ژنان یهکهمین قوربانییانی
شۆرشێکی جهماوهری لە ئێران بوون که ئیسلامییهکان
به تهنیا خۆیان کرده خاوهنی. به هاتنهسهرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران
زۆر گرووپو لایهنو نەتەوەی ئێران بوون به قوربانیی سیاسهتی سهرکوتو ههڵاواردن.
بهڵام بهبێشک ژنان گهورهترین قوربانییانی ئهو شۆڕشه به فیڕۆچووه بوون که
ساڵی 1357 له دژی رێژیمی پاشایهتی کرا. چیرۆكی چهوساندنهوهو سووکایەتیکردن بە
ژنان له ئێرانی ژێر سایهی حاكمییهتی كۆنهپهرستی كۆماری ئیسلامی له ماوهی
زیاتر لە سێدەیە دهسهڵاتداریدا، یهكێك له لاپهڕه ههره تاریكهكانی كارنامهی
ئهو رێژیمهیه.
لە وڵاتانی دواکەوتوودا
بەپێی رەسمو رێسای لەمێژینە، هێزو توانا وەک تایبهتمهندییهکی پیاوانە چاو لێدەکرێ،
بۆیە بواری سیاسەتیش بە بەژنوباڵای پیاو بڕاوە! ژنان یان هەر رێگەیان پێنادرێ خۆ
لە قەرەی سیاسەت بدەن، یان زۆر بەکەمی دەرفەتیان پێدەدرێ. لەم وڵاتانەدا ژنێک کە ویستبێتی
یان لەخۆیڕا دیبێ خۆ لەوبوارە بدا، لەگەڵ کێشەو گیروگرفتی زۆر بەرەوڕوو بۆتەوە. هەڵبەت
زۆرن ئەو ژنانە کە بە بڕوایەکی پتەوەوەو به دانی نرخی زۆر، خۆیان لەو بوارە داوە،
بەڵام کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر ژیانی سیاسیی وڵاتەکەیان نەبووە. یەکێک لەو وڵاتانە
ئێرانە کە جگە لەوەی کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارە، دەسەڵاتێکی کۆنەپارێز، دژە ژن، دژە ئازادیو
هەرچی بەها مرۆیییەکانە، خۆی بەسەر خەڵکانی ئێراندا سەپاندوە.
هەڵبژاردن و ژنان!
یەکێک لە کێشەو گیروگرفتەکانی
قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی، ئەسڵی 115ی ئهو قانوونهو مەسەلەی رێنەدان بە کاندیدبوونی
ژن بۆ پۆستی سەرکۆمارییە.
ئەسڵی 115ی قانوونی
بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی دهڵێ:
سەرکۆمار دەبێ لەنێو
«رجال» سیاسیو مەزهەبیدا هەڵبژێردرێ کە ئەو مەرجانەی تێدا بێ: بەئەسڵ ئێرانی، مودیرو
لێوهشاوه، خاوهنی ڕابردووی ئەمانەتداریو
«تقوی»، بڕوامهند بە بنەماکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانو مەزهەبی رەسمیی وڵات بێ.
زیاتر لە سێ دەیە لە
پەسندکرانی قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی ڕادەبرێو بەردەوام تا ئەمڕۆ ئەو پرسیارە
دێو دەچێ کە ئایا وشەی «رجل» بە مانای پیاو دێ یان بە مانای کەسایەتی؟! ئەو باسو
پرسیارە زیاتر لە کاتی هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا
دێتەوە سەرئانتێنو لەلایەن چاوەدێرانی سیاسیو راگەیەنەکانەوە لێکدانەوەی جۆراوجۆری
بۆ دەکرێ.
حاکمییەتی ئێرانیش
تا ئێستا بەبێ ئەوەی بە ڕەسمی تەفسیرێکی ڕوونو
ئاشکرای بۆ کردبێ، بەکردەوە دەریخستوە کە
رێگە بە کاندیدبوونی ژنان بۆ پۆستی سەرکۆماری نادا. کێشەیەک کە بەردەوام بۆتە خەمی
چالاکانی مافەکانی ژنان لە ئێراندا، بەڵام تاکوو ئێستا هەروەک خۆی ماوەتەوە.
