۱۳۹۴ تیر ۱, دوشنبه

تەنیا سەرپۆشە سپییەکەت بەسە بۆ هێمای خۆڕاگری!

کوێستان فتوحی

دڕندەیی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران مەگەر هەر ورەی دایکێکی وەک وەک دایکی مەنسووری ئاروەند بتوانێ تەحەمولی بکا…
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە ٢٤ی جۆزەردان، مەنسوور ئاروەند، زیندانیی سیاسیی ناسراو و ئەندامی چالاکی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لە بەندیخانەی میاندواو ئێعدام کرا و پاش ئەوەی هەواڵ بە بنەماڵەکەی دەدرێ، داوای جەنازەی کوڕەکەیان لە لە رێژیمی ئینسانکوژی کۆماری ئیسلامی دەکەنەوە. بەڵام وەک هەموو جارەکانی دیکە کە جەنازەی زینداینییە سیاسییە ئێعدامکراوەکان بە بنەماڵەکانیان نادرێتەوە و تەنانەت گلکۆکەشیان بەشاراوەیی دەمێنێتوە، دایە خەدیجە دایکی شەهید مەنسووری ئاروەند کە هەر ئەو چاوەڕوانییەش لە دایکێکی نیشتمانپەروەری کورد دەکرێ گوتبووی: « لێ‌گەڕێن، ئەگەر تەرمی مەنسووریشم نەدەنەوە، گرینگ ئەوەیە بە سەربەرزی لە ئامێزی خاکی نیشتمانەکەی‌دا ئارامی گرتووە، ئەو نیشتمانەی مەنسوور بۆ ئەو ژیا و بۆ ئەو بەسەربەرزی مرد…»

ئەگەر لەم دێرەی دایکی مەنسووری شەهید ورد بینەوە، دوو پەیامی گرنگی تێدایە، پەیامێک پڕ لە غروور و وەرەی بەرز بۆ رۆڵەکانی کوردە دەڵێ، ئێوە کە لە رێی نیشتمان و نەتەوەکاتان دا خەبات دەکەن و گیان دەبەخشن، گەورەترین شانازین بۆ نەتەوە و نیشتمانەکەتان، ئێوە سەربەرزن و نیشتمان بە شانازییەوە لە ئامێزتان دەگرێ. بۆ رێژیمی دژی ئینسانیی کۆماری ئیسلامییش ئەو پەیامەی تێدایە کە: دوژمنی دڵرەش خەیاڵت خاوە! بەم سیاسەتە دژی ئینسانییەت، ئێمەی نیشتمانپەروەر ورەمان نارووخێ! ئێوە کە بناغەی دەسەڵاتەکەتان لەسەر سڕینەوە و سەرکوتی موخالیفانتان داناوە، دڵنیا بن ئەگەر مەنسوورێکمان لێ دەستێنین، دەیان رۆڵەی وەک مەنسووری ئازادیخواز ڕێگاکەی بێ ڕێبوار نایەڵنەوە و ئاڵای دەستی مەنسوورە شەهیدەکان بە شەکاوەیی ڕادەگرن!

کۆماری ئیسلامی ئەگەر راستییەکانی دیتبایە دەبوو لە پەیامی دایکی گیانبەختکردوانی رێگای ئازادی تێ‌بگەیشتایە، بەڵام بەداخەوە هەرگیز تێناگا. مێژووی ٣٦ ساڵەی دەسەڵاتەکەتەکەشیان ئەوەیان پێ دەڵێ، کە هەر لەیەکەم رۆژەکانی دەسەڵاتەکەتانەوە ویستتان بە گیانی رۆلەئازادیخوازەکانی ئێران و کوردستان دیواری دیکتاتۆرییەتیان قایمتر بکەن، بەڵام کەی دڵنیا دەبن لەوەی کە هەتا دایکی وەک دایکی مەنسوور و فەرزادەکان هەبن، کوردستان و ئاڵای خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەی کورد هەر بە شکاوەیی دەمێنێتەوە و ئێوەش بەئاسوودەیی لەسەر حوکم و دەسەڵات نابن!
مەنسوورەکان دایکی وەک دایە خەدیجەیان هەیە بۆیە بەوپەڕی خۆراگرییەوە لە نێو زیندانەکانیشدا دەست لە خەبات و تێکۆشان بۆ رزگاری نەتەوەکەیان هەڵ ناگرن. مەنسوور و فەرزاد و فەرهاد و شیرینەکان دایکی وەک دایە خەدیجە و دایە سەڵتەنەیان هەیە بۆیە بە شانازییەوە بەروەپەرتی سێدارە دەڕۆن. ئەو هەستی هاودەردییەی ئەمڕۆ لە لایەن دایکانی تێکۆشەرانی نێو زیندانەکان و رۆلە گیانفیداکانی کوردستان لەگەڵ دایکی مەنسسوری ئاروەند جارێکی دیکە ئەوە بە هەموو لایەک دەسەلمێنێتەوە، کوردستان سەر نەوی ناکات بۆ ئازادیکوژان، هەروەک دایکانی شەهید کە بۆ هاودەردی چووبوونە سەردانی بنەماڵە سەربەرزەکەی مەنسووری ئاروەند، دروشمیان دەدا شەهید نامرێ، شەهید نامرێ! ئێمەش دەڵێین هەتا ئێوەی خۆراگر و بەورە هەبن کوردستان هەر بەسەربەرزی و خۆراگری دەمێنێتەوە!
لە ژماره‌ ٦٥٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