا ، ئەو سەردانەشیان بەلاوە گرنگ بوو. بۆیە رۆژێكیان بۆ تەرخان كرد.
بەیانیی رۆژی سێ‌شەممە 16ی پووشپەڕی 1388 بەرەو ئەو شوێنە "بۆڵێ‌"ی بناری قەندیل وەرێ‌ كەوتین. من و كاك محەممەد حەسەن پوور و كاك سەلاحی پێشمەرگەی شوفیریش بووینە هاوڕێیان. ئەوان لە نێوان رێگادا بۆ یەك چركەش لە نووسینی یادداشت و هەڵگرتنەوەی وێنەی ئەو دیمەنانەی بەلایانەوە سەرنج راكێش بوو، غافڵ نەبوون. دەگەیشتینە هەر شار، گوند، چۆم و پردو... نەخشەی ناوچەكەیان دەردێنا و سەیریان دەكرد كە بزانن ئەوە كوێیە و ناوی چییە. بەردەوامیش پرسیاریان دەكرد و بە سرنجەوە گوێیان بۆ وڵامەكەی رادەگرت. بەلای منیشەوە سەرنجراكێش بوو هەر قسەیەك كە دەكرا لە بنج و بناغەی مەسەلەكەیان دەكۆڵییەوە, هەمووشتێكیان بە ئیسباتەوە دەویست. ئەوان بە یادی دوكتور قاسملووەوە بەو رێگایەدا دەرۆیشتن، بۆیە ناوە ناوە پرسیاریان لەسەر ئەو دەكرد.... تا گەیشتینە شوێنی مەبەست. شوێنی پێشووی بنكە و بارەگاكانی حیزبی دیموكرات و خانووە بەردینەكەی شەهید دوكتور قاسملوو.