چاوەدێرانی سیاسی لەسەر
ئەو باوەڕەن کە قانوونی بنەڕەتیی ئێران لە بارەی بەشداریی ژنان لە هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا
ناڕوونیی پێوە دیارە. دیارە دوو جۆر بۆچوون هەن، دەستەیەک لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەو
وشەیە مانای رەگەزی ناگەیەنێ. یانی بەم پێیە رجالی سیاسیو مەزهەبی دەتوانن ببنە سەرکۆمار!
واتە کەسێک دەتوانێ ببێتە سەرکۆمار کە بەپێێ قانوون بەئەسڵ ئێرانی، پابەند بە بنەماکانی
کۆماری ئیسلامیو مەزهەبی شیعە بێ، لێوەشاوەیی ئەو پۆستەی ههبێ، واتە تواناو لیاقەتی ئەو بەرپرسایەتییەی هەبێ. ئیتر گرنگ نیە ئەو کەسە پیاوە یان ژن. دەستەیەکی
دیکەش دەڵێن «رجل» یانی «پیاو»و ئیدی ئەوە تەفسیر هەڵناگرێ. دیارە کەسانێکیش هەن دەڵێن
«رجل سیاسی» پێویستی بە تەفسیرو لێکدانەوە نیە، بەڵکوو لە نیهایەتدا دەبێ ئەو مەسەلەیە
بە عورفو رێسای کۆمەڵگە بسپێردرێ! ئەوە کۆمەڵگەیە هەڵدەسەنگێنێ کە ئەو کەسە بۆ ئەو
پۆستە دەبێ یان نا! کۆمەڵگەی ئێمەش کۆمەڵگەیەکی سوننەتیو پیاوسالارە! واتە روونە بەپێی
ڕوانگەو عورفو رێسای کۆمەڵگەی ئێرانیش ژن ئەو توانایەی نیە ببێتە سەرکۆمار! ئەم ڕوانگەیە
زۆرتر ئەوکەسانە دەگرێتەوە کە لەنێو حاکمییەتدا دەسەڵاتیان هەیە.
دیارە رێگەنەدان بە
ژنان بۆ خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرکۆماری، ناتەبایی لەگەڵ هێندێک لە مادەکانی قانوونی
بنەڕەتیی ئێران هەیە. ئەو قانوونە دەڵێ هەموو هاونیشتمانان لە بەرابەر قانووندا یەکسانن. کەوایە ئەم هەڵاواردنە پێشێلکردنی قانوونی بنەڕەتیی ئێرانیشە. جگە لەمەش
پێشێلکردنی ئاشکرای پەیماننامە نێونەتەوەیییەکانی مافی مرۆڤیشە کە ئێران بۆخۆی یەکێک
لە واژۆکەرانی ئەو پەیماننامانەیە.
بەڵام جیا لە هەر قانوونو
مادەیەکی قانوونی، دەکرێ بڵێین کۆماری ئیسلامی بە هیچ جۆر باوەڕی بە تواناو لێوەشاوەییو
عەقڵو درکو درایەتی ژن نیە. ئەگەرچی کۆماری
ئیسلامی تا ئەمڕۆ بە ناڕوونی لەگەڵ قانوونو پەیماننامە نێونەتەوەیییەکاندا هاتوەو
بۆ بەشداریی ژنان لە کایە سیاسییەکانی وڵاتدا قسەی رێبەرانو کاربەدەستانی ئەو رێژیمە
پڕ بووە لە هەڵوێستی ناڕوونو ناتەبا، بەڵام
بەکردوەو زۆر بە ئاشکراو ڕوونی دەبینرێ ڕێگە لە بەشداریی ژنان لە سیاسەتو پۆستە کلیدییەکانی
وڵاتدا گیراوەو بەردەوام لە بواری جۆراوجۆردا کۆسپ خراوەتە سەر رێیان.