لەوێ‌ بە كاك رەحیمم وت لێیان بپرسە ئەوان وەك دۆستێكی دوكتور قاسملوو چ هەستێكیان هەیە كە ئەم خانووە بە بەرد و دار دروستكراوە دەبینن؟ وتیان هەستێكی خەماوی بۆ لە دەست چوونی ئینسانێكی گەورە. بە سەرنجەوە دەیانڕوانییە ئەو بەرد و دارانەی ئەو خانووەیان پێ‌دروست كرابوو. بەشێكی زۆری پاش بیست ساڵ وەك خۆی مابوو، ئێستاش بنەماڵەیەكی كوردی باشووری تێدا دەژی. دەفتەر و قەڵەمیان بەدەستەوە بوو، یادداشتیان دەنووسی و بە سەدان وێنەیان لەو خانووە و دەوروبەری ئەو خانووە گرت. بەلایانەوە گرنگ بوو كە ئەم خانووە نابێ‌ تێك بچێ‌، چونكە بەشێك لەمێژووی كوردە و رێبەرێكی كورد لەوێ‌دا ژیاوە. ئەوان دەیانوت دەمانزانی دوكتور قاسملوو مرۆڤێكی خەباتكار، روح پاك و سەلیقە جوان بووە. ئێستاش كە ئەم خانووە و هەڵكەوتەكەی دەبینین لەبن ئەو دارانە و خوڕەی كانیاو و جریوە باڵندە دەنگخۆشەكانی نێو ئەو دارانە، لە نێو ئەم چیا بەرزانەدا ئەوندەی دیكە ئەوە دەسەلمێنن كە لەگەڵ ئەوەی سیاسەتمەدارێكی خەباتكار بووە، هەستێكی شاعیرانەو جوانپەرەستانەشی هەبووە. ئەوان بەسەرنجەوە لە شتەكانیان دەڕوانی و منیش بە سەرنجەوە لەوان. ئەوان كورد نین، ئەندامی حیزبی دیموكراتیش نین، بەڵام غەمخۆری ئەو نەتەوەیەن. ئەگەر وا نەبوونایە چۆن بە سەدان سەعات كاتی خۆیان بە نووسینی لێكۆڵینەوە لە سەر كوردان و نووسینی كتێب لە سەر ژیانی رێبەرێكی كورد، دوكتور قاسملوو تەرخان دەكرد .
ئەوان خەمی ئەو گۆڕە كۆنانەیان دەخوارد كە لە دۆڵی شەهیدان خەریكە لەناو دەچن. بە نیگەرانییەوە وێنەیان لـێ‌دەگرتن و دەیانگوت ئەوە مێژووی خۆڕاگریی كورد نیشان دەدەن لە بەرامبەر هێرشی عەرەبەكان بۆ كوردستان ، چۆن دەبێ‌  ئەوانە لە نێوبچن؟ 
لە رێی كاك رەحیم قادرییەوە لێم پرسین لەم سەفەرەدا كوردستانتان چۆن دیت؟ هەرچەند ئەوە یەكەم جار نیە دێنە كوردستان. لە وەڵامدا وتیان كوردمان بە نەتەوەیەكی خاوەن مێژووی خەباتكارانە لە بەرامبەر نەیارانی دا، میواندار و خۆمانە و پڕ لە جیاوازییەكان هاتۆتەبەرچاو. كوردستان سروشتێكی جوانی هەیە، لە باری كانگاكان دەوڵەمەندە ، بەتایبەتی ئاوی زۆرە، كە ئێستا لە دنیادا ئاو لە نەوتیش بەنرخترە. مانۆئێل دەیوت كەسێك كە لە دوورەوە ناوی كوردستان دەبیسێ‌ و نەی دیوە، وا دەزانێ‌ كوردستان بیابانێكە، كە دەیبینی دەزانی چ سروشتێكی جوان و دڵڕفێنی هەیە. حەیفە كەمتەرخەمی بەرامبەر ئەم هەموو شتە بەنرخانە بكرێ‌.
دەبا ئەوانەی كوردستانیان خۆش دەوێ‌ و خۆیان بە خەباتكاری رێگای ئەم وڵاتە دەزانن، دەرس لە ئەزموونەكانی ئەو دۆستانە وەربگرن، كە بە سەدان ساڵە لە پێش ئێمەوەن. با بەرژەوەندییە شەخسی و حیزبییەکان وەلانێن، بیر لە بەرژەوەندی گشتی و نەتەوەیی بكەنەوە.با لەم دۆستانەی د.قاسملوو و نەتەوەكەمان فێری رێز گرتنی رێبەران و كەسایەتییە گەورەكانمان بین .

حەسەن پوور گیان تۆش زۆر تایبەتمەندیی بەرزت هەبوون کە بۆ لێ فێڕبوون دەبن.
ئەو تایبەتمەندییانە رێک و پێکیت، کات شناسیت، پاک و خاوێنی، بەڕێوجێیی و سەروڕووخۆشی  لە کار و باری ئیداری  حیزبدا دا بوو . من پێم وایە ئەو ئینسانانەی بایەخ بۆ کات دادەنێن هەمیشە جێگەی باوەڕ و متمانەن لای دەوروبەریان. 
لە باری کۆمەڵایەتیشەوە یەکێک بوو لە  پیاوە جوانەکانی نێو حیزبی دیموکرات. جوان مەبەستم  هەموو ئەو تایبەتماندیانەیە کە لە باری کۆمەڵایەتییەوە لە حەسەنپووردا کۆببوونەوە. 
کێ بێ و نەیناسێ و ئەوەی تەئید نەکا.
یاد و ناوت لە دڵمان دا هەمیشە و هەمیشە دەمێنێتەوە برا و هاوڕێ جوانەکەم