ساڵی 1358 کە قانوونی
بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی نووسراوە، زۆر لە سەرانی کۆماری ئیسلامی پێیان وابووە کە دەبێ
«پیاو» لە پەنا وشەی «رجل»دا بنووسرێ، سەرکۆمار بەرپرسایەتییەکی گەورەیەو نابێ لەوەی
نیگەران بین کە دەڵێین ژن ناتوانێ ئەو بەرپرسایەتییە بەئەستۆوە بگرێ! بۆیە لەسەرەتادا
ئەم ناڕوونییە نەبووە، بەڵام دواتر پاش ئەوەی مەشوەرەت لەگەڵ خومەینیو هێندێک دەسەڵاتداری
دیکەی نیزام کە روانگەی مەنفییان لەسەر بەشداریی
ژنان لە کایە سیاسییەکاندا هەبووە، دەکرێو تێبینیی زیانەکانیان بۆ روون دەکرێتەوە،
وشەی پیاو لەو بەندە لادەچێو بەمشێوەیەی ئێستا بە ناڕوونی دەیهێڵنەوە کە تا ئەمڕۆش
هەر جێگەی مشتومڕی تەنانەت دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییشە.
35 ساڵە لە لایەن رێبەرانی
کۆماری ئیسلامییەوە هیچ وڵامێکی روون بەم پرسیارە لە پێوەندی لەگەڵ ژنو سەرکۆماریدا
نەدراوەتەوە کە ئایا مەبەست لە «رجال» چیە؟! بەڵام ئەمساڵ ئایەتوڵڵا محەممەد یەزدی
کە یەکێک لە ئەندامانی شوورای نیگابانە، زۆر بە ئاشکراو سەریحی رایگەیاند سەرکۆماری
داهاتووی ئێران ناتوانێ ژن بێ! قسە لەمە روونتر دەبێ چبێ؟! بێگومان ئەوە قسەی تەنیا
دەسەڵاتدارێکی ئەو نیزامە نیە، بەڵکوو ئەوە ڕوانگەی تەواوی ئەو نیزامە دیکتاتۆرەیە،
کە بە داخەوە ژنانێکی زۆریشیان لەگەڵ خۆیان هاوڕا کردوە!
مهیدانداریی ژنان بهرامبهر
به کۆماری ئیسلامی
ژنانی ئێران نەک ئێستا
بهڵکوو لەیەکەم ڕۆژی هاتنەسەرکاری ئەو ڕێژیمەوه وڵامی خۆیان لەو دەسەڵاتە وەرگرت
کە ئەولەوییەتی کاری ژنو مەیدانی کاری ژن، ماڵەوهیهو خزمەت بە ماڵو منداڵو مێرده!
بەڵام ئەوەش بڵێین که ژنان لە ماوەی ئەو 35 ساڵەدا بەڕاستی کۆماری ئیسلامییان وەزاڵە
هێناوە. هەر ئەوە کە رێژیم بەردەوام دەکەوێتە بەر رەخنەو ناڕەزایەتیی کۆمەڵگەی جیهانیو
له سهر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ مەحکووم دەکرێ، بەشێکی هەرە ئەساسیی دهگهڕێتهوه بۆ مەسەلەی ژنانو هەوڵەکانیان لە پێناوی مافەکانیاندا.
ژنانی ئێران به هۆی خهباتێكی دوورو درێژی مافخوازیو راوهستانو بهربهرهکانی
لهگهڵ کۆنهپهرستانی دهسهڵاتدار، دهسکهوتی
بهنرخیان وهسهر یهک ناوهوقانوونو کولتووری پیاوسالارو ئەو هەموو هەڵاواردنانه، نهیانتوانیوه ئهوان له رهوتی بهرهوپێشچوون دوا بخهن. کۆماری ئیسلامی تا ئەمڕۆش بە ئاسوودەیی نەیتوانیوە
ژنان لە سەحنەی سیاسیی وڵات حەزف بکا!