كوێستان فتووحی

۱۳۹۷ شهریور ۲۵, یکشنبه

هێندێک کارەسات هەن زۆر دڵتەزێن و جەرگبڕن
کارەساتی ٨ی سێپتامبر یەک لەو کارەساتانە بوو کە دڵی هەموومانی تەزاند. 
قسە لەوە ناکەم بۆ کەسوکاری ئەو شەهیدانە چۆنە و ئێستا چ هەستێکیان هەیە، چونکە هەرکەسێک ئازێزێکی لەدەست دەدا ڕوونە چ هەستێکی هەیە و چ دەکێشێ. قسە لە هەستی خۆشم ناکەم کە دوو لەخۆشەویستترین هاوڕێکانم کە ساڵانێکی زۆر پێکەوە هاوڕێ وهاوکار بووین و زۆر بێرەوەری خۆش و ناخۆشمان پێکەوە هەیە، کاتێک کە ناویانم لە نێو ناوی شەهیدەکان‌دا بیست، چم لێ هات. هەر ئەوندە دەڵێم هەستم کرد لایەک لە ڕوح و جەستم لێ‌بۆوە.
دەمەوێ زۆر بە کورتی باسی سوهەیلا و نەسرینی شەهید بکەم. نەسرین و سوهەیلا، من ناوم لێ ناون قەڵا. قەڵایەک بوون بۆ حیزبی دێمۆکرات و بۆ ژنان. قەڵایەک لە دڵسۆزی و خەمخۆری، قەڵایەک لە تێکۆشان و نەسرەوتن. هەڵبەت گومانم نیە هەموو ئەو تێکۆشەرانەی ئەو ڕۆژە شەهید بوون، دڵسۆز و فیداکار بوون بۆ حیزب و میللەتەکەیان، بەڵام دەبێ بڵێم نەسرین و سوهەیلا تایبەتی بوون. کاریکەری ئەو دووژنە تێکۆشەرە لە لایەک و شەهیدەکانی دیکە لە لایەک. خەمەکەشیان هەر وا.
من تەنیا بۆ نموونە باسی هێندێک مەسەلە دەکەم لە پێوەندی لەگەڵ نەسرین و سوهەیلا:
لە کۆڕی شادی وغەمەکان‌دا لە کارو چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان، لە پێشوازی میوان و تەرتیب‌دانی بەرنامە‌جۆراوجۆرەکان‌، لەدڵدانەوە و خەمی بنەماڵەی شەهیدان‌ و زۆر ئەرکی دیکە، کارت پێ‌سپاردبان و پشتت لێ‌کردبانەوە.
نەسرین لەکاری خۆیدا کە ماوەی ساڵانێکی زۆر مامۆستا و مودیری قوتابخانەکانی شۆرش بوو، مودیرێکی دڵسۆز و فیداکار بوو. مناڵەکانی دوێنێ و لاوەکانی ئەمڕۆی دێموکرات شاهیدن نەسرین کێ بوو. نەسرین لە کاری خۆی‌دا مودیر بوو.
سوهەیلای دڵسۆز هیچکات درێغی نەکرد لە هاندانی کچە لاوەکان ئەو کچانەی لە حیزبی دیموکرات دا لە دایک بوون و خوێندیان و پێ‌گەیشتن.
ئەوان هەر کادری ڕێبەری حیزبەکەیان نەبوون، دایک و خوشک بوون بۆ کوڕو کچە پێشمەرگە لاوەکان، بۆ بنەماڵەی شەهیدان، لە دەستچوونیان تەنیا خەسار نەبوو بۆ حیزبەکەیان، بەڵکوو بۆ ژنان و جووڵانەوەی ژنان لە کوردستان خەسارێکی کەم نەبوو. ئەوان زۆریان هەوڵ دا ڕێکخراوەکانی ژنان نەکەونە ژێر کارێگەری و هێژموونی ململانێ و کێشە حیزبییەکان. ئەو هەوڵانەی ئەوان تا ڕادەیەک لە کارو تێکۆشانی ڕێکخراوەکانی ژنانی سەر بە حیزبەکان‌دا ڕەنگی دابۆوە. هەر بۆیە لەم ساڵانەی دوایی‌دا ڕێکخراوەکانی ژنان زۆرتر لێک نزیک ببونەوە بۆ کاری هاوبەش.
بۆیە حیزبی دیمۆکرات ئەگەر بیهەوێ کەلێنی نەبوونی سوهەیلا و نەسرینی تێکۆشەر زووتر پڕ بکاتەوە، دەبێ لاپەڕێکی نوێ لە کار و تێکۆشانی بەرانبەر بە ڕۆڵی ژنان هەڵداتەوە. ڕێکخراوەکانی ژنان ئەگەر وەفادار بن بە هاوڕێ شەهیدەکانیان پێویستە ڕێگا و ڕێبازی ئەو دوو ژنە تێکۆشەرە ون نەکەن و زیاترلە جاران پێکەوە کار بکەن بۆ سەرکەوتنی ژنان لە پێناو وەدیهاتنی مافەکانیان.
سڵاو لە شەهیدانی ٨ی سێپتامبر
بەهیوای وەدیهاتنی ئامانجەکانیان.
کوێستان فتوحی
۱٥ی سێپتامبری ۲۰۱٨


۱۳۹۶ فروردین ۲, چهارشنبه

کێشە و مەینەتییەکانی ژنان و پرس‌ و خەمی بەردەوامی «کوردستان»


رۆژنامه‌ی‌ «كوردستان» ئاوێنه‌ی‌ باڵانوێنی‌ بیرو ئه‌ندیشه‌ی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، سەرەڕای هەموو کۆسپەکانی سەر رێگای خۆی، پێی نایە حەفتاو یەکەمین ساڵی تەمەنی خۆی و حەوسەدەمین ژمارەی دەرچوونی. بەم بۆنەیەوە لە قووڵایی دڵمەوە پیرۆزبایی دەکەم لە هەموو ئەو کەسانەی لە بەردەوامبوون و لە گەشانەوەی ئەو رۆژنامەیەدا لە سەرەتاوە تاکوو ئەمڕۆ ڕۆڵیان هەبووە. هەروەها ماندوونەبوونی لە کارگێڕان و نووسەرانی ئەمڕۆی کوردستان دەکەم و بەهیوای بەردەوام بوونیانم. دڵنیام ئەوانەی رۆژێک لە رۆژان لەم رۆژنامەیەدا کاریان کردوە وەک من بە شانازییەوە دەڕواننە لاپەڕەکانی مێژووی ئەم رۆژنامەیە، چونکە هەر هیچ نەبێ، سەرەڕای ئەوەی زۆربەی تەمەنی خۆی لە تاراوگەو دوور لە زێد و نیشتمانی خۆی بووە، و خوێنەرەکانی نەیانتوانیوە بە ئازادی ئەو رۆژنامەیە دەست بخەن، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا خزمەتێکی گەورەی بە زمانی کوردی و ئەدەبیاتی سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کردوە. لێرەدا نامەوێ باسی لایەنەجۆراوجۆرەکانی ئەو مێژووە دوور و درێژە بکەم، ئەوە دەهێڵمەوە بۆ شارەزایان و لێکۆڵەرانی خۆی.

 لێرەدا وەک ژنێک کە ساڵانێک لە نزیکەوە لەگەڵ رۆژنامەی «کوردستان» هاودەم بووم، حەز دەکەم ئەزموونی چەند سالێک کارکردنم لەم سەنگەرەدا باس بکەم. کار لە چاپەمەنیی حیزب و «کوردستان» بۆ من سەرەتای ئەزموونێک پڕاوپڕ لە خوێندنەوە و خۆماندووکردن بوو. سەرەتا وەک تایپیستێک چوومە کومیسیۆنی چاپەمەنی، دواتر بە هۆی حەز و خولیای خۆم و کەش‌وهەوای ئەو ئۆرگانە و هاندانی هاوڕێ و هاوژیانم قادر وریا کە یەکێک لە کادرە بەتواناکانی راگەیاندنی حیزب بوو، لەگەڵ کاری تایپ و مۆنتاژ، دەستم بە وەرگێڕان و نووسین کرد. بە هۆی هاوژیان بوونم لەگەڵ کەسێک کە ئەزموونی نووسینی لە رۆژنامەی «کوردستان»‌دا زۆر بوو، زۆر کەسی هاوکار و ناسیاو لە سەرەتاوە گومانیان لەوە هەبوو کە ئەو نووسینانەی لە «کوردستان»دا بە ناوی من بڵاو دەبنەوە هی خۆم بن، پێیان وابوو ئەم نووسینانە هی من نین و بەناوی منەوە دەنووسرێن! ئەو بێ‌بڕواییە بە ژنان کە هەموو تان‌وپۆی کۆمەڵگەی ئێمەی داگرتبوو، ژنانی راگەیەندنکار و رۆژنامەنووسیشی بێبەش نەدەکرد! زۆر جار ئەو دەنگۆیانە کاریگەرییان لەسەر دەروونم داناوە و نیگەران و بێزار دەبووم لەم هەموو بێ‌بڕواییە بەرانبەر بە ژنان. بەڵام ئەوەش نەبووە هۆی دڵسارد بوونەوەم لە کاری نووسین، بەڵکوو بووە هۆی ئەوەی زیاتر بەردەوام بم بۆ ئەوەی ئەو بێ‌بڕواییە بەرامبەر ژنان کەمڕەنگ بکەمەوە. لە لایەکی دیکەش دەمدی گوتاری یەکسانیخوازیی رەگەزی پەراویزخراوترین گوتارە لە راگەیەنە کوردییەکانی ئێمەدا، هەر بۆیە هەوڵم دا لانیکەم لە» کوردستان»ێک کە بۆ خۆم کاری تێدا دەکەم ئەم گوتارە لە پەراوێزخراوەیی بێنمە دەر.
 هێنانەبەرباسی کێشەو نەهامەتییەکان و ئاگاکردنەوەی کۆمەڵگە لە ماف‌ و ئازادییە ئینسانییەکانی ژنی کورد خەمی هەمیشەییم بووە، لە ماوەی تێکۆشانم لە سەنگەری «کوردستان» دا بە نۆرەی خۆم هەوڵم‌ دەدا لەم تریبونەوە دەنگی مافخوازی و یەکسانیخوازی منی «مرۆڤی ژن» زیاتر تێکەڵ سیاسەتەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بکەم. دیارە ئیددیعای ئەوە ناکەم تێیدا سەرکەوتوو بووم، چونکە ئەم پڕۆسەیە کارێکی کورتخایەن نیە و بەردەوامی و پشوودرێژیی دەوێ. دەتوانم بڵێم ئەو ماوە کە لە رۆژنامەی «کوردستان» بووم لەگەڵ هەموو ماندووبوونەکان هەستێکی خۆشم بەرانبەر کارەکەم هەبوو.

تاقیکارییەکی قورستر


 ئاسان نەبوو وەرگرتنی بەرپرسایەتیی رۆژنامەی «کوردستان» کە رۆژێک لە رۆژان مامۆستا عەبدوڵلای حەسەنزادەی کوردیزان، بەرپرس و سەرنووسەری بووە. بەتایبەتیش هاتنە ئەو بوارە بۆ ژنێک کە دایکایەتییش بکا، بوارێکی تا رادەیەک قورس بوو. زیاتر لەوەش پێشداوەرییەکانیش! هێندەی دیکە کاریان دژوار کردبوو. بەڵام ئەوە بڕوای منە، ئێمەی ژن تا لەو بوارانەدا زۆرتر کار و خزمەت بکەین هێشتا کەمە. چونکە دەتوانین مرۆڤ‌تەوەری تێکەڵاوی وشەکانمان بکەین و لەم رێگەیەوە کاریگەری لەسەر تاکەکان دابنێین. دیارە جگە لە حەز و خولیا و خۆماندووکردن بۆ نووسین لە پێوەندیی لەگەڵ ژنان‌دا، هاوکاری و پشتیوانی زۆر لە هاوکارانم لەو ئورگانە لەماوەی کارکردنم لە «کوردستان»دا نەبوایە، هەرگیز نەمدەتوانی ئەم ئەرکە قورس و گرنگە بەڕێوە بەرم. بەتایبەتی هاوکاریی هاوڕێی ژیانم قادر وریا، هۆکارێک بوون بۆ ئەوەی بوێرم خۆ لەو ئەرکە قورسە بدەم. …… یەکەم جار بوو ژنێک ببێتە بەرپرسی رۆژنامەی «کوردستان». ئەزموونێکی نوێ بۆ حیزبی دیموکرات و دژوار و پڕلە هەستکردن بەبەرپرسایەتی بۆ منی ژن، بەتایبەتی کە تا ئەوکاتە هەموو بەرپرس و نووسەرەکانی رۆژنامەی «کوردستان» پیاوانی بە ئەزموون و قاڵبووەوەی نێو نووسین و سیاسەت بوون.
 دیارە هەر رۆژنامە و راگەیەنێک سیاسەتی تایبەت بەخۆی هەیە، وەئەستۆ گرتنی بەرپرسایەتی لە رۆژنامەی «کوردستان»یش جگەلەوەی شارەزایی لە سیاسەتی دەوێ، زاڵبوون بە سەر کاری ڕۆژنامەنووسیشی‌ پێویستە. لە رۆژگاری ئەمڕۆدا کەسانێک دەبنە سەرنووسەری رۆژنامە و راگەیەنەکان کە لە بواری راگەیاندن‌دا خوێندنی باڵایان هەبێ. ئەوە لە حاڵێک‌دا بوو کە من رۆژنامەنووسیم وەک خوێندن نەخوێندبوو. هەموو ئەوانە ئەرکی سەر شانمی قورستر کردبوو. ئەم تاقیکارییە، ئیرادەیەکی بەهێزی دەویست تا هەم وەک ژنێک لەو ئەرک و مودیرییەتەدا لاواز دەرنەکەوم، هەمیش فرسەتێک بوو بۆ دەور بینین و مەیداندان بە بیروباوەڕی یەکسانیخوازانەی رەگەزی لەو رۆژنامەیەدا. ئەو ئەدەبیاتە خاوێنەی رۆژنامەی «کوردستان» کە هەموو دیموکراتێک بە شانازییەوە باسی دەکا، ئەگەر تێکەڵ بە ئەدەبیاتێکی یەکسانیخوازانە بێ، بە دڵنیاییەوە هاوسەنگییەکی جوان و ئینسانی دروست دەکا. ئەوە شانازییەکە بۆ من و بۆ هاوکارە دیموکراتەکانم کە دەتوانم بڵێم لەو ماوەدا زۆرترین گرنگی بەو باسانە درا. بە شاهیدی هاوڕێیانم لە دەستەی نووسەرانی «کوردستان» کۆبوونەوەکانی دیاریکردنی سووژەکان بۆ رۆژنامە، زۆرجار بەشێکی تەرخان دەکران بۆ باس لەوەی چ بکەین زیاتر ژنان هان بدەین بنووسن، چ بکەین کە نووسەرانی «کوردستان» زۆرتر گرنگی بە لایەنی ئینسانیی ئەدەبیاتی حیزبی و سیاسی بدەن؟ زۆر جار کە لاپەڕەی ژمارە کۆنەکانی «کوردستان» هەڵدەدەیەوە، بۆ نموونە دەبینی کاتێک باس لە فیداکاریی پێشمەرگە یان زیندانیانی سیاسی کراوە، وا هەست دەکەی مرۆڤی پێشمەرگە یان زیندانیی سیاسی تەنیا پیاوە و هەر وا بزانە لە نیو ژنان دا پێشمەرگە و بەندیی سیاسیی هەڵنەکەوتوون!! مەبەست لە ئەدەبیاتی یەکسانیخوازانە ئەوەیە کە ئەو تێڕوانینانە لە نووسینەکانمان‌دا بسڕینەوە و ئینسانی بڕوانینە مەسەلەکان، نەک پیاوانە و ژنانە!


 رەنگە هێندێک کەس پێیان خۆش نەبێ وەبیر خوێنەرانی ئێستای بێنمەوە کە ساڵانی پێشوو وا باو بوو لە رۆژنامەی «کوردستان»دا تەنیا لە رۆژە تایبەتییەکاندا باس لە کێشە و ئازارەکانی ژنان دەکرا. ئەم جۆرە باسکردنانە نەیدەتوانی و ناتوانێ کۆمەڵگە لەو سیاسەتەی حیزبی دیموکرات بەرانبەر بە مەسەلەی ژنان و دیاردە ناڕەواکانی کۆمەڵگە هەیەتی، ئاگا بکاتەوە. حیزبی دیموکرات وەک سیاسەت هەمیشە سیاسەتێکی پێشکەوتووانەی بەرانبەر بە ژنان بووە، بەڵام لە پڕاکتیک و بواری کردەیی‌دا، بەپێی پێویست نەجووڵاوەتەوە، تەنانەت لە راگەیەنەکانیشی‌دا ئەم پەراوێز خستنە بە نیسبەت کێشە و مافەکانی ژنان دەبینرێ. زۆر جار هاوکارانی پیاو ئەو باسانەیان زیاتر بە ژنەکان دەسپارد، لەحاڵێکدا هەوڵی من و بەشێک لە هاوکارانم، ئەوە بوو خەمی کێشەکانی ژنان وەک خەمی مرۆڤ چاو لێ بکرێ نەک تەنیا خەمی ژن‌ و پیاوەکانیش بە خەمی خۆیانی بزانن.
 ئەوە بڕوای منە نووسەرانی «کوردستان» چەندە کوژرانی کۆڵبەرێکی کورد بە دەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامییان بۆ گرنگە و وەک جینایەتی هێزەکانی رێژیمی ئێران مەحکوومی دەکەن، بەهەمان ئەندازەش پێویستە کوژرانی مرۆڤێکی ژن بە دەستی پیاوێک مەحکووم بکەن. ئەرکیانە قەڵەمەکانیان بۆ سڕینەوەی دیاردە دژی ئینسانییەکان لە کۆمەڵگەدا کە هەڕەشە لە مرۆڤی ژن دەکەن، وەکار بخەن. گرنگیدان بە کێشە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردستان و باسکردنیان جیا نیە لەو سیاسەتەی بەرامبەر بەکۆماری ئیسلامی هەمانە. ئەوەش نابێ دابەش بکرێ و تەنیا بە ژنانی بسپێرن، یان تەنیا لە رۆژە تایبەتییەکان‌دا ئاوڕ لەم کێشانە بدەنەوە. رۆژنامەی «کوردستان» ئەو کاتە دەتوانێ ببێتە هۆیەکی کاریگەر و شوێندانەر بۆ سڕینەوەی دیاردە دزێوەکانی نێوکۆمەڵگە و دروستکردنی هاوسەنگی و تەبایی نێوان مرۆڤەکان، کە ئەم دابەشکارییانە، ژنانە و پیاوانە نەکات. لێرەشەوە دیسان دووبارەی دەکەمەوە نووسەرانی رۆژنامەی «کوردستان» ئەگەر دەیانەوێ «کوردستان» لە گەشانەوەدا بێ، ئەگەر دەیانەوێ نەسڵەکانی داهاتوو بە بایەخێکی زیاترەوە بڕواننە «کوردستان» پێویستە گرنگی بەم هاوسەنگییە بدەن. هەر حیزبێک، دەوڵەتێک، راگەیەنێک، ئەگەر ژن (بەمانا گشتییەکەی، ماف و خواستەکانی) لە پەراوێز بخا، بە دڵنیایەوە ناتوانێ هاوسەنگی لەنێو کۆمەڵگەدا دروست بکا و سەرکەوتوو بێ.
کوێستان فتوحی

سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٠.